دیکتاتۆرەکانی ئەفلاتون و کۆمەڵگەی وەهمەکان

23/12/2018

ئارام قادر حەمەسور

بێگومان ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون بابەتێکی فیکریی سیاسیی قووڵە و گرنگە. ئەفلاتون لە کتێبی (کۆمار) لەسەر زمانی سوکڕات باسی ئەشکەوتێک دەکات، کە چەند کەسێکی تێدا دەژیاو لە منداڵییەوە مل و قاچیان بە زنجیر بە یەکتر بەستراوەتەوە و ناتوانن بجووڵێن، تەنیا بەشێکی ئەشکەوتەکە دەبینن کە بەرامبەر خۆیانە. لە پشتی کەسەکانەوە ئاگرێک هەیە، لە نێوان کەسەکان و ئاگرەکەشدا چەند داهۆڵێک هەیە کە هەندێ جار دەجووڵێن، کەسەکان بە هۆی ڕووناکیی ئاگرەکە سێبەری داهۆڵەکان دەبینن لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە نەک سێبەری خۆیان، بەڵام بڕوایان بەم سێبەرانە هەیە و بە حەقیقەتی دەزانن.

یەکێک لەو کەسانەی ناو ئەشکەوتەکە زنجیرەکەی دەپسێنێت و دەچێتە دەرەوەی ئەشکەوتەکە و خۆر و دەوروبەری حەقیقی دەبینێت، دواتر دەگەڕێتەوە ناو ئەشکەوتەکە و باسی حەقیقەتی واقیع دەکات، ئامۆژگاریان دەکات و باوەڕی  وایە هەمووان لە وەهمدا دەژین و تەنیا خۆی خاوەنی حەقیقەتی ڕەهایە. هەمووان سێبەرەکان دەبینن نەک حەقیقەتی شتەکان، باوەڕی وایە هەمووان لە هەڵەدان و نەزانن.

ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون لە ڕووی سۆسیۆلۆژیاوە دوو دیمەنمان لە واقیعدا نیشان دەدات:
یەکەم تا ئێستاش بەشێکی کۆمەڵگە بڕوای بە وەهم و سێبەرەکان هەیە، بەشێکمان نەک هەموومان وەهم پەرستین و سێبەرەکان بەڕاستی دەزانین و شەڕیان بۆ دەکەین، وەک وەهمە سیاسییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم، سیاسییەکانی کورد چارەکە سەدەیەکە وەهمی دیموکراسیی و ئازادی و عەدالەت و دەوڵەتی کوردیی نیشانی کۆمەڵگە دەدەن، تا ئێستاش بەشێکمان خەریکی ئەم وەهم و داهۆڵە سیاسییانەین، چونکە لە واقیعدا ئەم بنەمایانە بوونیان نیە. چەندین وەهمی تری دینی و سیاسیی و ئابووری ئاڕاستەی خەڵک دەکەن، ئەو وەهمانە بۆ دیماگۆجییەتن و سیاسەتی پڕاگماتیزمی دەسەڵاتن. بەڵام ئەوە هەمووان نین کە وه‌هم و سێبەرەکان دەبینن بەڵکو بەشێکن.

دووەم لە ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوندا ئەو کەسەی زنجیر دەپسێنێت و دواتر دەگەڕێتەوە و خۆی دەکاتە خاوەنی ڕاستیی ڕەها و ئەوانی تریش بە نەزان دادەنێت. وەک سەید قوتب لە کتێبی (مەشخەڵی ڕێ) گوتی: گۆمەڵگە جاهیلە! ئەفلاتون خۆی ئەرستۆکڕات بوو بەردەوام ڕقی لە دیموکراسیی بوو، باوەڕی وا بوو کە دەبێت نوخبەی کەمینەی ڕۆشنبیر و فەیلەسووفان حوکمی ئەوانی تر بکەن، چونکە ئەوانی تر نەزانن. ئەمەش حوکمڕانی دیکتاتۆریی فەیلەسوفانە. لێرەدا وێنای فەیلەسووف وەک ئەو کەسەیە کە زنجیرەکە دەپسێنێت و ئازاد دەبێت و ئەوانی تر بە نەزان دەزانێت. ئەشکەوتەکە بابەتێکی ئەپستمۆلۆژی و سیاسیی و دینییشە، بۆیە دەبینین لە ڕووی دینییەوە بەشێکی پیاوانی دین دێن و ئەوانی تر بە نەزان دەزانن. ئەزموونی ڕێکخراوی قاعیدە و داعش بەنمونە.

لە ڕووی سیاسییەوە ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون وێنای درووستبوون و ڕەوایدان بە دیکتاتۆریی دەدات، ستالین و هیتلەر و سەدام و هاوئاوازەکانیان دەچنە ناو ئەو بابەتە. کەسێک خۆی بەڕاستی ڕەها دەزانێت و ئەوانی تر بە نەزان و کەم دادەنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی دیکتاتۆریی دینی و سیاسیی لەناو کۆمەڵگەدا.

ئێمە تا ئێستاش بەشێکمان مەستبووین بە وەهمەکان، ناسیۆنالیزمی کوردیی جۆرێکی وەهم بووە و دەسەڵات بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاری هێناوە، ڕیفراندۆم تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بوو لەڕابردوودا لەم ڕووەوە. لێرە خۆسەپێن و هێز و کەسی سیاسییمان هەیە و کۆمەڵگە بەناو ئەشکەوتەکە دەزانێت و خۆی بە فریادڕەسی سیاسیی کۆمەڵگە و دەزانێت، سڵ لە کوشتنی ڕەخنەگران و دەنگە ئازادەکانیش ناکاتەوە. ئەمە مەترسییە گەورەکەی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتونە، ئەفلاتون خۆشی ئارەزووی لە دیکتاتۆریی فەیلەسووفان بوو لە حوکمڕانییدا، چونکە ڕەوایی دەدات بە دیکتاتۆرییەت. 

بەڵام لە کۆتاییدا زۆربەی دیکتاتۆرەکان و خۆبەخاوەن حەقیقەتە ڕەهاکان دەبنە قوربانی خۆسەپێنییەکەیان، وەک نیچە گوتی: حەقیقەتی ڕەها و یەقین مرۆڤ دەکوژێت. چونکە زۆرکات ئەوەی بەیەقین و خۆسەپاندن دەستی پێکردووە بە گومان و لەناوچوون کۆتایی هاتووە. مێژووش پڕە لە تەرمی خاوەن حەقیقەتە ڕەها و خۆسەپێنەکان، ئەو حەقیقەتانەی بەناوی دین و ناسیۆنالیزم بەزۆر کرابوون بە یەقین. ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون پڕە لە دیکتاتۆر، ئەوەی سنوری ئەم دیکتاتۆرانە دیاریدەکات هۆشیاریی کۆمەڵگەیە. تەمەنی دیکتاتۆرەکان بەندە بەبەتاڵکردنەوەی وەهمەکان. دیکتاتۆرەکان لەکۆمەڵگەی هوشیاردا زوو ماسکەکان و وەهمەکانیان بەتاڵ دەکرێتەوە.

بە حەقیقەت زانینی وه‌هم و سێبەرەکان لای بەشێکی کۆمەڵگە بوونی هەیە، دیکتاتۆریی و خۆسەپێنی سیاسیی و ئایدۆلۆجییش لە مێنتاڵیتی دەسەڵاتدا بوونی هەیە. ئەوەی هاوکێشەکە ڕاست دەکاتەوە هۆشیارییە.