ڕاپۆرتی جیهانی

05:11 - 20/11/2019

ئه‌و سه‌رۆكانه‌ى به‌ كورسییه‌كانیان هه‌ناسه‌یان ده‌دا‌

پەیسەر

سەرۆک و کورسی، هەزاران ساڵە ڕووداوی گەورە و گۆڕانکاری گەورە و شەڕی گەورەیان درووستکردووە، هەمیشەش وادەبینین کە بە ئەستەم و بە فشاری زۆر سەرۆکێک دەتوانێت دەستبەرداری کورسییەکەی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەن ئەو سەرۆکانەی کورسییەکانیان بۆ خەڵکەکەیان جێهێشت و زۆریشن میلەتێکیان لەناوبرد بۆ مانەوەی خودی خۆیان لەسەر کورسییەکە.

سەرۆکایەتی چییە؟
تاک  بۆ مانەوەی لەناو کۆمەڵگەیەکدا و کۆمەڵگە بۆ مانەوەی و درێژەدان بە ژیان و گەشەکردن پێویستی بە ئامرازێک هەیە کە ئەویش دەچێتەوە سەر دەسەڵات و سەرۆکایەتی، سەرۆکەکان لە سەرەوە دەبنە لوتکەی هەرەمی بەڕێوەبردن و زۆرینەی سەرۆکەکانیش پێیان وایە کۆی سیستمی سیاسی بەوانەوە بەندە و دوای ئەوان دەبێت جۆرێکی دیکەی سیستم وڵات ببات بەڕێوە.

سەرۆک لەگەڵ ئەوەی بڕوای بەخۆی هێناوە بۆ هەرجوڵە و بڕیارێک، هەمیشە لەهەوڵی ئەوەشدایە بڕوا بە خەڵکەکەی بێنێت جوڵەو بڕیارەکانی ئەو لە خزمەتی مانەوەی کۆمەڵگەکەدایە.

بەستنەوە و مانەوەی کۆمەڵگەیەک بە سەرۆکێکەوە یان بە کەسێکەوە هەمیشە لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا دەبیندرێت و سەرۆکە دیکتاتۆرەکان هەمیشە بە گەلەکەیان دەڵێن مەترسییەک لە دەرەوەی ئێوە هەڕەشەتان لێدەکات و منم کە ڕێگام لەو مەترسییە گرتووە.

سەرۆکەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا چۆنن؟
زۆرینەی ئەو وڵاتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە سەدەی ٢٠ دا دامەزراون، سەرۆکەکانیان بە پێوەرە دیموکراسییەکان جوڵە ناکەن، ئەگەریش جوڵەی پێبکەن دیموکراسیەتێکی کارتۆنی بەکار دەهێنن، تا نیشانی بدەن بوون و مانەوەی ئەوان بەدەست گەلە و خۆیان لە کورسییەکاندا نەماونەتەوە.

ئەگەرچی دەسەڵاتی نیمچە دیکتاتۆری و خۆ سەپێنی ماوەی نزیکەی ١٠٠ ساڵی لەناوچەکەدا تێپەڕاند، بەڵام لە سەدەی نوێدا بەشێک لە سەرکردەکان دەرفەتی مانەوەی زۆر یان بنەماڵەییان نەبوو، وەک سەرۆکانی لیبیا و میسر و عێراق و تونس و چەند وڵاتێکی دیکە.

سەدام حسێن لە عێراق
سەدام حسێن لەماوەی ٢٤ ساڵ تەمەنی سەرۆکایەتیدا، کەس نەیدەوێرا بیرلەوە بکاتەوە کورسی سەرۆککۆماری عێراق دەکرێت کەسێکی دیکە لەسەری دابنیشێت، لەماوەی تەمەنی دانیشتنی لە کورسییەکەی وا لە خەڵکی عێراق گەیەندرا کە سەدام پێویستە بۆ سەرۆکایەتی و مانەوەی ئەو پەیوەستە بەمانەوەی عێراقەوە، ئەگەرچی کوڕەکانی (عودەی و قوسەی) ئامادەکارییان کردبوو لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دابنیشن، بەڵام فریانەکەوتن. کورسییەکەی سەدام وەک سییەکانی وابوو، کە لەسەر کورسی سەرۆکایەتییەکەی هێنرایە خوارەوە، دوای سێ ساڵ لە زیندانی و دادگایکردن لە سێدارەدرا.

موعەمەر قەزافی، لە لیبیا
موعەمەر ئەبومنیار قەزافی، لە ساڵی ١٩٦٩ وە لەسەر کورسی سەرۆکایەتی لیبیا دانیشت و ٤٢ ساڵ لەسەر کورسییەکەی مایەوە، ئەگەرچی ئەویش وەک سەرۆکەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ناوی کوڕەکانی دیاربوو و بە جێگرەوەشی دادەنران، بەڵام دەرفەتی ئەوەیان نەبوو لەسەر کورسییەکەی باوکیان دانیشین، سەیفولئیسلامی کوڕی قەزافی ئەگەرچی چاوەڕێ دەکرا دوای باوکی ببێتە سەرۆک، بەڵام دەرفەتی ئەوەی نەبوو.
موعەمەر قەزافی، لە ساڵی ٢٠١١ دا و دوای ٤٢ ساڵ لەسەر کورسییەکەی هێندرایەخوارەوە و دوای هێنانەخوارەوەشی لەلایەن چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی لیبیاوە کوژرا و ڤیدیۆکەشی بڵاوکرایەوە.

