ئەسپەکەی تەڕوادە و پاژنەی ئەخێل

29/06/2019

ئارام قادر حەمەسور

لەفیکردا چەند چیرۆک و ڕووداوێک هەن، بەردەوام لەگەڵ ڕۆژگاردا خۆیان دووبارە دەکەنەوە یان هاومانای ئەو چیرۆک و ڕووداوانە وەردەگرن. لەفیکری سیاسییدا ئەسپەکەی تەڕوادە و پاژنەی ئەخێل مانا و ڕەهەندی سیاسیی وەردەگرن.

هۆمیرۆسی یۆنانی لە کتێبی (ئیلیادە و ئۆدیسە)دا چیرۆکی ئەسپەکەی تەڕوادە دەگێڕێتەوە. ئەسپارتە یۆنانییەکان بۆ ماوەی دە ساڵ شەڕیان لەگەڵ قەڵای تەڕوادە کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. دواتر ئەسپارتە یۆنانییەکان ئەسپێکی گەورەیان لەدار درووستکرد و پڕیان کرد لە جەنگاوەری ئازای خۆیان، ناردییان بۆ تەڕوادە. دواتر پادشای تەڕوادە ڕازی کرا بە وەرگرتنی ئەسپەکە. ئەسپە لە دار درووستکراوەکەیان هێنایە ناو قەڵاکە، دواتر جەنگاوەرانی ئەسپارتە لە ئەسپەکە هاتنە دەر و دواتر تەواوی قەڵای تەڕوادەیان گرت. بەمەش فێڵی ئەسپارتەکان سەرکەوت و ئەسپەکەی تەڕوادە بوو بەڕەمزی فێڵ و سەرکەوتن.

ئەسپەکەی تەڕوادە لەفیکری سیاسییدا هێمایە بۆ بردنەوەی سیاسیی لەڕێگەی فێڵ و بەکارهێنانی هێزێک یان کەسێک بۆ سەرکەوتن بەسەر نەیارەکاندا.

پاژنەی ئەخێل ئەفسانەیەکی گریکییە و ئاماژەیە بۆ خاڵی لاوازی کەسێک یان دەزگایەک، لەم ڕێگایەوە بە تێچوونێکی کەم دەکرێت کەسەکە یان دەزگاکە لاواز بکرێت. ئەخێل جەنگاوەرێکی ئەسپارتەی یۆنانییە و دایکی بەکۆرپەیی دەیخاتە ڕووبارێکی سیحرییەوە تا پارێزراوبێت، ئەخێل دەبێتە سەربازێکی ئازاو لەشەڕەکاندا ناکوژرێت و ناپێکرێت. لەکۆتاییدا و لەشەڕی تەڕوادەدا سەربازێکی تەڕوادەیی زانیاری پێ دەگات و خاڵی لاوازی ئەخێل دەزانێت، دەزانێت ئەخێل کاتێک دایکی خستویەتییە ناو ڕووبارە سیحرییەکەوە ئاو بەر پاژنەکانی پێی نەکەوتووە، چونکە دایکی پاژنەی ئەخێلی گرتووە تا ئاوەکە نەیبات. لەبەر ئەمە پاژنەی ئەخێل نەکەوتۆتە ژێر کاریگەری ئاوە سیحرییەکە و خاڵی لاوازە. سەربازەکە لەپاژنەی ئەخێل دەدات و دەیخات، بەمەش ئەخێلی سیحراوی لەشەڕدا دەکەوێت.

ئەم ئەفسانەیە ھێمایە بۆ لێدانی نەیارەکان لەڕێگەی دیاریکردنی خاڵی لاوازەوە، لەم ڕێگایەوە بە ئاسانی دەتوانرێت بەرامبەر لاواز بکرێت. لە فیکری سیاسییشدا پاژنەی ئەخێل پێمان دەڵێت بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی دەسەڵات بەئاسانی دەبێت خاڵی لاوازی دەسەڵات دیاری بکرێت. 

لەناو دونیای سیاسیی ئێمەشدا دەکرێت ئەم دوو ڕێگەیە پەیڕەو کرابن و پەیڕەو بکرێن. بینیمان زۆر لەهێزه سیاسییەکان ئەسپێکی تەڕوادەیان لەناو هێزەکانی تردا هەبووە، ئەم ئەسپە لەکاتی پێویستدا بەکارهاتووە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان لەکەدارکردنی هێزەکە. لەم بوارەدا پارتی دیموکرات توانیویەتی زۆرترین ئەسپی تەڕوادەی هەبێت لەناو هێزەکانی تردا، هەموو هێزەکانیش لەڕووی دەسەڵات و کورسیی پەرلەمان بچووکترن لەپارتی،  بۆیە پارتی ئێستا بۆتە گەورەترین هێزی سیاسی.

بەڵام تەواوی هێزەکانی تر نەیان توانیوە یان نه‌یانوێراوه‌ پاژنەی ئەخێلی پارتی دیموکڕات بپێکن، پارتی  پاژنەی ئەخێلی زۆری هەیە، بەڵام تەواوی هێزەکانی تر توانای پێکانی ئەم خاڵە لاوازانەیان نەبووە، یان لەبەر بەرژەوەندی سیاسی نەوێراون دەست بۆ ئەم پاژنانە بەرن کە خاڵی لاوازن.

بەگشتی دەسەڵات سەرکەوتووانە توانیویەتی ئەسپەکەی تەڕوادە بەکاربێنێت دژی نەیارەکانی دەسەڵات، بەڵام هێزە نەیارەکانی دەسەڵات لە پێکانی پاژنەی ئەخێلی دەسەڵات شکستیان هێناوە.