ڕاپۆرتی جیهانی

11:46 - 08/01/2021

داوە مینڕێژکراوەکانی ترەمپ بۆ بایدن لە ئەفغانستان چین؟‌

پەیسەر

لە 5ی کانوونی دووەم 2020، زاڵمای خەلیلزاد، کۆنە دیبلۆماتکار و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان، دوای راگەیاندنی  رێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان تاوەکو 14 مانگی داهاتوو، سەرۆکایەتی یەکەمین کۆبوونەوەی ئاشتی لە نێوانی تاڵیبان و شاندی حکومەتی ئەفغانستان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کرد. کۆبوونەوەکە بۆ سازشکردن بوو بە ئامانجی بڕیاردان لەسەر نەخشە رێگایەک بۆ چارەسەرێکی سیاسی و ئاگربەستی هەمیشەی لەنێوان هەردوولادا.

خەلیلزاد؛ سوارچاکی پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان
خەلیلزاد هەوڵێکی بێوچانیدا بۆ بەروپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان، کارێک کە حکومەتی ئەمریکا لە ئەگەری بوون بە سەرۆکی جۆبایدن دەبێت درێژەی پێ بدات، ئەگەرچی ئەمە پەیوەستە بە  رێککەوتنی کۆشکی سپی لەگەڵ تاڵیبان، کە لە شوباتی رابردوو بۆ چوونە دەرەوەی ئەمریکا لەم وڵاتە واژو کرا. بایدن کەسێکی دیکەی باشتر لە خەلیلزادی دەستانکەوێت بۆ درێژەدان بەم کارە، بۆیە شارەزایانی باڵای سیاسەتی ئەفغانستان و ئەمریکا داوایانکردووە بمێنێتەوە. خەلیزاد دیبلۆماتێکی شارەزایە و لە کابوڵ گەورە بووە. پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رابەرانی ئەفغانستان و تاڵیباندا هەیە.باشتر لە زمانی هەردوولا تێدەگات.

ئەگەرچی کەسانێک هەن حەز بە مانەوەی کەسانی سەر بە "حزبی کۆمارییەکان" ناکەن لە حکومەتی نوێدا، بەڵام ئەمانە بە باشی تێگەشتوون لەم قۆناغە هەستیارەدا گۆڕینی خەلیلزاد کارێکی پڕ مەترسیە. ترەمپ زۆ بەخێرای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان درێژە پێدەدات و دەیەوێت سوود لەو ماوەیە ببینێت لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ماویەتی بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە ئەفغانستان. حکومەتی ئەمریکا بەنیازە هێزەکانی ئەم وڵاتە بۆ 2500 سەرباز کەمبکاتەوە تەنها 5 رۆژ پێش پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەمریکا. مانەوەی خەلیلزاد دەتوانێت حکومەتی نوێ لە داوێکی جیۆپۆلەتیکی لە ئەفغانستان ، کە ترەمپ ناوێتیەوە، رزگاربکات.

ئەفغانستان و  11 ی سێپتەمبەر
لای ئەمریکییەکان، هیچ تۆڵەیەک بۆ هێرشەکانی 11ی سێبتەمبەر 2001، گرنگتر لە ئەفغانستان نەبوو. چەند هەفتەیەک دوای روداوەکەی 11ی سێپتەمبەر، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و شەڕی لەگەڵ ئەلقاعیدە وەک یەکەمین تۆمەتباری روداوەکە، دەستی پێکرد. هاوپەیمانان بە رابەرایەتی ئەمریکا بە خێرای پایە سەربازییەکانی رژێمی قاعیدەیان روخاند.

دوای روخانی ئەلقاعیدە، هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتەدا مانەوە و هێرشەکانی هەوپەیمانانایش بۆسەر تاڵێبان درێژەی هەبوو. بزوتنەوەی تاڵیبان و ئەمریکا بە درێژای دەیە و نیوێک رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و لەم نێوانەشدا نزیکەی 157هەزار  کەس  کوژراون. بەگوێرەی ئامارێکی زانکۆی براون زیاتر لە 43000 کەسی سیڤیل و زیاتر لە 2400 سەربازی ئەمریکیش لەم نێوانەدا کوژراون.

