ڕاپۆرتی جیهانی

11:18 - 11/06/2019

"كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ کۆیلەیەک بڕوای به‌ ئازادیی کۆیلەکان نەبێت"‌

پەیسەر

هێریەت توبمان، ئەو کاتەی چاودێری منداڵێکی ساوای سپی پێستی ده‌كرد و شەو و ڕۆژ له‌ باخچەی ماڵە دەوڵەمەندێکی سپی پێستدا كاری دەکرد، هێشتا تەمەنی پێنج ساڵ بوو. تا مۆڵەتی وەرنەگرتایا نەیدەتوانی لە خواردنی خانەدانە سپی پێستەکان بخوات.

جارێکیان به‌بێ مۆڵەت لە کێکی کچی خاوەنەکەی خوارد هەڕەشەی لێکرا، ئەویش لە ترسان ماڵەوەی جێهێشت و بە شێوەیەک ڕایدەکرد کە خۆی لە ناو چاڵێکی گەورەدا بینییەوە و برینداربوو. چەند ڕۆژێك لە دەرەوە مایەوە، بەڵام بێخواردنی و شەکەتیی وایلێکرد جارێکیتر بگەڕێتەوە بۆ ماڵی خاوەنەکەی.

خاوەنەکەی زۆری لێدا و ئەشکەنجەی دا. بێگومان ئەو ئەشکەنجەدانە کاری سپی پێستەکان بوو لە بەرامبەر ڕەشپێستەکان، بۆ ئەوەی لە ناوسیستمی کۆیلایەتیدا بیانتوێننەوە و کۆیلەبوونی خۆیان قبوڵبکەن. بەڵام هێریەت توبمان بەو ئەشکەنجەیە فێری ئەوەبوو، ئەگەر جارێکیتر هەڵات نەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماڵە و دەستپێکی هەڵگیرسانی شۆڕشێکی مرۆییانه‌ و بیری ئازادی و دادپەروەریی لە ناخیدا بوو.

هێریەت توبمان ساڵی ١٨٢٢ لە ویلایەتی مێریلاندی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا لە خێزانێکی کۆیلە لەدایکبوو. منداڵی و گەنجێتی توبمان لە ماڵی خێزانە دەوڵەمەند و خانەدانە سپی پێستەکان تێپەڕی. ئەویش وەک ڕەشپێستەکانی تر بێجگە لە کارەکەری و کاری قوڕسی ناو باخچەکان مافێکی دیکەی نەبوو. دوای ئەو ڕووداوەی کە لە منداڵیدا بە سەریداهاتبوو، ترسێکی گەورەی لێنیشتبوو و لەبەرامبەر ستەم و زۆرداریی سپی پێستەکان بێدەنگ بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا هزری سەرهەڵدان لە ناخیدا قوڵپی دەدا.

لە تەمەنی ٢٩ ساڵیدا لەگەڵ جۆن توبمان، کە بەڵگەی ئازادی لە کۆیلایەتی لە گیرفانیدابوو، بەڵام بە دڵ و مێشک هێشتا خزمەتکاری خانەدانە سپی پێستەکان بوو، هاوسەرگیری کرد. کاتێک هێریەت توبمان باسی ئازادی و مافی ڕەشپێستەکانی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەکرد، ڕووبەڕووی توورەیی دەبووەوه‌. هاوسەرەکەی کە لەلایەن خاوەنە سپی پێستەکەیه‌وه‌ ئازادکرابوو و بەڵگەی ئازادییەکەی لە گیرفانیدابوو، هەموو کاتێک پشتگیریی لە خانەدانە سپی پێستەکان دەکرد و پێی دەگوت، ئەگەر لە سەر ئەو هەڵوێستانەت بەردەوامبیت بە گەورەم دەڵێم و لێت جیادەبمەوە، ئەویش لەبەرئەوەی ئەزموونە ڕەش و تاڵەکەی پێش هاوسەرگیریی دەهاتەوە یادی، خۆی بێدەنگ دەکرد.

هێریەت توبمان، هەرچەندە لەگەڵ (جۆن) دا لە چاو ڕابردوو هەستی بە ئازادی دەکرد، بەڵام متمانەی بە کەس نەبوو. سپێ پێستەکانی دەوروبەری هێشتا بە چاوی کۆیلەیەک لێیان دەڕوانی، لە هەر هەڵسوکەوتێکی ئازادانەدا ڕووبەڕووی رەخنەی توند ده‌بووه‌وه‌ و ژیانێکی سنوورداری هەبوو.

