ڕاپۆرتی کوردستانی

04:59 - 01/06/2019

"ئۆجه‌لان گیراوێكی ئاسایی نییه‌، سەرۆكی میللەتێكە"‌

كردنەوەى دەرگاى گرتووخانەى ئيمڕالى كۆتايى بە پڕۆسەى مانگرتن هێنا. هیوای دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كورد لەناو توركیادا بوژاندەوە. سەرەڕای ئەوە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە هێشتا دیارنییه‌، پڕۆسەی چارەسەری دەستپێدەكاتەوە یان نا.

لە رۆژى ٢٢ ئايارى ٢٠١٩دوای هەشت ساڵ بۆ جارى دووەم پارێزەرانى عەبدوڵا ئۆجه‌لان رێبەری پەكەكە، لە دوورگەى ئيمڕالى ديداريان لەگەڵ بريگرته‌كانی ئەنجامدا. لە رۆژى يەكشەممە ٢٦ ئایاریش هەردوو پارێزەرى ئۆجه‌لان )نەورۆز ئويساڵ و رێزان سارنجە( لە ئيستانبۆڵ پەيامى ئۆجه‌لانيان بۆ رایگشتى خوێندنەوە. ئۆجه‌لان لە ديدارى دووەمينیدا لەگەڵ بریگرته‌كانی داوا لە مانگرتووانى زيندانەكانى توركيا كرد كۆتايى بەمانگرتن بێنن كە زياتر لە ٢٠٠ رۆژ بوو بەردەوام بوو، تيايدا لەيلا گوڤەن پەرلەمانتارى پارتى ديموكراتى گەلان (هه‌ده‌په‌) سەركێشى بۆ كرد و زياتر لە سێ هەزار گيراوى سياسى و چەندين پەرلەمانتار و كەسايەتى لە ناوەوە و دەرەوەى توركيا پاڵپشتيان لێكرد.

دواى تێپەڕبوونى چەند كاتژێرێك بەسەر خوێندنەوەى پەيامەكەى ئۆجه‌لان، لەيلا گوڤەن هاوسەرۆكى كۆنگرەى كۆمەڵگاى ديموكراتى (دەتەكە) لەگەڵ هەموو مانگرتووە زيندانيەكان كۆتاييان بە پڕۆسەكە هێنا.

لەيلا گوڤەن لە ٥ تشرينى دووەمى ٢٠١٨ رازى نەبوو بە كەلەپچەكراوى بچێتە بەردەم دانيشتنى دادگا، بۆيە لە رێگاى سيستەمى (SEGBİS) دەنگى بەشدارى لە دانيشتنى دادگا كرد و لە كۆتايى دانيشتەنەكەدا رايگەياند بەهۆى نەبوونى دادپەروەرى لە دادگادا و گۆشەگيرى سەر ئۆجه‌لان پڕۆسى مانگرتنى بێ سنوور لە خواردن رادەگەينێت. لەدواى ئەم هەڵوێستەى گوڤەن پڕۆسەكە تا دەچوو بەرفراوان دەبوو. زياتر لە ٢٠٠ رۆژى كێشا. لە ئەنجامیشدا هه‌شت كەس گيانيان لە دەستدا.

دوا پەيامى ئۆجه‌لان بۆ توركیا و كوردستان ئاماژەیە بەدەستپێكی قۆناغێكی نوێ. ئەم پڕۆسەیە لە زۆر رووەوە بە پڕۆسەی پایزی ٢٠١٢ دەچێت. لە پايزى ٢٠١٢ دا پێكدادانی چەكداری توند و بەرفراوان لە ئارادابوو، بەهەمان شێوەی ئەمڕۆ مانگرتن زۆربەى زیندانییه‌كانی تەنيبووەوە. پڕۆسەی ئۆسلۆ بەتەواوەتی لەبار چووبوو. دوای ئەوەی دەرگای زیندانی ئیمڕالی بە رووی پەرلەمانتارانی هه‌ده‌په‌ كرایەوە مانگرتن كۆتایی پێهات و پڕۆسەیەكی نوێ دەستی پێكرد. لەوانەیە ئەو كاته‌ باشترین سه‌رده‌م بووێت له‌ توركیادا، لە سایەیەوە توركیا زۆر نزیكی ئاشتی كۆمەڵایەتی بوو. دوای تێكچوونی پڕۆسەكە بە داخستنی دەرگای ئیمڕالی لە نيسانى ٢٠١٥ دەستی پێكرد شەڕێكى خوێناوى توركياى گرتەوە و چەندین شار و شارۆچكە وێران كران.

