ڕاپۆرتی کوردستانی

11:26 - 01/12/2018

ئەگەرەكانی بەردەم ئازادكردن و ئازادنەكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش‌

پەیسەر

هەموو لايەنە پەيوەنديدارەكان سەبارەت بە بڕيارى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا (AİHM) بەدواى وەڵامى پرسيارى ئايا دەميرتاش ئازاد دەكرێت؟ دەگەڕێن. هەرچەندە پارێزەرانى دەميرتاش چاوەڕێى ئازادكردنى دەكەن، شارەزا و چاودێرانيش پێيانوايە زەمينەى سياسى رێگرە لەبەردەم ئازادكردنى دەميرتاش لە داهاتوويەكى نزيكدا.

دادگای ئەوروپا: سەڵاحەدين دەميرتاش بە زووترين كات ئازاد بكات

دواى تێچكوونى پڕۆسەى ئاشتى و چارەسەرى كێشەى كورد لە باكوورى كوردستان، بارودۆخێكى تەواو پێچەوانە بە بەراورد لەگەڵ كاتى پڕۆسەكە هاتە پێشەوە، ئاڵۆزى تەنيا لايەنى ئەمنى لە توركيا و باكوورى كوردستان نەگرتەوە، بەڵكو لايەنى سياسيشى گرتەوە. لە ٢٠ ئايارى ٢٠١٦ لەسەر داواى رەجەب تەيب ئەردۆگان سەرۆك وەزيرانى پێشووى توركيا، هەر سێ پارتى (ئاكەپە – جەهەپە – مەهەپە) لەناو پەرلەمانى توركيا رێككەوتن لەسەر لێسەندنەوەى حەسانە لە پەرلەمانتارانى هەدەپەە, لەژێر رۆشنايى ئەم رێككەوتنە پۆليسى توركيا لە چواری تشرينى دووەمى هەمان ساڵدا، بەبيانووى ئەنداميەتى لە رێكخراوێكى تيرۆريستى و پروپاگەندە كردن بۆ تيرۆر، هەڵمەتى دەستگيركردنى بۆ سەڵاحەدين دەميرتاش و فيگان يوكەسداغ هاوسەرۆكانى پێشووى هەدەپە و نۆ پەرلەمانتارى ديكەى ئەم پارتە ئەنجامدا.


دواى ئەوەى پارێزەرانى سەڵاحەدين دەميرتاش بێ هيوابوون لە سيستەمى دادى توركيا بۆ ئازادكردنى موەكيلەكەيان، لە رۆژى ٢٦ حوەزيرانى ٢٠١٨، لە دەرگاى (AİHM)ياندا كە بەرزترين ئۆرگانى سيستەمى دادوەرى ئەوروپايە. دادگاى ناوبراو لە ٢٠ ئەم مانگە (٢٠ – ١١ – ٢٠١٨) دوا بڕيارى خۆى ئاشكرا كرد و رايگەياند بە گوێرەى ماددەى ١٨ مين لە پەيماننامەى مافى مرۆڤى ئەوروپا مافەكانى دەميرتاش پێشێڵكراوە و بەهۆكارى سياسى زيندانيكراوە. پەيوەست بەم لێكدانەوەيە AİHM داوا لە توركيا دەكات:" سەڵاحەدين دەميرتاش بە زووترين كات ئازاد بكات".

كاردانەوەكان لە بەرامبەر بڕيارى AİHM!

شەوى سێشەممە ٢٠/٢١ تشرينى دووەم دواى بڕیاری AİHM بەچەند كاتژێرێك یوسكەل كۆجامان داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ كە لەهەمان كاتدا بەرپرسى دۆسيەى دادگاييكردنى دەميرتاشە لە دادگاى ١٩ مينى سزاى گرانى ئەنقەرە سەردانی كۆشكی سەركۆمار (كۆشكى باشتەپە) دەكات و لەگەڵ ئەردۆگان كۆدەبێتەوە. یوكسەل لە لاپەڕەى تايبەتى خۆى لە فەيسبوك وێنەیەكی لەگەڵ ئەردۆگان بڵاوكردەوە. بەگوێرەی رۆژنامەی جمهوریەت ئەم دانیشتنە لەسەر داوای ئەردۆگان ئەنجامدراوە.

هەروەها رەجەب تەيب ئەردۆگان سەركۆمارى توركيا ناڕەزايى لە بەرامبەر بڕيارەكەى AİHM نيشاندا و گووتى:" ئێمە پەيوەست نابين بە بڕيارى AİHM. دەزانن تا ئێستا ئەم دادگایە دەربارەی رێكخراوی تیرۆریستی زۆر بڕیاری داوە، هەمووشیان لە بەرژەوەندی ئەوان دابووە. لە بەرامبەر ئەمەشدا زۆر شت هەيە ئەنجامى دەدەين. ئێمە لەدژی ئەم بڕیارە دەست بە هەڵمەتى خۆمان دەكەين. كاتێك تیرۆر هات و ویستی چۆك بە توركیا دابدات AİHM لە كوێ بوو. تیرۆر درێژەی كێشا، تا ئێستاش درێژە دەكێشێت. ئەوەی دەبێتە قوربانی و باجەكەی دەدات گەلی توركە".
دواى بڕيارەكە (رەمەزان دەمير) پارێزەرى دەميرتاش بڕيارى AİHM گەياندە ١٩ مين دادگاى سزاى گرانى ئەنقەرە و دواتريش لە گرتووخانەى ئەدرنە سەردانى دەميرتاشى كرد. دواى سەردانەكە رەمەزان دەمير نووسراوێكى لەسەر ناوى دەميرتاش بڵاوكردەوە كە تيايدا هاتووە:" بڕیارەكە سەلماندنی كە دەستگیركردنم بە مەرامی سیاسیە".

