ڕاپۆرتی کوردستانی

05:52 - 15/02/2020

دەستگیرکردنی ئۆجالان و شەڕی دیزاینکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌

پەیسەر

کاتێک کۆماری تورکیا لە سەر دەستی مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا و بە پڕۆژەیەکی بەریتانیا و زلهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیستمی نەتەوە-دەوڵەت دامەزرا، بەهۆی ئەوەی کورد خاوەنی رێکخستنێکی گەورە و یەکگرتوو نەبوو لە هاوکێشەکان دوورخرایەوە. ئەمە نزیکەی ١٠٠ ساڵە کورد بۆ مافی نەتەوەیی خەبات دەکات.

گەلی کورد دەیان شۆرشی بەرپاکردووه‌، بە تایبەت لە باکووری کوردستان، زۆربەی سەرکردەکانی کورد دەستگیرکران و لەسێدارەدران و شۆڕشەکان کۆتاییان پێهات، دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی کوردی یان پرسی کورد ژێرخاککراوە و چیمەنتۆی بەسەرداکراوە.

 

ئەو دۆخە تا حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام بوو و ئەم جارە شۆڕشی کورد بە شێوەیەکی پێشکەوتووتر و جیاواز لە شۆڕشەکانی پێشوو لە سەر بناغەی سۆسیالیزم بە پێشەنگایەتی عەبدوڵا ئۆجالان و ژمارەیک گەنجی چەپی کورد و تورک دەستیپێکرد.

خەباتێکی نوێ لە مێژووی گەلی کورددا
ئەم جارە شۆڕشی کورد دروشمی ئازادی بۆ چوار پارچەی کوردستان هەڵگرت و ئامانجیان دروستکردنی دەوڵەتی سۆسیالیستی کوردستان بوو.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەموو شۆڕشەکانی پێشووی وەک ئەزموونێک پێناسە کرد و سەرکردایەتی بۆ دەرەوەی تورکیا و هێزە چەکدار و ڕێکخستنەکانیش لە ناوەوەی تورکیا و باکووری کوردستان دەستیان بە خەبات کرد.

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە شەڕی چەکداری وەک رێگایەک بۆ فشار خستنە سەر حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوەیەکی سیاسی لەقەڵەمدەدات و خۆپاراستنی وەک مافێکی ڕەوای هەر زیندەوەرێک پێناسە کرد.

لە تورکیا لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دژایەتیەکی زۆری پارت و کەسایەتیە چەپەکان دەکرا و لە ئاكامدا هەموو سەرکردەکانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی لە تورکیا لەسێدارەدران، ئەمه‌ریکا و ناتۆش بۆ ئەوەی دەستی سۆڤیەت لە تورکیا ببڕن هاوکاری دەوڵەتی تورکیایان دەکرد.

 

بەو هۆیەوە شۆڕشی کورد کە لەسەر هزری سۆسیالیزم دەستیپێکرد، سەرنجی ئەمه‌ریکا و ناتۆی ڕاكێشا و بە هەموو شێوەیەک دژی پەکەکە پشتگیری لە دەوڵەتی تورکیا کرا.

هەرچەندە دوای ڕووخانی سۆڤیەت، عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە سۆسیالیزمی تاقیکراویان زۆر ڕەخنە کرد و هیچ هیوایەکیان بە ڕووسیا نەبوو، بەڵام لەلایەن ئەمه‌ریکا و ناتۆ و زلهێزەکانی ترەوە بەهۆی بەرژەوەندیان لەگەڵ تورکیا و رێگریکردن لە سۆسیالیزم، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنران.

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا زۆر هێرشی گەورە كراونه‌ته‌ سه‌ر پەکەکە و هێزەکانی گەریلا، بەڵام نەیانتوانی پەکەکە تێکبشکێنن.

لە هزری کوردستانێکی سوسیالیستی بۆ سیستمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک
ئۆجالان ئیدی لە هزری دامەزراندنی دەوڵەت دووردەکەوتەوە و دەوڵەتی وەک هۆکارێکی سەرکوتکردنی گەلان و کۆمەڵگه‌ دەبینی و دەستی بە گەڕان بەدوای جێگرەوەیەکدا کرد.

کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ئه‌مه‌ریكا بەرەو ناوچەکە پەلی زیاتری هاویشت، دەیزانی کە رێککەوتنە نێودەوڵەتیەکانی وەک لۆزان بەرەو کۆتایی دەچن و ناڕەزایی گەلانی ناوچەکەش بەرانبەر سیستمی دەوڵەت-نەتەوە لە لوتکەدابوو، کە هەم بەرانبەر نەتەوەکانی خۆیان و هەم بەرانبەر نەتەوەکانی تر بە تایبەتی کورد فشارێکی زۆریان دەکرد.

 

پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گه‌وره‌ کە ئه‌مه‌ریكا ڕابەرایەتی دەکرد بە لێدانی سەدام حسێن و هێرشی ئەفغانستان دەستیپێکرد و تا ئێستاش لە سوریا و عێراق و ئێران و لوبنان بەردەوامە.

کۆتایی نەوەدەکان یەکێک لە ڕێگرییەکانی بەردەم پرۆژە گەورەکەی ئه‌مه‌ریكا لە ناوچەکەدا عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە بوو، کە بە شێوەیەکی زۆر بەهێز دژی تورکیای هاوپەیمانی دەوەستایەوە، بەو هۆیەوە فشارێکی زۆر گەورە لەسەر ڕژێمی سوریا دروستکرا و عەبدوڵا ئۆجالان سوریای جێهێشت.

هەرچەندە ئۆجالان بەرەو یۆنان، کە دوژمنی کۆنی تورکیایە و ڕووسیا کە خۆی بە وڵاتێکی سۆسیالیست و چەپ دەزانێت و ئەوروپا کە باسی ماف و دیموکراسی و ئازادی دەکەن، ڕوویشت. بەڵام هیچ کام لەو وڵاتانە ئامادەنەبوون مافی پەنابەری سیاسی پێبدەن، ئەو دۆخەش ئەوەی دەرخست کە هەوڵی دەستگیرکردنی ئۆجالان جدیە و هەموو وڵاتان لە پیلانەکە ئاگادارکراونەتەوە.

 

لە کۆتاییدا ئۆجالان لەلایەن دەزگا هەواڵگریەکانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل لە نایروبی پایتەختی کینیا لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دەستگیرکرا و گوازرایەوە بۆ تورکیا.

هەرچەندە دەستگیرکردنی ئۆجالان بۆ لەناوبردنی پەکەکە و شۆڕشی باکووری کوردستان بوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە سڕبوون و سەرسوڕمانی پەکەکە و کورد، جارێکیتر خەبات بە شێوەیەکی فراوانتر دەستپێکرایه‌وه‌ و دەسکەوتی زیاتر بەدەستهێنرا.

ئۆجالان کە لە سەرەتادا باسی لە دەوڵەتێکی کوردی سۆسیالیستی دەکرد، پڕۆژەیەکی نوێی پێشەکش کرد و ئەمجارە بە نوێنەرایەتیکردنی گەلانی ناوچەکە هاتە مەیدانی سیاسەتەوە. پیلانگێڕی و گۆشەگیری نێودەوڵەتی سەر ئۆجالانیش بە هۆی هزر و پڕۆژەیەکەوە بەردەوامە.

ئۆجالان خۆپیشاندانه‌كانی (بەهاری عەرەبی) وەک شۆڕشی گەلان پێناسە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هیچ واتایەکی دەوڵەت – نەتەوە کە بەرهەمی سیستمی سەرمایەداری و کاپیتالیزمە نەماوە و گەلان بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێن.

بەو هۆیەوە هەوڵەکانی پێشووی بۆ جێگرەوەی سیستمی نەتەوە-دەوڵەت کە ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا پێشەنگایەتی دەکەن و سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم کە ئه‌مه‌ریكا و زلهێزەکان نوێنەرایەتی دەکەن، گەیاندە ئامانج.

 

ئۆجالان سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی لەسەر بناغەی برایەتی گەلان، مافی ژن، ژینگەپارێزی پێشکەش کرد.

سیستمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی وەک جێگرەوەی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم و سیستمی کۆنفیدڕالی دیموکراتیکیش لەسەر بناغەی نەتەوەی دیموکراتیک وەک جێگرەوەی نەتەوە-دەوڵەت لەقەڵەمدەدات و ئەو ئەزموونەش تا ڕادەیەک لە ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن پەیەدە و یەپەگەوە جێبەجێکرا و لە ئاكامدا کورد، عەرەب، ئاشووری و کلدانی و کەمینەکان لە ئاشتیدا بەیەکەوە دەژین.

هەرچەندە ئه‌مه‌ریكا و یەپەگە لە ڕۆژئاوا لە یەک سەنگەردا دژی داعش شەڕیان کرد، بەڵام سیستمی نەتەوە-دەوڵەت کە بەرهەمی کاپیتالیزمە و تورکیا پێشەنگایەتی دەکات، لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا زیاتر بەرژەوەندی هەیە، دەستیكرد بە هێرشکردن بۆ سەر ڕۆژئاوا، کە به‌رهه‌می پرۆژەكه‌ی ئۆجالانە.

 

لە ئێستادا پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بە گۆشەگیری ڕەها لەسەر ئۆجالان لە ئیمرالی بەردەوامە و لە بناغەدا گۆشەگیریەکە شەڕی سیستمەکانە.

ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سێ هێڵ لە ڕکابەری و ململانێدان. یەکەمیان سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزمە کە ئه‌مه‌ریكا پێشەنگایەتی دەکات و دەیەوێت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت. دووەمیش سیستمی نەتەوە-دەوڵەتە کە دەوڵەتانی ناوچەکە بە پێشەنگایەتی تورکیا دەیانەوێت بەردەوامی پێبدەن و لەسەر دەسەڵات بمێننەوە و سیستمە نوێکەی کوردیش کە ئۆجالان پێشەنگایەتی دەکات، سیستمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکە کە پشت بە هێزی گەلان و یەکسانی ژن و پیاو و ژینگەپارێزی دەبەستێت و لەو بڕوایەدایە، تا گەلانی ناوچەکە دیموکرات نەبن، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کێشەی کورد چارەسەر نابێت.

لە ئاكامدا پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە کە لە ئێستادا لە ڕێی گۆشەگیری ئیمڕالی و هێرشی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، شەڕی دیزاینکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم و نەتەوە-دەوڵەت لەسەری کۆکن.