ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:37 - 17/09/2019

دەسەڵاتی پشتەوە لە ساواکەوە بۆ ئیتڵاعات‌

پەیسەر

شەست ساڵ زیاترە ئێران، چ بە رژێمی پاشایەتی یان کۆماری ئیسلامی، یەکێکە لە وڵاتە بەهێز و دەستڕۆشتووەکانی ناوچەکە. بەشی زۆری ئەم بە هێزیی و بە نفوزییەی دەگەڕێتەوە بۆ کاریی و بەهێزی دەزگا سیخوڕیی و سەرکوتکەرەکانی.

ئێران هەر لە سەردەمی پەهلەوییەوە یەک لەو وڵاتانە بووە کە بۆ سەرکوتکردنی دەنگی نەیاران و کەسانی ناڕازی پشتی بە دەزگا هەواڵگریییەکانی خۆی بەستووە. ڕێکخراوی هەواڵگریی و ئاسایشی وڵات کە بە "ساواک" ناسرابوو لە ریزی دە مەترسیدارترین دەزگا هەواڵگریییەکانی جیهاندا ناوی دەهێنرا.

ساواک ساڵی ١٩٥٦ واتا سێ ساڵ دوای کودەتا بەناوبانگەکە لە دژی محەمەد موسەدیق دامەزرا و تا شوباتی ١٩٧٩ بەرپرسیاری سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و هەواڵگرییی دەرەوەی ئێران بوو. لەپاڵ چالاکی سیخوڕیدا، ساواک رۆڵی سەرەکیشی هەبوو لە سەرکوتکردنی نەیارانی شای ئێران. 

 سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات کە نزیکەی ١٥ ملیۆن ئێرانیی ئەندام یان پیاوی دەزگا هەواڵگریییەکانی ئێرانن

ئەم ڕێکخراوە لە یازدە لق پێکدەهات کە لقی سێیەمی ساواک، دەسەڵاتێکی بێسنووری  هەبوو لە دەستگیرکردن و لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی نەیارانی شا. محەمەدڕەزا شای پەهلەوی ئامانجەکانی ساواکی بە کورتی و پوختی روونکردبووەوە کە "تێکۆشان لە دژی کۆمۆنیزم و گروپە چەپەکان، پێشگرتن لە کاری تێکدەرانە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر سیخوڕ و تێکدەران."

ساواک ٥٣٠٠ ئەفسەر و ژمارەیەکی نادیار سیخوڕی هەبوو، ساڵی ١٩٧٤ گۆڤاری  نیوزویکی ئەمریکی نووسیبووی: نزیکەی سێ ملیۆن ئێرانیی، سیخوڕ و پیاوی ساواکن! 
یەکێکیتر لە کارەکانی ساواک چاودێریکردنی نەیارانی شا بوو لە دەرەوەی وڵات. بۆ ئەم مەبەستەش کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی و نووسینگەی کۆمپانیا بازرگانییەکانی، وەک بنکەی سیخوڕی بەکار دەهێنا.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە کونسوڵخانەی ئێران لە ژنێف ساڵی ١٩٧٥  ئاشکرابوو، ئەو کونسوڵخانەیە ناوەندی چالاکییەکانی ساواک بووە لە ئەوروپا. دوابەدوای ئاشکرابوونی بەڵگەنامەکان حکومەتی سویسرا، باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەرکرد.

هەرچەندە ئەم دەزگایە لە ساڵانی حەفتاکان و پێش شۆڕشی گەلانی ئێران ترسێکی گەورەی لە دڵی خەڵکدا دروستکردبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەروەک زۆربەی زیندانییە سیاسییەکانی ئەوکات دەگێڕنەوە، ساواک هەرگیز کێشەی بۆ کەسوکار و ئەندامانی خێزانی زیندانییە سیاسییەکان دروست نەدەکرد. 
 
پەڵە رەشەکەی تەوێڵی شا
یەکێک لەو رەخنانەی لە میدیا جیهانییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەمیشە دەدرایەوە بەناوچاوانی شای ئێراندا، شێوازی ئەشکەنجەدان و بەکاردەهێنێانی زەبروزەنگی لەڕادەبەدەربوو بۆ ناچارکردنی زیندانی تا ئیعتراف بکات.