ئايا دەميرتاش ئازاد دەكرێت؟
دواى بڕيارى AİHM هەموو گفتوگۆكان لە بازنەى ئەگەرى ئازادكردن و ئازادنەكردنى سەڵاحەدين دەميرتاش هاوسەرۆكى پێشووى هەدەپە دەسووڕێنەوە. هەرچەندە لە رووى ياسايەوە پێويستە دواى بڕيارى AİHM دەميرتاش ئازاد بكرێت. بەڵام ئەوەى بڕيار لەمبارەيەوە دەدات دادگا و ياسا نییە، بەڵكو رەجەب تەيب ئەردۆگان سەركۆمارى توركيا و بەڕێوەبەرى سياسەتى ئەم وڵاتەيە. پارێزەر (گولشەن ئۆزبەك)، كە يەكێكە لە ستافى پارێزەرانى دەميرتاش. لە وەڵامى پرسيارەكانى "پەيسەر پرێس" دەڵێت:" توركيا پەيوەستە بە ياسا و مافە نێودەوڵەتيەكان. بە گوێرەى رێككەوتننامەى مافەكانى مرۆڤى ئەوروپا، دەبێت توركيا ئەم بڕيارە جێبەجێ بكات. ئێمە وەكو پارێزەر و مافناس چاوەڕێ دەكەين توركيا دەستبەجێ ئەم بڕيارە جێبەجێ بكات. هەروەها بە گوێرەى دەستوورى توركيا پێويستە ئەم وڵاتە پابەند بێت بە ياسا و مافە گەردوونییەكان".
بەهۆى رەهەندى سياسى دۆسيەى دەميرتاش ئەو پارێزەرە ئەگەرى پابەندبوونى توركيا بە بڕيارەكەى AİHM بەدوور دەزانێت. لەمبارەيەشەوە دەڵێت:" ئەم بڕيارە تەنيا مەسەلەيەكى حقوقى نییە، وەكو دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا ئاماژەى پێكردووە بەڕێز دەميرتاش بە هۆكارى سياسى دەستگيركراوە، هەروەها وەكو بارمتەيەكى سياسى لە زيندان مامەڵەى لەگەڵ دەكرێت. ئەگەر چى لە روانگەى ياسايەوە چاوەڕێ دەكەين ئەم بڕيارە جێبەجێ بكرێت. بەڵام لەبەر ئەوەى بەهۆكارى سياسى دەستگيركراوە، بە دوورى دەزانم بڕيارەكە جێبەجێ بكرێت. دوورنییە بەهۆى دۆسيەى ديكە حوكم بدرێت بۆ ئەوەى رێگا لە ئازادكردنى بگرن. شتێكى بەم شێوەيە لە ئارادايە".


ئەگەر توركيا دەميرتاش ئازاد نەكات چى دەبێت؟

بە گوێرەى بەشێك لە چاودێرانى بارودۆخى توركيا، ئەردۆگان لە كاريزماى دەميرتاش دەترسێت. ئەكاديمى و پسپۆرى ئابوورى و سياسەتى توركيا "يەحيا مەدرا" لە گوتارێكى لە پێگەى (ئەحواڵى توركى" پێيوايە ئەردۆگان لە كەسايەتى كاريزمايى دەميرتاش دەترسێت. ئەو نووسەرە توركە دەميرتاش وەكو كەسايەتيەكى كاريزمايى بەناو دەكات كە لە گۆڕەپانى سياسى توركيا سەريهەڵداوە و تواناى هەيە هەموو توێژەكانى كۆمەڵگا لە دەورى خۆى كۆبكاتەوە، بەبێ ئەوەى رەچاوى لايەنى رەگەزى و ئايينيان بكات. پێشيوايە دەميرتاش بۆتە سەمبۆلى گۆڕانكارى ديموكراتى لەناو بزوتنەوەى كورديدا.
بە گوێرەى ئەم لێكدانەوەيەى سەرەوە بێت، پێدەچێت ئەردۆگان دەمیرتاش ئازاد نەكات، بۆ ئازادنەكردنيشی هەموو هەوڵێك بخاتەگەڕ. بەتايبەتى كە لە لێدوانەكەيدا دەڵێت:" ئێمە هەڵمەتى خۆمان لە دژى ئەم بڕيارە ئەنجام دەدەين".
١٩ شوباتى ٢٠١٩ دوا مۆڵەتە بۆ ئەوەى توركيا بڕيارى AİHM تەميز بكاتەوە. رەنگە مەبەستى ئەردۆگانيش لە ئەنجامدانى هەڵمەت لەدژى بڕيارەكە گرتنەبەرى رێگاى تەميزكردنەوەى بێت. پڕۆفيسۆر (وەهاب جۆشكون)، مامۆستاى زانكۆى ديجلە بۆ "پەيسەر پرێس" ئەم خوێندنەوەيە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت:" دواى بڕيارى AİHM لە رووى ياسايەوە پێويستە دەميرتاش ئازاد بكرێت. بەڵام زەمينەى سياسى بۆ ئازادكردنى لەبارنییە. سەركۆمار ئەردۆگان دەڵێت بڕيارەكە ناناسين و لەدژى ئەم بڕيارە بێدەنگ نابين. ديارە توركيا بڕيارى AİHMتەميز دەكاتەوە، لەبەر ئەوەى هێشتا بڕيارەكە يەكلايى نەكراوەتەوە، ئەگەرێكى زۆرە دەميرتاش بۆ ماوەيەكى ديكەش لە زيندان بمێنێتەوە".


