ڕاپۆرتی جیهانی

03:02 - 09/09/2020

دامه‌زرێنه‌ری ویكیلیكس له‌نێوان زیندانی و دادگایی كردنیدا‌

پەیسەر

جولیان ئاسانژ تەمەن ٤٨ ساڵ دامەزرێنەی ویکیلیکسە، لە ١١ی نیسانی ٢٠١٩ەوە لە زیندانی "بلمارش"ی شاری لەندەن دەستگیرکراوە. ماوه‌یه‌كه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه‌ سه‌ردانی كردنی قه‌ده‌غه‌كراوه‌، باوكی ده‌ڵێت بارودۆخی ده‌روونی خراپه‌و 15 كیلۆ له‌ كێشی دابه‌زییوه‌، ڕێكخراوه‌كان له‌باره‌ی ڕاده‌ستكردنی به‌ ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانن، ئاخۆ دوای دادگایی كردنی له‌ له‌نده‌ن چاره‌نووسی به‌ كۆێ ده‌گات؟

دادگای لەندەن بەنیازە لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاسانژ بۆ ئەمریکا بڕیار بدات. دانیشتنەکانی دادگایی کردنی ئاسانژ، دامەزرێنەری ویکیلیکس بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە وەستێنرا بوو، بەڵام ئێستا دووبارە لە لەندەن دەستی پێکردووەتەوە. لەم دادگاییەدا پێشبینی ده‌كرێت دادوەرانی لەندەن بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی ئاسانژ بۆ ئەمریکا بدەن.

لەبەرانبەر دادگای تاوانی لەندەن ئەمجارەش هاواری خۆپیشاندەرانی لایەنگری ئاسانژ بەرزبووەتەوە و پێشتریش ڕایانگەیاندبوو کە لە بەردەم دادگادا خۆپیشاندان دەکەن. 
خۆپیشاندەران دەڵێن دادگا دەبێت یەک بڕیار بدات، ئەویش بڕیاری ئەوەی کە ئاسانژ ڕادەستی ئەمریکا نەکرێتەوە و نەیگەڕێننەوە.

ڕێکخراوی "پەیامنێرانی بێ سنوور" دەیانەوێت پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکانی دادگا لیستێک پێشکەش بکەن کە تێیدا واژۆی ٨٠هەزار کەسی لەخۆگرتووە. ئەم ڕێکخراوە داوا لە حکومەتی بەریتانیا دەکات ئاسانژ نەگەڕێننەوە بۆ ئەمریکا.

پەیامنێرانی بێ سنوور و زۆرێک لە لایەنگرانی ئاسانژ هۆکاری دادگایی کردنی ئاسانژ بە کارێکی سیاسی دەزانن.

جولیان ئاسانژ کێیە و بۆچی گیراوە؟

جولیان ئاسانژ تەمەن ٤٨ ساڵ دامەزرێنەی ویکیلیکسە، لە ١١ی نیسانی ٢٠١٩ەوە لە زیندانی "بلمارش"ی شاری لەندەن دەستگیرکراوە.

لە ساڵی ٢٠١٠ ویکیلیکس چەندان ڤیدیۆ و سەدان هەزار بەڵگەنامەی پۆلێنکراوی لەسەر چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتی عێراق و ئەفغانستان بڵاوکردەوە. لەناو ئەو بەڵگەنامانەدا زۆرێک زانیاری پەیوەست بە کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل و ڕەفتاری خراپ لەگەڵ زیندانییەکانی تێدابووە.

لیۆن پانتا، سەرۆکی پێشووی دەزگای سی ئای ئەی بە تەلەفزیۆنی حکومەتی ئەڵمانیای وتووه‌ جولیان ئاسانژ نهێنی حکومەتی بڵاوکردووەتەوە و تاوانی کردووە. ئەو نابێت زانیاری و نهێنی پۆلێنکراوی ئەمنیەتی بەنابەرپرسانە بڵاوبکاتەوە.

لیۆن پانتا وتوویەتی ئەم بابەتە هەستیارە بۆ جولیان ئاسانژ گرنگی نیە.
ئاسانژ ئەم بەڵگەنامانەی لە پسپۆڕێکی کۆمپیوتەر لەناو سوپای ئەمریکا وەرگرتووە کە دوای ماوەیەک ئەم سەرچاوەیەی کە بەڵگەنامەکانی لێ وەرگرتووە ئاشکرابووبوو.
بەڵام لایەنگران و بەرگریلێکەرانی ئاسانژ دەڵێن ئەو تەنها ڕۆژنامەنووسێکە و ئەو زانیارییانەی بڵاوکردووەتەوە کە بەدەستی گەیشتووە و تاوانی جەنگی ئاشکراکردووە. لایەنگرانی ئاسانژ دەڵێن ئازادی ڕۆژنامەنووسی و ئازادی ڕادەربڕین کەوتووەتە ژێر هەڕەشەوە. ئەوان لەو باوەڕەدان بە ڕادەستکردنەوەی ئاسانژ بە ئەمریکا دەبێتە ڕێگەخۆشکەرییەک بۆ گرتن و ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کە زانیاری و بەڵگەنامە لەسەر تاوانی جەنگ بڵاودەکەنەوە یان قسەی لەسەر دەکەن.

ئاسانژ چی لێ بەسەر دێت؟

ئاسانژ بە ١٨ تۆمەت، لەناویاندا پیلان بۆ هاککردنی کۆمپیتەرەکانی حکومەتی ئەمریکای تێدایە لەگەڵ شکاندنی یاسای سیخوڕی. جولیان ئاسانژ لە ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ ئەمریکا لەوانەیە بەهۆکاری ئاشکراکردنی نهێنی جەنگ ڕووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە و تا ١٧٥ ساڵ زیندانی لە ژووری تاکەکەسیدا دەمێنێتەوە.

جۆن شیپتۆن، باوکی جولیان ئاسانژ دەڵێت کوڕەکەی لە ئێستادا ١٥ کیلۆ کێشی دابەزیوە و تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر بووەتەوە.

پێشتریش چەندین پزیشک لە نامەی فەرمیدا هۆشدارییان دابوو لە خراپی بارودۆخی تەندروستی ئاسانژ و وتبوویان تووشی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەی بووە و ئەگەری مردنی لە زینداندا هەیە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕێگەی نادرێت سەردانیکردنی هەبێت. پێش خستنە زیندانیشی حەوت ساڵ لە باڵیۆزی ئیکوادۆر لە لەندەن ژیابوو هەتاکو ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی بگەڕێندرێتەوە بۆ سوید و بەئەگەریشەوە لە سویدەوە بۆ ئەمریکا بگەڕێنرێتەوە. دۆسییەکەی ئاسانژ لە وڵاتی سوید لەسەر بابەتی دەسترێژی، بەهۆی کەمی گەواهی و بەڵگەنامە دۆسییەکەی داخراوە.