ڕاپۆرتی کوردستانی

04:38 - 19/01/2019

شه‌ڕى باڵه‌كانى یه‌كێتى له‌سه‌ر پێكهاته‌ى شاندى دانوستانكار ساغ نابێته‌وه‌‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

یه‌كێتى دوایین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ پارتى بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆى حكومه‌تى هه‌رێم و چاره‌كردنى كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌، به‌ تیمێكى قه‌ره‌باڵغ به‌ڕێكرد، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى باڵه‌جیاوازه‌كانى پاش چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام بۆ پێكهێنانى شاندێك، ڤیتۆى پارتیش له‌سه‌ر چه‌ند ئه‌ندامێكى ئه‌وه‌نده‌ى دیكه‌ پێكهێنانى ئه‌و شانده‌ى له‌ یه‌كێتى قورستركرد، له‌ چوار كۆبوونه‌وه‌ى رابردوو یه‌كێتى به‌ چوار تیمى جیا له‌گه‌ڵ پارتى كۆبووه‌ته‌وه‌.

گرفتى سه‌ره‌كى بۆ پێكهێنانى شانده‌كه‌ له‌نێوان هه‌ردوو باڵى سه‌ره‌كى، ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ماڵى تاڵه‌بانییه‌، به‌وپێیه‌ى هه‌رلایه‌ك ده‌یه‌وێت زۆرترین ئه‌ندامانى شاندى دانوستانكار له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانى خۆیان بن، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسیش له‌وه‌ ده‌ترسن له‌ململانێى ئه‌و دووباڵه‌دا ببن به‌ژێره‌وه‌ بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ ئه‌ندامى شانده‌كه‌ بن، لاهور شێخ جه‌نگیش ده‌یه‌وێت ئه‌و ڤیتۆیه‌ى پارتى بشكێنێت و به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كان بكات، بۆیه‌ش له‌یه‌كه‌م و دوایین كۆبوونه‌وه‌ به‌شداریكردووه‌.

ئاماژه‌كانى پێكهێنانى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و حكومه‌تى نوێ خه‌ریكه‌ ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام یه‌كێتى هێشتا ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ى یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، یه‌كێتى یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى له‌ ١٧ی ١١ی ساڵی رابردوو پێنج ئه‌ندامى له‌ شاندى دانوستانكار به‌شداربوون، به‌ڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌م له‌ ١١ی ١٢ی ساڵی رابردوو و ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ى ١١ کەس بوون، حه‌وت رۆژ دواتر ١٨ی ئه‌و مانگه‌ شاندێكى پارتى سه‌ردانى سلێمانى كرد و له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتى به‌ جیا كۆبوونه‌وه‌.

رۆژى ١٨ی ١٢ی ساڵی رابردوو شاندى پارتى له‌ سلێمانى به‌ جیا سه‌ردانى یه‌كێتى و گۆڕانى كرد، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌ندامانى شاندى یه‌كێتى جیاوازبوون له‌ كۆبوونه‌وه‌ى پێشتر و بۆ شه‌ش ئه‌ندام كه‌م بوونه‌وه‌، كه‌ نوێنه‌رى باڵى ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ و نزیكه‌كانى به‌رهه‌م ساڵح و مه‌كته‌بى سیاسیشى لێبوون، له‌دواى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ماوه‌یه‌كى زۆرى ویست بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌ندامانى شاندى كۆبوونه‌وه‌كه‌ دیاریبكات.

دواى ٢٧ رۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سێیه‌م یه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ رێكنه‌كه‌وت، بۆیه‌ له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ى ١٤ی ئەم مانگە، به‌ ١٣ كه‌س به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ى كرد له‌گه‌ڵ پارتى و شاندێكى قه‌رەباڵغ بوون كه‌ له‌یه‌ك ریز جێگه‌یان نه‌بووه‌وه‌ له‌سه‌ر مێزى كۆبوونه‌وه‌کە، كۆسره‌ت ره‌سوڵ، ئه‌رسه‌لان بایز، سه‌عدى پیره‌، شێخ جه‌عفه‌ر، عومه‌ر فه‌تاح، ئاسۆ مامه‌ند، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، بافڵ تاڵه‌بانى، قوباد تاڵه‌بانى، لاهور شێخ جه‌نگى، شۆرش ئیسماعیل، حاكم قادر، عه‌دنانى حه‌مه‌ى مینا ئه‌ندامى شانده‌كه‌ بوون.

