ڕاپۆرتی عیراق

11:08 - 12/10/2021

سەدر دڵخۆشە و هۆشداری دەدات‌

پەیسەر

ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بۆ موقتەدا سەدر جێگای خۆشحاڵییە، ئەو رێبەرە ئاینی و سیاسیە خۆی وەك براوە نیشاندەدات و بەڵێنی بنەبڕكردنی گەندەڵیش دەدات.

موقتەدا سەدر بەبۆنەی سەرکەوتنی رەوتی سەدر وتارێکی پێشکەش کردو وتی"سوپاس بۆ خوا کە گەورەترین فراکسیۆنی سەرخست کە فراکسیۆنێکی عێراقییە و نە رۆژھەڵاتی و نەرۆژئاواییە".

بەشێكی وتارەکەی سەدر قسەكردن بوو لەسەر گەندەڵی، لەو بارەیەوە وتی"لەئەمڕۆ بەدواوە، جێگا بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاران لە عێراق نامێنێت و ئەگەر پێویست بکات بە خوێنی خۆمان، گەندەڵیی بنبڕ دەکەین، هەروەها رێگا نادەین دەسەڵات لەسەر بەرژەوەندی گەل دابەش بکرێت".

سەدر ھۆشداریدا لە دەستوەردان لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و وتی: "ھەر باڵیۆزخانەیەک دەستوەردان لەوبارەیەوە بکات، ئەوا بە رێگای دیپلۆماتیی و جەماوەرەیی وەڵام دەدرێنەوە، چونکە عێراق بۆ عێراقییەکانە، رێگا نادەین دەستوەردرێتەوە کاروباری عێراق".


رێبەری رەوتی سەدر بەپێویستی دەزانێت چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و وتی"رێگا نادەین چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەکاربھێندرێت و ئێستا کاتی ئەوەیە گەل بە ئاشتی، بێ داگیرکاری و بێ تیرۆر، بژی".

لەبارەی نرخی دۆلاریشەوە، موقتەدا سەدر هەروەها وتی: "لە داھاتوودا، قۆناغ بە قۆناغ کار لەسەر بەرزکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دراوە جیھانییەکاندا دەکەین".


لە دوای کوتلەی سەدرییەکان، هاوپەیمانی تەقەدوم، کە بە کوتلەی سوونییەکان ناسراوە و موحەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرکردایەتی دەکات، پلەی دووەمی بەدەستهێناوە بە بردنەوەی 38 کورسی. پاشان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی دێت بە 37 کورسی.

بۆ پێکهێنانی حکومەت، سەدرییەکان پێویستیان بە هاوپەیمانێتی هەیە چونکە نەیانتوانیووە بە تەنیا 51% ی کورسییەکان بەرنەوە کە بریتییە لە 165 کورسی. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە.