ڕاپۆرتی کوردستانی

06:28 - 27/07/2020

٢٤ی تەموز؛ کردنەوەی ئایاسۆفیا و خەونی هەڵوەشاندنەوەی لۆزان‌

پەیسەر

ماوەی چەند ساڵێکە باس لە هەوڵەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکرێت بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی لە ناوخۆ و دەرەوە، پلانە ستراتیژییەکانیشی بە خەونی ئەو دادەنرێن بۆ بەهێزکردنی تورکیا و تەنانەت دروستکردنەوەی خەلافەت و عوسمانییەتی نوێ، لە ئێستاشدا بەرواری کردنەوەی ئایاسۆفیا و پەیماننامەی لۆزان بەیەکەوە دەبەسترێتەوە.

ئایاسۆفیا و لۆزان
عائیشە بەسری نووسەر لە وتارێکیدا باس لەوە دەکات کە کردنەوەی ئایاسۆفیا و پەیمانی لۆزان دوو بابەتی پێکەوە بەستراون، کردنەوەی ئایاسۆفیا لە رۆژی ٢٤ی تەموز کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی واژۆکردنی پەیمانی لۆزان شتێکی رێککەوت نییە.

لەم رۆژەدا کە ٢٤ی تەموزە و ئایاسۆفیا دەکرێتەوە، ئەو رۆژەی کە لە پەیمانی لۆزاندا لە ١٩٢٣ نەخشەی تورکیایان کێشایەوە و لەسەر داروپەردووی ئیمپراتۆری عوسمانی تورکیای نوێ بونیاد نرایەوە. لۆزانێک کە ئەردۆغان بە شکست ناوی دەبات و دەیەوێت هەڵیبوەشێنێتەوە.

پشتکردنە ئەتاتورک
بە بڕیارێکی داداگا بۆ گۆڕینەوەی ئایاسۆفیا بە مزگەوت، ئەردۆغان توانی یەکێکی دیکە لە پلانەکانی جێبەجێبکات، کە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی ئەتاتورک بوو، ئەمەش بە هەنگاوێبکی قورس و مەترسیداری ئەردۆغان دادەنرێت، چونکە گۆڕینی بڕیارەکانی ئەتاتورک کارێکی ئاسان نییە لە تورکیا و بە ئاسانی قبوڵ ناکرێت.

تەنانەت لە کاتی وتاری رۆژی هەینی ئایاسۆفیادا وتاربێژەکە کە سەرۆکی کاروباری دیانەتە لە تورکیا، نەفرەت لەو کەسانە دەکات کە دەستیان بۆ ئایاسۆفیا بردووە، ئەمەش مەبەستی بڕیاری ئەتاتورک بوو کە ئایاسۆفیای لە مزگەوتەوە کردبوو بە مۆزەخانە.

ئەردۆغان دەیەوێت بە روونی بە هەموو لایەک بڵێت ئەوەی کۆماری تورکیا شێواند ئەو دەیەوێت چاکی بکاتەوە، ئەمەشی بە روونی وتووە و رایگەیاندووە، "ئەوەی کردمان راستکردنەوەی هەڵەیەکی بوو کە کرابوو" ئەمەش رەخنەکردنی ئاشکرای ئەتاتورکە لەلایەن ئەردۆغانەوە.

رەخنەگرتن لە لۆزان
یەکێکی دیکە لەو رەخنانەی کە ئەردۆغان ئاڕاستەی ئەتاتورک و کۆماری نوێی تورکیای کردووە، پەماننامەی لۆزان بووە، ئەردۆغان ئەم پەیماننامەیە نەک بە سەرکەوتن نازانێت، بەڵکو بە شکست و سازشی ئەزانێت بۆ وڵاتەکەی.

ئەردۆغان پێشتر رایگەیاندبوو، "هەندێک کەس دەیانەوێت بڕوامان پێبکەن کە پەیماننامەی لۆزان سەرکەوتن بووە، سەرکەوتن لەکوێی ئەم پەیماننامەدایە؟ چەند دوورگەیەکمان لە بەرژەوەندی یۆنان لە دەریای ئیجە دۆڕان، ئەوانەی لە پەیماننامەکە بەشداربوون نەیانتوانی بەرگری لە مافەکانمان بکەن."

گۆڕینی لۆزان
نووسەر باس لەوە دەکات ئەردۆغان لەسەر ئەم بیرۆکەیە بەردەوامە کە لە لۆزاندا ستەمیان لێکراوە، بۆیە لە سەردانەکەیدا بۆ یۆنان لە ساڵی ٢٠١٧ داوای پێداچوونەوەی کردووە بە پەیماننامەکەدا و وتویەتی، "چەند بابەتێکی هەڵواسراو هەن لە لۆزاندا و ناڕوونن، لۆزان لەنێوان ١١ دەوڵەت و بەر لە ٩٤ ساڵ واژۆ کراوە، تەنها لەنێوان تورکیا و یۆناندا نەبووە، بۆیە داوای پێداچوونەوەی دەکەین."

ئاکپارتی لەسەر بنەمای قسەکانی سەرۆکەکەی بەردەوام باسی دەستکاریکردنی لۆزان دەکات و دەڵێت، ئەم پەیماننامەیە رێگەی لە تورکیا گرتووە دەستی بە نەوت بگات و باج بخاتە سەر ئەو کەشتییانەی بە گەرووی بۆسفۆردا تێدەپەڕن، بۆیە لە ٢٠٢٣ کۆتایی بەم پەیماننامەیە دێت.

فراوانخوازی
نووسەر باس لە رای مێژوونووسان دەکات کە ئەم قسانەی ئەردۆغان سەبارەت بە لۆزان، بۆ رەوایەتیدانە بە پلان و فراوانخوازییەکانی لە ناوچەکەدا.

دوای لەدەستدانی زەوییەکی زۆری ئیمپراتۆری عوسمانی، نەتەوەییەکان بە سەرکردایەتیی ئەتاتورک رەخنەیان لەم شکستە گرت، دەستیان بە رووبەڕووبوونەوەی هێزە بیانییەکان کرد و سنورەکانی میساقی میللییان دانا، وەک ئەتاتورک دەیوت، " سنوری نەتەوەکەمان لە باشوری کەنداوی ئەسکەندەروونەوە لە ئەنتاکیا، باشوری پردی جەرابلوس، باشوری حەلەبە تاکو موسڵ، کەرکوک و سلێمانیی."  بەم جۆرەش نەتەوەییەکانی تورکیا حەلەب، موسڵ و کوردستانیان خستە ناو نەخشەی نوێی تورکیاوە.

ئەتاتورک و شەڕی "سەربەخۆیی"
دوای پەیمانی سیڤەر ئەتاتورک و شوێنکەوتووانی دەستیان بە بەرەنگاربوونەوە کرد، پەیمانی سیڤەریان رەتکردەوە و دەستیان بە شەڕ کرد، چونکە پێیان وابوو ئەمە ستەمکردنە لە تورکیا.

ئەتاتورک توانی لە ماوەی چوار ساڵدا شەڕی "سەربەخۆیی" بکات، یۆنانییەکانی لە رۆژئاوا دەرکرد، هێزە ئەرمەنییەکانی لە رۆژهەڵات پاشەکشە پێکرد، سەنگەری باشوریشی لەدەستی فەڕەنسییەکان دەرهێنا و لە چەند ناوچەیەکی دیکەی وڵاتەکەی هێزە بیانییەکانی دەرکرد. دواتریش لە پەیماننامەی لۆزاندا ئەم ناوچانەی بۆ وڵاتەکەی یەکلا کردەوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان پێی وایە وڵاتەکەی ستەمی لێکراوە و دەبێت ئەو خاکانە بەدەستبهێنن کە بەهۆی هەڵەی سەرکردەکانیانەوە لەدەستیان چووە، لە کاتێکدا ئەتاتورک لە رێگەی پەیماننامەی لۆزانەوە توانی بەشێکی زۆری خاک بخاتە سەر ئەو تورکیایە ئێستا هەیە.

ئەردۆغان ساڵی ٢٠١٦ش رایگەیاندبوو کە تورکیا لە لۆزاندا ئەو خاکانەی لەدەستداوە کە لە میساقی میلییدا باسکراون. دەستوەردانەکانی تورکیاش لە سوریا، عێراق و لیبیاش وەک بەشێک لە گەڕانەوە بۆ میساقی میلیی دادەنرێت.

کێ پلانەکانی ئەردۆغان رادەگرێت؟
نووسەر لە کۆتایی وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە تورکیا هاتنی ئەمریکا و دروستبوونی ئاژاوەکانی رۆژهەڵاتی وەک هەلێک بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونانە بەکارهێناوە، کە ئەتاتورک نەیتوانی بەدەستیان بهێنێت.

ئەوەی بڕیار دەدات ئەردۆغان بە خەونەکانی دەگات و دەگات بە دوا خاڵی فراوانخوازییەکانی، وڵاتانی عەرەبیی و دراوسێکانییەتی. سوریا، عێراق و لیبیا ئەو سێ دەوڵەتەن لەبەردەم فراوانخوازییەکانی ئەردۆغاندان، ئەوەشی بتوانێت بەرگری لە خاکەکەی بکات هەر ئەم سێ وڵاتەن، ئەگەر بێدەنگ بن ئەوا ئەردۆغان بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی خاکی نوێ بۆ سەر وڵاتەکەی.