ڕاپۆرتی کوردستانی

04:27 - 15/08/2019

بۆچی کورد لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم نەیتوانی مافی خۆی دەستەبەر بکات؟‌

پەیسەر

پەیمانی سێڤەر چی بە کورد دا و کورد بۆ نەیتوانی مافەکانی لە ئاڵۆزییەکانی پاش شەڕی جیهانی یەکەم بچەسپێنێت؟ بۆچی وڵاتانی براوەی شەڕ جارێکی دیکە لە بەرامبەر زێدەخوازی تورک مت بوون و مافەکانی کوردیان لەبیر کرد؟

کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم لە ساڵی ١٩١٨ هاوکات بوو لەگەڵ لەناوچوونی چەندین دەسەڵاتی پاشایەتی. بنەماڵەی هابسبورگ لە نەمسا- هەنگاریا، هوهێن تێسۆلێرن لە ئەڵمانیا، عوسمانییەکان لە ئیمپراتۆری عوسمانی و ڕۆمانۆف لە ڕووسیا ئەو پاشایەتییانە بوون کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕی جیهانی یەکەم کۆتایی بە ژیانی سیاسیان هات و لە هەناوی ئەو ئێمپراتۆریانەوە کۆمەڵێک وڵاتی نوێ لەدایک بوون.

وڵاتانی هاوپەیمان دوای کۆتایی هاتنی شەڕ بۆ سزادانی تورکەکان کە لە کاتی شەڕەکەدا کەوتبوونە  بەرەی  ئەڵمانیا و نەمسا-هەنگاریاوە  لە ١٠ی مانگی ئابی ساڵی ١٩٢٠ لە شاری سیڤەری فەڕەنسە یەکەمین پەیمانی سیاسیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژۆ کرد.


وێنە: دابەشکردنی وڵاتی عوسمانی بەپێی پەیمانی سیڤەر

 
پەیمانی سێڤەر ئەو پەیمانە بوو کە بە کردەوە دەسەڵاتی تورکەکانی بۆ ناوچە بە ڕەچەڵەک تورک نشینەکانی ئەنادۆڵ سنوردار کردەوە.

ئەو پەیمانە وەک فیشەکی کۆتایی بوو کە لەسەر و دڵی ئیمپراتوری عوسمانی درا.

وڵاتانی بەشدار بوو لە پەیمانی سیڤەر کە واژۆی ڕێککەوتنەکەیان کرد بریتی بوون لە: ئیتاڵیا، فەڕەنسە، چین، یۆنان، سلۆڤێنیا، سربۆکراتیا، ڕۆمانیا، عەرەبستان، کڕواتیا، بریتانیا، ژاپۆن، ئەرمینیا و تورکیە. سەرۆکایەتی ئەو دانیشتنە لە ئەستۆی دەوڵەتی فەڕانسە بوو و نوێنەری کوردیش ژەنرال شەریف پاشا بوو.

بەپێی پەیمانی سیڤەر، کەنارئاوەکانی ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ دەدرا بە یونانییەکان و وڵاتی ئەرمینیاش نەک بەو پانتاییە بچوکەی ئیستا و لە قەوارەیەکی گەورەتردا درووست دەبوو.

وڵاتە عەرەبییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتوری عوسمانی هاتنە ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسە و بریتانیا، هاوپەیمانان کە بۆ شکستپێهێنانی دەسەڵاتی عوسمانی کەڵکی زۆریان لە هێزی عەرەبەکان وەرگرتبوو و بەڵێنی درووستکردنی وڵات و دەسەڵاتی سیاسی خۆیان پێدابوون ، وەفایان بە بەڵێنەکەی خۆیان نەکرد.

