پریشكی ئاگری شەڕی واشنتۆن و تاران لە بەغدا

01/05/2019

یاسین تەها

بڕیاربوو لە دەسپێكی ئەم وەرزە نوێیەی یاسادانان لە سەرەتای ئازاری 2019 یەكەم پرۆژە یاسا بۆ تاوتوێكردن، مەسەلەی دەركردنی هێزەكانی بیانییەكان "بەتایبەت ئەمەریكییەكان" بێت لە عێراق، لەمبارەیەشەوە لەكۆتایی وەرزی یەكەمدا هاوپەیمانێتی سائیرون (54 كورسی) لەگەڵ كۆمەڵێك پەرلەمانتاریتری لیستەكانی شیعە، پرۆژەیەكی ئامادەكراویان لەسەر مێزی سەرۆكایەتی پەرلەمان دانا، لەكاتێكدا بۆ خستنە بەرباسی هەر پڕۆژەیەك تەنها 10 ئیمزا پێویستە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ.


 بەدوای ئەوەشدا میدیای حیزبوڵڵا ئاشكرای كرد سەدر و قاسم سلێمانی و هادی عامری لە بەیروت گەیشتوونەتە لێكگەشتنێكی بەرایی بۆ یەكخستنی هەڵوێستیان لەسەر ناچاركردنی سوپای ئەمەریكا بۆ بە جێهێشتنی عێراق، بەڵام وا پەڕلەمانی عێراق لەم خولە نوێیەدا 15 دانیشتنی گرێداوە كەچی خۆی لەو بابەتە هەستیارە لا دەدات كە جگە لە ناكۆكی و كێشمەكێشی ناوخۆیی پەیوەندی زۆریشی بە دۆخی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و بە  ئێرانیشەوە هەیە و قسەیەكیش هەیە كە ئەو بابەتە بە یەكجاریی لابرابێت لە ئەجێندای كۆبوونەكانی پەرلەمان.


فەرماندەكانی عێراق نایشارنەوە لە ئێستادا پێویستی زۆریان بە ئەزموون و توانای ئەمەریكی هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەكانی داعش،  فەریق عەبدولئەمیر یارەڵڵا كە شیعەیە و لە ناسراوترین فەرماندەكانی سوپای عێراقە ئەمەی بە ئاشكرا راگەیاند، بۆیە زۆرێك لە بۆچوونەكان بەلای ئەوەدان كە مەسەلەی " دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا" یەكێكە لە كارتەكانی گوشار بۆ سەر واشنتۆن لەلایەن تارانەوە و بەشێكە لە زنجیرەی بەریەككەوتنەكانی نێوان ئەو دوولایەنە كە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو هەڵكشان و ئاڵۆزی دەڕوات، بەڵام لەم دۆسیەیەدا سەیر ئەوەیە لەبری فەتح و بەدر و عەسایب كە حەشدی وەلائی سەر بە ئایەتوڵڵا خامنەیین، لیستەكەی سەدر لە سۆنگەی دوژمنایەتی ئەمەریكاوە رێبەرایەتی ئەم هەوڵە دەكات لەكاتێكدا زۆرجار دانوی لەگەڵ ئێران ناكوڵێت، ئەمەش دەرفەتێكی هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بە پرۆژەیەكی عێراقی بدرێتە قەڵەم، نەك بەشێك لە خواست و پێداویستییە ئەمنییەكانی تاران كە وەها دەخوازێت چەك و جبەخانەكانی ئەمەریكا دووربن لە سنوورەكانی یان بە تەنگەتاوكردنی یاسایی ئەو هێزانە داوای نرخی بەرامبەر لە واشنتۆن بكات. 


