باسه‌ركرده‌كانی جیهان كاربكه‌ن

10/12/2018

نادیە موراد

دەکرێت گۆڕانکاری لە شتی زۆر بچووکەوە دەستپێبکات کە هەرپێشبینی نەکرێت. من تێگەیشتووم ئەوە حەقیقەتە، چونکە ژیانم لەماوەی چرکەساتێکدا گۆڕا. لە ساتەوەختێکدا من کچی جوتیارێک بووم، کە لە لادێیەکەی خۆمان لە باکووری عێراق دەچوومە قوتابخانە، بەڵام دواتر بوومە کۆیلەی سێکسی لەلای داعش، و لەلایەن چەکدارەکانەوە خاوەندارێتی دەکرام. 

ژیانی ئارامیی من بەتەواوی وێران بوو، چونکە بیروباوەڕی ئاینی من لەلایەن گروپێک لە پیاوەوە بە بیروباوەڕێکی پلەدوو لەقەڵەم دەدرا و ئەوەی خۆیشیان بە ئاینێکی باڵا دانابوو. داعش خاوخێزانەکەمی کوشت و دەستگیریکردم، ڕووبەڕووی دۆخێکی تۆقێنەربوومەوە کە هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد و هیچ کاتێک نەمدەتوانی خۆڕاگربم و تاوەکو دەهات هەستم بە دڕندەیی زیاتر دەکرد.

چیرۆکەکەی من جیاواز نییە. من تەنها کچێکی ئێزدی نیم. تیرۆری داعش بەسەر هەموماندا داباری. تەنها لێزمە بارانێک نەبوو، بەڵکو زریان و تەرزەبوون کە ڕوویان کردە کۆمەڵگاکەم، و هەموو شتێکیان خاپوور کرد. بەپێی پلانێکی وردو درشت: داعش پلانی ڕیشەکێشکردنی ئێزدییەکانی هەبوو. داعش پلانی جینۆسایدێکی هەبوو. 

کاتێک هاتن بۆ لادێیەکەی من، پێموانیە کە هیچ کەسێک لەوبڕوایەدا بووبێت کە پلانی ڕیشەکێشکردنی هەموو ئێزدییەکانیان هەبووبێت لە عێراق. من کچێکی گەنج بووم، هەرلەبەرئەوەیە کە دەکرێت تازەپێگەیشتووەکان تێگەیشتنێکی زیاتریان هەبووبێت لەبارەی ئەوەی کە چی ڕوودەدات، بەڵام پێموایە هێشتا ئەوانیش لەوە تێنەگەیشتبوون. تەنانەت ئێستاش، خۆم سەرم سوڕماوە لە دۆزینەوەی ئەو ڕاستیەی کە چی ڕوویداوە. سەختترین بابەت کە قبووڵکردنی زۆر سەختە ئەوەیە کە جیهان تەماشای ئێمەی دەکرد و هیچی نەکرد. 

جیهان لەوە تێگەیشتبوو کە کۆمەڵگای ئێزدی لەژێر هێرشدایە – من ئەوە دەزانم چونکە دەمبینی تازەپێگەیشتووان پەیوەندییان بە خەڵکی وڵاتانی دیکەوە دەکرد. ئێمە هەواڵەکانمان لەسەر تەلەفزیۆن بینی بەرلەوەی وەکو ئەوەی ئاژەڵێک بۆسەر بڕین پەلکێش دەکرێت بەوشێوەیە لەماڵەکانمان پەلکێش بکرێین. بەڵام هێشتا کەس نەهات بەفریامانەوە.

بەڵێ، سەرۆک ئۆباما بڕیاری هێرشی ئاسمانی لەدژی داعش دەرکرد، و هێلیکۆپتەرەکان خۆراکیان فڕێدا بۆسەر چیای شنگال، بەڵام ئەوانە ڕێگر نەبوون لەو جینۆسایدەی ئەنجامدرا. کاتێک تەماشای ڕابردوو دەکەم، گەیشتوومەتە ئەو دەرئەنجامەی کە هیچ کەسێک پەرسیارێتی ڕاستەوخۆی هەڵنەگرت لە پاراستنی ئەو پێکهاتە بچووکەی کە بوویە قوربانی توڕەیی داعش. هەربۆیەشە ئەگەر هەست بە پەرسیارێتی نەکەیت، ئەوا هیچ کاردانەوەیەکت نابێت. 

من لە خێزانێکی گەورەدا بووم، کە خۆشەویست بووین، و لە 20 کەس پێکهاتبووین. ئێمە بەسادەیی دەژیاین، بەڵام دڵخۆشبووین، و لەگەڵ ئەو دراوسێیانەشماندا هەڵماندەکرت و گونجابووین کە ئێزدیش نەبوون. زۆر سەختە بەلامەوە کە بیر لەو ڕۆژە خۆشانە بکەمەوە، چونکە دەزانم هەرگیز خێزانەکەم یەکناگرێتەوە، داعش دایکم، و شەش برا و چەند برازا و زۆرێک لە خوشکەزاکانیان کوشتم. 