هەندێک لە شێوازەکانی ئەشکەنجەدانی ساواک بریتیی بوون لە: لێدان بە قەمچی و لێدانی کارەبا،  پێداکردنی ئاوی کوڵاو بە ئەندامانی سێکسیی و هەڵواسینی شتی قورس بە گون و  دەرهێنانی ددان و نینۆکی دەستگیرکراواندا.

ئەندامان و کادرانی ساواک، دوای هاتنە سەر حوکمی کۆماری ئیسلامی وەزارەتی ئیتلاعاتیان دروستکرد

 لە دوایین رۆژەکانی تەمەنی رژێمی پاشایەتی، شاپووری بەختیار کە تازە ببووە سەرۆکوەزیران، لە یەکەم هەنگاویدا دامەزراوەی ساواکی هەڵوەشاندەوە و ژەنەڕال نەسیری، سەرۆکی پێشووی ساواک کە ئەوکات باڵیۆزی ئێران بوو لە پاکستان، خستە زیندانەوە.

چەند ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لەلایەن دادگاکانی شۆڕشەوە بە سەرۆکایەتی سادق خەڵخاڵی، دادگاییەکی سەرپێی نەسیری و چەند کاربەدەستی تری دەسەڵاتی پاشایەتی کراو هەرزوو بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا.

سەرەڕای هەموو ئەم ڕووداوانە، بەشێکی زۆر لە کادران و ئەندامانی پلە ناوین و خوارەوەی ساواک، چەند ساڵ دواتر لە دامەزراندنی وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخستنی ئەم دەزگایەدا بوونە هاوکاری پلە یەکی کۆماری ئیسلامی.

ساواکی نوێ لە بەرگێکی تردا
چوار ساڵ و نیو دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران و هاتنە سەر حوکمی کۆماری ئیسلامی، ئەم وڵاتە هێشتا نەیتوانیبوو ڕێکخراوو یەکەی تایبەتی هەواڵگرییی دابمەزرێنێ. هەموو دامودەزگاکان بۆ نموونە سوپای پاسداران و ئەرتەش و کومیتەی شۆڕش و شارەبانی، بە جیا کاری هەواڵگریییان دەکرد. ئەم پەرتەوازەییە، ڕێگەی بۆ هەندێک ڕێکخراوی نەیار لەوانە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق خۆش کردبوو کە چەندین تەقینەوە و چالاکیی جیاواز لە تاران ئەنجام بدەن.

بۆیە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گەیشتنە ئەو کۆدەنگییەی کە دەبێ دەزگایەکی هەواڵگرییی تۆکمە دابمەزرێنن. سەرەتا ویستیان ناوی بنێن "ڕێکخراوی هەواڵگرییی" بەڵام هەندێک کەس پێیانوابوو ئەم ناوە بیرهێنەرەوەی ساواکەو ناوەکەیان پەسند نەکرد. لە ئەنجامدا بڕیاری دامەزراندنی "وەزارەتی هەواڵگرییی" درا.

پڕۆژەیاسای دامەزراندنی "وەزارەتی هەواڵگرییی" ساڵی ١٩٨٣ لە پارلەمانی ئێران پەسەند کرا.

وەزارەتی هەواڵگرییی لە دامەزراندنییەوە تائێستا، حەوت وەزیری گۆڕیوە. ئامانجەکانی دامەزراندنی وەزارەتی هەواڵگرییی لە یاساکەیدا بەمشێوەیە باسکراوە: کۆکردنەوە هەواڵ و زانیارییەکان، پۆلێنبەندی و شیکردنەوەیان لە چوارچێوەی ناوخۆ و دەرەوەدا. کەشفکردن و خستنەڕووی پیلان و چالاکییەکان لە دژی حکومەتی ئێران، سیخوڕیی، تێکدەری و ئاژاوەنانەوە لە دژی سەربەخۆیی و ئاسایش و یەکپارچەیی خاک و کۆماری ئیسلامی ئێران. پاراستنی زانیاری و بەڵگەنامە و دامودەزگا و کەسایەتییەکان و ... بەشێک لە ئامانج و ئەرکەکانی ئەم وەزارەتەن.

