ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:10 - 07/04/2021

تورکیای سزادراو سزا دەدات؛ سزدراوەکان کێن؟‌

پەیسەر

ئەمڕۆ لە کاتێکدا سزاکانی ئەمریکا بەسەر تورکیا لەبەرامبەر کڕینی ئێس ٤٠٠ی روسی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا سزای بەسەر ٣٧٧ کەسدا سەپاند، کە کەسی یەکەمی بزوتنەوەی خزمەت و سەرکردە دیارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی لەخۆگرتووە. 

٣٧٧ سزادراو
ئەمڕۆ ٧ی نیسانی ٢٠٢١، لە رۆژنامەی رەسمی تورکیا، بڕیاری سزادانی ٣٧٧ کەس و دامەزراوەی دیاری تورکیا بڵاوکرایەوە. بەپێی بڕیارەکە دەست بەسەر ماڵ و موڵکی ئەم کەس و دامەزراوانەدا
دەگیردرێت.

"بڕیاری بلۆککردنی ماڵ و موڵک" واژۆی ھەریەک لە سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا و لوتفی ئەلڤان وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیای لەسەرە.

لە گویلەنەوە تاکو قەرەیلان
دیارترین ئەو کەسانەی تورکیا بڕیارە ماڵ و موڵکەکانیان بلۆک بکرێت، بریتین لە فەتحوڵا گویلەن رێبەری بزوتنەوەی خزمەت، موراد قەرەیلان، جەمیل بایک و دوران کاڵکان سەرکردە دیارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

بڕیارەکە بەم جۆرەیە؛
بڕیارەکە بۆ رێگرتنە لە دارایی "تیرۆر" بەپێی قانونی ژمارە ٦٤١٥، بڕگەی ٣ی مادەی ٧ و مادەکانی ٣ و ٤ی ھەمان قانون. ئەو کەسانەی ئەم سزایە دەیانگرێتەوە ماڵ و موڵکەکانیان لەناو تورکیادا بلۆک دەکرێت.

١٢ لاپەڕە
کۆی سزاکە لە ١٢ لاپەڕە پێکھاتووە، ٣٦٥ کەسایەتی و ١٢ دامەزراوە خراونەتە لیستێکەوە، لیستەکەش بۆ چوار بەش و خانەی دابەشکراون.

چوار بەش
لە لیستی یەکەمدا بزوتنەوەی گویلەن دیاری کراوە، لیستی دووەم دانراوە بۆ سەرکردە، چەکدار و لایەنگرانی داعش، سێیەم لیستیش بۆ سەرکردە و بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان دانراوە.

سەرکردە و لایەنگران بەرەی-پارتی شۆڕشگێڕیی رزگاری گەلیش خراونەتە بەشی چوارەمی لیستی سزاکانەوە.

بزوتنەوەی گویلەن
لە بەشی یەکەمی لیستەکەدا کە تایبەتە بە بزوتنەوەی گویلەن، ٢٠٥ کەس دیاریکراون، یەکەم کەس فەتحوڵا گویلەن سەرۆکی بزوتنەوەکەیە. لەم بەشەدا ھەموو ئەو کەسانەی دیکەش ھەن سەر بە گویلەن بوون و تۆمەتبارن بە دەستھەبوون یان پشتگیریکردن لە ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦، لەوانەش ئەکرەم دومان بەڕێوەبەری گشتی بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی داخراوی زەمان.

کەسێکی دیاری دیکەی ئەم بەشە بریتییە لە حەمدی ئاکن ئیپەک سەرۆکی پێشووتری دامەزراوەی بەڕێوەبردنی (Koza İpek Holding).

ھیدایەت کاراجا بەڕێوەبەری گشتی گروپی میدیایی سامانیۆڵوی داخراو و ئۆندەر ئایتاچ ئەندامی خوێندن (مامۆستا) لە ئاکادیمیای پۆلیس دوو سزادراوی دیکەی ئەم بەشەی لیستی سزادراوەکانن کە سەر بە بزوتنەوەی گویلەن بوون.

لە داعشەوە بۆ پەکەکە
بەشی دووەم تایبەتە بە داعش و ٨٦ کەسی تێدایە، لە بەشی سێیەمی لیستەکەدا کە تایبەتە بە پارتی کرێکارانی کوردستان ، ٦٥ کەس و ١٢ دامەزراوە ناویان ھاتووە. بەشی چوارەمیش کە تایبەتە بە سەرکردە و لایەنگران بەرەی-پارتی شۆڕشگێڕیی رزگاری گەل نۆ کەسی تێدایە.

سزدراوانی پەکەکە
لە بەشی پەکەکەدا ئەم کەسانە ناویان ھاتووە؛ موراد قەرەیلان، جەمیل بایک، دوران کاڵکان، عەلی حەیدەر کایتان، رەمزی کارتاڵ، سەبری ئۆک، رەزا ئاڵتون و زوبەیر ئایدار ناویان ھاتووە.

ھەر لە بەشی سزادراوەکانی پەکەکەدا ناوی مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھاتووە.

سزدراوی سزادەر
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی لەبارەی سزاکانی سەر تورکیا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئێس ٤٠٠ی روسی، لە ئەمڕۆ ٧ی نیسانی ٢٠٢١وە سزاکانی سەر تورکیا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی "یاسای وەڵامدانەوەی دوژمنانی ئەمریکا بە سزا"، سزا بەسەر دامەزراوەی پیشەسازی تورکیا و چەند کەسایەتییەکەی ئەم بوارەدا دەسەپێندرێت و جێبەجێدەکرێن.

چاوەڕوان دەکرێت دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی سزاکان ئەمریکا بەسەر تورکیا، بەھای لیرە زیاتر دابەزێت و ئابووری تورکیا رووبەڕووی قەیران و سەختی زۆرتر ببێتەوە، بەتایبەت کە ماوەی چەند مانگێکە یەکێک لە کێشە گەورەکانی تورکیا سیاسەتی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە و گۆڕینی سەرۆکەکانیەتی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەوە.