جیهان

07:06 - 23/01/2019

قاسم سلێمانی بۆچی بووە هۆی بۆردومانی سوریا؟‌

پەیسەر

بەهۆی فەرماندەی فەیلەقی قودسەوە ئیسرائیل باشوری سوریا بۆردوومان دەكات..
رۆژنامەی قودس بڵاویكردەوە 18ی ئەم مانگە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران سەردانی غاریەی رۆژهەڵاتی كردووە، بەوەش پێشێلی رێككەوتنی ئەمریكی- روسی –ئیسرائیلی كرد كە نابێت هێزەكانی ئێران و هاوپەیمانەكانی كەمتر لە 40 كیلۆمەتر لە سنوری ئیسرائیل نزیك ببنەوە.
رۆژنامەكە دەڵێت سەردانەكە زۆر بەنهێنی بووە و لەكاتژمێر 8ی شەو بۆ 10ی شەو ئەنجامدراوە، بەڵام ئیسرائیل پێی زانیوە، و بڕیاریداوە هێرش بكاتە سەر ئەو خانوەی كە سلێمانی تێدا نیشتەجێ بووە.
رۆژنامەكە دەڵێت، قاسم سلێیمانی لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاندووە كە روسەكان، نیو كاتژمێر پێش هێرشەكەی ئیسرائیل ئێرانیەكانیان ئاگاداركردۆتەوە لەنیازی هێرشی ئیسرائیلی، و بەهۆیەوە بەپەلە شوێنەكەی جێهێشتووە و دواتر ئیسرائیل ناوچەكەی بۆردومان كردووە، سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە كە بەهۆی كشانەوەی هێزەكانیان زیانیان بەرنەكەوتووە.
رۆژنامەكە دەڵێت كاتی سەردانەكەی قاسم سولەیمانی بۆ بەرەی باشوری سوریا هاوكاتە لەگەڵ باسكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا و دووبارە جێگیركردنەوەیان لەعێراق، هەروەها هەوڵی ئێران بۆ دروستكردنی بەرەیەكی نوێ دژی ئیسرائیل لە جۆلان پیشان دەدات ئەگەر تەلئەبیب هێرش بكاتە سەر تاران.