ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:56 - 08/04/2020

كازمی وەك تاكە جێگرەوەی زورفی‌

پەیسەر

كازمی دەبێتە جێگرەوەی زورفی و نوێنەرەكەی ئێرانیش هەم لە یەكخستنی ناو ماڵی شیعە و هەمیش لەدیداری سیستانی و سەدر شكستی هێنا

لەكاتێكدا عەدنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت هەموو جۆرە پاشەكشەیەك رەتدەكاتەوە، و سورە لەسەر درێژەدان بەهەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، لەبەرامبەردا مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقی پێگەی خۆی بەهێزكردووە و بۆتە تاكەجێگرەوەی زورفی، رۆژنامەی شرق الاوست بڵاویكردەوە بەپێچەوانەی جارانی پێشوەوە كە شیعەكان سێ كاندیدیان پێشكەش دەكرد ئەم جارە لەسەر یەك ناو رێككەوتوون ئەویش مستەفا كازمی یە كە توانیویەتی سەركردەكان رازی بكات لەسەر ناوەكەی رێكبكەون، بەڵام هێشتا هەڵوێستی چەندین گروپی چەكدار و كوتلەی سادقون ی سەر بە عەسائیبی ئەهلی هەق دیار نیە كە بەنزیك لەئێران دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەی هەڵوێستی سەركردەدیارەكانی شیعە دیارە كە لەسەر كازمی رێككەوتوون، بەڵام هەڵوێستی رەوتی سەدر شتێكی ترە، ئەمیر كنانی سەركردەی دیاری رەوتی سەدر بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە هەڵوێستی رەوتی سەدر ئەوەیە ئەگەر كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت ئەوە پەرلەمانتارەكانیان دەنگ بەكابینەكەی عەدنان زورفی دەدەن و ئەگەریش كابینەكەی متمانەی وەرگرت ئەوە پشتیوانی دەبن، لەلایەكی ترەوە ناوەراستی مانگی حوزەیرانی داهاتوو واشنتۆن و بەغداد دەست بە" گفتوگۆی ستراتیژی دەكەن بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق وەك ئەوەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە دوێنێ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد.

قائانی ڕووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە
ماڵپەری " المونیتور" بڵاویكردەوە دوای ئەوەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لەسەردانەكەیدا بۆ عێراق نەیتوانی چاوی بە سیستانی و سەدر بكەوێت و سەركەوتووش نەبوو لەوەی بڕیاری سیاسی شیعەكان یەك بخات ڕووبەڕووی رەخنەی ئێرانی و عێراق بۆتەوە.

سەردانەكەی هەفتەی رابردوو ئیسماعیل قائانی بۆ عێراق بووە جێگەی گرنگی و گفتوگۆ لەسەر گۆرەپانی سیاسی، ئەوەی زاندرا ئەوەبوو كە ئەو سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی تاراندایە بۆ یەكخستنی هێزە شیعیەكان لەپرسی سەرۆك وەزیرانی نوێ بەتایبەتیش دوای ئەوەی كە زۆرینەی ناو ماڵی شیعە زورفی رەتدەكەنەوە.

قائانی بەپێچەوانەی فەرماندەكەی پێش خۆی، قاسم سولەیمانی نەیتوانی هێزە شیعیەكان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی ئێران لەعێراق یەك بخات، نەك هەر ئەوە بەڵكو لەلایەن ڕووبەڕووی رەخنەی سەركردە شیعیەكانیش بۆتەوە.

ماڵپەرەكە لەسەرچاوەیەكی ئاینی باڵای نەجەفی گواستۆتەوە كە ئایتوڵا سیستانی رەتیكردۆتەوە كۆبونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ قائانی بكات، هەروەها موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر كۆبونەوەكەی لەگەڵ فەرماندەی فەیلەقی قودس هەڵوەشاندۆتەوە و لەرێگەی ئەبو دوعا عیساوی راوێژكاری سەدر بۆ كاروباری سەربازی نامەیەكی ڕوون و ئاشكرای بۆ ناردووە كە " پێویستە هیچ لایەنێكی بیانی دەست لەكاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەدات"، بەپێی راپۆرتەكە قائانی چاوی بەهیچ سیاسیەكی كورد و سوننە نەكەوتووە لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ بەغداد ئەوەش لەكاتێكدایە سولەیمانی پەیوەندیەكی بەهێزی لەگەڵ سیاسیە عێراقیەكانی دەرەوەی شیعە هەبووە.