ڕاپۆرتی کوردستانی

05:19 - 25/07/2019

ئەمریکا و تورکیا لە سەر ناوچەی ئارام رێکنەکەوتن‌

پەیسەر

دوای ئەوەی جارێکی تر بەرپرسانی حکومەتی تورکیا هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازییان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایانگەیاند، لە ئەگەری دروستنەکردنی ناوچەی ئارام لە "باکوری سوریا" دەست بە هێرشی سەربازی دەکەن. شاندێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جێمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە ٢٢ و ٢٤ی ئەم مانگە سەردانی ئەنقەرەی کرد و بە جیا لەگەڵ سەدات ئۆناڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا و خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و ئیبراهیم کالن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کۆبووە.

بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانی شاندی ئەمریکی و بەرپرسانی تورکیا، دروستکردنی (ناوچەی ئارام) لە ڕۆژئاوای کوردستان بوو، بەڵام بە پێی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا بێت، هەردوولا لەسەر ئەو بابەتە رێکنەکەوتوون و کۆبوونەوەکان بە بێ ئەنجام کۆتاییان هاتووە.

مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانییانی لەگەڵ شاندە ئەمریکییەکە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، پێشنیازەکانی ئەمریکا لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا، ئەنقەرەی رازینەکردووە و گوتی: " ئەنقەرە ناتوانێت لەوەزیاتر دان بەخۆیدا بگرێت و پێویستە ئەمریکا بە زوترین کات پرسەکە یەکلایی بکاتەوە.

چاوشئۆغلۆ ڕاشیگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەردۆغان، دەست بە جموجۆڵ کرابوو، لەسەر داوای دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، جموجۆڵەکان ڕاگیران، بەڵام چۆن لە منبج سەرقاڵییان کردن، دەیانەوێت لەبارەی ناوچەی ئارامیش سەرقاڵییان بکەن. تورکیاش ئەوە قبوڵناکات.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت ئەمریکا ئەوە ڕوونبکاتەوە، ئایا دەورییە هاوبەشەکان لە ناوچەی ئارام چۆن دەبن؟ خاڵە چاودێرییەکان بە دەست کێوە دەبن؟ هەروەها تورکیا بە هیچ شێوەیەک بوونی یەپەگە قبوڵناکات و دەبێت لە ناوچەی ئارام بچنە دەرەوە.

ئیبراهیم کالن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە بارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ جێفری ڕایگەیاند، باسییان لە هەڕەشەکانی یەپەگە لە سەر تورکیا کردووە و گوتی: " کاتێک ناوچەی ئارام دروست دەکرێت کە لە ئاستی داواکارییەکان و پێشنیازەکانی تورکیادا  بێت".

لە لایەکی ترەوە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە بەیاننامەیەکی لەبارەی سەردانی شاندی ئەمریکی بۆ تورکیا و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ڕاگەیاند و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە نەخشەرێگای چارەسەری کێشەی منبج و دروستکردنی ناوچەی ئارام و نیگەرانییەکانی تورکیا کراوە.

هەروەها ڕاشیگەیاند، شاندە ئەمریکییەکە گوێیان لە داواکاری و پیشنیازی بەرپرسانی تورکیا گرتووە و دانوستانەکانی هەردوولا لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا بەردەوام دەبێن.

سەردانی شاندە ئەمریکییەکە بۆ تورکیا لەکاتێکدابوو، شاندێکی دیکەی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی  کێنت مەکنزی فەرماندەی ناوەندی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ویلیام ڕۆباک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەردانی کۆبانییان کرد و لەگەڵ مەزلۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هیزەکانی سوریای دیموکراتیک کۆبۆوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەبارەی سەردانەکەی شاندە سەربازییەکەی ئەمریکا ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردوە و ئاماژەی بەوەدا، هەردوولا باسییان لە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەردەوامی هەماهەنگییەکانی هەسەدە و هاوپەیمانان لەبارەی شەڕی دژی داعش کردووە.

لە ڕاگەیاندنەکەدا باس لەوەکراوە، بیروبۆچوونی هەردوولا لەبارەی کێشەکان لەیەکتری نزیکبووە و تەئکید لەسەر چارەسەری کێشەکان و پاراستنی ئارامی ناوچەکە کراوە.

بە پێی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا و بەیاننامەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تورکیا و ڕاگەیاندنەکەی هەسەدە بێت، تورکیا و ئەمریکا لەبارەی دورستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و دەردەکەوێ، پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا بەردەوامە و هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هێزە کوردییەکان ڕەتدەکاتەوە.