زۆر سەخت بوو بەلامەوە کە بڕیار بدەم چیرۆکەکەی خۆم باس بکەم، هیچ کەسێک نایەوێت ئەو تۆقاندن و ڕووداوە ترسناکانە بە ئاشکرا باس بکات. من بڕیارمدا کە قسە بکەم، چونکە بڕوام وابوو کە جیهان پێویستە ڕاستییەکە بزانێت و ئامانجم بەدیهێنانی دادوەرییە. من ویستم داعش بەرپرسیار بکرێت. ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەوە بەدی بهێنین، بەهەموو ئەو بەڵگانەی کە هەن و ئەو سیستمە دادوەرییەی کە هەیە، کەواتە ئێمە گڵۆپی سەوزمان بۆ ئەو گروپانە داگیرساندووە. 

لەکاتی ڕاکردنمدا، لەوبڕوایەدابووم کە جیهان تەنانەت ئاگاداری ئەو ڕووداوە تۆقێنەرانە نەبووە کە بەسەر کۆمەڵگاکەی ئێمەدا هاتووە. پێموابوو ئەگەر ئه‌وه‌یان بزانیایه‌، ئەوا سەرکردەکانی جیهان کاردانەوەیان دەبوو و ئێزدییەکان ڕزگار دەکران. بەداخەوە، بەوشێوەیە نەبوو. 
ڕزگاربوون بەمەبەستێکی دیکە بەدیهات و لەناچاریدابوو. من گەشتم بۆ جیهان کرد بۆ داواکردنی عەدالەت، داوام لە سەرکردەکانی جیهان کرد یارمەتی ئەو ئێزدییانە بدەن کە هێشتا ماونەتەوە و پێویستییەکی زۆریان بە پشتیوانی هەیە. داخوازییەکانم بەدیهێنران بە دەربڕینی هاوسۆزی، بەڵام کارێکی کەم ئەنجامدرا. زیاتر لە سێ هەزار ژنی ئێزدی هێشتا لەژێر دەستی داعشدان. زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئێزدی لەبارودۆخێکی زۆر خراپ و سەختدا دەژین لە کامپەکانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەبێ بوونی پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان. 

ئێزدییەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شنگال بەڵام داعش هەموو شتێکی وێران کردووە. ئێمە داهاتوویەکی ڕۆشنمان بۆ منداڵەکانمان دەوێت، بەڵام هەرگیز ناتوانین ئەوە بەدی بهێنین مەگەر شنگال (نیشتمانی ئێزدییەکان) دووبارە بنیاتبنرێتەوە. تەنانەت ئێستاش، داعش لە چەند ناوچەیەک خۆی ڕێکدەخاتەوە، بۆنمونە لە لیبیا. 

شتێکی نادادوەرانەیە ئەگەر بڵێین لەدوای دەربازبوونمەوە هیچ شتێک نەگۆڕاوە. زۆرێک لە حکومەتەکان دانیاننا بە جینۆسایدی ئێزدییەکانیاندا، کە ئەوە شتێکی بچووک نییە. هەندێک پێشکەوتنی سنووردار لەسەر ئاستی واقعی ئەنجامدراوە. بەڵام پێویستییەکی خێرا هەیە بۆ یارمەتیدانی جدی مرۆیی. چیتر دەربڕینی هاوسۆزیم ناوێت. دەمەوێت سەرکردەکانی جیهان کاربکەن. پشتگوێخستنێکی ئارام و بەدینەهێنانی جیاوازی مایەی قبووڵکردن نییە. 

هەندێجار خەڵکی پرسیار دەکەن کە بۆچی من پڕۆژەی دەستپێشخەری نادیەم دەستپێکردووە. بۆئەوەبووە کە گۆڕانکاری دروستبکەم، بۆهەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. ئاواتی من ئەوەیە ٢٠١٩ ئاشتییەکی تەواو بۆ ناوچەکەمان بێت و ژیانی خەڵکی ئێمە بگۆڕێت. بەڵام لەوەش تێگەیشتووم کە ئەو هیوایە مەترسیدارە.

چەندین ساڵ دەبێت تا ئێستا، ئێزدییەکان تەنها هیوایان هەبووە، کە جیهان کاردانەوەی هەبێت، کە بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان، هیوای ئەوەیان هەبووە کە خزمەتگوزاری تەندروستیان هەبێت و منداڵەکانیان فێربکرێن و بخوێنن. بەڵام هیوا ڕۆژێکی بەسەرچوونی لەسەرە. 

پێموایە دەتوانین ئێمە ئەو هیوایە بپارێزین، ئێمە دەتوانین شنگال بنیاتبنێینەوە و هاووڵاتیانی ئێزدی بچنەوەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئەوە ئەرکێکی زۆر سەخت نییە، بەڵام بۆ بەدیهێنانی پێویستە تەماشای ڕابردوو بکەین بزانین چ شتێک دابەشمان دەکات. با هیوا و ئاواتەکانمان یەکمان بخات. با مرۆڤایەتی یەکمان بخات. 

گۆڕانکاری دەکرێت ڕووبدات و لە چرکەساتێکدا ڕووبدات. هیوای من ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە ٢٠١٩دا ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە بێت کە لە ٢٠١٤دا ڕوویدا، کە ساڵی جینۆسایدی ئێزدییەکان بوو.
نادیە موراد لەگەڵ دکتۆر دێنیس موکوێگێ براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە بۆ ٢٠١٨. دواهەمین کتێبی لەژێر ناونیشانی "دواهەمین کچ: چیرۆکی دەستبەسەرکردنم، و جەنگی من دژی داعش" لەلایەن کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی ڤیراگۆ بڵاوکراوەتەوە.