جیهان

07:48 - 25/12/2022

پوتین هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌كات‌

پەیسەر

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، ڕۆژی یەکشەممە، متمانه‌ی تەواوی خۆی دەربڕی کە هێزەکانی وڵاته‌كه‌ی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی ئەمریکی لەناو دەبەن، کە ئەمریکا دابینی دەکات بۆ ئۆکرانیا.

پوتین وتی "لەسەدا سەد" دڵنیایە کە سوپای ڕووسیا ئەو سیستەمە پاتریۆتە "لەناودەبات" کە واشنتۆن بۆ کیێڤ دابین دەکات.

لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی ڕوسیا-١ لە چاوپێکەوتنێکدا کە کورتە کلیپێکی لە تەلەفزیۆنی گشتی پەخشکرا، پوتین لە وەڵامدا وتی "بێگومان ئێمە (بە دڵنیاییەوە) لە سەدا سەد لەناوی دەبەین!"

لە چاوپێکەوتنەکەدا پوتین ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ململانێی ئۆکرانیا، ئاماژەی بەوەشکرد ئامانجی ڕووسیا یەکخستنی گەلی ڕووسیایە .

وتیشی: "پێموایە ئێمە بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕۆین، بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و گەلەکەمان دەکەین، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لە پاراستنی هاووڵاتیانمان".

 ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە چارەسەری قبوڵکراو، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە ئەوانەوە، ئێمە ئەوانە نین کە دانوستان ڕەتدەکەینەوە، بەڵکو ئەوانن کە ڕەتیدەکەنەوە.

ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوەدا کە بنەمای ململانێکان لە ئۆکرانیا "سیاسەتی نەیارانی جیۆپۆلەتیکی ئێمەیە کە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی ڕووسیای مێژووییە ".

پوتین ئاماژەی بەوەدا کە ڕووسیا، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا دەدات بە شێوەیەکی ئاشتیانە.