ڕاپۆرتی جیهانی

06:43 - 11/08/2020

لەناوبرددنی لەسەرخۆی هندییە سورەکان، تبتییەکان و ئیگۆرەکان چۆن روویدا؟‌

پەیسەر

لە مێژووی مرۆڤایەتییدا زۆربەی جار کەمینەکان کەوتوونەتە بەردەم هێرشی زۆرینە و چەوسێندراونەتەوە، هەندێک جار بە هێز لەناوبراون و هەندێک جاریش بەبێدەنگیی خۆیان و کەلتورەکانیان لەناوبراوە، بەشێک لە کەمینەکانیش سەرەڕای دەیان ساڵ لە چەوساندنەوە و ستەمکردن لێیان، توانیویانە بمێننەوە و بەرگری لە خۆیان و کەلتورەکانیان بکەن.

لاورانس داڤیدسۆن لە کتێبەکەیدا بە ناوی "لەناوبردنی کەلتوری" باس لەو لەناوبردنانەی کەمینەکان دەکات کە لەلایەن زلهێز و زۆرینەکانەوە ئەنجامدراون.

کتێبەکە ١٧٠ لاپەڕەیە و لە شەش بەشدا باسی لەناوبردنی کەلتوری کەمینەکان دەکات، هەر لە هندییە سورەکانەوە تاکو لەناوبردنی جولەکە و تبتییەکانی چین.

 کەمینە وەک هەڕەشە
بەردەوام زۆرینە کەمینەی بە هەڕەشە زانیوە بۆ سەر کەلتوری خۆی، ئیتر ئەو کەمینەیە نەتەوەیی بوو بێت یان دینیی، زۆرینە دەیەوێت هەموو کەلتوری کۆمەڵگا بکات بە یەک و هەموو وردە کەلتورەکان لەناو کەلتوری سەردەستدا بتوێنێتەوە و لەناوی ببات، وەک ئەوەی نازییەکان دەیانەویست کۆتایی بە جولەکە بهێنن لە وڵاتەکەیان و بە هەڕەشەیان دەزانین لەسەر کەلتورەکەیان.

لەناوبردنی بێدەنگ و بەرگریی
زۆرینە و کەلتوری سەردەست تەنها دان بە کەلتور و شێوەژیانی خۆیدا دەنێت، وردە کەلتورەکان رەتدەکاتەوە و نەک هەر لەناویان دەبات، بەڵکو هەوڵ دەدات بیانکات بە بەشێک لە کەلتورە سەردەستەکە.

کەمینەکان بەرامبەر ئەم ستەم و لەناوبردنە یان بێدەنگ بوون، یان بەرگرییان کردووە و رووبەڕووی بوونەتەوە، کاتێک بەرگرییان کردووە دڵنیا بوون سەرکەوتنیان نزیکە لە مەحاڵەوە، بەڵام بۆ مانەوەی خۆیان، کەلتور و مێژوویان چۆکیان دانەداوە و قوربانیان داوە.

مەترسی لەناوبردنی بێدەنگی کەلتورەکان لە لەناوبردن بە کوشتن و هێز مەترسیدارترە، چونکە لەناوبردنی بێدەنگ بە ناوی تێکەڵبوونی کەلتورەکان و خۆگونجاندنەوە جێبەجێدەکرێت و تێیدا وردە کەلتورەکان دەبن بە ژێر کەلتوری سەردەستەوە، تەنانەت لە هەندێک ناوچە و قۆناغدا بوونە بەشێک لە کولتوری زۆرینە دەکرێت بە مەرجی ژیان و بوونە هاوڵاتی لەو وڵاتەدا.

خوێنی هندییە سورەکان
یەکێک لە پڕۆسە خوێناوی و دڵڕەقەکانی مێژووی مرۆڤ، لەناوبردنی هندییە سورەکانی ئەمریکا بووە، پڕۆسەیەک کە تێیدا هندییە سورەکان لە خاک و نیشتمانی خۆیان هەڵکەندران و خوێنیان رژێندرایە سەر خاکی باوباپیرانیان.

ئەو کاتەی بەریتانی و بەشێک لە ئەورووپییەکان روویان لە ئەمریکا کرد، سەرەتای خوێنڕێژییەکی درێژ و ستەمێکی دڵڕەقانە دەستیپێکرد، ئەرووپییەکان چونە سەر خاکی هندییە سورەکان و بە زەبری هێز نیشتمانەکەیان داگیرکردن.

دواتر ئەورووپییەکان بۆیان دەرکەوت لەناوبردنی هندییە سورەکان هەڵەیەکی مێژووی گەورە بووە، چونکە ئەورووپییەکان بۆ مانەوەیان و خۆگونجاندنیان لەگەڵ دۆخی ئەم کیشوەرە نوێیەدا، پێویستیان بە هندییە سورەکان و دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکە بووە.