ئەفغانستان نیگەرانی هەمیشەیی سێ حکومەتی کۆتای ئەمریکا بووە
هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان هۆکاری نیگەرانی هەمیشەی سێ حکومەتی کۆتایی ئەمریکا بووە. لە سەردەمی جۆرج بۆش و لە کاتی هێڕشکردنە سەر ئەفغانستان، دوای 11 ی سێپتەمبەر، 1300 سەربازی ئەمریکی چووبوونە ئەم وڵاتە و لەکاتێکدا بۆشی کوڕ دەسەڵاتی رادەستی باراک ئەمریکا کرد ژمارە هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان گەشتبووە 25000 سەرباز. ئەم ڕێژەیەش تاوەکو ساڵی 2010 گەشتە بەرزترین ئاستی خۆی و 100 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەفغانستان بوونیان هەبوو.

لەگەڵ بوون بە سەرۆکی دۆناڵد ترەمپ، کە بانگەشەی "ئاشتی"دەکرد، لە یەکەمین ساڵی سەرۆکایەتییەکەیەوە دەستیکرد بە کشانەوەی ‌هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، بەڵام ترەمپ ناچاربوو گوێ لە ڕاوێژکارەکانی بگرێت و " تاوەکو دەگانە رێککەوتن" کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتەدا لە 4000 سەرباز کەمتر نەکاتەوە. حکومەتەکەی ترەمپ لە سەرەتاکانی ساڵی یەکەمیدا گەشتە رێککەوتنێکی مێژووی لەگەڵ تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنەش هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو ئایاری 2020 خاکی ئەفغانستان بەجێدەهێڵن.

ڕێککەوتنە مێژوویەکەی ترەمپ و تاڵیبان
لە شوباتی 2020، حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ و تاڵیبان رێککەوتن لەسەر ئەوەی کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ و چۆڵکردکنی زۆرێک لە بنکەکانی ئەفغانستان تاوەکو 14 مانگە مانگی داهاتوو روبدات. لە راستیدا، ترمپ هیزەکانی لەم وڵاتەدا بۆ 4500 سەرباز کەمکردەوە، پێشتر 13000 سەرباز بوون. لە بەرامبەردا، بە گوێرەی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە، تاڵێبان  دەبێت پەیوەندییەکانی خۆی بپچڕێنێت لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە، ڕێگری بکات لە هێڕشی چەکدار بۆسەر کۆمپانایان، دامەزراوە نێودەوڵەتی و بیانییەکان، هەروەها خۆی بەدووربگرێت لە هێڕشکردنە سەر حکومەتە خۆجێییەکان. هەر بە گوێرەی ڕێککەوتننامەکە دەبێت حکومەتی ئەفغانستانیش بەشداری کۆبوونەوەکان بکات، تاوەکو پێکدادان لەنیوانیاندا کۆتایی پێبهێنرێت.

 لەناوەراستی تشرینی دووەم رابردوو، کریستۆفەر میلەر، سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگری رایگەیاند، حکومەتی دۆناڵد ترەمپ بەنیازە  هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی دووەمدا بۆ 2500 سەرباز کەمبکاتەوە، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی گومانەکان دەربارەی پێداگری ترەمپ بۆ جێبەجێکردنی ڕیککەوتننامەکە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتا ساتەکانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ئەمەش وەک "جامێک ژەهر" درایە قەڵەم کە بۆ بایدن بەجێدەهێڵرێت. ترەمپ دووبارەبوونەوەی ئەزموونی حکومەتەکانی پێش خۆی رەتکردەوە،  جۆربۆشی کوڕ و ئۆباما، لە دواین رۆژانی سەرۆکایەتییەکەیاندا زیادکردن و کەمکردنەوەی ژمارەی ‌هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە ئەفغانستان بە هەڵپەسێردراوی هێشتەوە و بۆ حکومەتی نوێیان بەجێهێشت. وا دەردەکەوێت ترەمپ بەنیازە ئاراستەی سیاسی بایدن تا ئەورادەیەی رێی تێدەچیت دژواربکات.

