ڕاپۆرتی جیهانی

03:58 - 17/05/2020

پیاوێک چیرۆکی ئازاردانی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەگێڕێتەوە‌

پەیسەر

بەشێویەکی گشتی و لەزۆربەی کۆمەڵگاکاندا، زیاتر رەگەزی مێینە رووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە، تەنانەت بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر سێ ژنێک، یەکێکیان بە درێژایی ژیانی لانی کەم جارێک تووشی دەستدرێژی و توندوتیژی جەستەیی و سێکسیی دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار پیاوانیش رووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی جەستەیی و سێکسیی دەبنەوە، بەڵام زۆربەیان دەیشارنەوە.

یەکیک لە قوربانیانی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی پیاوێکی ئۆکرانییە، چیرۆکی 10 ساڵ توندوتیژی جەستەیی و سێکسیی خۆی بۆ (بی بی سی) دەگێڕێتەوە، کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بەرامبەری کراوە.

ناسینێکی توندوتیژ
هەموو شتێک جوان و باش دەردەکەوت، نازانم هاوڕێکانم هەستیان پێدەکرد من ژیانم چۆنە یان نا. دەم بە پێکەنین و هاوڕێ و پارەی زۆر، دڵخۆشیی و ئارامیییەکی زۆر بە رووخسارمانەوە دەبینرا و پێکەوە دنیا گەڕاین.

کاتێک دەچووین بۆ گەشت و دەگەڕاین هیچ هۆکارێکم بۆ خەمباری نەبوو، لەبەردەم دەورووبەرەکەماندا زیانی لێنەدەدام، بەڵام لە تەنیا مانەوە لەگەڵیدا هەڵدەهاتم و دەترسام.

لە راستیدا هاوسەرەکەم بۆ ماوەی 10 ساڵ توندتیژی بەرامبەرم ئەنجام دا، بەڵام من زۆر درەنگ هەستم پێکرد.

(ئیرا) ناوی هاوسەرەکەمە، لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنماندا یەکترمان ناسی، ئەوەی داوای چوونەدەرەوە و دروستکردنی پەیوەندی نیوانمانی کرد، ئەو بوو.

خێزانەکەم پێیان دەوتم "ئەو کاتەی لەگەڵ یەکێکدا پەیوەندیت دروستکرد، دەبێت لە ئێمە جیابیتەوە و سەربەخۆ بژیت"، بە مانایەکی دیکە دروستکردنی پەیوەندی، واتای دەرچوون و جیابونەوەم بوو لە خێزانەکەم.

من پێم وابوو کاتێک دەتوانم دەست بە دروستکردنی پەیوەندیی بکەم کە بتوانم سەربەخۆیی ئابورییم هەبێت.

دایکم شەرمی لە رەفتار و مامەڵەم دەکرد بەرامبەر خۆشەویستەکەم و رەخنەی لێدەگرتم. بە تەواوی متمانە بەخۆبوونم لەدەستدا.

پەیوەندی سێکسی؛ سەرەتای توندوتیژیی
یەکەم پەیوەندی سێکسی لە ژیانمدا لەگەڵ (ئیرا)دا بوو، لە راستیدا من ویستم، بەڵام هیچ ئاسایی نەبوو، قورس و توندوتیژ بوو، یەکەم پەیوەندی سێکسیمان پێنج کاتژمێری خایاند و کە کۆتایی هات، هەموو جەستەم ئازاری هەبوو.

لەگەڵ ئەوەی سێکس دەبێت خۆشی بە مرۆڤ ببەخشێت، بەڵام من هیچ کاتێک چێژم لێنەدەبینی. لەبەرئەوەی پێشتر پەیوەندی سێکسییم نەبوو، پیم وابوو سێکس هەر وایە و توندوتیژی شتێکی سروشتییە، بۆیە قایل بووم و ناڕەزایەتییم پێشان نەدا.

هاوسەرەکەم کەسێکی ترسناک و وەڕسکەر بوو. دوای ماوەیەک ئیتر بۆ یەکەم جار وشەی "نەخێر"م بەرامبەری بەکارهێنا و ناڕەزایەتییم پیشاندا، بەڵام هیچ شتێک (ئیرا)ی نەدەوەستاند و "پەیوەندی"یەکەمان گۆڕا بۆ "دەستدرێژی".

سەرەتا من داوای هاوسەرگیریم کرد، بەڵام رەتیکردەوە، بەردەوام ئیشم دەکرد و پێویستم بە پشوودان هەبوو، بەڵام (ئیرا) بەردەوام داوای پێکەوە نووستنی دەکرد.

سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکانم، بەردەوام ناچاری دەکردم و دەیوت ناچاری ئەمە بکەیت.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، قۆناغی لێدان و توندوتیژی جەستەیی دەستیپێکرد، هیچ چارەیەکم نەبوو، نەمدەزانی چی بکەم. تەنانەت بە نینۆکەکانی جەستەمی بریندار دەکرد و بە بۆکس لێیدەدام.

بە هەموو هێزی خۆی لێیدەدام و ئازاری دەدام.

نەمدەتوانی منیش توندوتیژی بەرامبەر بنوێنم، چونکە پێم وایە توندوتیژی نواندن و لێدانی ژن هەڵەیە و خێزانەکەم بەم جۆرە پەروەردەیان کردوووم.

بەم جۆرەش هەستم بە بچوکی و لاوازیی خۆم دەکرد و نەمدەتوانی لەدەستی رزگارم ببێت.

لە گەشتێکماندا بۆ دەرەوەی ئۆکرانیا تووشی نەخۆشی و ئازارێکی زۆر بووم، لەگەڵ ئەوەشدا ناچاری دەکردم ئەو کارانە بکەم کە ئەو دەیویست.

لە گەڕانەوەماندا بۆ ئۆکرانیا هەوڵی جیابوونەوەم دا و پێم وابوو دەتوانم جیاببمەوە، بەڵام بە هەڵەدا چووبووم.

سەرەڕای هەوڵەکانم بۆ جیابوونەوە، بەڵام هێشتا نەمدەتوانی و شکستم دەهێنا.

کاتێک شەڕمان دەکرد تەلەفۆنەکەم دادەخست و دەرگام لێدادەخست، بەڵام دەهات و لەپشت دەرگاکەوە دادەنیشت.

بە دوامدا دەگەڕا و دەیوت دەمەوێت پەیوەندییەکەمان چاکبکەینەوە، منیش هەموو جار بڕوام پێدەکرد و دەگەڕامەوە بۆ لای، لە تەنیا مانەوە دەترسام و لە کۆتاییدا هاوسەرگیریمان کرد.

ژیانی هاوسەرگیریمان بە سەختی دەستیپێکرد و بەردەوام بوو، تا گەیشتە ئەوەی لە دوو ژووری جیاوازدا بژین.

بەردەوام بەراوردی دەکردم بە پیاوانی دیکە و تاوانباری دەکردم کە ناتوانم ئەو پیاوە بم ئەو دەیەوێت.

بەهۆی پەروەردەی خێزانەکەمەوە نەمدەتوانی هیچ ناڕەزایەتییەک پیشان بدەم، بۆیە چووینە قۆناغێک کە ئیتر من نەمدەتوانی بەرامبەر دەستدریژییە سێکسییەکانی دەنگ بەرز بکەمەوە.

رێگای رزگاربوون
توێژەرێکی دەروونیم دۆزییەوە و بۆ یەکەم جار هەموو ئەوەی لە ناخمدایە باسم کرد و دەروونم خاڵیکردەوە.


دوای ئەوەی دەستم بە ناڕەزایەتیی کرد، داوای جیابوونەوەی کرد، سەرەڕای ئەوەی پێم وابوو ئەمە بۆ بێدەنگکردنمە و جددی نییە، بەڵام قبوڵمکرد. 

دوای مانگێک جیابووینەوە، ئەو رۆژەی بەڵگەنامەی جیابوونەوەکەم بەدەستەوەبوو، خۆشترین رۆژی ژیانم بوو.

بە دەم پێکەنینەوە دانی بە دەستدرێژییەکانیدا دەنا و باسی دەکرد.

دوای جیابوونەوەم بە دوای گروپێکدا دەگەڕام هاوکارم بێت، بەڵا ئەو گروپانەی هەبوون هەمووی بۆ ژنان بوون.

لای تویژەرێکی دەروونی باسی دۆخی خۆم کرد، بە گاڵتەکردنەوە وتی " شتی وا چۆن دەبێت؟ تۆ پیاویت و ئەو ژنە". بەو جۆرە چوومە لای شەش توێژەر و چارەسەرکاری دەروونی.

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەو پیاوانەی رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ئەوەیە کە ئامادە نین بچنە لای توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی و لە ناخی خۆیاندا ئازار و کێشەکانیان دەشارنەوە.

(Yulia Klymenko) کە چارەسەرکارێکی دەروونییە، پێی وایە پیاوان بەهۆی فشارە نەریتییەکان و سەیرکردنی توندوتیژی دژی پیاوان وەک شتێکی نائاسایی، باسی ناکەن و لە ناخی خۆیاندا دەیشارنەوە.