کوردستان

03:05 - 22/01/2019

پارتی بەداواكاریەكی گۆڕان دەربارەی دەزگایەكی ئەمنی رازی بووە‌

پارتی رازی بووە، بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی ئەمنی لە ئەنجومەنی ئاسایش و ئاسایشی هەولێر و سلێمانی وەربگرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان داواكاریەكی بزوتنەوەی گۆرانی قبوڵ كردووە بۆ پێدانی پۆست لەناو ئەنجومەنی ئاسایش و بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەرێم و ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی سلێمانی.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، داواكارییەكەی گۆڕان پەیوەندی بەوەوە هەیە كە دەیەوێت چاكسازی لەو دامەزراوانە بكات و سیمای حزبی تێیاندا كاڵبكاتەوە و وەك دامەزراوەی نیشتمانی دوور لە بەرژوەندی حزبی و بۆ بەرژوەندی گشتی كاربكەن.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژەی بەوەشكردووە، گۆران كێشەی لەگەڵ كاری ئەو دامەزراوانە هەبووە و پێی وابووە زۆرجار بۆ مەبەستی تر بەكاردەهێندرێن بۆیە پێویستە چاكسازیان تێدا بكرێت.

رازیبوونی پارتی بەو داواكاریەی گۆڕان لەكاتێكدایە پێشتر پارتی و یەكێتی رازی نەبوون هیچ لایەنێك لە دەزگا ئەمنیەكانی هەرێم هەبن و وەك دامەزراوەی حزبی تایبەتی خۆیانیان سەیر دەكردن.