بارودۆخی توركیا لە سەرەتای 2013 تا 2019، سەلماندی هەر كاتێك ده‌رگای ئیمڕالی دابخرێت شەڕ و ئاڵۆزی باڵ بەسەر ئەم وڵاتە دادەگرێت. بە پێچەوانەشەوە هەر كاتێك دەرگای ئیمڕالی بكرێتەوە توركیا زیاتر بەرەو ئاشتی كۆمەڵایەتی دەڕوات. ئاماژەی هەرە دیاری ئەم راستیەش كۆتاییهێنان بەو مانگرتنە بوو كە بەر لە 200 رۆژ دەستپێكرابوو.

رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی ئەردال ئەر، لە لێدوانێكی بۆ (پەیسەر پرێس) پەیامی ئۆجه‌لان بۆ كۆتاییهێنان بە مانگرتن بە ئەرێنی وەسف دەكات و دەڵێت:" پەیامەكەی ئۆجه‌لان سێ ئاماژە لەخۆ دەگرێت:" كۆتاییهێنان بە شەڕ. رێگای ئاشتی بە ئیمڕالی تێپەڕدەبێت. هەر كاتێك دەرگای ئیمڕالی كرایەوە ئاشتی و ئارامی میوانی هەمووان دەبێت".

هەروەها دەڵێت:" جارێكی دیكە دووپات كرایەوە كە ئۆجه‌لان گیراوێكی ئاسایی نییه‌، سەرۆكی میللەتێكە، هێزێكی كۆمەڵایەتی گەورەی لە پشتە، ئەزمووندارە".

لەدوای هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر رێبەری پەكەكە عەبدولڵا ئۆجه‌لان جارێكی دیكە چارەسەری كێشەی كورد دەبێتەوە رۆژەڤی سەرەكی توركیا. هەروەها جارێكی دیكە مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە و دەیسەلمێنێ كە هەرچەندە رژێمەكانی توركیا سەركوتكەر و دەستوەشێن بن ناتوانن كۆمەڵگای كوردی بتوێنەوە. ئەوەی دیارە كۆمەڵگای كوردی دینامیكێكی بەهێزی راستی توركیایە و چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزسیۆن ناچارن حسابی بۆ بكەن.

رێبەری پەكەكە لە پەیامەكەیدا باسی سەقفێكی زەمەنی كە چوار هەفتەیە دەكات:" ئەگەر توركیا نیازی دیموكراتیبوونی هەیە دوای هەڵبژاردنی 23 حوزەیران دیاری دەبێت". ئەم بەشەی پەیامی عەبدولڵا ئۆجه‌لان ئاماژەیە بەوەی كە هیچ دانوستانێك بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری كێشەی كورد نەكراوە.

محەمەد ئەمين ئەكمەن پەرلەمانتارى پێشووى ئاكەپە و ئەندامى دەستەى ئاقڵمەندان بۆ چارەسەرى كێشەى كورد لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا توركیا بە وڵاتێكی دینامیك لە قەڵەم دەدات، كە هەموو كاتێك دەتوانێ گۆڕانكاری ریشەیی ئەنجامبدات. بۆیە سوپرایز نابێت ئەگەر چارەسەری كێشەی كورد بێتەوە رۆژەڤی ئەم وڵاتە. لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە:" ئەم بارودۆخەى سياسيەى توركيا تێيكەوتووە و ئەو هاوپەيمانيەتيانەى ئەنجامدراون، ئەو پڕۆسەيەى بە پڕۆسەى چارەسەرى كێشەى كورد ناودەبرێت توركیای خستۆتە  بەر ئاراستەيەكى هێجگار زەحمەت".

هەروەها دەڵێت:" كۆتاييهاتنى پڕۆسەى چارەسەرى بەبێ ئەنجام، زيانى گەورەى بۆ پەكەكە و بۆ دەوڵەت لێكەوتەوە. كۆمەڵگاى توركيا پێيوايە هەر چۆنێك بێت پێويستە ململانێى چەكدارى كۆتايى پێبێت. كورد پێيوايە سەرەڕاى هەموو كەموكوڕيیەكان پێويستە دەرفەتى خەباتى ديموكراسى لە توركيا و خەباتى بەدەستهێنانى ناسنامە بەدەست بهێندرێت و لە خەباتى چەكدارى زياتر زەمينەى خەباتى ديموكراسى بەهێز بكرێت".

لەبارەی پرسیاری ئایا كردنەوەی دەرگای ئیمڕالی پەیوەندی بە پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كوردەوە هەیە؟ محەمەد ئەمین ئەكمەن كە وازی لە ئاكەپە هێناوە دەڵێت:" دیداری ئۆجه‌لان پەیوەندی بە پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كورده‌وه‌ نییه‌. لەوانەيە پەيوەندى بە رووداوەكانى سورياوە هەبێت و چونكە رووداوەكانى ناو سوريا راستەوخۆ كاريگەريان لەسەر توركياوە دەبێت".

لە درێژەی قسەكانیشیدا دەڵێت:" لە دوور و نزیك پەیوەندی بە هەڵبژاردنی ئیستانبۆڵەوە نییه‌، كردنەوەی دەرگای ئیمڕالی بڕیاری هەموو جومگەكانی دەوڵەتە".

محەمەد ڤوڕال سەرۆكى ناوەندى ديجلە (DİTAM) بۆ توێژينەوەى كۆمەڵايەتى كە ناوەندەكەی لە شاری ئامەد لە باكووری كوردستانە لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا دەڵێت:" دوورنییه‌ دیداری ئۆجه‌لان ببێتە زەمینە خۆشكەر بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كورد، لە ئێستادا نەرمبوونێك لە نێوان هەردوولادا دەبینم. لەوانەيە وەكو 2013 و 2015 نەبێت. بەڵام دوورنيە ببێتە سەرەتاى پڕۆسەيەكى دانوستاندن. لە ئەنجامدا پێموايە لايەنەكان گەيشتبنە ئەو باوەڕەى كە لە ماوەى پێنج ساڵى رابردوودا چ زيانێكيان بەركەوتووە چ هەڵەيەكيان كردووە".

ڤوڕال كە چەندین ساڵە لە رێگای كۆبوونەوە و سیمینار رێكخستن لەگەڵ پسپۆران لەناوەوە و دەرەوەی توركیادا دەوڵەت و پەكەكە هاندەدات بۆ رێككەوتن و چارەسەری پێیوایە:" ئەگەرێكی زۆرە دوای دیداری ئۆجه‌لان خوێن رشتن و پێكدادانی چەكداری كۆتایی پێبێت و هەوڵی چارەسەری بێ چەك بێتە پێشەوە. لە ئەنجامی ئەم شەڕە هەمووان زیان بەركەوتووە. دەوڵەت زیانی گەورەی بینیووە. كەس نییه‌ دركی بەم راستیە نەكردبێت".

ڤوڕال پێشبینی ناكات، كە دیدارەكەی رێبەری پەكەكە لەگەڵ پارێزەرانی پەیوەندی بە دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردنی ئیستانبۆڵەوە هەبێت وەكو هەندێك ناوەند لێكیدەدەنەوە. لەمبارەیەوە دەڵێت:" دوورە لە راستی. حسابى مەودا كوورت لەم مەسەلەيەدا حسابی سەرەكى نيە، پێشبينى ناكەم. چونكە ٢٤ رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی ٢٣ حوەزيران پێموانيە لەم ماوەيە كورتەدا كەس بتوانێ بژاردەى دەنگدەر بگۆڕێت. پەيامى ئۆجه‌لان بۆ هەموو توركيايە هەلبژاردن تەنيا لە ئيستانبۆڵ دووبارە دەكرێتەوە. پێموايە لە ئێستا زەمينەى ديالۆگ ئاوا دەكرێت".

پێدەچێت لە قۆناغی ئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كورد، رێككەوتنی پارتی دەسەڵاتدار ئاكەپە لەگەڵ مەهەپە بێت. لە سایەی ئەم رێككەوتنە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاسان نابێت. چونكە ئەم سیاسەتەی لە ئەنجامی ئەم رێككەوتنە توركیا بەڕێوەدەبات سیاسەتی سەردەمی ئیتحاد و تەرەقیە لە سەرەتاكانی سەدەی رابردوو.

ئیمام تاشچەر، پەرلەمانتاری هه‌ده‌په‌ و نوێنەری شاری ئامەد، لەبارەی دەرنجام و ئەم ئەگەرانەی كە لەوانەیە دوای دیداری ئۆجه‌لان بێنە پێشەوە وەڵامی پرسیارەكانی پەیسەر پرێس دەداتەوە و دەڵێت:" تا ئێستا لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری نە راستەوخۆ و نە ناڕاستەوخۆ هیچ گفتوگۆیەك لە نێوان بزوتنەوەی كورد و دەوڵەتدا نەكراوە. كردنەوەی دەرگای ئیمڕالی پەیوەندی بەو چاكسازیە دیموكراتیانەوە هەیە كە دەوڵەت بۆ رزگاركردنی توركیا لەمبارە ناهەموارەی تێیكەوتووە هەیە".

هەروەها دەڵێت:" ئەوەی لە توركیا لە ئێستادا دەگوزەرێت سیاسەتی دەوڵەتە. قسەكانی باخچەلی لە 11 ئەم مانگە لەبارەی دیداری ئۆجه‌لان لەگەڵ پارێزەرانی ئاماژەیە بەم راستیە كە دەوڵەت ئەم قسەیەی بە باخچەلی كردووە. بۆیە هێشتا زووە بزانین پڕۆسەی چارەسەری دەست پێدەكاتەوە یان نا. دڵنیاتان دەكەمەوە كە نە لە دوور و نە لە نزیك پەیوەندی بە هەڵبژاردنی ئیستانبۆڵەوە نییه‌".