دۆسیەی هێزە بیانییەكان تاقە ڕووبەر نین بۆ پێكدادانی سیاسەتەكانی ئێران و ئەمەریكا لەسەر خاكی عێراق، جگە لەوەش دۆسیەی گازی سروشتی و سوتەمەنی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەمدواییانە بونەتە تەوەری سەرەكی گفتوگۆ و دڵەخورتێی قووڵ لە ناوخۆی عێراق، چونكە لە مانگی ئایارەوە قۆناغی سەرەكی و كۆتایی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە، عێراقیش بازاڕێكی كراوە و بێ سانسۆری كاڵای ئێرانییە بە تایبەت گازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە باشوری عێراق لەگەڵ بەنزین و گازوایل بۆ دابینكردنی پێداویستی بازاڕی عێراق لە سوتەمەنی. 


ڕاپۆرتە رۆژنامەوانی و سیاسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەمەریكییەكان چیتر بەغدا نابەخشن لە گەمارۆكان و پەنا دەبەنە بەر سیاسەتی "یان لەگەڵمدایت یان دژی منیت"، بۆ چارەسەری كێشەكانی بازاڕی عێراقیش بە گوشاری ئەمەریكا دەروازەكانی عەممان و ڕیاز و ئەبوزەبی و كوەیت بەڕووی عێراقدا واڵا كراون تا ببنە بەدیلی تاران، بەڵام كەم نین ئەو گروپە عێراقییە كاریگەرانەی ئەمەیان پێ قبوڵ ناكرێت و گوشار و هەڕەشە دەكەن بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە بەشێك لە سزاكانی سەر ئێران بەوپێیەی سزای ئەمەریكین و نێونەتەوەیی نین، بەتایبەت ئەو گروپە شیعانەی كە مان و ژیانیان بەستراوەتەوە بەمانەوە و باڵادەستی تاران. 


حەیدەر عەبادی زۆر ڕوون بوو كاتێك بەئاشكرا رایگەیاند " لەبەر بەرژەوەندی عێراق پابەندین بە گەمارۆكانی سەر ئێران"، بەڵام لەسەر ئەم قسەیەش سەری خۆی دانا و لە كورسی دەسەڵاتەوە چووە سەر جادەی ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنە و بۆڵە بۆڵكردن، بەڵام وا دیارە ئێستا عەبدولمەهدی كە لە بنەڕتەوە تۆمەتبارە بە نزیكایەتی تاران جیاواز لەوەی پێش خۆی دەیەوێت جۆرێك لە باڵانس رابگرێت و بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێت كە نە " شیش بسوتێت نە كەباب". عەبدولمەهدی لەپاش ڕیاز چووە تاران و ژمارەیەك رێككەوتنی لەگەڵ بەرپرسە ئێرانییەكان ئیمزاكرد لە بوارە جۆربەجۆرەكان، بەڵام لە سەردانەكەیدا كۆنگرەی رۆژنامەوانی ساز نەكرد و دەوترێت لەسەرجەم گرێبەستەكاندا باسی ئەوەی كردوە بۆ ئێرانییەكان ئەوان بە مەرجێك پێوەی پابەند ئەبن كە نەبێتە زیان و باری قورس بۆ بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیجییەكانی عێراق بەتایبەت ڕاكێشانی هێلی شەمەندەفەر و پێكەوە گرێدانی ئێران و سوریا لەرێگەی خاكی عێراقەوە كە باوەڕ وەهایە بۆ تەواوكردنی پرۆژەی هیلالی شیعەیە.


ڕەنگە عەبدولمەهدی بتوانێت لە ئاستی سیاسی و پەیوەندی دیپلۆماسیی و ئابووریشدا هەوڵی ڕاگرتنی باڵانس بدات لە نێوان ئێران و ئەمەریكادا بەو پێیەی هێندەی نزیكایەتی لە ئێرانییەكانەوە سەروساختە و دۆستایەتی لەگەڵ رۆژئاواییەكانیش هەیە بەتایبەت ئەمەریكا، بەڵام هێشتا ڕوون نییە تا چەند ئەتوانێت خۆی بەرامبەر ئەو گروپە شیعانە ڕابگرێت كە بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە لێ ناگەڕێن بە بەرچاویانەوە ئێران بە دەردی برسێتی و هەژاری و لەژێر باری سەختی گەمارۆدا بەهیلاكەتدا بڕوات.