ئايا كۆنسەى ئەوروپا دۆسيەى دەميرتاش يەكلايى دەكاتەوە؟
بە گوێرەى ياسا و دابەشكردنى دەسەڵاتەكان لە ئەوروپادا كۆنسەى وەزيرانى ئەوروپا بەرپرسيارە لە جێبەجێكردنى بڕيارەكانى AİHM. بۆيە ئەگەر توركيا دواى هەموو رێگا ياساييەكان دەميرتاش ئازاد نەكات، كۆنسەى ئەوروپا بەرپرسيار دەبێت لە ناچاركردنى توركيا بۆ جێبەجێكردنى بڕيارەكە. لەمبارەيەوە پارێزەر (مەحسونى قارەمان) كە پارێزەرێكى ديكەى دەستەى پارێزەرانى دەميرتاشە بۆ (پەيسەر پرێس) دەڵێت:" هيوادارين توركيا ئەم بڕيارە جێبەجێ بكات و رێزدار دەميرتاش ئازاد بكات. لە ئەگەری ئازاد نەكردنی سەر لەنوێ دادگای دەستوورى، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و كۆنسەی وەزیرانی ئەوروپا بەسەردەكەینەوە. هیوادارم بارودۆخەكە نەگاتە ئەو ئاستە، لەبەر ئەوەی توركیا دانی بە دەسەڵاتەكانی AİHM داناوە دەبێت بەم بڕیارە پابەندبێت. دەميرتاش بۆ توركيا و يەكێتى ئەوروپا، مەسەلەى نەبوونى مافەكانى مرۆڤ و ئازادى، سەروەرى ياسا و ديموكراسيە. پێشموايە سيستەمى ياساى نێودەوڵەتى لەبەرامبەر ئەم پێشێڵكاريانە بێدەنگى و تەماشاكردن هەڵنابژێرێت. بڕيارەكەى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا لەمبارەيەوە ئاماژەيەكى روونە".
لە كۆتايى قسەكانيشيدا ئەم پارێزەرە دەڵێت:" بۆ نەهێشتنى ئەو نادادپەروەريەى رێزدار دەميرتاش تووشى بووە هەموو دەزگا نيشتمانى و نێودەوڵەتيەكان بەسەر دەكەينەوە هەموو شێوازێك دەگرينەبەر".

هەر پەيوەست بەم مەسەلەيە رۆژنامەنووس (مەحمود بۆزئارسڵان) لە لێدوانێكى بۆ (پەيسەر پرێس) پێيوايە:" ئەگەر توركيا بڕيارى AİHM جێبەجێ نەكات، هاوشێوەى قەيرانى قەشە بڕۆنسۆن قەيرانێكى نوێ سەرهەڵدەدات. قەیرانی بڕۆنسۆن قەیرانی ئابووری دروستكرد. لەوانەیە لە ئەگەرى سەرهەڵدانى قەيرانێكى نوێدا وەكو قەيرانى بڕۆنسۆن بەهێز نەبێت، بەڵام كاریگەری لەسەر ئابووری دەبێت. ئەگەر توركیا بڕیاری دادگا جێبەجێ نەكات، لەگەڵ ئەوروپادا تووشی كێشە دەبێت. كاتێك قەیرانێكی سیاسی لەگەڵ ئەوروپا دەست پێبكات رەنگدانەوەى لەسەر ئابووری دەبێت. لەبەر ئەوەی توركیا بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، ناخوازێت رووبەڕوی قەیرانێك ببێتەوە هەرچەند كاريگەريەكانيشى سنوورداربن. لێ لەبەر كاردانەوەی رای گشتی، دەسەڵات ناتوانێت یەكسەر دەمیرتاش ئازاد بكات. دوای ئەوەی ماوەیەك بەسەر دەچێت و كاردانەوەكان لەدژی بڕیارەكە نەرمتر دەبنەوە، ئەگەرێكی زۆرە ئازاد بكرێت. توركیا لەم قۆناغەدا ناخوازێت تووشی قەیرانی، سیاسی، ئابووری و یاسایی بێت".