ڕاپۆرتی کوردستانی

06:59 - 24/06/2019

بە قبوڵکردنی کورد، جەهەپە دەتوانێت شکست بە ئاکەپە بهێنێت‌

پەیسەر

دوای شکەستە گەروەکەی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ، ئێستا باس لە چارەنووسی ئەو حزبە لە داهاتووی گۆڕەپانی سیاسی تورکیادا دەکرێت.
هەرچەندە ئاکەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا ٤٩.٤٩٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دا کە لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا بەڕێوەچوو، توانی ٥٢.٦٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام هەڵبژاردنی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ کە لە سەر داوای خودی ئەردۆغان دووبارەکرایەوە و شکستێکی گەروەی بە ئاکەپە ‌هێنا، دەنگدەرانی کورد ڕۆڵی سەرەکییان لە شکستەکەی ئاکەپەدا گێڕا و وورەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیایان بەرزکردەوە.
دوای گۆڕینی دەستووری تورکیا بە پێی پرۆژەیاسایەکی ئاکەپە کە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندکرا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە یەک کاتدا دەکرێت. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیاش بڕیاریدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

فایەق ئۆزتراک گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) ئەمڕۆ ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە وەڵامی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا ڕایگەیاند، کۆمەڵگەی تورکیا نایەوێت دیسانەوە هەڵبژاردن بکرێت. لە ماوەی ڕابردوودا چەند هەڵبژاردنێک ئەنجامدران و پێویست بە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکات. ٤ ساڵ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ماوە و پارتە سیاسییەکان دەبێت ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکیانداوە جێبەجێی بکەن و خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ ئامادە بکەن.
بەوپێیە تا ساڵی ٢٠٢٣ هیچ هەڵبژاردنێکی تر لە تورکیادا ناکرێت و تا ئەو وادەیە پارتی داد و گەشەپێدان لە دەسەڵاتدا دەبێت.

ئایا هاوپەیمانیی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان دەتوانێت شکست بە ئاکەپە بهێنێت
هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە مێژووی تورکیادا، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەبینرێت. خودی رەجەب تەیب ئەردۆغانیش، کە لە ساڵی ١٩٩٦دا بە سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە هەر پارتێک بتوانێت لەڕێی شارەوانییەکانەوە خزمەتێکی زۆری خەڵکی بکات، دەتوانێت ئەو کارانەی کە کردوویەتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا وەک بانگەشە بەکاربهێنێت، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنی حزبە سیاسییەکانە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا پارتی داد و گەشەپێدان بە گشتی ٥٧٥ شارەوانی بەدەستهێنا. پارتی نەتەوەپەرستی گەل (مەهەپە) ١٥٦ شارەوانی و پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) ٢١٢ شارەوانی و ئیی پارتی ١٨ شارەوانی و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ٦٩ شارەوانی و پارتی سەعادەتیش ١٦ شارەوانییان بەدەستهێنا. واتە ئاکەپە و مەهەپە بە گشتی نزیکەی ٥٠٪ی دەنگەکان و لایەنەکانی دیکەش زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
هەرچەندە چوار ساڵ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ماوە، بەڵام ئەگەری ڕوودانی ڕووداوە کاریگەرەکان و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی حکومەتی داد و گەشەپێدان و چۆنیەتی خزمەتکردنی خەڵکی لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی شارەوانییەکاندا، دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر لە سەر هەڵبژاردنەکان دابنێت.
لەلایەکی ترەوە پشتگیری دەنگدەرانی هەدەپە لە ئیستانبوڵ بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل دەریخست بە هاوپەیمانیی و پشتگیریکردنی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە یەکتر دەتوانرێت شکست بە دەسەڵاتی ئاکەپە بهێنرێت، بەڵام ئایا حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بە ئایدۆلۆژیا و هزری جیاوازەوە دەتوانن لە بەرەیەکدا کۆببەنەوە و خاڵە ناکۆکەکانیان وەلابنێن؟

لە مەیدانی ئۆپۆزسیۆندا پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) خاوەنی هزر و ئایدۆلۆژیایەکی نەتەوەیی و دەوڵەتپەرستە و خۆی بە خاوەنی تورکیای کەمالیی دەبینێت. لەلایەکی ترەوە پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، نوێنەری گەلی کورد و چینێکی کەمی چەپەکانی تورکیا دەکات و بەرهەمی خەباتی پارتی کرێکارانی کوردستانە. ئیی پارتیش کە لە پارتی نەتەوەپەرستی گەل جیابووەتەوە، خاوەنی هزرێکی نەتەوەپەرستی تورکییە کە بە هیچ شێوەیەک بوونی قەوارەیەکی کوردی قبوڵناکات.
ئەو لایەنانە خاوەنی دەنگدەرێکی دیاریکراون و بە تەنیا ناتوانن زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیانی تورکیا لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستبهێنن، دیارە بەبێ هاوپەیمانیی و پشتگیریکردنی یەکتری کارێکی زەحمەتە شکست بە ئاکەپە بهێنن! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت (پرسی) کورد لە تورکیا، کێشەی سەرەکییە و بێ قبوڵکردنی کورد و داننان بە مافەکانیدا ناتوانرێت شکست بە دەسەڵاتە تاکڕەوییەکەی ئەردۆغان بهێنرێت و دیموکراسییەت لەو وڵاتەدا بەرجەستە ناکرێت.