ئەورووپییەکان کە بۆیان دەرکەوت نابێت بە کوشتن هندییە سورەکان لەناوببەن، دەستیان بە لەناوبردنی بێدەنگ و درێژ کرد، بۆ هەڵوەشاندنەی شیرازەی هندییە سورەکان، هەموویانیان لە سەربازگە و شوێنی نیشتەجێبوونی دابڕاودا کۆکردەوە، بەم جۆرە هندییە سورەکان لاوازکران و کران بە کۆمەڵگای بچوک بچوک و لەناو ئەورووپییەکاندا بوون بە کەمینە و ژێردەست.

بەم جۆرە هندییەکان کران بە کەمینە و بەردەست و لە خەڵکی رەسەنی ناوچەکەوە بەزەبری هێز کران بە خزمەتکاری ئەورووپییە خوێنڕێژە داگیرکەرەکان.

یەکێکی دیکە لەو کارانەی ئەورووپییەکان کردیان و بەشێک بوو لە لەناوبردنی کەلتوریی هندییە سورەکان، بریتی بوو لە بڵاوکردنەوەی مەسیحییەت لەناویاندا، بەم جۆرە جگە لە داگیرکردنی خاکەکەیان و لەناوبردنی کەلتورەکەیان، ناچاریشیان کردن ببن بە مەسیحی و واز لە داب و نەریتی رەسەنی خۆیان بهێنن.



تبت؛ ئازارێکی درێژ
ستەمکردن لە کەمینەکانی چین و هەوڵەکانیلەناوبردنیان، لە کارەساتە دڵتەزێنەکانی مێژوون، چین بەردەوام هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی کەمینەکانی وڵاتەکەی داوە، بەتایبەت مسوڵمانەکان.

یەکێک لە پاڵنەرەکانی چین بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی وردە کەلتورەکان و کەمینەکان، بریتی بووە لە فراوانخوازییەکانی و خۆبەهێزکردنی لە ناوچەیەکی فراوان و گەورەدا، ئامانجی ئەمەش رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و بوون بە هێزی یەکەمی جیهانە، لەم چوارچێوەیەدا هەر کەمینەیەک رێگر بووبێت لەبەردەم فراوانخوازییەکانی چین، لەناوبراون و چەوسێندراونەتەوە.

تبت بە یەکێک لە کێشە مێژووییەکان و کارەساتە گەورەکان دادەنرێت، کە بەردەوام لە کێشە و ململانێی مانەوەدا بوون لەگەڵ ناوەندی چین، کە خاوەن دین، ئیدارە و شێوەژیانی سەربەخۆی خۆیان بوون.

سەرەڕای فشارە سەربازییەکان، تبتییەکان بەرگرییان لە خۆیان دەکرد و قایل نەدەبوون کە بچنە ژێر رکێفی دەسەڵاتی چین.

ئەو کاتەشی بەریتانییەکان لە ساڵی ١٩٠٤ روویان لە تبت کرد بۆ داگیرکردنی، چینییەکان هیچ هاوکارییەکی تبتییەکانیان نەکرد، بەڵام کاتێک بەریتانییەکان لەو ناوچەیە دەرچوون، چینییەکان داوای تبتییان دەکرد و دەیانەویست بە جوگرافیی و سیاسییس بیکەن بە بەشێک لە خۆیان.

لە ساڵی ١٩١١وە تبتییەکان ئاهێکیان بەبەردا هاتەوە و توانییان گەشە بە خۆیان، کەلتور و دەسەڵاتەکەشیان بدەن، دەرکەوتنی کەسێکی بەهێزی وەک دالای لاما هێندەی دیکە گوڕ و تینی بە تبتییەکان بەخشی و توانییان پێشتکەوتنی بەرچاو بەخۆیانەوە ببینن.

لە ئەنجامی هێرشەکانی چین بۆ سەر تبتییەکان ٨٦ هەزار تبتی گیانیان لەدەستدا، دواتریش چینییەکان دەستیان خستە ناو کۆمەڵگای تبت و هەوڵی تەواویان دا ئەم کۆمەڵگایە بسڕنەوە، دەیانەویست واقعی تبت بسڕنەوە و بیکەن بە بەشێک لە ستراتیژیەتی قوڵی چین.

ئیگۆر؛ مەرگێکی بە ئازار
ئیگۆرەکان لەو کەمینانەن کە ماوەیەکی درێژە لەژێر زوڵم و ستەمی چینییەکاندان، بوونی ئاینی جیاواز لای ئیگۆرەکان بەوەی مسوڵمانن، هێندەی دیکە بووەتە هۆی ئەوەی بە قورسی و ئازارێکی زۆرترەوە بچەوسێندرێنەوە.

