ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:14 - 14/11/2019

بیرەوەرییەکانی خانمێکی پۆڕن ستار لە ئێران نمایشکرا‌

پەیسەر

فیلمی (ئیکسۆنامی، بیرەوەرییەکانی پۆڕن ستارێک) لە شارەکانی مەشهەد، ئەسفەهان و تاران، نمایشکرا. ئەو کەسەی چیرۆکی فیلمەکە دەگێڕێتەوە، ئەکتەرێکی فیلمە پۆڕنەکانی ئەمریکایە.


لە روونکردنەوەیەکدا لە بارەی فیلمەکە دەوترێ: "ئەم فیلمە کورتەیەک لە مێژووی گۆڕانکارییەکانی شێوازی ژیان و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا باس دەکات و ئەزموونی گەیشتن بە ئازادی سێکسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگێڕێتەوە".

 
پێشتر ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاندبوو، کە بەمنزیکانە ئەو فیلمە لە سینەماکانی ئێران نمایش دەکرێت. ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو کرایەوە کە بە پێی راگەیەنراوی دامەزراوەی کاروباری سینەمای ئێران، ئەم فیلمە مۆڵەتی نەبووە و پێش نمایشکردنی، داوا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەزارەتی رۆشنبیری لە پارێزگای (خوراسانی رەزەوی) کراوە، بەر بە ریکلامکردن و پەخشی فیلمەکە بگرێت.

 

ئەو داوایەی دامەزراوەی کاروباری سینەمای ئێران لە لایەن بەرپرسانی (پایتەختی مەعنەوی ئێران)وە گوێی لێنەگیرا و فیلمەکە لە سینەمای (هووەیزە)ی مەشهەد نمایش کرا و فیلمەکە لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی زۆری لێکراوە.

موحسین ئاقایی دەرهێنەر و محەمەد رەزا بورونی ئامادەکاری فیلمەکەن، کە لەلایەن دامەزراوەی کەلتووریی و هونەریی (آوش)وە بەرهەم هێنراوە. دروستکردنی ئەم دۆکیومێنتارییە ماوەی دوو ساڵی خایاندووە و ڤێرژنە ئۆرجیناڵەکەی ١١٥ خولەکە و ئەوەی لە ئێران مایش کراوە ڤێرژنی ٩٠ خولەکییەتی.

 

کاری بەرهەمهێنانی فیلمەکە لە ئەمریکا و ئێران کراوە و بەرهەمهێنەرانی هیچ ناوێکیان لە (پۆڕن ستار)ە ئەمریکییەکە نەهێناوە. لە ریکلامی ئەم فیلمەدا (پۆڕن ستار)ی ئەمریکی لە تەنیشت تاوەری ترەمپ لە مانهاتنی نیویۆرک وەستاوە و خەڵک بانگهێشت دەکات بۆ بینینی چەند بەشێک لە ئەزموونەکانی خۆی.

 

حەمید حەبەشی توێژەری کۆمەڵایەتی ئێرانیی دەڵێت: پێشوازی زۆری خەڵک لە فیلمەکە، ئەو پێداویستییانەیانە کە بە داخەوە بۆ بە دەستهێنانی زانیاری و چارەسەری کێشە سێکسییەکان و پێوەندییەکانیان لەگەڵ رەگەزی بەرامبەردا. هێشتا لە لایەن کۆمەڵگەوە وەڵامی دروستیان نەرداوەتەوە.

 

حەبەشی دەشلێت: وەک لە دۆکیومێنتارییەکەدا باس کراوە، دوور نییە کۆمەڵگەی ئێران بکەوێتە بەردەم هەمان ئەو کێشە و گرفتانەی کە ئەمریکای دوای شۆڕشی سێکسیی تێکەوت.

ئەو کەسانەی فیلمەکەیان بینیوە، دەڵێن لە سەرەتای فیلمەکەدا نووسراوە :" بینینی ئەم فیلمە بۆ تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ، ژنانی دوو گیان و زانایانی ئیسلامی بە باش نازانرێت".

 

لە مەشهەدیش کاردانەوەکان بەرامبەر نمایشکردنی ئەم فیلمە زۆربوون. ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نووسیویانە ئەو بۆ رێگرییە توندانەی لە شاری مەشهەد بۆ بەڕێوەچوونی کۆنسێرتێکی مۆسیقا یا نمایشکردنی هەندێک فیلم دەکرێن، هیچ لەگەڵ ئەو ئاسانکارییە ناخوێنێتەوە کە بۆ نمایشکردنی ئەم فیلمە کراوە.