یەکێک لە مادە و بڕگە هەستیارەکانی پەیمانی سێڤەر پێدانی مافی خۆبەڕێوەبەری بوو بە کوردەکانی باکوری کوردستان کە لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوتە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ. نوێنەری کورد لە دانیشتنی سیڤەر، شەریف پاشا بوو کە مێژوونووسانی کورد وەک کەسێکی شیاو لە ڕووی سیاسییەوە  باسی دەکەن. ئەگەرچی سیڤەر زۆر یەکلاکەرەوە دانی نا بە درووستبوونی ئەرمینیای گەورە و گەڕانەوەی کۆمەڵێک جەزیرە و تەنانەت شارێکی وەک ئەزمیر بە یونان، بەڵام بەو ڕەهاییە و لە قۆناغی یەکەمدا دانی بە مافەکانی گەلی کورددا نەنا و پرسی سەربەخۆ بوونی کوردانی بۆ ساڵێک دواخست.

لە ڕیککەوتنەکەدا و لەسەر مافی کورد باس لەوەکراوە هەتا ساڵێک کوردەکان ناوچەی خۆبەڕێوەبەرییان هەبێ و دوای ساڵێک ئەگەر حەزیان لێبوو ئەوا دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان ڕابگەیەنن.

بۆ دەڵێن کوردەکان سنووری ئێستای تورکیایان درووستکرد؟
ساڵ و ڕۆژەکانی شەری جیهانی یەکەم ئاوێتە بوون بە بچوکبوونەوەی خاک و کەمبوونەوەی پانتایی جوگرافی ئیمپراتوری عوسمانی. پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپا توانای پاراستنی ئەو وڵاتانەی  نەمابوو کە بە درێژایی سەدان ساڵ داگیری کردبوون و لە کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەمدا هەمووی دۆڕاند.

بەپێی پەیمانی سیڤەر و بە بڕیاری فەڕەنسە و بریتانیا کە یەکیان لە باشورەوە "عێراقی" ئێستا  و هێندێک ناوچەی باکوری ئەنادۆلی لە دەستدابوو و ئەوەی دیکەیان سوریا و لوبنانی کۆنتڕۆڵ کردبوو، بڕیاری ئەوە درابوو باکوری کوردستان بەشێک نەبێ لەو وڵاتەی کە ئێستا بە تورکیا دەناسرێتەوە. بەڵکو بەڵێن وابوو  ساڵێک دوای پەیمانی سیڤەر کورد ببێتە خاوەنی وڵاتی کوردستانی دانپێدانراو لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە.

فەرماندە سەربازییەکانی عوسمانی بە بێ تەقاندنی فیشەکێک زۆر شوێنی سەر بە ئیمپراتۆری عوسمانیان ڕادەستی بریتانییەکان کرد. "عەلی ئێحسان سابیس پاشا" بە بێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی موسڵ و زاخۆی ڕادەستی بریتانیا کرد. لەلایەکی دیکە فەرەنسییەکان هێزی عوسمانیان کە بەشێکی بەرچاویان سەربازانی کورد بوون هەتا ئەدەنا ڕاونا. مستەفا کەماڵ بەرەو ئەستەنبوڵ هەڵدێت و لە کۆتاییدا هێزەکانی هاوپەیمانان و یونانییەکان دەچنە ناو شاری ئەستەنبوڵەوە.

 ئیمپراتوری عوسمانی بەشی هەرە زۆری خاکی باکوری کوردستانی لە شەڕدا بە فەڕەنسییەکانی دۆڕاند.  نوێنەری عوسمانییەکان لە کاتی ئامادەکردنی پەیمانی سیڤەر " عیسمەت پاشا" دەبێت و بە هۆی ئەوەی هیزی تورک پێویستی بە هێزی کوردە لە پەیمانی سێڤەردا دان بە مافی خۆبەڕێوەبەری کورددا دەنێت و بەو شێوە کورد جارێکی دیکە مێژووی هەڵە سیاسییە ستراتژیکەکان دووبارە دەکاتەوە.  لە کاتێکدا هەلومەرج تەواو ڕەخسابوو بۆ ئەوەی کورد ببێتە خاوەنی کیانی سیاسی خۆی و بە یەکجاری لەگەڵ ڕۆژئاوی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی هیج داگیرکەرێکدا نەمێنن کەچی فریوی قسەکانی عیسمەت پاشای خوارد.

