کوردستان

03:24 - 02/10/2019

یەكێتی بەناچاری عەبدولرەحمان مستەفا وەك سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی قبووڵ كردووە‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتمانی بەناچاری عەبدولرەحمان مستەفای وەك سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی قبووڵ كردووە، ئەوەش لەترسی هێنانە پێشەوەی نەجمەدین كەریمە.


بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، یەكێتی لەسەرەتادا رازی نەبووە بەدانانی عەبدولرەحمان مستەفا بەسەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستان.


هەر بەپێی زانیارییەكان، لەگەڵ ئەوەی یەكێتی بەدانانی عەبدولرەحمان مستەفا رازی نەبووە، بەڵام بەناچاری قبووڵی كردووە، بەهۆی ئەوەی ترسی هەبووە، پارتی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بهێنێتە پێشەوەو پێشنیازی بكات بۆ سەرۆكی قەوارەكە.


لەكۆبوونەوەی رۆژی سێ‌ شەممە لایەنە سیاسییەكان رێككەوتن بەدانانی عەبدولرەحمان مستەفا بەسەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق.


هاوپەیمانی كوردستانی، لیستێكی هاوبەشی لایەنە كوردییەكانە لەناوچە كێشە لەسەرەكان بۆ ئەو هەڵبژاردەی بڕیارە لەنیسانی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەرێوەبچێت.