ڕاپۆرتی کوردستانی

06:34 - 14/09/2019

خانەوادەکان لە بەردەم باڵەخانەی هەدەپە کۆببنەوە یان ئاکەپە؟‌

پەیسەر

لە ٢٢ی ئابەوە ژمارەیەک خانەوادە لە بەردەم باڵەخانەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان دەستیان بە چالاکی دانیشتن (په‌ناگیری) کرد و تا ئێستاش بەردەوامە. خانەوادەکان ڕایانگەیاند، 'منداڵەکانیان چوونەتە شاخ و بەشداریان لە ڕیزەکانی پەکەکەدا کردووە، پێویستە هەدەپە منداڵەکانیان بگەڕێنێتەوە'. دوای ئەوە ژمارەیەک ڕێکخراو و ڕیکخستن و کەسایەتی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد و پشتگیری خۆیان بۆ ئەو خانەوادانە دەربڕی.

میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی تورکیا لە گەشتەکانی هەواڵ و بەرنامە تایبەتەکاندا گرنگیەکی زۆر بەو بابەتە دەدەن و حکومەتیش پشتگیری لە چالاکیەکان دەکات.
بەرپرسانی حکومەتی (ئاکەپە)، تەنانەت نووسەر و ڕۆژنامەنووسەکانی سەر بە دەسەڵاتیش ده‌ڵێن، گەنجان یەکەمجار دەبرێنە باڵەخانەکانی (هەدەپە) و دواتر دەنێردرێن بۆ ناو ڕیزەکانی پەکەکە. بەمەش دەردەکەوێت، خانەوادەکان لەلایەن ئاکەپەوە ئاڕاستە دەکرێن و هاوشێوەی ساڵەکانی ڕابردوو کە چالاکیەکان دژی شارەوانیە کوردیەکان بەڕێوەدەبران، هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەدەپە و ڕەوایەتیدان بە هێرشەکانیان ده‌ده‌ن بۆ سەر هەدەپە و دانانی قەیوم لەجێگەی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان.

هەدەپە هەوڵی شەڕ یان ئاشتی دەدات؟
ئەگەر تەنها لە ساڵی ٢٠١٣وە چاوێک بە هەڵوێستی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)دا بخشێنین و وەک نمونە بهێنینەوە، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، ئایا هەدەپە ڕۆڵێکی خراپی بینیوە یان خەباتی بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و بەرقەرارکردنی ئاشتی كردووه‌.

لە ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ی ئامەد پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لەلایەن پەروین بوڵدان کە ئەو کاتە پارلەمانتاری پارتەکە بوو، خوێندرایەوە. پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەستیپێکرد و هەدەپە وەک ناوبژیوان ڕۆڵی بینی. شاندی هەدەپە کە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوو، سڕی سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان و ئیدریس بالوکەن په‌رلەمانتارانی پارتەکە پێکهات، چەندینجار سەردانی ئیمڕالی و قەندیل و حکومەتیان کرد، هەوڵی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکەیاندا و لە کۆتاییدا رێککەوتنێکی ١٠ خاڵی لەلایەن سڕی سورەیا ئۆندەر په‌رلەمانتاری هەدەپە و یاڵچین ئاکدۆغان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە کۆشکی دۆڵمەباخچە خوێندرایەوە.

هەدەپە وەک دادوەرێک ڕۆڵێکی ئەرێنی بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا بینی. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا حکومەتی تورکیا خۆی لە پرۆسەکە دوورخستەوە. لەدوای تەقینەوەکانی ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ی میتینگی هەدەپە له‌ ئامەد و تەقینەوەی ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٥ی ناوچەی سوروچی ڕوحا، دانوستانەکان بە تەواوی ڕاگیران. کوشتنی دوو پۆلیسی حکومەتی تورکیا لە ٢٢ی تەمموزی هەمان ساڵ بووە هۆی دووبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا.

هەرچەندە حکومەتی تورکیا پەکەکەی بە کوشتنی دوو پۆلیسەکە تاوانبارکرد، بەڵام ئەحمەد داودئۆغڵۆ کە ئەو کات سەرۆک وەزیران بوو، لەمدواییانەدا ڕایگەیاند، دوو پۆلیسەکە لەلایەن ئاکەپەوه‌ کوژران و ئامانج لێی هەڵگیرساندنه‌وه‌ی شەڕ بوو.