لە کاتێکدا ئەرمەنەکان دەبنە خاوەنی وڵاتی خۆیان و بەو شێوە تۆڵەی کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩١٥دەکەنەوە،  کەچی کورد ڕوو لە بکوژ و قاتڵەکانی خۆی دەکاتەوە و دەبنەوە سەربازی مستەفا کەماڵ بۆ دەرکردنی فەڕەنسییەکان لە تورکیا.


بزووتنەوەی گورگە بۆرەکان و سەربەخۆیی تورکیا
لە هەناوی ئیمپراتۆری تێکڕوخاوی عوسمانییەوە،  کۆمەڵێک ژەنراڵی سوپای عوسمانی بە فەرماندەیی مستەفا کەماڵ پاشا دژی بریتانیا و فەرەنسە شەڕیان ڕاگەیاند کە ئەو شەڕانە بە شەڕی سەربەخۆیی تورکیا ناسراوە. مستەفا کەمال  توانی بە سەرکەوتویی سەرکردایەتی بەرەکانی شەڕ بکات و لە ئەنجامدا توانی جارێکی دیکە هاوپەیمانان بهێنێتەوە سەر مێزی  دانوستان و ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ لە گۆڕنانی یەکجاری خەونی کورد بۆ سەربەخۆیی کە تا ئەو چرکە ساتەش بەهۆی گرێدراویان بە مەزهەب و دوور نەکەوتنەوە لە سیستەمی عەشایری زیاتر دڵیان بە مانەوە لەگەڵ تورکەکان خۆش بوو.

پەیمانی لۆزان چی بەسەر کورد هێنا؟
لە کاتێکدا خاڵی ٦٢ و ٦٤ پەیمانی سیڤەر بە ڕوونی ئەو مافەی بە کورد دەدا کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان پێکبهێنن بەڵام مستەفا کەماڵ و بزووتنەوەی سەربەخۆیی خوازانی تورکیا، توانیان هەرەس بەو پەیمانە نێودەوڵەتییە بهێنن و جارێکی دیکە ئەوروپاییەکان بهێننەوە سەر مێزی دانووستان. مستەفا کەماڵ لە دوای پەیمانی سێڤەر کەڵکی لە ناوشیاری سیاسی و هەستی ئایینی و کلتوری خێڵەکی کورد وەرگرت و بە کردەوە هێزی کوردی بۆ دەرکردنی بریتانیا و فەرەنسا لە تورکیا بەکارهێنا.
لە دوای سەرکەوتنی مستەفا کەمال بەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕێککەوتنی ئاگربەستی ناسراو بە "مودانیا" و سوتانی کارتی کورد ، مستەفا کەماڵ کەوتە دژایەتیکردنی داخوازییەکانی کورد.


بەدوای خۆگرتنی دەسەڵاتی تورک و هەڵوەشانەوەی بە فەرمی بەندەکانی تایبەت بە مافی کەمینەکان، شەپۆلێکی نوێ و چڕی سەرکوتکردن و سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەستی پێکرد و کوردەکانی باکوری کوردستان ناچار کران بە تورکی قسە بکەن و ناوی گوند و شارە کوردییەکانی باکور بۆ تورکی گۆڕان.

فشارەکانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی کورد و هەوڵی ئاسیمیلاسیۆن و توانەوەی نەتەوەیی کورد بوو بەهۆی کۆمەڵیک سەرهەڵدانی گەورە کە چەخماخەی ئەو سەرهەڵدان  و شۆڕشانە لەلایەن شێخ سەعیدی پیرانەوە لێدرا و تا ئێستاشی شۆڕشی کورد لە دژی تورکیا بەردەوامە