چاوپیکەوتن

05:38 - 10/09/2019

پرسی ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ ئەمریکا لە بڕیارەکانی ترەمپ گەورەترە‌

پەیسەر

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا تا کۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتیداوەتە ئەمریکا بۆ ئەوەی پرسی ناوچەی ئارامی ڕۆژئاوای کوردستان یەکلابکاتەوە و جارێکی دیکە هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کرد.

ئیلحان ئوزگەل پسپۆڕی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ماڵپەری دۆیچه‌ڤێلای ئەڵمانی باسی لە هەڕەشەکانی تورکیا و هەڵوێستی ئەمریکا کرد لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

دەقی چاوپێکەوتنی ئیلحان ئوزگەل...
ئەردۆغان لە ناوچەی ئارام چی دەوێت؟
بەرلە هەمووشتێک ئەردۆغان لە ڕووی دیپلۆماسیەوە هەڵە دەکات. ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و تورکیا دوای دانوستانێکی دوور و درێژ پێهێنرا. ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخەکەی دا. دوای رێککەوتنەکە هەڵوێستی تورکیا کە دەڵێت، "داواکاریەکانمان بەم شێوەیە نەبوو" لە رووی دیپلۆماسیەوە کارێکی زۆر هەڵەیە. ئەگەر ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی تورکیادا نەبوو بۆچی ئیمزایکرد؟ با بەرلە رێککەوتنەکە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامبدایه‌، تورکیا سوودێکی باشتری دەستدەکەوت. ناچارە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات و لە ئێستادا بەشداری لە ده‌وریە هاوبەشەکانیشدا دەکات.

تورکیا دەیزانی رێککەوتنەکە بۆ پاراستنی کوردانی ڕۆژهەڵاتی فوراتە. زانینی ئەوەش پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی قوڵ نییە. دوای ئەو هەموو شتە، هەڕەشەی 'هێرش دەکەین' هیچ واتایەک نادات. لە ڕووی تەکنیکی دیپلۆماسیه‌وه‌ کارێکی هەڵەیە. ئەگەر شتێک هەمووجارێك دوبارەبکرێتەوە و جێبەجێ نەکرێت، نرخی خۆی لەدەست دەدات. بەو شێوەتە تورکیا متمانە لەدەستدەدات. تورکیا ساڵێک زیاترە هەڕەشە دەکات و دەڵێت، 'شەوێک لەناکاو هێرش دەکەم'. بەوهۆیەوە تورکیا متمانەی نەماوە.

پرسی ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ ئەمریکا لە بڕیارەکانی ترەمپ گەورەترە
ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دڵی تورکیا نین. تورکیا زۆر ڕێگەی تاقیکردەوە و بەرپرسانی تورکیا سەردانی ترەمپیشیان کرد، بەڵام ئاشکرابوو پرسی ڕۆژهەڵاتی فورات لە بڕیارەکانی ترەمپیش گەورەترە. ئەو هەرێمەی کە (پەیەدە) لە باکووری سوریا دروستیکردووە لەناوبچێت هیچ سوودێک بە ئەمریکا ناگەیەنێت. ڕێککەوتنی ئەمریکا و باکووری سوریا هەڵبوەشێتەوە، ئەو سیاسەتەی کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١وە لە سوریا بەڕێوەیدەبات، دەڕووخێت. پرسەکە هەژموونی ئێران و مەترسی سەر ئیسرائیلیشە، لەبەرئەوە باکووری سوریا هێڵی سووری ئەمریکایە.

ئەگەر داواکاریەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات، ناوچەی ئارام بە دڵی تورکیا دروستدەكرێت
ئەمریکا نایەوێت شەڕ لەنێوان ڕۆژهەڵاتی فورات و تورکیادا بەرپاببێت. پەیەدە وەک هاوپەیمانی خۆی دەبینێت. نیگەرانیەکانی تورکیاش دەبینێت، بەڵام لەمە زیاتر ناتوانێت شتێک بۆ تورکیا بکات. لەوە زیاتر پێگەی کورد لە سوریا لاوازدەبێت. ئەمەش بە واتای شكستی سیاسەتی ئەمریکا دێت. هەرچەندە تورکیا هەندێکجار کارتی فشار بەکاردەهێنێت، بەڵام لە قۆناغێکداین لە ڕووی ئابووری و ستراتیژیەوە، تورکیا لە دۆخێکی لاوازدایە. تورکیا ناتوانێت به‌بێ ئەمریکا بچێته ‌ڕۆژئاوای فورات. پێویستە ئەمریکا واز لە بەرژەوەندیەکانی بهێنێت، ئەو کاتە تورکیا دەتوانێت کارێکی بەو شێوەیە بکات، لە ئێستادا دۆخێکی وا بەدیناکرێت.

بۆچی ئەمریکا کوردی وەک هاوپەیمان هەڵبژارد؟
ئەمریکا شەڕی دژی پەکەکە لە تورکیا بە ڕەوا دەبینێت، بەڵام بە تورکیا دەڵێت، سوریا خاکی تۆ نییە. لێرە من کێشەم لەگەڵ ئێران و ڕژێمی سوریا هەیە. تۆ لەگەڵ کوردانی تورکیا چۆن مامەڵە دەکەی بکە! تورکیا عێراق بۆردومان دەکات. هێرشەکانی بەرامبەر پەکەکە بەردەوامە. پارلەمانتارەکان زیندانی دەکات. قەیوم لەجێگەی سەرۆک شارەوانیەکان دادەنێت. بەڵام ئەمریکا هیچ ناڵێت و کوردانی سوریا وەک ستراتیژێکی خۆی دەبینێت.

پەیوەندیەکانی تورکیا و ڕووسیا چ کاریگەریەک لەسەر ستراتیژی ئەمریکا دادەنێت؟
لەسەرەتادا ڕژێمی ئەسەد دەیتوانی باکووری سوریا کۆنتڕۆڵبکاتەوە، بەڵام تورکیا بە ڕووسیای ڕاگەیاند، ئێوە ڕۆژئاوا و ئێمەش باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ده‌گرین. بەڵام تورکیا نەیتوانی پلانەکە جێبەجێبکات و ئەمریکا و کورد ڕۆژئاوا و باکووریان کۆنترۆڵکرد. دواتر به‌پێی ڕێككه‌وتنێك ڕووسیا ڕۆژئاوای فوراتی بۆ ئەمریکا جێهیشت.  کوردیش نەک تورکیا و رووسیا، دەیەوێت لەگەڵ ئەمریکا کار بکات. تورکیا نەیتوانی یاریەکی دوور و درێژ بکات. لەم دۆخەدا ئەگەر تورکیا هێرشێکی فراوان بکات خراپ بەسەریدا دەشکێتەوە.
ڕۆڵی تورکیا لە سوریا کۆتایی هاتووە؟
تورکیا کۆتایی بە پرسەکە ناهێنێت، بەڵکو خەریکە پرسی سوریا بەرەو کۆتایی دەچێت. دوو پرسی گرنگ هەیە. لە دوای ئیدلب سەرەی عەفرین دێت. رژێمی سوریا داوا لە تورکیا دەکا لە عەفرین بکشێتەوە. کاتێک هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە عەفرین نزیکبوونەوە، تورکیا پاشەکشێ دەکات. ڕژێمیش ڕازی دەبێت عەفرین ڕادەستی پەیەدە بکات. تورکیا هەم لە ئیدلب و هەم لە عەفرین دەکشێتەوە. تورکیا لەو نێوانەدا زیانی بۆدەمێنێتەوە و کێشەی سوریا بەو شێوەیە کۆتایی دێت.