لامەرکەزی ئیداری وەکو سیستەمێكی ترسناک لە هەرێمدا

09/04/2019

نەشاد عومەر

کاتێک سیستەمی لامەرکەزی دەچێتە نێو پلان و داواکارییەکانی پارتی و یەکێتی و دەبێتە پێش مەرج و فشاری ئەم دوو هێزە بۆ ڕێکەوتن، کاتیک لامەرکەزی دەچێتە سەر مێزی گفتوگۆکانی ئەم دوو حزبەو وەکو کارتی فشار بەکار دەهێنرێت و ئەم دوو هێزە دەیانەوێت پۆست و پارەی زیاتری پێ وەرگرن، کاتێک دانیشتوانی هەرێم گیریان خواردووە بە دەست کۆمەڵێک سیاسی پارتی و یەکێتییەو ئەوان خاوەنی هێز و دەسەڵاتن، ئەوا لە ڕاستیدا ئەم سیستەمە لەوە دەکەوێت سیستەمێکی بەهەشت ئاسا بێت بۆ دۆخئ ئەمڕۆی کوردستان ، لە بارێکی وادا سیستەمەکە دەبێتە سیستەمێکی ترسناک کە جێبەجێکردنی هێندەی سیستەمی مەرکەزی خەوش و مەترسی بۆ هەریم هەیە.

ئەگەر چی ئەو ڕاستییە دەزانین کە دۆخی سیاسی و ئابوری ئەمڕۆکەی کوردستان پێویستی بەوەیە کە دەسەڵاتە ئیداریی و داراییەکان  بە تەنها لە دەستی کەسێک یان گروپێک کۆنەبێتەوە، واتە لە بەرژەوەندی دانیشتوانی هەریم نییە کە هەموو دەسەڵاتە ئیداری و داراییەکان بە تەنها لە پایتەخت بێت و سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان  بە تەنها خاوەنی دەسەڵات بن و هاوڵاتی لە دورترین شوێنی هەرێمەوە بە تەنها بۆ  واژوویەک پێویست بێت لەسەری مامەڵەکەی بنێرێت بۆ پایتەخت و  و یەکە ئیدارییەکانی خوارەوەش سەرەڕای ئەوەی کە هەڵبژێردراوی خەڵکن، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکیان نەبێت، بەم شێوەیە  بە زۆر مانا سیستەمی لامەرکەزی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان  سیستەمێکی پەسەندترەو  ئەوەی عەدالەت دەگەڕێنێتەوە بۆ خزمەتکردنی دانیشتوان سیستەمی لامەرکەزی ئیدارییەو ئەوەی کە لە خەونی دیکتاتۆری ڕزگارمان دەکات تەنها خێر و بێری سیستەمی لامەرکەزی ئیدارییە، ئەمە جگە لەوەی کە ئێستا ئەو سیستەمە ئیدارییەی هاوشانە لەگەڵ سیستەمی سیاسی دیموکراسی، لامەرکەزی ئیدارییە ، نەک مەرکەزی و بە‌هێز کردنی دەسەڵاتی ناوەند.

ئێمە ئەگەرچی ئەو ڕاستییە دەزانین و  لە باش و خراپییەکانی هەردوو سیستەمی مەرکەزیی و لامەرکەزی تێدەگەین و بە ئەزموونی چەندین ساڵی سیستەمی مەرکەزی هەرێم گەشتووین بەو ڕاستییەی کە هەرێمی کوردستان سیستەمی لامەرکەزی پێویستە، بەڵام لە ڕاستیدا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا سیستەمی لامەرکەزی ئیداریش ناتوانێت ببێت بەو خێر و بێرەی کە خودی سیستەمەکەی لە دونیادا بۆ دروست کراوە، واتە بە بوونی دو هێزی خاوەن دەسەڵاتی وەکو یەکێتی و پارتی لە هەریمی کوردستان ناتوانین بە ئاسانی بگەین بەو دەرئەنجامەی کە سیستەمی لامەرکەزی دەبێتە سیستەمی عەدەلاتی ئیداریی و دارایی بۆ هاوڵاتیانی هەریم.

پارتی و یەکێتی وەکو هەموو کایەکانی تر لە هەریم توانیویانە سیستەمی لامەکەزیش بەو هەموو باشییەی خۆیەوە بکەنە سیستەمێکی هەرە ترسناک کە بە جێبەجێکردنی لە هەرێم بە سادەیی مەترسی گەورە بۆ داهاتووی هەریم دروست بکرێت ، چونکە لە ڕاستیدا ئەگەر ئەم سیستەمە بە شێوە جیهانییەکەی و بێ زیاد کردنی یاسای تر و گۆڕینی شێوازی داڕشتنی سیستەمەکە، ئەوا دوور نییە لە هەر کاتێکدا بێت پارتی و یەکێتی سود لە بوونی وەها سیستەمێک وەر بگرن بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان و بە تەواوی بە یاسایی کردنی دۆخی دوو ئیدارەیی، ئێمە کە تا ئێستاش لە بەردەم مەترسییەکانی دوو ئیدارەیدا بین ئەوا گومانی تێدا نییە بەردەوام لەبەردەم مەترسی سیستەمی لامەکەزیشدا دەبین وەکو سیستەمێکی ترسناک بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان لە نێوان پارتی و یەکێتی . 

