ڕاپۆرتی جیهانی

10:29 - 03/03/2021

١٨٣ ئەندامی کۆنگرێس داوای گۆڕینی رەفتاری ئەردۆغان دەکەن‌

پەیسەر

١٨٣ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، نامەیەکیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان نووسیوە و تیایدا داوا دەکەن لە بەرامبەر پێشێلکارییە ئاشکراکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ و پاشەکشەی دیموکراسی، لێپێچینەوە لەگەڵ تورکیا بکرێت و ئەمریکاش بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئەردۆغاندا بچێتەوە.

لە نامەکەدا کە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەردوو پارتەکە واژۆیان لەسەر کردووە و بە زمانێکی توند نووسراوە، چەندین تۆمەتی بەهێزیان ئاڕاستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و حکومەتی تورکیا کردووە لە بەرامبەر هەڵسوکەوتەکانیان لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا.

لە سەرەتای نامەکەدا هاتووە، "سەبارەت بە پەیوەندی ئیدارەی جۆ بایدن لەگەڵ تورکیا، داوا لە ئێوە دەکەین کە؛ گرنگی بە ئەو پێشێلکارییانە بدەن لە ماوەی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا روویانداەوە. تورکیا ماوەیەکی درێژە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە، بەداخەوە ئەردۆغان پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی ئەمریکا و تورکیای بەرەو دواوە برد."

"حکومەتی ئەردۆغان دادگای تورکیای لاواز کردووە، سیاسییە هاوپەیمانەکانی لە پۆستە سەربازی و هەواڵگرییە سەرەکییەکاندا داناوە، ئازادی بیروڕا و رۆژنامەوانی پێشێل کردووە و سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان، رۆژنامەوانان و کەسانی سەر بە کەمینەکان دەخاتە زیندانەوە".

ئەندامانی کۆنگرێس ئاماژەیان بە هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس، نووسەر، بەرهەڵستکاران، چالاکوانان، سیاسییەکان و ئەندامانی سەر بە بزوتنەوەی خزمەت کردووە و دەنووسن، "لە ساڵی ٢٠١٦وە تاکو ئێستا زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس زیندانی کراون، زیاتر لە ١٥٠٠ رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەی فشاری سەر ئۆپۆزسیۆنی سیاسیدا داخراون. لەناو دەستگیرکراوەکانیشدا سێ هاوڵاتی تورکیای تێدایە کە کاریان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کردووە. بۆیە داواتان لێدەکەین لە مامەڵە و رێککەوتنتان لەگەڵ تورکیا ئازادکردنی گیراوەکان و هەڵگرتنی تۆمەتەکانی سەریان لە پێشینەی کارەکانتان دابنێن."

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا ئەندامانی کۆنگرێس نیگەرانی خۆیان لەبارەی ئەوەشەوە پیشانداوە کە ئەردۆغان نەک لە تورکیا تەنەنات لە ئەمریکاش دەستدرێژی کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و تەنانەت کادرە ئەمنییەکانی واشنتنیش و دەڵێن، "حکومەتی سەرۆک ئەردۆغان تەنانەت شێوە مامەڵەی خۆیان هێناوەتە سەر شەقامەکانی پایتەختی گەلەکەمان، ئەوەش کاتێک ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٧ سەردانی ئەمریکای کرد، پاسەوانەکانی ئەردۆغان پەلاماری خۆپیشاندەرانی مەدەنی و کارمەندە فیدراڵییەکانی ئێمەیان دا، چوار لە تۆمەتبارەکانیش لە دادگای ئەمریکادا دادگایی دەکرێن (ئامادە نەبوو) کەچی لە تورکیا سەربەست و ئازادن."

ئەندامانی کۆنگرێس باس لە چۆنیەتی ماماڵەکردن لەگەڵ تورکیا و گۆڕینی رەفتارەکانی ئەردۆغان دەکەن و دەنووسن، "لەگەڵ ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەمریکا و تورکیایە کە وەک دوو هاوپەیمانی ستراتیژی بمێننەوە و درزەکانی نێوانمان چاک بکرێت، ئێمە پێمان وایە بۆ ئەوەی ئەم پەیوندییە بگاتەوە ئاستی جارانی خۆی، زۆر پێویستە گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی ئەردۆغاندا رووبدات."

لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە، "هیوادارین وەزارەتی دەرەوە لەژێر سەرپەرشتی ئێوەدا و ئیدارەی بایدن لەسەر ئاستێکی زۆرتر گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ و پاشەکشەی دیموکراسی بدەن لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا. لەگەڵ ئەم ئامانجەدا، ئێمە تەنها درێژە بە بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانیمان نادەین، بەڵکو پەیمان دەدەین لەگەڵ ئێوەدا کار بۆ پشتیوانی بەهاکانی دیموکراسی، سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ بکەین."

ئیدارەی بایدن هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دادگای دیموکراتی دەبێت.

هەفتەی رابردووش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە لوتکەی میونشن رایگەیاند، هاوبەشییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لەسەر پێوەری دیموکراتی و رێزگرتنی سەروەری یاسا دەبێت نەک مامەڵەی دیکە.

جۆ بایدن باسی لەوەش کرد، گفتوگۆی بنەڕەتی دەربارەی ئایندە، لەنێوان بەرگریکارانی دیکتاتۆریەت و ئەوانەدا دەبێت کە نرخی دیموکراسی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان دەزانن.