باڵه‌ جیاوازه‌كانى یه‌كێتى به‌هۆى ململانێكانیانه‌وه‌ له‌سه‌ر دیاریكردنى شاندێك رێكناكه‌ون بۆ دانوستانه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت و دابه‌شكردنى پۆسته‌كان، بۆیه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى به‌شدارى دانوستانه‌كان ده‌كه‌ن، پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى زانیبوو كه‌ رۆشتنى ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ لاى مه‌سعود بارزانى به‌ نوێنه‌رایه‌تى باوكى، نیگه‌رانى ماڵى تاڵه‌بانى و به‌شێكى مه‌كته‌بى سیاسى لێكه‌وتبووه‌وه‌ و گومانیان له‌سه‌ردانه‌كه‌ بۆ دروست بووبوو، بۆیه‌ دۆخى ئه‌و حزبه‌ به‌ جۆرێكه‌ ناتوانن شاندى دانوستانكار یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌ متمانه‌ له‌نێوانیان لاوازبووه‌.

ته‌نانه‌ت ئێواره‌ى ٨ی ئه‌م مانگه‌، كاتێك له‌ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى گفتوگۆ كرابوو بۆ پێكهێنانى شاندێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى، له‌نێوان به‌رپرسانى یه‌كێتى شه‌ڕو ده‌مه‌قاڵێ دروست بووبوو، نه‌گه‌یشتبوونه‌ ئه‌نجام، چونكه‌ پارتى داواى لابردنى دوو ناوى شاندى یه‌كێتى كردبوو كه‌ بە گروپی "١٦ی ئۆكتۆبەر" ناوی هێنابوون، ئه‌و دوو كه‌سه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵوێستى توندیان كردبوو.

هه‌روه‌ها رۆژى ١٣ی ئەم مانگه‌ ئه‌نجامدانى په‌یوه‌نییه‌کى ته‌له‌فۆنى له‌نێوان مه‌سعود بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، چونكه‌ ماڵى تاڵه‌بانى گومانیان هه‌بووه‌ كۆسرەت رەسوڵ عەلی و پارتی دیموكراتی كوردستان رێكکەوتنێكی ژێر بەژێریان هەبێت، لەسەر ئەندامانی شاندی دانوستانكاری یەكێتی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێوە.

هه‌روه‌ها ئێستا مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى له‌ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى دانوستانه‌كان و كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سیاسییه‌، پارتیش كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كان، مه‌سعود بارزانى له‌رێگه‌ى ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ى گه‌یاندبوو كه‌ هه‌وڵبدرێت مه‌لا به‌ختیار بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كان و ئه‌ندامى شاندى دانوستانكار بێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە، دەستی كەوتووە لەدوایین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا ماڵی تاڵەبانی و باڵی كۆسرەت رەسوڵ، ناكۆكییان هەبووە لەسەر دیاریكردنی ئەندامانی شاندی دانوستانكاری حزبەكەیان بۆ گەڕی كۆتایی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشنیاریكردووە، ئەندامانی بێلایەن كە لەهیچ لەو دووباڵە نەبن ئەندامی شاندەكە بن و لەلایەن مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتییەوە ناوی هەر كاندید و پرۆژەیەكیان پێدرا بیبەن بۆ شاندی دانوستانكاری پارتی، به‌ڵام پارتى پێناچێت به‌و شانده‌ رازى بێت چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتى لانابێت.

پێده‌چێت پێكنه‌هاتنى یه‌كێتى له‌ناوخۆیدا پارتى ته‌نگه‌تاو كردبێت، چونكه‌ ئه‌و حزبه‌ په‌له‌یه‌تى هه‌رچى زووه‌ كابینه‌ى نۆ له‌ دایك بێت، پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ پەیسەر ئه‌وه‌ى ئاشكراكردبوو كه‌ پارتى تا ١٥ی مانگ مۆڵه‌تى داوه‌ به‌ یه‌كێتى و داوایكردووه‌ په‌له‌بكات له‌ گفتوگۆكان ئه‌گه‌رنا پارتى دانوستانه‌كان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ بێ به‌شدارى یه‌كێتى، بۆیه‌ ١٤ی مانگ یه‌كێتى به‌ شاندێكى ١٣ کەسی سەردانی پارتی کرد.

هه‌روه‌ها مه‌سعود بارزانى له‌رێگه‌ى مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ په‌یامى ئه‌وه‌ى به‌ یه‌كێتى گه‌یاندبوو، كه‌ هیچ حزبێك كێشەكانی ناوخۆی نەهێنێتە ناو حكومەت، داواشی لێكردوون بە مەبەست پێكهێنانی كابینەی حكومەت دوانەخەن و هەموو لایەك بەرپرسیارانە ئامادەبێت بۆ دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

پێناچێت یه‌كلاكردنه‌وه‌ى شانده‌كه‌ بۆ یه‌كێتى هه‌روا ئاسان بێت، چونكه‌ هه‌رلایه‌ك تێده‌گه‌ن شانده‌كه‌ ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت تێبپه‌ڕێنێت به‌وجۆره‌ی كه‌ خۆى ده‌یه‌وێت و داواجار به‌ تێگه‌شتن له‌گه‌ڵ پارتى پۆسته‌كان و كاندیده‌كانیش یه‌كلایى بكاته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كان به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كانن له‌گه‌ڵ پارتى.