"ساس" ڕێکخراوێکی ترسناکە کە بە مەبەستی سەرکوتکردنی  چالاکانی مەدەنی و ڕەخنەگرانی سیاسی و ڕۆشنبیران پێکهێنراوە

 بێگومان سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیش، وەک باسکی بەهێزی وەزارەتی هەواڵگرییی لە قەڵەم دەدرێ و راهێنان بە ئەندامانی ئیتلاعات دەکات. هەرچەندە ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی کارمەندان و ئەفسەرانی هەواڵگرییی و سیخوڕەکانی بەردەست نییە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٣  لە ڕاپۆرتێکی ٦٤ لاپەڕەییدا ئاماژەی دابوو بەوەی ژمارەی کارمەندانی ئەم وەزارەتە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس دەبێ. هەروەها بەپێی ئاژانسی هەواڵی فارسنیوزی سەربە سوپای پاسداران، لە ئێران ١٦ دەزگای هەواڵگرییی هەیە و ژمارەی ئەندامان و سیخوڕەکانی ئەو دەزگایانە نزیکەی ١٥ میلیۆن کەس دەبێ.

حکومەتێکی سێبەر لە هەناوی حکومەتدا
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی گرنگترین دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی ئێرانە. شوێنپێی ئەم دامەزراوەیە لە هەموو جومگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەدا دەبینرێ؛ لە کەلتوور و سینەما و ژینگەوە بگرە هەتا ئابووری و سیاسەت و دامەزراوەی داد.

سوپای پاسداران لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێرانەوە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خومەینی دامەزرا و گرنگترین بەرپرسیارێتییەکەی پاراستنی شۆڕش و دەسکەوتەکانی بوو. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، بەردەوام بازنەی چالاکییەکانی بەرفراوانتر کردووە و بووەتە حکومەتێکی سێبەر.

ڕێکخراوی هەواڵگرییی و پاراستنی زانیارییەکانی سوپای پاسداران..
 ڕێکخراوێکی سەنتەڕالی سەربەخۆیە. لە پەیڕەوی ناوخۆی پەسندکراوی ١٩٨٢ی ئەم ڕێکخراوەدا، هیچ ئاماژەیەک بە دامەزراندنی ڕێکخراوەکە نەکراوە. بەڵام لە بڕگەی ٨ی یاسای دامەزراندنی وەزارەتی هەواڵگریییدا؛ "هەواڵگرییی سوپای پاسداران، لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی گرێدراوی ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران"  پێناسە کراوە. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٨٣وە دامەزراوە و ئەرکیشی پاراستنی زانیارییەکانی ناوخۆی سوپایە.

ڕێکخراوی هەواڵگرییی سوپا..
بە پێی بڕگەی ١٤ی پەیڕەوی ناوخۆی سوپا، "یەکەی هەواڵگریی بەرپرسی بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ئەرکانەیە کە یاساکانی لە پارلەمان پەسەند دەکرێت". ئەم ڕێکخراوە سەرەتا لەژێر ناوی "یەکەی هەواڵگریی و لێکۆڵینەوە" دەست بە کاربوو و سەرقاڵی وەرگرتنی ئەندام بۆ سوپا و بەرەنگاربوونەوەی نەیاران، بەڵام دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ " ئیدارەی هەواڵگریی". 
هەرچەندە لە ساڵانی سەرەتا هەندێک ناکۆکی  سیاسیی لەسەر ئەم دەزگایە هاتە ئاراوە، بەڵام دواجار ساڵی ١٩٨٤ بە فەرمانی خومەینی بەشێکی زۆری ئیدارەی هەواڵگریی سوپا خرایە ژێر چاودێریی وەزارەتی هەواڵگریییەوە. ساڵانی دواتر ئیدارەی هەواڵگریی سوپای پاسداران توانی بەهێز ببێتەوە و لە ساڵی ٢٠٠٩وە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپادا کار دەکات.

ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران..
"ساس" ڕێکخراوێکی ترسناکە کە بە مەبەستی سەرکوتکردن و بڕینی دەنگی چالاکانی مەدەنی، ڕەخنەگرانی سیاسی و ڕۆشنبیران پێکهێنراوە. ئەم ڕیکخراوە تائێستا رۆڵێکی سەرەکیی لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی نەیارانی سیاسیدا هەبووە و ڕۆژ لەدوایڕۆژ فشارێکی زیاتر دەخاتەسەر نەیارانی سیاسی.

بەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ بە ناوی هەواڵگریی سوپاوە دەناسرا، بەڵام دوای ئەو رووداوانەی لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز هاتنە ئاراوە، بە فەرمانی خامنەیی بوو بە ڕێکخراوێکی هەواڵگرییی نوێ کە تەنیا لە ژێر چاودێریی خۆیدایە و کەس بێجگە لەو، توانای لێپرسینەوەی لەم ڕێکخراوە نییە. ئێستا ئەم ڕێکخراوە گرنگترین دەزگای هەواڵگریی ئێرانە کە  دەست وەردەداتە کاروباری سەرجەم دامودەزگاکان و تەنانەت وەزارەتی هەواڵگرییش. 


سەرۆکی ساس لەلایەن خامنەییەوە دەستنیشان دەکرێت و لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا کەسێک بە ناوی "حسێن تائیب" کە پێشتر فەرماندەی گشتیی بەسیجی ئێران بوو، سەرۆکی ئەم ڕێکخراوەیە. ساس لە هەلومەرجێکدا دامەزرا کە متمانەی خامنەیی بە وەزارەتی هەواڵگریی لاواز ببوو، بۆیە هەوڵیدا ڕێکخراوێکی هەواڵگریی هاوتەریب دروست بکات کە ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی خۆیدابێ و تەنانەت چاودێریی چالاکییەکانی وەزارەتی  هەواڵگرییش بکات.

ساواک خاوەنی ٥٣٠٠ ئەفسەر و نزیکەی ٣ ملیۆن سیخوڕ بوو 

ئێستا ئەم ڕێکخراوە چالاکە تۆڕێکی بەرفراوانی هەیە، بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە مەدەنییەکان، تێکۆشان لە دژی دیمۆکراسیخوازان، بەرەنگاربوونەوەی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکانی ژینگەپارێزی، ئەتنیکی، خوێندکاریی، ئایینی و مافی مرۆڤ، تەنیا بەشێکی بچووک لە کردەوەکانی ئەم دەزگا هەواڵگریییەن لە ساڵانی ڕابردوودا.
ڕێکخراوی پاراستنی سوپای پاسداران..


ئەم ڕێکخراوە کە چەندین لقی جیاوازی هەیە ئەرکی پاراستنی شوێنە گرنگ و هەستیارەکان و سەرکردەکان و بەرپرسان و میوانانی سیاسیی ئێرانی لە ئەستۆدایە.


١-‌ سوپای پاراستنی ئەنسارولمەهدی: ئەم سوپایە ئەرکی پاراستنی کەسایەتییە سیاسی و سەربازییە پلەبەرزەکان بێجگە لە ڕێبەری ئێرانی لە ئەستۆدایە.


٢-‌ سوپای پاراستنی فڕۆکەوانی: ئەم ڕێکخراوە ساڵی ١٩٨٤ بە فەرمانی خومەینی بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەکان دامەزرا.

٣-‌ ڕێکخراوی سوپای وەلی ئەمر: "سوپای وەلی ئەمر" ڤێرژنێکی گەشەسەندووی ڕێکخراوی پاراستنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە کە ساڵانی سەرەتای شۆڕش زیاتر لە سکرتارییەتی خومەینیدا جێگیر بوون. بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨وە و هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی سوپای وەلیی ئەمر، ئەم بەرپرسیارێتییە بووە ئەرکێکی ڕێکخراوەیی. ئەندامانی هێزەکانی ئەم سوپایە لە ئەندامانی فەیلەقی ٦٦ ئاسمانی سوپا و لەشکری ٦ی تایبەتی سوپان کە دوو هێزی گرنگن بۆ ئەنجامدانی چالاکی لە دەرەوی وڵات و هەروەها بۆ شەڕی پارتیزانی، مەزندە دەکرێت زیاتر لە ١٢٠٠٠ ئەندامی هەبێت.

فەرماندەیی سایبری سوپا..
فەرماندەیی سایبری سوپا کە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە، ڕێکخراوێکی ئەمنییە لەناو فەزای مەجازیدا بۆ شەڕی نەرم لەگەڵ نەیارانی کۆماری ئیسلامی دامەزراوە.
قەرارگای سارولڵا ..

قەرارگای سارولڵا یەکێکە لە لقە ئەمنییەکانی سوپای پاسداران و پاراستنی ئاسایش و ئاسایشی تارانی پایتەختی لە ئەستۆدایە. ئەم قەرارگایە گرنگترین یەکەی ئەمنیی ناو سوپایە و لە هەلومەرجی قەیراناویدا، بەرپرسی سەرەکیی ئاسایشی شاری تارانە