چاوپیکەوتن

10:47 - 02/09/2019

کوشتنی دوو پۆلیسە تورکەکە، ڕووداوێکی سیاسی نەبوو‌

پەیسەر

شەڕی نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" و سوپای تورکیا کە لەدوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی  لە ساڵی ٢٠١٣دا دەستیپێکردەوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣دا عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە پەیامێکی بۆ میتینگی نەورۆزی ئامەد نارد و تێیدا باسی لە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا کرد. دانوستانەکان بە ناوەندگیری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" نزیکەی دوو ساڵ بەردەوام بوو. بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا حکومەتی تورکیا خۆی لە پرۆسەکە دوورخستەوە و لەدوای تەقینەوەکانی ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ی میتینگی هەدەپەی ئامەد و تەقینەوەی ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٥ی ناوچەی سوروچی ڕوحا، دانوستانەکان بە تەواوی ڕاگیران. بەڵام کوشتنی دوو پۆلیسی حکومەتی تورکیا لە ٢٢ی تەمموزی هەمان ساڵ نەک پرۆسەی ئاشتی پەکخست، بەڵکو بووە ئەگەری دووبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا.

هەرچەندە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا، گەریلاکانی پەکەکەیان وەک بەرپرسی کوشتنی دوو پۆلیسەکە لەقەڵەمدا، بەڵام پەکەکە تۆمەتەکانی ڕەتکردوەوە و ڕایگەیاند، حکومەت دژی ئاشتیە و ئەو ڕووداوە پیلانێکی حکومەتە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی تێکبدات. لەدوای ئەو قۆناغەوە و تا ئێستا شەڕ بەردەوامە.

لەبارەی ئەو ڕووداوەوە لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا باسی لە ڕووداوی کوشتنی دوو پۆلیسەکە کرد و گوتی "ئەو کاتە عێزەدین کوچوک پارێزگاری پێشووی ڕوحا پێی ڕاگەیاندووە، ڕووداوەکە بە هیچ شێوەیەک سیاسی نییە".

لەیلا گوڤەن دەڵێت، دوای ڕووداوەکە ژمارەیەک هاوڵاتی دەستگیرکران و لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕوحا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و لێدان بوونەوە و بەهۆی ئەوەوە گوڤەن پەیوەندی بە بەڕێوبەری پۆلیسەوە کردووە و داوای لێکردووە هاوڵاتیان ئەشکەنجە نەدەن، بەڵام بەڕێوەبەری پۆلیس پێی گوتووە، "دوو پۆلیسمان کوژراوە، قابیلە گوڵیان پێشکەش بکەین". بەو شێوەیە دانی بەوەدا ناوە کە هاوڵاتیانیان ئەشکەنجە داوە.

پارێزگاری ئامەد چۆن باسی ڕووداوەکەی کردووە؟
دوای ئەوەی لەیلا گوڤەن لە ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان دڵنیابووەتەوە، پەیوەندی بە عێزەدین کوچوک پارێزگاری پێشووی ڕوحاوە کردووە و داوای لێکردووە، دەستوەردان بکات و ڕێگا لە ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان بگرێت.

گوڤەن بەم شێوەیە باس لە پەیوەندی تەلەفۆنی خۆی و پارێزگاری پێشووی ڕوحا دەکات: "پەیوەندیم بە پارێزگارەوە کرد و پێم راگەیاند، لە زیندانەکاندا ئەشکەنجەیەکی زۆر هەیە و بەڕێوەبەری پۆلیسیش دانی پێداناوە، ئەمەش تاوانە و نابێت قبوڵ بکرێت.

 

عێزەدین کوچوک گوتی، "پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پۆلیسەوە دەکەم و ئەگەر ئەشکەنجەدان هەبێت قبوڵی ناکەم. خۆم بەدواداچوون دەکەم و لەبارەی کوشتنی دوو پۆلیسەکەشەوە ڕووداوەکە سیاسی نییە. دوو پۆلیسەکە و پۆلیسێکی تر دەمەقاڵیان کردووە و شەڕیان کردووە و دواتر یەکێکیان چووەتە سەر ماڵی دووانەکەی تر و هەردووکیانی کوشتووە و رایکردووە. رووداوەکە بە هیچ شیوەیەک پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە.

کوشتنی دوو پۆلیسەکە بە سیاسی کرا؟
لەیلا گوڤەن ڕاشیگەیاند، کوشتنی دوو پۆلیسەکە بە سیاسی کرا و پەکەکە وەک بەرپرسیار نیشاندرا، ئاکەپە هەوڵی دەدا شەڕ دەستپێبکاتەوە. لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیراندا نەیانتوانی سەربکەون. لە ٧ی حوزەیرانەوە تا ٢ی تشرینی دووەم دەستیان کرد بە شەڕ بۆ ئەوەی بتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا کە لە ١ی تشرینی دووەمدا دووبارەکرایەوە، دەنگی نەتەوەپەرستەکان بەدەستبهێنن.

ڕێ لە بەرقەراربوونی ئاشتی دەگرن
لەیلا گوڤەن ئاماژەی بەوەدا، هەرکاتێک ئیرادەی ئاشتی لە تورکیا زیاد دەبێت، ئەو لایەن و هێزانەی لەسەر شەڕ و ئاڵۆزی دەژین پلان دادەڕێژن و پرۆسەکە لەباردەبەن. ڕووداوەکەی جەیلان پناریش هەمان شتە و بۆ لەباربردنی پرۆسەی ئاشتی بوو. لە ساڵی ٢٠١٣دا بەڕێز ئۆجەلان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە پرۆژەیەکی گرنگی پێشکەش کرد. لەدوای پرۆسەی ئاشتی لە نەوەدەکانەوە پرۆسەی ئاشتی ٢٠١٣ بە گرنگترین هەوڵەکانی ئاشتی دادەنرێت و هیوایەکی گەورەی لە دڵی خەڵکی تورکیادا دروستکرد، بەڵام حکومەت پرۆسەکەی تێکدا.

پێویستە ڵێکۆلینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت
لەیلا گوڤەن لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت، "بە بۆنەی یەکی ئەیلول ڕۆژی ئاشتی جیهانیەوە، دەتوانین بڵێین هەرچەندە زۆرجار شەڕی گەورە لە جیهاندا ڕوویداوە، بەڵام بە ئاشتی چارەسەرکراون، ئێمەش کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین و ئەم جوگرافیایەش تینووی ئاشتیە، پێویستە هەوڵەکانمان زیاتر بکەین و تێبکۆشین. وەک ئۆجەلان دەڵێت، پێویستە هاوشێوەی گاندی کار بکەین و بە خەباتێکی مەدەنی چیمان لەدەست دێت بیکەین، هەوڵی بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئازادی دەدەین.