زەین عابیدەین لە تونس
زەین عابیدەین لە ساڵی ١٩٨٧ وە سەرۆک وەزیرانی وڵاتی تونس بوو، ئەگەرچی ئۆپۆزسیۆنی تونسی و ڕێکخراو و چالاکەکان بەهێزتربوون دژی زەین بەبەراورد بە وڵاتانی دیکەی عەرەبی، بەڵام زەین توانی بە هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەسەر کورسییەکەی بەردەوام بێت، زەین لە ساڵی ٢٠٠٤ دا بڕیاربوو خانەنیشن بکرێت، بەڵام دوو ساڵ پێش ئەوە توانی لە ڕێگای ڕاپرسییەوە پاڵپشتی جەماوەری بەدەستبهێنێت، ئەگەرچی گومان لە ئەنجامی ڕاپرسییەکەش هەبوو.

زەین عابیدەین لەبەرامبەر ڕاپۆرت و فشاری ئۆپۆزسیۆندا خۆی راگرت تا ساڵی ٢٠١١، بەڵام شکاندنی عارەبانەی گەنجێک لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە، پاشان خۆسوتاندنی گەنجەکە، زەینی لەسەر کورسییەکەی هێنایە خوارەوە و خۆپیشاندانی خەڵکی تونس دوای ٢٣ ساڵ سەرۆکایەتی زەین، ئەوی ناچارکرد بەرەو سعودییە هەڵبێت. زەین عابیدەین دوای ئەوەی کورسی لێبرا لە وڵاتی سعودییە نەخۆشکەوت، دوای هەشت ساڵ لەنەمانی لە کورسییەکەی لە ١٩ی٩ی ٢٠١٩ دا لەلایەن پارێزەرەکەیەوە مەرگی ڕاگەیەندرا.

محەمەد مورسی لە میسر
ئەگەرچی ئەزموونی محەمەد مورسی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی تەنها ساڵێک بوو، بەڵام مورسیش توشی هەمان دەردی ئەو سەرۆکانە بوو کە دوای لێبڕانی لە کورسییەکەی گیانی لە دەستدا.

محەمەد مورسی، کە سیاسییەکی بە ئەزموونی ئیخوانی بوو، توانی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٢ دوای حوکمی چەندین ساڵەی حوسنی موبارەک ببێتە سەرۆک کۆمار، تا مانگی حوزەیرانی ٢٠١٣دواتر بەهۆی عه‌بدولفه‌تاح سیسی كوده‌تاى به‌سه‌رداكردوو لە ده‌سه‌ڵات دوریخستەوە و خرایە زیندانەوە. مورسی، لە دوای شەش ساڵ لە هێنانه‌ خوارەوەی لە کورسی سەرۆکایەتی لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا لە زیندان، بەهۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لە دەستدا.

ڕۆبەرت مۆگابی، لە زیمبابۆی
سەرکردەیەکی شۆڕشگێری ئەفریقابوو لە زیمبابۆی،  ئەو وەک پێشەنگێکی تێکۆشانی ئازادیی زیمبابۆی دژی داگیرکاریی بەریتانیا دەستیپێکرد، موگابی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی شۆڕشی ڕزگاری لە دژی داگیرکاری بەریتانیا، کە لە ساڵی ١٩٨٠ سەربەخۆییان وەرگرت، هەر ئەو ساڵە موگابی بووە سەرۆک وەزیرانی زیمبابۆی و تا ساڵی ١٩٨٧ وەک سەرۆک وەزیران مایەوە، دواتر لە ساڵی (١٩٨٧)وە بووە سەرۆکی وڵات و تا ساڵی ٢٠١٧ مایەوە، کە بە کودەتایەکی سەربازیی لابرا و هەر ئەو ساڵە ناچاری دەستلەکارکێشانەوە کرا.

ئەگەر چی مۆگابی تا سالانێک وەک شۆڕشگێرێک دەرکەوت و جێگای شانازی بەشێک لە خەڵکی زیمبابۆی بوو، بەڵام ئەویش وەک سەرکردەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا پێی وابوو کورسییەکەی سییەکانییەتی و ئەگەر واز لە کورسییەکەی بهێنێت ناژی.
مۆگابی ماوەی ٣٧ ساڵ لەسەر کورسییەکەی مایەوە، دوای دوو ساڵ لە لابردنی لە کورسییەکەی، گیانی لە دەستدا.