ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:33 - 18/04/2019

شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێران ڕوو دەدات؟‌

لە مێژووی ٤٠ ساڵ ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکادا هیچ کاتێک گرژییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە نەگەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا، چ ئەو کاتەی ئێران کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە تاران بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ بە بارمتە گرت و چ ئەو کاتانەشی لە لوبنان و سعودیە هێرشکرایە سەر بنکەکانی سوپای ئەمریکا و سوپای پاسداران بە پلاندارێژی هێرشەکان تۆمەتبارکرا.

بەپێی گێڕانەوەی هەندێک لە بەرپرسانی ئێران، ساڵی ٢٠٠٣ لە دوای هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لەو کاتەدا زۆر نیگەرانی ئەوەبوون لە دوای رووخانی بەعس، ئەمریکا هێرش بکاتەسەر ئێران، کەچی ئێستا لەگەڵ ئەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران قوڵتر بوونەتەوە و سوپای پاسداران لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە کەچی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە دووری دەزانن شەڕ ڕوو بدات، بە لە چەند مانگ عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی رایگەیاند خەیاڵی هەموو لایەک ئاسودەبێت هیچ جەنگێک ڕوو نادات، لە ئێستاشدا لە میدیاکانی ئێران و هەندێک لەو شرۆڤەکارە سیاسییانەی لە دەسەڵاتی ئێرانەوە نزیکن زۆر بە دووری دەبینن شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕوو بدات.

بەڵام ئایا چەندە ئەگەری ئەوە هەیە جەنگ ڕوو بدات؟
دۆناڵد ترەمپ ئەو کەسانەی لە خۆی نزیک کردووەتەوە کە زۆر بە دژە ئێران ناسراون، جۆن بۆڵتۆن ئێستا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکایە بەر لەوەی ئەو پۆستەکەی وەربگرێت بە ئاشکرا باسی ئەوەی دەکرد کە نابێت کۆماری ئیسلامی ٤٠ ساڵی تەمەنی خۆی تەواو بکات، مایک پۆمپیۆش هەروەها لە کەسایەتییە دژە ئێرانییەکانە و سەر بە رەوتێکی ئایینی مەسیحییە کە پێیانوایە مەسیح ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە هەموو جولەکەکانی جیهان بگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل، پۆمپیۆ تەنانەت لەم دوایانەشدا وتی خودا ترەمپی ناردووە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر مەترسی ئێراندا ئیسرائیل بپارێزێت.

پۆمپیۆ و بۆڵتن هەر دووکیان لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە نزیکن، جۆن بۆڵتن و رودی جولیانی کە پارێزەری تایبەتی ترەمپە لە ساڵانی رابردوودا لە کۆبوونەوەکانی رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێراندا بەشداریان کردووە و وتاری ئاگرینیان لە دژی ئێران داوە و پشتگیرییان لە موجاهیدنی خەلق کردووە، دەوترێت مایک پۆمپیۆش لە رەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشووی ئێرانەوە نزیکە و تەنانەت لە کۆنفڕانستی ڤەرشۆ دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساند لەڕێی سکایپەوە لەگەڵ هەندێک لە وەفدە بەشداربووەکانی وڵاتاندا قسە بکات، ئەمە جگە لەوەش جاروبار هەندێک لە کەسانی ناسراوی ناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەبینێت.

پێکهاتەی ترەمپ و بۆڵتن و پۆمپیۆ و پەیوەندی بۆڵتن و پۆمپیۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی وەبیرهێنەرەوەی پێکهاتەی جۆرج بووش و دیک چێنی و دۆناڵد رامسفێڵدن کە بڕیاری هێرشکردنەسەر عێراقیاندا، بەڵام ئایا هەر ئەم پێکهاتەیە و خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران بەسە بۆ ئەوەی پێمانوابێت ئەگەری جەنگ ئەگەرێکی جددییە؟

بەپێی ئەم هۆکارانە بە دوور دەزانرێت جەنگی ئەمریکا و ئێران هەڵبگیرسێت:
یەکەم: وەک هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە کەسایەتی ترەمپ کەسایەتییەکی شەڕخواز نییە، بەڵکو بازرگانێکە کە دەیەوێت بە دروستکردنی فشار دەستکەوتی دەست بکەوێت، ترەمپ کاتێک دژی جەنگی عێراق قسەی دەکرد لەبەر ئەوەی پێیوابوو ئەو جەنگە خەرجییەکی زۆری بۆ ئەمریکا هەبووە لە کاتێکدا دەستکەوتێکی ئەوتۆی نەبووە، ترەمپ لە کاتێکدا هەڕەشە دەکات و سزا ئابورییەکانی بۆ سەر ئێران گەڕاندەوە و رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی هەڵوەشاندەوە، کەچی هەموو جارێک دەڵێت ئامانجمان گۆڕینی رژێمی ئێران نییە و ئامانج گۆڕینی سیاسەت و هەڵوێستی ئێرانە و تا ئێستاش چەندین جار رایگەیاندووە ئامادەیە لەگەڵ رێبەر و سەرۆک کۆماری ئێران دابنیشێت.

ترەمپ پێشتریش زۆر بە توندی لە دژی کۆریای باکور قسەی دەکرد بەڵام کاتێک سەرۆکی کۆریا ئامادەبوو لەگەڵ ترەمپ دابنیشێت ترەمپ بە دڵخۆشییەوە دوو جار سەردانی رۆژهەڵاتی ئاسیای کرد بۆ ئەوەی چاوی بە سەرۆکی کۆریا بکەوێت و ئەمەشی لەناوخۆی ئەمریکادا وەک دەستکەوت بۆ خۆی لەناو رای گشتیدا دەفرۆشێتەوە، هەربۆیە بەپێی ئەم بۆچوونە ئامانجی ترەمپ ئەوەیە زۆرترین فشار دروست بکات تا ئەو کاتەی ئێران رەزامەندی نیشان دەدا بۆ دانووستان، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش رازی نەبێت دانووستان بکات ترەمپ نایەوێت بکەوێتە شەڕ لەگەڵ ئەو وڵاتە چونکە لەوانەیە خەرجی شەڕ لەگەڵ ئێران زۆر زیاتر بێت لە خەرجی شەڕی عێراق، هەربۆیە ترەمپیش ئامادەنییە ئەم خەرجە زۆرە بکات.

دووەم: روسیا و یەکێتی ئەوروپا و چین و زۆربەی وڵاتانی جیهان دژی بیرۆکەی هێرشی سەربازی ئەمریکان بۆسەر ئێران، ئەمەش بۆ ئەمریکا قورس دەکەوێت، بە تایبەت ئەگەر بێتو لەناو هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانیدا هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی بە ئاشکرا پشتگیری شەڕەکە نەکەن و تیایدا بەشدار نەبن.

سێیەم:   زۆر قورسە پێشبینی لێکەوتەکانی شەڕی ئێران بکرێت، ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە ماوەی سێ هەفتە رژێمی عێراقی رووخاند، بەڵام لەدوای رووخانی بەعس لە شەڕێکی قورسترەوە تێوەگلا بە بە نرخی کوژرانی زیاتر لە ٥٠٠٠ سەربازی ئەمریکا تەواو بوو، جگە لەوەش دەوترێت زیاتر لە تریلیۆنێک دۆلار خەرجی بۆ ئەمریکا هەبووە، لە ئیستاشدا پرسیاری ئەوە هەیە کە ئایا توانای سەربازی ئێران چەندەیە؟ ئەوەی کە ڕوونە ئێرانی ئێستا زۆر لە عێراقی ساڵی ٢٠٠٣ بەهێزترە، ئەگەر لە رووی سەربازیشەوە ئێران توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکای نەبێت، مەترسی ئەوە بۆسەر ئەمریکا هەیە کە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەلایەن گروپە ملیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە وەک حیزبوڵا و حەشدی شەعبی  بکەونە بەرهێرش، لەم حاڵەتەشدا روون نییە ئەمریکا تا چەندە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.

جگە لەوانەش لە ئەگەری سەرکەوتنی سەربازیشدا دیار نییە دوای رووخانی ئێران لەو وڵاتەدا چی ڕوو دەدات؟ ئەلتەرناتیڤەکان چین؟ ئایا لە دوای شەڕ دەتوانرێت بە ئاسانی ئەو وڵاتە سەقامگیر بکرێت؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە وەڵامدانەوەیان زۆر قورسە، هەر ئەمەش لەوانەیە وابکات کە ئەمریکا بە ئاسانی بیر لە بژاردەی سەربازی نەکاتەوە.

هەر سەبارەت بە لێکەوتەکانی شەڕەکە، ئێران وڵاتێکی زۆر گرنگترە لە سوریا، لە کاتێکدا لە شەڕی سوریا لەڕووی دەستێوەردانی دەرەکییەوە کەس ناتوانێت پێشبینی رووداوەکانی داهاتوو بکات، لە شەڕی داهاتووی ئێرانیشدا قورسە پێشبینی ئەوە بکرێت کە ئایا وڵاتانی دیکەش دەستێوەردان دەکەن یان نا؟ ئایا روسیا بێ هەڵوێست دەبێت و هیچ ناکات؟ 

چوارەم:  شەڕی ئێران کاریگەری ئابوری گەورەی دەبێت بۆ سەر هەموو جیهان، بەوپێیەی کە ناوچەکە سەرچاوەی بەشێکی سەرەکی وزەی جیهانە، زۆر قورسە کە لە کورتماوەدا ئاسایشی وزەی ناوچەکە پارێزراوبێت.

پێنجەم: کاتێک ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا هێرشی کردەسەر عێراق، هەموو ئۆپۆزسیۆنی ئەوکاتی عێراق پشتگیری جەنگەکە و ڕووخانی سەدام حسێنینان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا هەرچەندە بەشێک لە خەڵک و ئۆپۆزسیۆنیش خوازیاری رووخانی کۆماری ئیسلامین بەڵام بە پێچەوانەی ساڵی ٢٠٠٣ی عێراقەوە زۆربەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش بە ئاشکرا رایانگەیاندووە دژی هێرشی سەربازی ئەمریکان، هەربۆیە لەوانەیە لە ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا هەستی ناسیۆنالیستی ئێرانییەکان بەهێزتر بێت و پشتگیری حکومەت بکەن و هێزی ئەمریکا وەک داگیرکەر سەیر بکەن، لەم حاڵەتەشدا سەرکەوتن بۆ ئەمریکا زۆر قورس دەبێت.

شەشەم: بۆ هێرشکردنەسەر ئێران ئیدارەی ئەمریکا پێویستە مۆڵەت لە کۆنگرێس وەربگرێت، پەسندکردنی ئەمەش لە کۆنگرێس کارێکی قورسە، هەروەکچۆن بەر لە چەند رۆژ کاتێک مایک پۆمپیۆ لە کۆنگرێس بوو یەکێک لە کۆنگرێسمانەکان بە ئاشكرا بە پۆمیۆی وت کە ئیدارەی ئەمریکا ناتوانێت بەبێ مۆڵەتی کۆنگرێس بیر لە بەرەنگاربوونەوەی سەربازی ئێران بکاتەوە.

حەوتەم: لەناوخۆی دەسەڵاتی ئێراندا و هەروەها شرۆڤەکارانی لایەنگری دەسەڵاتی ئێران جگە لە پشتبەستن بەو شەش هۆکارەی سەرەوە، پێشیانوایە کە ئەمریکا لە توانای سەربازی ئێرانیش دەترسێت و توانای سەربازی ئێران زۆر لەوە بەهێزترە کە ئەمریکا بتوانێت بە ئاسانی بیر لە هێرشکردنەسەر ئەو وڵاتە بکاتەوە.

بەڵام ئەی ئەو هۆکارانە چین کە وادەکات ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ بەهێزتر بێت، هەندێک لە شرۆڤەکاران بە پشتبەستن بەم هۆکارانە بە دووری نازانن کە جەنگ روو بدات:
یەکەم: ئێستا ئەمریکا سوپای پاسدارانی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان وەزارەتی بەرگری و دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدانەبوون سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە چونکە لەم حاڵەتەدا ئەرکی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا وەک گروپی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی ئێراندا بکەن، ئەمەش ئەگەری پێکدادانی سەربازی بەهێزتر دەکات، بۆ نمونە لە رابردوودا بە دەیانجار بەلەمەکانی سوپای پاسداران لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا نزیک بوونەتەوە، کەشتییەکانی ئەمریکا تەنیا بە هۆشداریدان بەو بەلەمانە رازی بوون، بەڵام ئەگەر بۆ نمونە لەمەودوا حاڵەتێکی دیکەی لەمجۆرە روو بدات، ئەوا بەوپێیەی هێزێکی تیرۆریستی لێیانەوە نزیکبووەتەوە دەبێت بەرەنگاری ببنەوە، ئەگەر بێتو تەقە لە گەمییەکانی سوپا بکەن ئەوا ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ زیاتر دەبێت، ئەگەریش تەقەیان لێ نەکەن ئەوا بە زیانی شکۆی سوپای ئەمریکا دەشکێتەوە کە ئامادەنەبوون بەرامبەر بە هێزێکی تیرۆریستی بوەستنەوە.

هەربۆیە بەپێی ئەم بۆچوونە هەڵەیەکی بچوکی یەکێک لەلایەنەکان دەتوانێت لە ناوچەکەدا ببێتە دەستپێکی جەنگێکی گەورە، بۆ نمونە هەفتەی رابردوو فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران هەڕەشەی کرد کە لەمەودوا هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا وەک هێزێکی تیرۆر دەناسن و ئاسایشیان پارێزراو نابێت، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هەڵەیەک بکرێت بەرامبەر هێزەکانی ئەمریکا لەوانەیە شەڕێکی گەورە روو بدات.

دووەم: جۆن کیری وەزیری پێشووتری ئەمریکا بەر لە ماوەیەک ئاشکرای کرد کە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی هانی ئۆبامایان داوە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، لە ئێستاشدا وەک هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن وڵاتانی وەک سعودیە و ئیمارات و میسر و ئیسرائیل نەک هەر پێیانخۆشە ئەمریکا هێرشی سەربازی بکاتەسەر ئێران بەڵکو هانی ئەو وڵاتەش دەدەن، لەوەها حاڵەتێکیشدا ئەگەر بێتو وڵاتانی عەرەبی ئامادەبن ئیمتیازی گەورە بە ئەمریکا بدەن دوور نییە ئەمریکا بچێتەژێر باری شەڕەوە لە دژی ئێران.

سێیەم: ئیسرائیل لە چەند ساڵی رابردوودا زۆرجار نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە پەرەسەندنی هەژمونی ئێران لە سوریا، لە دوو ساڵی رابردووشدا بە دەیانجار بنکە سەربازییەکانی ئێرانی لە سوریا بۆردومان کردووە، بەرپرسانی ئیسرائیلی بە ئاشکرا باسیان لەوەکردووە کە دوور نییە جەنگی راستەوخۆ لەنیوان ئێران و ئیسرائیل روو بدات، بەپێی ئەم بۆچوونە ئەگەر بێتو ئیسرائیل و ئێران هەڵەیەک بەرامبەر یەکتر بکەن ، ئەمریکا ناتوانێت بێ هەڵوێست بێت و ئەمەش ئەگەری جەنگ بەهێزتر دەکات.

چوارەم: بەهۆی قەیرانی قوڵی ئابورییەوە خەڵکی ئێران ئێستا زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە لە دەسەڵات ناڕازین، هەربۆیە پێدەچێت لە حاڵەتی جەنگدا خەڵک بە شێوەیەکی ئەوتۆ پشتگیری دەسەڵات نەکەن، هەربۆیە لەم کاتەدا کە خەڵک لە دەسەڵات ناڕازین لەوانەیە دەرفەتێکی باش بێت بۆ هێرشکردنەسەر ئەو وڵاتە.

 بەپێی ئەم شیکارییە و بە بەراوردکردنی هەر دوو هۆکارەکانی ئەگەری روودان و روونەدانی جەنگ، ئەگەری ڕووبەڕووی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئیران لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەرێکی لاوازە مەگەر ئەوەیکە ئێران پاساو بداتە دەست ئەمریکا، هەرچەندە ئەمەش بە دوور دەزانرێت کە ئێران ئەم پاساوە بدات بە دەستەوە، بۆ نمونە لەو کاتەوە ترەمپ هاتووەتەسەر دەسەڵات بەلەمە تیژڕەوەکانی سوپای پاسداران لە ترسی کاردانەوەی جیدی ئەمریکا زۆر بە کەمی لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا نزیکبوونەتەوە، لە سوریاش بە هەمان شێوە لەکاتێکدا ئیسرائیل بە دەیانجار هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران، ئێران نەک هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو بەڵکو بۆ ماوەیەکی زۆر حاشای لەو هێرشانە دەکرد.

وادیارە ئێران زیاتر گرەوی لەسەر ئەوە کردووە کە تا دوو ساڵی دیکە خۆی رابگرێت و چاوەڕێ بکات کەسێکی دیکە لە کۆشکی سپی جێگەی ترەمپ بگرێتەوە، ئەمریکاش پێدەچێت ستراتیژییەکەی ئەوەبێت تا دێت فشاری زیاتر بخاتەسەر ئێران بۆ ئەوەی لە وڵاتانی دیکەی وەک سوریا و عێراق ئەو وڵاتە دەرپەڕێنێت و لەناوخۆشدا بەهۆی فشاری ئابورییەوە خەڵکی ناڕازی لە دژی دەسەڵات راپەڕین بکەن.