ئەم دوو هێزە هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە مەترسیدا بێت و یاخود ناکۆکی سیاسی لەسەر پۆست و پارە بکەوێتە نێوانیان ئەوا پەنا بۆ هەڕەشەی دابەشکردنی کوردستان دەبەن و بوونی سیستەمی لامەرکەزیش لە دۆخێکی وادا لە خزمەت پرۆسەی دابەشکردنی هەرێمی کوردستاندا دەبێت. 

پارتی و یەکێتی  کاتێک داوای سیستەمی لامەرکەزی ئیداری دەکەن ئەوا لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەریمی کوردستان نییەو داواکاری شتێکی لەو چەشنەیان نییە کە دەسەڵاتی زیاتر بدریت بە یەکە ئیدارییەکان ، بەڵکو داوای ئەوان لەسەر ئەو بنەمایەیە کە دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە مەڵبەند و لقەکانیان ، کاتێک " یەکیتی " لە ناوەند دەسەڵاتی نییە ئەو خوازیاری ئەوەیە لامەرکەزی ئیداری پەیڕەو بکرێت چونکە لەو ڕێگایەوە دەیەوێت بە هۆی یەکە ئیدارییەکانی خوارەوە دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت ، کاتێک"  پارتی" دەسەڵاتی لە ناوەند زۆرە ، ئەو خوازیاری سیستەمی مەرکەزییە، چونکە لەو ڕێگایەوە دەیهەوێت دەسەڵاتی زیاتری بەسەر هەموو ناوچەکاندا هەبێت، کاتێک دۆخەکانیشیان پێچەوانە دەبێتەوە ئەوا دیسان داواکاریەکانیان بۆ سیستەمی مەرکەزی و لامەرکەزی دەگۆڕێت.

ئەگەر خاوەن سیستەمی لامەکەزی بین ئەوا بۆ نموونە لە شوێنێکی وەکو دهۆک کە پارتی حاکمی یەکەمە هەموو شتێک بە ویستی پارتی دەکرێت و هەرچی لایەنی ترە لەو شوێنە بە تەواوی فەرمۆش دەکرێن ، پارتی دەتوانێت لەو شوێنە هەموو پۆستە ئیدارییەکان لە کەسانی خۆی پڕ بکاتەوەو لەو کاتەدا سروشتی سیستەمەکە وایە کە نە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و نە بۆ پەرلەمان و بۆ خۆی چی تەماحێکی هەبێت لەو ناوچەیە بە ئاسانی دەتوانێت بیکات ، بە هەمان شێوەش لە سلێمانی بۆ نموونە یەکێتی دەتوانێت حکومەتێک بۆ خۆی دروست بکات و بە سود وەرگرتن لە پارەو هێز شارەکە بە تەواوی لە ناوچەی جوگرافی هەرێم داببڕێت و بێ ئەوەی کەس مافی لێپرسینەوەی لێی هەبێت ڕەنگا دەرگا بۆ هەموو شتێکی خراپ بکاتەوە تە دەگات بە دابڕانی شارەکەو بەشکردنی هەرێمیش ، بەم شیوەیە ئیدارە لە سلیمانی جۆریک دەبێت و لە دهۆکیش شێوازێکی تر و یەکگرتووی هەرێمیش بە ئاسانی دەکەوێتە بەر مەترسی بەردەوامی ئەم دوو هێزە و دۆخەکە وای لێدێت کە هەرێم بەردەوام لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەی دوو ئیدارەیی و دابەشکردن و هەڵوەشانەوەی قەوارەکەیدا دەبێت. 

لەبەر ئەوە سیستەمی لامەرکەزی ئیداری هیچ کاتێک ناتوانێت وەڵامی داخوازی خەڵک بێت و هیج کات ئەو سیستەمە دیموکراسییە نییە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە ، هەتا پارتی و یەکێتی بەم مۆدێلەوە لە هەریم بوونیان هەبێت، هەتا پارتی و یەکێتی لە چەکەکانیان دانەماڵێنرێن و هەتا ئەم دوو هێزە خاوەنی ئەو سەرکردایەتیانە بن کە ئێستا هەن و یان لە ئەگەری کەمدا هەتا لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمەکەدا مەترسییەکانیشی حسابی بۆ نەکرێت ، ئەوا سیستەمی لامەرکەزی بە لانی زۆرەوە سیستەمێک نییە کە لە مەرکەزی باشتر بێت و بە ڕادەی مەرکەزییەت مەترسی هەیە.