رەخنەی نەیارانی  ڕێککەوتننامە مێژوویەکەی ترەمپ
هەر لە سەرەتاوە، نەیارانی ئەم رێککەتننامە مێژووییە باسیان لەوە کرد ئەم ڕێککەتننامەیە بڕیارێکی تەواو سیاسیە و پەیوەندی بەڕاوێژی سەربازییەوە نییە و دەبێتە مایەی نیگەرانییەکی نێودەوڵەتی، چونکە ئەمریکا دەکات بە هاوبەشێکی بێ متمانە، بەتایبەت لەلەیەن هاوپەیمانانەوە لە ئەفغانستان. ئەوان لە ماوەی 19 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 1000 سەرباز و ملیاردها دۆلاری خۆیان کردە قوربانی ئەفغانستان. ئەم نیگەرانیانەش بە ئاشکرا لە گوتەکانی يەنس ستۆڵتنبێرگی سکرتێری گشتی ناتۆدا بینرا و گوتی " مەترسی ئەوە هەیە ئەفغانستان ببێتە شانۆی تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرنامەدانان و خۆرێکخستن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە."

هەروەها رەخنەگرانی رێککەوتنەکە پێیان وایە دابڕانی تاڵیبان و ئەلقاعیدە لە یەکتری "وەهم"ێکە، چونکە رابەرانی ئەم بزوتنەوەیە بەشێوەیەکی رێكخراو پەیوەندیان لەگەل دامەزراوەکانی ئەلقاعیدەدا هەیە. جیم جۆڵبی لێکۆڵەر لە ناوەندی ئاسایشی کلیمێنتس، ئەنجامی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا بە "ئەگەرێکی وێرانکەر" وەسفدەکات،جۆڵبی چاوەرواندەکات شەڕ بەشیوەیەکی بەرچاو زیادبکات و کەسانی سیڤیلی زیاتر ببنە قوربانی لەم نیوانەدا، جۆڵبی گوتیشی " فەوزای دوای کشانەوەی تەواوەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەبێتە هۆی خۆرێکخستنەوەی هێزەچەکدارەکان" .

بایدن و ئەفغانستان
لە راستیدا، تاڵیبان باش لە راستیە تێگەیشتووە، لە حکومەتەکەی بایدندا گۆران لە بەرنامەی ترەمپدا بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە رودەدات، بایدن لە سەردەمی ئۆباماشدا دژی زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە ئەفغانستان، لە دەیەی رابردوودا، بایدن باسی لە گرنگی کەمکردنەوەی هیزەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان کردووە و داوای "لێدان لەوەی ئاسایشی ناوچەکە و ئەمریکا لە ئەفغانستان دەخاتە مەترسیەوە"کردوە، بە ئاشکرا ئەوەشی راگەیاند، ئەگەر هەڵبژێردرێت ئەوا هێزێکی بچووک لە ئەفغانستاندا دەهێڵێتەوە تا ڕێگربن لەبەردەم هەر  ئەگەرێکی هێرش و پەلامارێکدا لەو وڵاتە. ئەمەش ئەوە نیشاندەدات بایدنیش شێلگیرانە کار بۆ کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا دەکات و گرنگی زیاتر بە کۆتایهێنان بە پەیوەندی تاڵیبان و ئەلقاعیدە دەدات.
چاوەرواندەکرێت لەئەگەری هاتنە سەر حوکمی سەرۆکە دیموکراتەکە، دوای کشانەوەی بەرنامە بۆ دانراوی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هێزێکی بچووک لەم وڵاتەدا لە ژێر ناوی "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم" بهێڵێتەوە

ترەمپ تا دواڕۆژی مانەوەی لە کۆشکی سپیدا هەوڵدەدات کشانەوە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتتنامەکەی درێژەپێ بدات، ترەمپ دەیەوێت بیسەلمێنێت لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا کۆتای بە زۆرترین قەیرانی نێودەوڵەتی هێناوە و زۆرترین بەڵێنی هەڵبژاردنی لەو ماوەیەدا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە جێبەجێ کردووە. بایدن ناچارە مامەڵە لەگەڵ ئەو داوەی ترەمپدا بکات و بەهەمان رێچکەی ئەو درێژە بە کشانەوە بدات "بە هەندێک چاکسازیەوە"، بەڵام بە خێراییەکی کەمتر، دانوستانی بنەرەتی تر و درێژماوە تر.