لە ویلایەتەکانی باکووری ئەمریکا بارودۆخەکە له‌ ویلایه‌ته‌كانی دیكه‌ جیاوازبوو. لەوێ کۆیلایەتی شەرمێکی گەورە بوو. ڕێز لە ڕەشپێستەکان دەگیرا. بەو هۆیەش ڕەشپێستەکان بە ڕێگای نایاسایی و بە نهێنی بەرەو باکوور هەڵدەهاتن.

هێریەت بڕیاریدا ویلایەتی مێریلاند، زێدی لەدایكبوونی، سەرزەمینی بیرەوەرییە تاڵەکانی جێبهێڵێت. ئەو ڕۆژە هات و بەڕێکەوت دارستانە چڕەکانی بڕی، ڕووبار و گردە بەرزەکانی په‌یكرد، بە ڕۆژ خۆی دەشاردەوە و بە شەویش بەرەو ئەستێرەکانی باکوور هەنگاوی دەنا و خۆی گەیاندە ویلایەتی پەنسلڤانیا.

هێریەت توبمان لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت، سنورم تێپەڕاند، ئازادبووم، بەڵام لە وڵاتە ئازادەکەدا کەسێک پێشوازی لێنەکردم. لە وڵاتێکی بیانی، بێگانه‌بووم، ماڵم لە باشوور بوو، بیرم لەوێ بوو، باوک و دایک و برا و خوشک و دۆستەکانم جێهێشتبوو. من ئازادبم پێویستە ئەوانیش ئازاد بن، یەکەم بیرکردنەوەم ئەوەبوو خانوویەک بدۆزمەوە و کارێک بکەم و هەوڵبدەم خێزانەکەشم بهێنم، بەڵێ دوای ساڵێک هەوڵمدا و توانیم خێزانەکەم لە باشوور ڕزگار بکەم.

گەڕانەوە بۆ باشوور و ئازادکردنی ڕەشپێستەکان
دوو ساڵ بە سەر هەڵاتنه‌كه‌یدا تێپەڕی، بەڵام ڕەشپێستە ئازادەکە بە نهێنی گەڕایەوە بۆ ویلایەتی مێریلاند و سەردانی (جۆن توبمان)ی هاوسەری کرد، بینی ئەو پیاوەی وایدەزانی لەلایەن خاوەنەکەیەوە ئازادکراوە، دیسان هاوسەرگیری کردووه‌.

هێریەت توبمان بڕیاریدا بە نهێنی لە مێریلاند بمێنێتەوە و بۆ دەربازکردنی ڕەشپێستەکان بۆ ویلایەتە ئازادەکان تێبکۆشێت. دوای هەوڵێکی زۆر گروپێکی لە ڕەشپێستەکان پێکهێنا و بڕیاریاندا ٢٥ ڕەشپێستی کۆیلە ڕزگاربکەن. ژمارەیەک چەکیان کڕی و ئەو کەسانەیان کۆکردەوە و بەرەو ویلایەتەکانی باکوور بەڕێکەوتن. لە ڕێگادا چه‌ند كه‌سێكیان بەهۆی شەکەتی و برسییەتییه‌وه‌ توانایان نەما، هەرچەندە دەیانزانی باجی هەڵهاتن ئەشکەنجەدان و لێدان و هەندێک جاریش کوشتنە، بەڵام داوای گەڕانەوەیانکرد و هەڕەشەی کوشتنیان لە هێریەت توبمان کرد، بەڵام ئەو کۆڵی نەدا و دروشمی "یان مردن یان ئازادی" ووتەوە و سەرەنجام ئەوانی دەربازکرد.
 
هێریەت توبمان لە ساڵی ١٨٦١ لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا پەیوەندی بە سوپای باکوورەوە کرد. لە سێ چالاکی جیادا بە سەرپەرشتی خۆی، توانیان (١٥٠٠) ڕەشپێست کە لەلایەن سپی پێستەکانەوە بە کۆیلە کرابوون، ڕزگار بکەن.


ڕەشپێستە دڵ سپییەکەی ئەمریکا، تا دواساتەکانی ژیانی دەستی لە خەبات لەپێناو یەکسانی و دیموکراسی و مافی ژنان بەرنەدا و لە ساڵی ١٩١٣ لە تەمەنی 90 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

هێریەت دەڵێت، هەستمان بەوەدەکرد، کۆیلایەتی بەو ڕادەیە سیستماتیک کرابوو، کاتێک ده‌مانویست ڕەشپێستێک لە کۆیلایەتی ڕزگاربكه‌ین، خۆی بڕوای بە ئازادی کۆیلەکان نەبوو و وایدەزانی بۆ کۆیلایەتی لەدایکبووە.