هەرێمی شینجیانگ ( هه‌رێمی ئیگۆرییه‌كان) گەورەترین  هەرێمی چینە كە بریتین لە(مەنگۆلیا، گوانشی، تبت، نینگشیا و شینجیانگ)، شینجیانگ رووبەرەكەی بەقەد نزیكەی رووبەری ئێرانەو دەوڵەمەندە بەسامانی سرووشتی، وەك غاز و خەڵووز و نەوت، شادەماری ئابووریی چینەو80%ی پێویستیی وڵاتەكە پڕدەكاتەوە، چینیش ئامادەیە دەستبەرداری تایوان ببێت، بەڵام ئامادە نییە دەستبەرداری هەرێمی شینجیانگ بێت، كە دەكەوێتە رۆژئاوای چین.
حكومەتی چین ناوە كۆنەكەی (توركستانی رۆژهەڵات)ی گۆڕی بۆ (شینجیانگ) كە بەمانای واتای خاكی تازە دێت.
ئیگۆر لە ساڵی 943ز لەسەر دەستی سەرۆكی ئیمپراتۆرییەتی قراخانی بوونەتە موسڵمان، لە 1043 قیرغیزیش بەهۆی كاریگەریی ئەوانەوە بوونەتە موسڵمان، ئیگۆر  بۆماوەی دە سەدە حوكمی وڵاتەكەی خۆیان كردووە، لە ساڵی 1644 كاتێ بنەماڵەی فەرمانڕەوا(مانشۆ) چەوساندیانەوە مەینەتییەكەیان دەستی پێكرد، لەشەڕێكی خوێناویدا ژمارەیەكی زۆر لە ئیگۆرەكان كوژران، تا دواتر چین توركستانی رۆژهەڵاتی لە ساڵی 1760 داگیركردو دەستی كرد بە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە.

زۆرینەی دانیشتوانی ئیگۆر موسڵمانن و كەمینەكانی كزاگ و قیرگیز و ئۆزبەك و تاجیكیش لەو ناوچەیە بەڕێژەی جیاواز هەن، لە ئێستادا ژمارەی دانیششتوانی لە (22)ملیۆن زیاترە و لە ساڵی 1949 ژمارەی چینییەكان 6% بوو و ژمارەی موسڵمانانی ئیگۆر80% بوو، بەڵام دواتر حكومەتی چین نەتەوەی (هان)ی نیشەجێ كرد بۆ گۆڕینی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی ناوچه‌كه‌ و ئەو رێژەیە گۆڕانی به‌سه‌ردا هات.
كەناڵی بی بی سی بڵاویكردەوە، بە گوێرەی ئەو بەرنامەیە، موسڵمانانی ئیگۆری كە لە ناوچەی شین جیانگی رۆژئاوای چین نیشتەجێن، لە فێرگە هەمیشەییەكان جێگیر دەكرێن و لە خێزانەكانیان دادەبڕێندرێن، چین دایك و باوكی منداڵەكان دەستگیردەكات و لە كەمپە زۆرەملێكان دەستبەسەریان دەكات، منداڵەكانیشیان دەبات بۆ ناوەندەكانی دیكەی فێركردن.

كەناڵەكە لە چوار چێوەی لێكۆڵینەوەیەكدا لەو بارەوە، چاوپێكەوتنی لەگەڵ 60 دایك و باوكی ئیگۆڕی كردووە و ئەوانیش باسیان لە دیارنەمانی 100 منداڵیان دەكەن كە لەلایەن حكومەتی چینەوە لێیان دابڕێندراون.

بیرۆكەی دامەزاندنی كەمپەكانی ئیگۆر كە ئێستا زیاتر لە یەك ملێۆن ئیگۆری تێدان، ساڵی 2016 شان شوان گۆ، وەك سەرپەرشتیاری ناوچەكە دەستی كردووە بە ئەنجامدانی چەندین ڕێككاری ئەمنی و یاسایی و بە ئەندازیاری ئەو سەربازگانە دادەنرێت، ئەویش بە پشتیوانی دەوڵەت و كادرەكانی حیزبی شیوعی چینی دەستیان كردووە بە جێبەجێكردنی پرۆژەكەیان، ئەوانەی خراونەتە نێو كەمپەكانەوە بەرنامەكانی خۆیان بەسەردا سەپاندوون، تەنانەت هەڕەشەی جینۆسایدیشیان لەسەر دروستكردوون، چوون بە پێی پێناسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو كارانە دەچنە ڕیزی جینۆسایدەوە. به‌ڵام چین دەڵێت : ئەوانە ناوەندی دووبارە پەروەردەكردنن و لەم رێگەیەوە رێگە لە بیری تووندئاژۆیی لەنێو موسڵمانەكاندا دەگرێت.


سەرەڕای ئەوەش موسڵمانەكانی ئیگۆر چاودێری توندی ئەلیكترۆنییان لەسەرە، هەواڵەكان باس لەوە دەكەن ژمارەیەكی زۆر قوتابخانەی ناوخۆیی دروست كراوە بۆ راهێنانی دەست بەسەراگیراوەكان بۆ ئەوەی فێری رێساكانی ئینتیمایان بكەن بۆ حیزب و دەوڵەت و پاشان مزگەوتەكانیان دەروخێنن. تەنانەت پارشێوكردن و ڕێگری كردن لە خواردنەوەی شەراب و جگەرەش قەدەغەیە لە شوێنە گشتیەكاندا.