ڕاپۆرتی کوردستانی

05:05 - 28/11/2019

ئه‌و ئەندام کۆنگرێسەی پشتیوانى رۆژئاواى نه‌كرد، دۆسیه‌ى سیخوڕى له‌سه‌ره‌‌

پەیسەر

ئیلهان عومەر، ئه‌و تاقه‌ ئه‌ندامه‌ ره‌شپێسته‌ موسڵمانه‌ى ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، كه‌ له‌ كۆنگرێس ده‌ستى بۆ پشیتوانى رۆژئاواى كوردستان به‌رزنه‌كرده‌وه‌و به‌ته‌نها ئه‌و ئاماده‌نه‌بوو دژى له‌شكركێشى توركیا بۆسه‌ر رۆژئاواى كوردستان بوه‌ستێته‌وه‌. تۆمه‌تى قورسى له‌سه‌ره‌ لە دۆسیه‌ی سیخوڕی بۆ قه‌ته‌ر و ئێران له‌ دادگا ناوی هێندراوە. ئه‌گه‌رچى ئه‌و تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام دادگا راپۆرتە میدیاییەکان دەڵێن، زانیاری پشتڕاستکراوەیان لایە.

تۆمەتەکان پشتڕاستکراونەوە و سەلمێندراون

ئیلهان عومەر ئەندامی دیموكراته‌كان له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لەسەر لیستی ویلایەتی مینەسوتا، بە رەچەڵەک خەڵکی وڵاتی سۆماڵە. ئیلهان عومەری تەمەن ٣٨ ساڵ، لە خێزانێکی موسڵمان لە سۆماڵ لە دایک بووە، یەکێک لە چوار ژنە پێست رەشه‌كه‌ی کۆنگرێسە، کە لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ دەرچوون. هەروەها یەکێکە لەو دوو ژنە موسڵمانەی کە گەیشتوونەتە کۆنگرێس، تەنیا ژنی باڵاپۆشە لەمێژووی کۆنگرێسدا. ئیلهان لەسەرەتای چوونیەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، زنجیرەیەک تۆمەتی لەسەر بووە و بە لێدوانی زۆر و جۆراوجۆر لە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لە خۆی تووڕە کردووە.

وردەکاری تۆمەتەکانی سەر ئیلهان عومەر
ئه‌گه‌رچی نوسینگه‌كه‌ى ئیلهان هه‌موو تۆمه‌ته‌كانى ره‌تكرده‌وه‌، بەڵام رۆژنامەی ئیسرائیلی (جروزالم پۆست)، ماوەی دوو رۆژ لەسەر یەک، بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە بەپێی کۆمەڵێک بەڵگەنامە، لە دادگایەک لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئیلهان عومەر، پشتڕاستکراونەوە و سەلمێندراون.

جروزاڵم پۆست لەزاری شایەتحاڵی دادگایەک لە ویلایەی فلۆریدا نووسیویەتی: ئیلهان تەنانەت پێش ئەوەی ببێت بە کاندید بۆ کۆنگرە، سەرچاوە داراییەکانی قەتەر پشتگیرییان کردووە و "زانیاری هەستیاری لە رێگەی قەتەرەوە بە ئێران گەیاندووە".

 ئەگەر پارەی قەتەر نەبوایە، ئیلهان عومەر هێشتا هەر پەنابەرێکی سۆماڵی بوو

ئەم رۆژنامەیە بە پێی راپۆرتی "پشتڕاستکراوە" کە رەوتی دادگاییکردنەکەی فلۆریدا باس دەکەن، پشتی بەستووە بە لێدوانی ئالن بەندەر، بازرگانی بە رەچەڵەک کوێتی نیشتەجێی کەنەدا، کە باسی دۆسییەی دادگاییکردنی شێخ خالید بن حەمد بن خەلیفە ئالی سانی، خێزانی دەسەڵاتداری قەتەر دەکات.
شێخ خالید، یەکێکە لە زڕبراکانی شێخ تەمیمی دەسەڵاتداری ئێستای قەتەر و یەکێک لە ٢٤ نەوەکەی شێخ حەمد بن خەلیفە ئال سانی، ئەمیری پێشووتری قەتەرە.
دۆسییەکەی دادگای فلۆریدا، لە سەر تۆمەتێکە کە خراوەتە پاڵ شێخ خالید، بەوەی کە " فەرمانی بە پاسەوانەکانی کردووە، بۆ کوشتنی دوو هاووڵاتی و بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییەکی ئەمریکی".

ئالن بەندەر کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە و لە تۆرێنتۆی کەنەداوە وەک شایەت بەشداری دادگای فلۆریدا بووە، وتوویەتی: محەممەد بن ئەحمەد بن عەبدوڵا ئال مەسنەد، راوێژکاری ئەمیری قەتەر بۆ کاروباری ئەمنی و دوو بەرپرسی باڵای دیکەی میرنشینی قەتەری بینیوە و هەر سێ کەسەکە پێیان وتووە " ئەگەر پارەی قەتەر نەبوایە، ئیلهان عومەر هێشتا هەر پەنابەرێکی سۆماڵی بوو لە ئەمریکا کە دەبوایە وەک خزمەتکارێک هەموو کۆتایی هەفتەیەک چاوەڕێی بڕێک پارەی بکردایە لە سەر مێز بۆی دانێن".

بەئاسانی و زۆر هەرزانتر لە شوێنی دیکە، دەتوانێ بەرپرسانی ئەمریکی بکڕێت

بەپێی جروزالم پۆست ئالن بەندەر هەروەها وتوویەتی، ئەو بەرپرسە قەتەرییانە داوایان لێکردووە، سیاسی و رۆژنامەنووسی قەتەری لە ئەمریکا بدۆزێتەوە کە ئامادەبن کار بۆ بەرژەوەندییەکانی قەتەر بکەن. بەڵام کە داواکارییەکەیانی رەتکردووەتەوە، بەرپرسانی باڵای قەتەر پێیان گوتووە، وڵاتەکەیان تائێستاش لە ئەمریکا پارە بە کەسایەتی و بەرپرسان دەدات.

بەندەر ئەوەیشی ئاشکراکردووە، کە سێ بەرپرسە باڵاکەی قەتەر، ئیلهان عومەریان بە " گەوهەری سەر تاج" پێناسە کردووە و گوتوویانە"بەئاسانی و زۆر هەرزانتر لە شوێنی دیکە، دەتوانێ بەرپرسانی ئەمریکی بکڕێت". بەگوتەی ئالن بەندەر؛ پارەی قەتەر زۆر پێش ئەوەی ئیلهان عومەر ببێتە کاندیدی کۆنگرێس، خەرجکراوە بۆئەوەی رێگای بە کاندید بوونی خۆش بکرێت و لە شانۆی سیاسی ئەمریکادا ئامادەبێت.

ئالن بەندەر گوتوویەتی؛ ئیلهان عومەر"زانیاری هەستیار"ی بە قەتەر دەگەیاند بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. تائیستا روون نییە کە ئایا بەندەر هیچ وردەکارییەکی لەو بارەیەوە بۆ دادگا باس کردبێت یان نا. تۆمەتێکی لەو شێوەیە دەکرێ بە سیخوڕیکردن دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دابنرێت.

هەرچەند جروزالم پۆست، سەرەتا بە پشتبەستن بە (ئەلعەرەبییە) ئەم بابەتەی بڵاو کردەوە، بەڵام بەندەر لە وەڵامی تویتەکەی جروزالم پۆست-دا نووسی، ئەو زانیارییانەی لە رۆژنامەی ئیسرائیلیدا لە بارەی ئیلهان عومەرەوە باس کراون "لە سەداسەد" پشتڕاستیان دەکاتەوە.
جروزالم پۆست ئاماژەی بەوەیش کردووە کە لە دانیشتنی دادگای فلۆریدا، گوتراوە؛ ئیلهان عومەر لە دیداری لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیادا، لە ساڵی ٢٠١٧، واتە ئەو کاتەی هێشتا ئەندامی ئەنجومەنی ویلایەت بووە،"سوێندی بەوەفا بوون"ی بۆ خواردووە.
بەپێی جروزالم پۆست؛ ئیلهان لە ویلایەتەکەی خۆی، واتە مینەسوتا، تۆمەتبارکراوە بەوەی یاساکانی هەڵبژاردنی پێشێلکردووە و سوودی لە پۆستی ئەندامێتی ئەنجومەنی ویلایەت وەرگرتووە، بۆ خراپ بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکان.

سعودیه‌ و هاوپەیمانەکانی زانیاری بەلاڕێدابەری لەبارەوە بڵاودەکەنەوە

ئیلهان ئەو تۆمەتە نوێیانەی رەتکردەوە، کە لەبارەی چالاکیکردن لە بەرژەوەندی میرنشینی قەتەر و گواستنەوەی زانیاری هەستیار بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، خراونە پاڵی. نووسینگەی ئیلهان عومەر لە وەڵامی رۆژنامەی جروزالم پۆستدا، نووسیویەتی؛ "لە کاتێک کە بە نوێنەری کۆنگرێس هەڵبژێردراوە، سعودیه‌ و هاوپەیمانەکانی زانیاری بەلاڕێدابەری لەبارەوە بڵاودەکەنەوە، تیۆری وەهمی پیلانی بەرامبەر بەکاردێنن".

گوتەبێژی ئیلهان عومەر بە جروزاڵم پۆستی گوتووە: سیناریۆکەی ئەم دواییە کە لەلایەن راگەیاندنەکانی سعودیاوە، دژی ئەم نوێنەرە بانگەشەی بۆ دەکرێ، مایەی خەمبارییە. جەختیکردووە کە ئیلهان عومەر لە چالاکییەکانی دژ بە"پێشێلکاری بەرامبەر مافی مرۆڤ و تاوانەکانی شەڕ لە هەموو شوێنێکی دنیا و منداڵ کوشتن لە یەمەن، بەردەوام دەبێت، بێ ئەوەی بکەرەکان لە بەرچاو بگرێت".

دەوڵەتی ئیسرائیل لەماوەی پێشوودا، بەهۆی چالاکییە هاوتەریبەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی خوازیاری گەمارۆدانی ئیسرائیل، گەشتکردن بۆ ئیسرائیلی لە ئیلهان عومەر قەدەغەکرد.
بەڵام بەدوای ئەوەدا ئیلهان لەگەڵ ١٠٦ ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەران، نامەیەکی واژۆکرد کە داوا لە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات، بڕیارە نوێکەی واشنتۆن لەبارەی دروستکردنی شارۆچکەی یەهودی نشین لەکەناری خۆرئاوا، هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمریکا هەفتەی رابردوو، سیاسەتی هەمیشەیی خۆی گۆڕی و رایگەیاند کە ئەو شارۆچکانە "نایاسایی نین".
سەرچاوە: فەردا