لەیلا گوڤەن په‌رلەمانتاری هەدەپە ڕایگەیاند، ئەو کاتە پەیوەندی بە پارێزگاری ڕوحاوە کردووە و ئەویش گوتویەتی، ڕووداوەکە سیاسی نەبووە.

بەو پێیە دەردەکەوێت، ئاکەپە هۆکاری تێکچوونی پڕۆسەی چارەسەری بووە. تێکدانی پڕۆسەی ئاشتیش بە واتای دەستپێکردنەوەی شەڕ و کوشتنی مرۆڤ دێت و هۆکارێکە تا بەهۆی فشار و ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەتەوە، گەنجان ڕووبکەنە چیاکان و لەدژی حکومەت شەڕ بکەن.

کێ بەرپرسە لە مردنی گەنجان؟
گەلی کورد لە باکووری کوردستان لە دروستکردنی کۆماری تورکیاوە تا ئێستا، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانیەوە چەندین شۆڕشی بەرپاکردووە. به‌هی هێرشەکانی دەوڵەته‌وه‌ سەدان هەزار هاوڵاتی کورد کۆمەڵکوژ کراون. مافی که‌لتووری، زمان و ناسنامەی گەلی کورد ڕەتکراوەتەوە. لە دەستوور و یاساكانی تورکیادا هیچ مافێک بۆ کورد و گەلانی دیکە دانەنراوە و دەوڵەتی تورکیا لە سەر بناغەی یەک ئاڵا، یەک نەتەوه‌، یەک وڵات و یەک زمان درێژە بە سیاسەتەکانی دەدات و تا ئێستاش کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لەسەر دەسەڵاتە ئەو سیاسەتە بەردەوامە.

دوای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و دەستپێکردنی شەڕی چەکداری لەدژی دەوڵەتی تورکیا، هەزاران کەس کوژراون و بێسەروشوێنکراون. هەرچەندە هێرشەکانی دەوڵەت لەدژی گەلی کورد لە هەموو قۆناغەکاندا هەبووە، بەڵام یەکێک لە قورسترین هێرشەکان لە ساڵی نەوەدەکان لەدژی گەلی کورد دەستیپێکرا.

 

بێسەروشوێنکردنی نزیکەی ١٧ هەزار کورد و کەسایەتیە چەپەکان
سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە ئامانجی شکاندنی شۆرشی کورد لە باکووری کوردستان، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی "تانسوو چیللەر" دەستی بە تیرۆرکرن و بیسەروشوێنکردنی سیاسەتمەداران و هونەرمەندان، لایەنگرانی پارتە کوردیەکان و چەپەکانى تورکیا و کەسایەتیە ڕیفۆرمخوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کرد.

بە پێی ئامارە فەرمیەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا و وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا، لەو هەڵمەتە ڕەشەدا نزیکەی ١٧ هەزار کەس تیرۆر و بێسەروشوێنکران کە زۆربەیان هاوڵاتیی کورد بوون، تا ئێستاش تەرمی زۆربەیان نەدۆزراوەتەوە و حکومەتە یەک لەدواییەكه‌کانی تورکیاش لێکۆلینەوەیان لەو ڕووداوانە نەکردووە.

چالاکی دایکانی شەمە
دوای ڕووداوەکان خانەوادەی بێسەروشوێنەکان لە مەیدانی گاڵاتاسارای ئەستونبوڵ دەستیان بە چالاکی کرد و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسوکارەکانیان و دادگاییکردنی بکوژان کرد.

دوای فراوانبوونی چالاکیەکان، لە نەوەدەکاندا گروپی "دایکانی شەممە" دامەزرێنرا و هەموو ڕۆژانی شەممەیه‌ك لە مەیدانگی گاڵاتاسارای ئیستانبوڵ چالاکیان ده‌کرد. حکومەتە یەک لەدواییەکەکانی تورکیا بەرامبەر داواکاری دایکان بێدەنگیان هەڵبژارد.

