ڕاپۆرتی جیهانی

02:57 - 14/12/2022

سەردانەکەی شي جين پينگ بۆ سعودیه‌ و شۆڕشەکەی رۆژهەڵات و ئێران‌

پەیسەر

شیکاری: رەنج نەوزاد

چەند ساڵێکە پەيوەندييەکانی سعوديە و وڵاتانی کەنداو لەگەڵ چين فراوانتر و زیاتر دەبێت. سەردانەکەی سەرۆکی چين بۆ سعودیه‌ لە چەند ڕۆژی ڕابوردوو یەکێک بوو لە نيشانەکانی ئەو نزيکبوونەوەیە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفريقيا نزيکبوونەوەیەکی زۆر بەدی دەکرێت لەگەڵ چين. هەر ئێستا ئەمريکا هەوڵە دبلۆماسی و ئابوورييەکانی خۆی خستووەتە کار لە ئەفريقيا بۆ سنووردانان بۆ هەژموونی چين و ڕووسيا لەوێ، بەڵام چاودێران پێيانووایە هەوڵەکانی ئەمريکا جارێ زۆر جدی و کاريگەر نين.


نزيکبوونەوە لە چين لێکدانەوە و گريمانە و سيناريۆی زۆر هەڵدەگرێت. لێرەدا تەنيا ئاماژە بە یەک گريمانە دەکەم، ئەويش سەردانەکەی سەرۆکی چين بۆ سعودیه‌ و زیادبوونی پەيوەندييەکانی سعودیه‌ و کەنداو لەگەڵ چين، لە پەيوەنديدا بە هەڵوێستی ئەمريکا بەرامبەر بە شۆڕشەکەی ڕۆژهەلات و ئێران. دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی سياسی لە لایەن محه‌مه‌د خەليفە لە ئيماڕات و تەميم لە قەتەر و محه‌مد سەلمان لە سعودیه‌، هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەوەی پێی دەوترێت بەهاری عەرەبی، ئەو دەوڵەتانەی کەنداو لەژێر سەرکردایەتی ئەو سەرکردە تازانە، هەوڵی پەيرەو کردنی سياسەت و تێڕوانينێکی نوێ دەدەن. سياسەت و تێڕوانينێکی سەربەخۆيخوازانە و هەژموونخوازانە، ئەو سەرکردانە خەونی گەورەیان هەیە. ئەوان جگە لەوەی تا ڕادەیەک متمانەیان بە ئەمريکا لاواز بووە، هاوکات نايانەوێت وەک پەراوێزێکی ئەمريکا سياسەت بکەن. نزيکبوونەوە لە چين دەکرێت یەکێک بێت لە پەيامی ئەو دەوڵەتانە بۆ ئەمريکا، کە ئيتر ئەوان بە ويستی خۆیان سياسەت دەکەن نەک بە ويستی ئەمريکا.


بێگومان ئەمريکا ئاگاداری ئەو سياسەت و ڕەوتە نوێيە هەیە لە کەنداو. دەکرێت یەکێک لە کارتە فشارە هەرە بەهێزەکانی ئەمريکا بۆ ئەو دەوڵەتانە، بە تايبەت بۆ سعودیه‌، بريتی بێت لە هەڕەشە و هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا. دەکرێت هۆکارێکی ئەوەی کە ئەمريکا وا دەردەکەوێت پشتگيری ڕووخاندنی ئاخوندەکانی ئێران ناکات، ئەوە بێت کە دەيەوێت ئێران وەک کارتێکی فشاری کاريگەر بەرامبەر سعودیه‌ بمێنێتەوە. بە تايبەت حووسيەکانی یەمەن، هەڕەشەیەکی جدی و بەردەوامن بۆ سەر سعودیه‌. چونکە دواجار، ئەگەر سعودیه‌ ڕووبەڕووی قەيڕانی ئەمنی و ئاسایشی نەتەوەیی ببێتەوە، ئەوا دەبێت پەنا بباتە بەر ئەمريکا، نەک چين. چين تا ئەمرۆش ئامادە نييە دەستتێوەردانی سەربازی بکات، جگە لەوەی دەستتێوەردانی سەربازی لەو شێوەیە دەکرێت هەر لە توانای چين نەبێت. با تايبەت کە چين هەميشە هەوڵدەدات هاوسەنگيەک ڕابگرێت لە نێوان پەيوەندييەکانی خۆی لەگەڵ هەر یەک لە سعودیه‌ و ئێران. سعووديە زیاتر لە ڕووی جيوئيکۆنۆميکەوە بۆ چين گرنگە، ئێران زیاتر لە ڕووی جيوپۆلەتيکەوە. دەکرێت لە ئايندەدا، ئەگەر چين بيەوێت هەژموونی سياسی و سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەسپێنێت، ئەوا ئێران بۆ چين گرنگترە نەک سعودیه‌. بەڵام لە ئێستادا سعودیه‌ بۆی گرنگترە. بۆ ئێران، گرنگترين دەوڵەت، چينە.


ئەمريکا مەبەستيەتی کارتێکی فشاری بەهێزی هەبێت بەرامبەر ئەو دەوڵەتە عەرەبيانەی کەنداو، چونکە گۆڕانکارييەکانی ناو ئەو دەوڵەتانە، لەم ١٠-١٥ ساڵەی دوایی، گۆڕانکاری گەورە و فرە ڕەهەندن، دەکرێت لە ئايندەدا سەربکێشیت بۆ دوورکەوتنەوە لە ئەمريکا و چوونە پاڵ چين و ڕووسيا. گرنگە ئاماژە بەوە بدرێت، ئەم گريمانەیە زیاتر بۆ ئايندەیەکی مامناوەند یان دوورە، لە ئێستادا و تا ئايندەیەکی نزيکيش، هەژموونی ئەمريکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کەنداو، رکابەری نييە. هەژموونی ئەمريکا لە کەنداو، تەنيا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنامەی سياسی و ئابووری و لایەنی دبلۆماسی نييە، بەڵکو زیاتر لەسەر بنەمای سەربازی و لایەنی ئەمنييە. بەهێزترين سوپا لە کەنداو، سوپای ئەمريکایە. چين بەو هەنگاوە ئابووری و دبلۆماسيانە، ئەستەمە بتوانێت پێگەی ئەمريکا لەق بکات لە ناوچەکەدا، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت چين لە دە ساڵی ئايندە، جگە لەو هەنگاوانە، ئامرازی ڕەق و سەربازیش بەکاربهێنێت.


ئەم گريمانەیە، ڕاستەوخۆ دژی بەرژەوەندی شۆڕشەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، بەڵام ئەگەر شۆرشەکە بەردەوام بێت و فراوانتر و توندتر بێت، ئەوا ئەمريکا جگە لە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکە، هيچی تری پێناکرێت. مەبەستم لەو گريمانەیە ئەوە بوو، چاوەڕوانی کردنی ئەمريکا کە هەوڵبدات ئاخوندەکان بروخێنێت، لەوانەیە چاوەڕوانييەکی هەڵە بێت. ئاخوندەکانی لاواز بوونە، دەکرێت تەنيا بە فاکتەری ناوخۆ بروخێنرێن.