ڕاپۆرتی کوردستانی

06:52 - 22/07/2019

شایه‌تحاڵێك چیرۆكی ژێرزه‌مینه‌كانی مه‌رگ بۆ په‌یسه‌ر ده‌گێڕێته‌وه‌‌

پەیسەر

گۆڤاری په‌یسه‌ر
پارتی دیموكراتی گه‌لان(هه‌ده‌په‌) له‌  ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا توانی ٨١ كورسی له‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت و به‌ربه‌ستی ١٠% تێبپه‌رێنێت، ئه‌مه‌ش ئەردۆغان و ئاکەپەی توڕە کرد و پرۆسەی ئاشتی تێکچوو و شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا دەستی پێکردەوە،  هەدەپە داوای خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی کرد و کۆمەڵێک گەنجی کورد لەژێر ناوی (یەکینەکانی پاراستنی سڤیل) کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە پشتگیرییان لێ دەکرا خۆیان رێکخست و شەڕی حکومەتی تورکیایان کرد. لە شارەکانی ئامەد، شرنەخ،  جۆلەمێرگ و مێردین زیاترین پێکدادان ڕوویاندا و سەدان کەس لە هەردوولا کوژران.

 

فەیسەڵ سارییڵدز

لە جزیرەی بۆتانی سەر بە پارێزگای شرنەخ بۆ ماوەی چەند مانگێك شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان گەنجانی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل و سوپای تورکیا لە ئارادا بوو، حکومەتی تورکیا زۆربەی شار و ناوچەکانی باكووری کوردستانی کۆنتڕۆڵكرد، بەڵام جزیرەی بۆتانی پێ کۆنتڕۆڵنەدەکرا. لەبەرئەوەش حکومەت بڕیاریدا هەموو دەزگا حکومییەکان و کارمەند و فەرمانبەرەکانی لە جزیرەی بۆتان بکشێتەوە، حکومەتی تورکیا بە فەرمی داوای لە خەڵکی ئەو ناوچەیە کرد ماڵوحاڵیان جێبهێڵن و قەدەغەكردنی هاتوچۆی لە جزیرە و سلۆپی و چەند ناوچەیەکی تر ڕاگەیاند.

نزیکه‌ی پێنج هەزار کەس لە شارۆچکەکەدا مانەوە و ئامادەنەبوون ماڵوحاڵیان جێبهێڵن، سوپای تورکیا هەموو ڕێگاکانی جزیره‌ی گرتبوو و کەس نەیدەتوانی بە نهێنیش لەو شارۆچکەیە بچێتە دەرەوە

هەرچەندە زۆربەی خەڵکی جزیره‌ شارۆچکەکەیان جێهێشت، بەڵام نزیکه‌ی پێنج هەزار کەس لە شارۆچکەکەدا مانەوە و ئامادەنەبوون ماڵوحاڵیان جێبهێلن. سوپای تورکیا هەموو ڕێگاکانی جزیره‌یان گرتبوو و کەس نەیدەتوانی بە نهێنیش لەو شارۆچکەیە بچێتە دەرەوە.
مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ سوپا بە تانک و زرێپۆش و چەکی قورسەوە، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی لە جزیره‌ی بۆتان لە دژی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل دەستپێکرد و شەڕێکی گەورە ڕوویدا.

رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ئەندامانی (هەدەپە) و خوێندکارانی زانکۆ بۆ وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان ڕوویان لە جزیره‌ کرد و ژمارەیەکییان توانییان بچنە شارۆچکەکەوە و هەوڵیاندا نێوەندگیری بکەن، بەڵام زۆربەیان نەگەڕانەوە و گیانیان لەدەستدا. زۆربەی ئەو کەسانە تەرمەکانیشیان نەدۆزرانەوە و لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا دیارنەمان و لە ژێرزەمینە تاریکەکاندا بە چەکی قەدەغەکراو لاشەکانیان توێندرایەوە و خانوو و باڵەخانەکان لەگەڵ زەویدا تەختکران.

سوپا داوایان لەو خەڵكە مەدەنییە کردبوو خۆیان ڕووت بکەنەوە و بە ئاڵایەکی سپیەوە لە گەڕەکەکان بێنەدەرەوە و خۆیان ڕادەست بکەن

شایەتحاڵێکی ئەو ڕووداوانە کە لەو کاتەدا ڕۆژانە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی جزیره‌ی بۆتانی دەکرد، فەیسەڵ سارییڵدز په‌رله‌مانتاری پێشووی هەدەپەی پارێزگای شرنەخ بوو.

ساریێڵدز کە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی جزیره‌ی بە چاوی خۆی بینیوه‌، چیرۆکی چۆنیەتی کوشتنی سەدان کەسی مەدەنی لە ژێرزەمینە تاریکەکانی جزیره‌ی بۆتاندا بۆ گۆڤاری پەیسەر باس کرد.


سارییڵدز دەڵێت، ڕۆژێک بەر لە ڕاگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ، زیاتر لە ٧٠ خوێندکار و نزیکەی ٨٠ ئەندامی هەدەپە و چالاکوان سەردانی جزیره‌یان کرد، هەوڵیاندا لە چەند ڕۆژێکدا خەڵکی مەدەنی لە شەڕوپێکدادانەکان دوور بخەنەوە، خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژیان، حکومەت تۆڕەکانی ئاو و کارەبای پچڕاندبوو، خەڵک نەیاندەتوانی پێویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن، بەڵام ئەو کۆمەڵە خوێندکار و ئەندامانەی هەدەپە بە ماندووبوونێکی زۆر توانییان ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی مەدەنی لەو گەڕەکانەدا کە شەڕ تیایاندا قورس بوو بگوازنەوە بۆ گەڕەکە ئارامەکان، کەچی لە کۆتاییدا خۆیان و ژمارەیەک ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل لە چوار گەڕەکی جزیره‌ گەمارۆدران، هەرچەندە ئەندامانی هەدەپە و خوێندکارەکان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە په‌رله‌مانتارانی هەدەپەوە کرد و داوای یارمەتییان دەکرد، بەڵام بەهۆی ڕێگری سوپاوە په‌رله‌مانتار و بەرپرسانی هەدەپە نەیانتوانی سەردانی جزیره‌ بکەن. سوپا داوای لەو کەسانە کردبوو خۆیان ڕووت بکەنەوە و بە ئاڵایەکی سپیەوە لە گەڕەکەکان بێنەدەرەوە و خۆیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە و ڕایانگەیاندبوو، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی مەدەنی هاتوون و داوای هێزە ئەمنییەکان ڕەتدەکەنەوە، چونکە ترسی ئەوەیان هەبوو دیمەنی خۆبەدەستەوەدانیان تۆماربکرێت و لە میدیاکانەوە وەک خۆبەدەستەوەدانی ژمارەیەک "تیرۆریست" بڵاوبکرێتەوە.

محەمەد تونچ لە ژێرزەمینەکەی جزیرە لەڕێی تەلەفۆنەوە بەشداری لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی ئەوروپای کرد و داوای یارمەتی و پشتگیری لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، بەڵام کەس گوێی لە داواکەی تونچ  نەگرت

وردە وردە بەهۆی کوژرانی ئەندامانی (یەپەسە) و نەمانی جبەخانەوە، هێزەکانی حکومەت زیاتر پێشڕەوییان دەکرد و دۆخەکە گه‌یشتبووه‌ هەرکەسێکیش خۆی رادەست بکردایە، لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەکوژرا.

ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی کە ژن و منداڵ و پەککەوتەشیان تێدابوو لەگەڵ خوێندکارەکان و ئەندامانی هەدەپە و چالاکوانەکان لە چەند خانوو و باڵەخانەیەکی چوار گەڕەکی جزیره‌دا خۆیان حەشاردابوو، ژمارەیەکیان بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای تورکیاوە برینداربوون، گەنجەکانیش لە دەرەوە لە دژی هێزەکانی حکومەت شەڕیان دەکرد، جگە لە دەنگی چەک و تەقینەوە هیچی تر نەدەبیسترا.


سارییڵدز ده‌شڵێت، محەمەد تونچ کە سەرۆکی رێکخستنی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان بوو لە جەزیر، پەیوەندی بە منەوە کرد و گوتی: " بارودۆخمان زۆر خراپە، هەموومان لە ژێرزەمینی باڵەخانەیەکی کۆندا گیرمان خواردووە، نزیکەی ١٠ بریندارمان هەیە، هەر کەسێک بچێتە دەرەوە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەکوژرێت"، ئێمە چەند ئۆتۆمبێلێكی فریاکەوتنمان نارد و داوامانکرد بریندارە مەدەنییەکان رزگاربکرێن، بەڵام حکومەت بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی نەدا تیمەکانی فریاکەوتن بە هانای ئەو کەسانەوە بچن.
سارییڵدز لە درێژەدا وتی: محەمەد تونچ پێی راگەیاندم نزیکەی ٣١ کەس لە ژێرزەمینەکاندا هەن، ناوبەناو تۆپباران دەکرێن و هەرجاره‌و چەند کەسێكیان لێ دەکوژرێ و برینداردەبن.

نزیکەی ١٤٠ هاوڵاتی مەدەنی لەناو سێ ژێرزەمینەکەدا کوژرابوون، هێزەکانی حکومەت لە ژێرزەمینی دووەمدا بەنزینیان بە تەرمی ٢٥ کەسەکەدا کردبوو و لاشەکانیان سوتاندبوون

بە وتەی سارییڵدز زیاتر لە ١٠ ڕۆژ ئەو کەسانە لە ژێرزەمینەکەدا مانەوە، " هەواڵمان بۆ هات کە دەیان کەسی دیکەش لە دوو ژێرزەمینی تردا خۆیان شاردووەتەوە، داوای دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانمان کرد، بەڵام داواکارییەکه‌مان لەلایەن فراکسیۆنەکانی دیکەوە رەتکرایەوە، وەک په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ پەیوەندیمان بە په‌رله‌مانی ئەوروپاوە کرد. لە په‌رله‌مانی ئەوروپا دانیشتنێک سازکرا و محەمەد تونچ لە ژێرزەمینەکەی جزیرە لەڕێی تەلەفۆنەوە بەشداری لە دانیشتنەکەدا کرد و داوای یارمەتی و پشتگیری لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، بەڵام کەس گوێی لە داواکەی محەمەد تونچ و هاوڕێکانی نەگرت. دوای چەند ڕۆژێك پەیوەندیمان لەگەڵ محەمەد تونچ و خه‌ڵكانی دیكه‌ی ناو ژێرزەمینەکاندا پچڕا".

هێزەکانی تورکیا تا کۆتایی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ته‌واوی جزیرەیان کۆنترۆڵکرد و په‌رله‌مانتارانی هەدەپەش سەردانی ناوچه‌كه‌یان کرد، به‌ وته‌ی سارییڵدز لەژێرزەمینی یەکەمدا ٣١ کەس، لەژێرزەمینی دووەمدا ٦٢ کەس و لەژێرزەمینی سێیەمدا ٢٥ کەس کوژرابوون. محەمەد تونچ و ژمارەیەک بەرپرسی شارەوانی جزیره  لەناو کوژراوەکاندا بوون.

سارییڵدز دەڵێت: " هێزەکانی حکومەت لە ژێرزەمینی دووەمدا بەنزینیان بە تەرمی ٢٥ کەسەکەدا کردبوو و لاشەکانیان سوتاندبوون، تەرمەکانی دیکەشیان بردبووه‌ شوێنێکی نادیار. من بە چاوی خۆم بینیم، لە ژێرزەمینەکاندا پارچەی جه‌سته‌ی مرۆڤ کەوتبوون، تا ئێستاش تەرمی ئەو کەسانەیان بۆ بنەماڵەکانیان نەگەڕاندووه‌ته‌وە".


به ‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی سارییڵدز بۆ گۆڤاری په‌یسه‌ر، نزیکەی ١٤٠ هاوڵاتی مەدەنی لەناو سێ ژێرزەمینەکەدا کوژرابوون، لەناویاندا منداڵی ٥ ساڵان و کەسانی بە تەمەنی ٦٠-٧٠ ساڵان هەبوون، بە گشتی لە شەڕەکەی جزیرەی بۆتان نزیکەی ٣٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژران. بەڵام تا ئێستا ئاماری زیانەکانی هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی پاراستنی سڤیل ئاشکرا نەکراون.

سارییڵدز ده‌شڵێت، دوای ئەو ڕووداوانە له ‌ناوخۆی توركیا و لە ئەوروپاش زۆر هەوڵماندا ئەو ڕووداوانە وەک کۆمەڵکوژیی بناسێنین و هیوامان وابوو دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئەوروپا و په‌رله‌مانی ئەوروپا، کە بەڵگەی تەواومان لەسەر کۆمەڵکوژییه‌كه‌ كۆكردبووه‌وه‌، پشتگیریمان بکەن و حکومەتی تورکیا تاوانبار بكرێت، بەڵام هه‌موویان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەنقەرە بێدەنگییان هەڵبژارد و ڕووداوەکانی ژێرزەمینەکانی مەرگ وەک پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی حکومەتی تورکیادا تۆمارکران.