هەرچەندە کۆمەڵکوژیەکان لە سەردەمی ئاکەپەدا نەکران، بەڵام بە ڕێگریی له‌ چالاکیەکە هاوسۆزی خۆی بۆ بکوژان و تاوانباران دووپاتکردەوە. لە ساڵی ٢٠١٨دا بە فەرمانی سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا هەموو چالاکیەکی دایکانی شەممە قەدەغەکران. بەڵام دایکان لە چالاکیەکانیان بەردەوام بوون، لە ئەنجامدا بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ هێرشکرایە سەر دایکانی شەممە و ژمارەیەک ژن دەستگیرکران و ژمارەیەکیش بریندارکران. لەگەڵ هەموو فشار و ئاستەنگیەکان چالاکی دایکانی شەممە بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی منداڵەکانیان ١٤ ساڵە بەردەوامە.

چالاکی دایکانی ئاشتی
گروپی دایکانی ئاشتی لە نەوەدەکانەوە دامەزرێنراوه‌. لەو سەردەمەدا تەنها دایکانی کورد بەشداریان لە گروپەکەدا دەکرد و هەوڵی چاوپێکەوتن و دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و پەکەکە ده‌دا. زۆربەی ئەو دایکانە ئەو کەسانە بوون کە منداڵەکانیان لە شەڕوپێکدادانەکاندا کوژرابوون یان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە بێسەروشوێنکرابوون. بەڵام بەرپرسانی تورکیا بە هیچ شێوەیەک گوێیان لە داواکاریەکانیان نەدا بۆ وەستاندنی شەڕ.

لە سەردەمی ئاکەپەدا چەند جارێك نوێنەری دایکانی ئاشتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەرپرسانی تورکیادا کۆبوونەوە و ژمارەیەکی زۆر دایکانی تورک کە منداڵەکانیان لەشەڕدا کوژراون، بەشداریان لە گروپی دایکانی ئاشتیدا کرد. هەرچەندە تا ئێستا چالاکیەکانیان بەردەوامە بەڵام وه‌ڵامیان نەدراوەتەوە.

خانەوادەی بێسەروشوێنانی کودەتاكه‌ی ١٥ی تەمموز
دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٦ ژمارەیەکی زۆر کودەتاچی کوژران و ژمارەیەکیش خەڵکی مەدەنی بە بیانووی پەیوەندی بە ڕێکخراوی خزمەتی سەر بە فەتحوڵا گولەن دەستگیرکران. تا ئێستا چارەنووسی نزیکەی ٢٨ کەس نادیارە و دەزانرێت لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیرکراون، بەڵام نازانرێت لەژیاندا ماون یان نا؟

سەرەرای ئەوەی خانەوادەکانیان چەندین جار سەردانی دادگاکان و بەرپرسانی حکومەتیان کردووە، بەڵام وه‌ڵامیان نەدراوەتەوە.

ڕۆڵی هەدەپە لە چالاکیە مەدەنیەکاندا
پارتی دیموکراتی گەلان یەکێک لەو پارتانەیە کە لە هەموو قۆناغێکدا پشتگیری لە چالاکیەکانی دایکانی شەمە و دایکانی ئاشتی و هەوڵی دۆزینەوەی بێسەروشێنەکان کردووە. بەرپرسەکانی لە چالاکیەکاندا بەشداریان کردووە و لێدوانیان داوە.

ئەندامانی پارتەکە چەندینجار لەلایه‌ن هێزەکانی پۆلیسەوە كراونه‌ته‌ ئامانج و دەستگیرکراون. سەڕەرای ئەوەش پشتگیریەکانیان بەردەوامە.
بە پێی ئامارەکانی هەدەپە، زیاتر لە ١٢ هەزار کەس لە هاوسەرۆکانی پێشوو، پارلەمانتەر، سەرۆک شارەوانی، بەڕێوه‌بەر و ئەندام و لایەنگری پارتەکە لە زینداندان.

بەو پێیە نەک هەدەپە هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕی نەداوە، بەڵکو قوربانیەکی سەرەکی شەڕە، ئێستا پرسیاره‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌، دەبێت خانەوادەکان لە بەردەم باڵەخانەی هەدەپە کۆببنەوە یان ئاکەپە؟