ڕاپۆرتی کوردستانی

10:53 - 13/08/2019

شەقام و بازاڕەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تابلۆی كوردی ڕازاونەتەوە‌

ئەم ڕۆژانە کاتێک بە شەقامی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەسووڕێیەوە، دیمەنی هەندێک تابلۆی کوردی کە پێشتر نەبوون، سەرنجت بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. تابلۆگەلێکی ڕازاوە و جوان بە کوردییەکی  پاراو دیمەنی زۆربەی شەقام و کۆڵانەکانی ڕۆژهەڵاتیان خەمڵاندووە و سەرنجی هەموو ڕێبوارێک بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن.

چەند ساڵێکە کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵ دەدەن بە کوردی بنووسن، هەرچەندە هێشتا زۆربەیان هەڵەی رێزمانی و ڕێنووسیشیان هەیە، بەڵام هەر ئەوەندەی هەوڵ بۆ نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی هەیە لای زۆرێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی ئەم گۆڕانکارییە جێی دڵخۆشییە.

ئێستا لە ڕۆژهەڵات ئەوەندەی گوێت لە ناو و نازناوی کوردی دەبێ، ناوە فارسی و عەرەبییەکان کەمتر بەرگوێت دەکەون. دایکان و باوکان کە منداڵیان دەبێ هەوڵیان ئەوەیە وەک یەکەم دیاریی لەدایکبوونی منداڵی تازه، ناوێکی خۆشی بۆ هەڵبژێرن، کە زۆربەی هەرە زۆری ناوەکان کوردین.

بە گشتی چەشنێک گشتگیریی لە داکۆکی کردن لە کولتوری کوردی بەرچاو دەکەوێت کە پێشتر لەبەر زۆر هۆکاری جیاواز نەدەبینرا، یان کەمتر بوون. بە بۆچوونی هەندێک لە چالاکانی مەدەنی  ئەمە جۆرێکە لە خۆڕاگریی کلتووریی بەرامبەر بە کلتووری نەتەوەی سەردەست. 

چنوور فەتحی ژنە نووسەر و وەرگێڕی کوردی ڕۆژهەڵات بە پەیسەری ڕاگەیاند: " تابلۆی سەردەرگای دووکان و ناو شەقامەکانی هەر شارێک یەکێکە لە هێماکانی بەرجەستەبوونەوەی کلتوور و داب و نەریت و حەز و ئاواتەکانی خەڵکی ئەو شارە. ئێستاش تابلۆی سەردووکان و ناوشەقامەکانی ڕۆژهەڵات گوزارشت لە بەرجەستەبوونەوەی شوناسی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن."

چنوور فەتحی پێشیوایە ئەو دۆخەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە ئاراوە بەشێکی زۆری لێکەوتەی هەوڵ و تێکۆشانی جیددی مامۆستایانی کوردی زانکۆ و خوێندنگاکانە و بەشێکی دیکەشی بۆ کاریگەریی میدیای کوردی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە کە سەرنجی خەڵک و بەتایبەت گەنجانی بۆ لای خوێندن و فێربوونی زمانی زگماک ڕادەکێشن. ئەو پێیوایە ئەمە دروستبوونی چەشنێک شوناس _‌تەوەرییە کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندووە.

 
چالاکێکی دیکەی فەرهەنگی لە شاری سنە لەمبارەیەوە دەڵێت ئەو دیمەن و تابلۆ کوردییانەی کە ئێستا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێت، دوو لایەنی هەیە؛ لایەنێکی دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە پرسی زمان و شوناسی نەتەوەیی و بەهێز بوونی ئەم شوناسە لە ژێر کاریگەریی هەوڵە جیددییەکانی کەسانی خەمخۆر کە بەردەوام بە شێوەی خۆبەخشانە کاری فەرهەنگی دەکەن و ناوەندی فێرکردنی زمانی کوردییان کردووەتەوە. لایەنێکیشی ئابوورییە و لە ژێر کاریگەریی هاتنی گەشتیاری کورد لە هەرێمی کوردستانەوەیە کە هەم گەشتیاری سیاحی و هەم گەشتیاری پزیشکی دەگرێتەوە.

مامۆستایەکی زانکۆش کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بدرێت سەبارەت بەم دۆخە لە لێدوانێکدا بە پەیسەرپرێسی گوت کە ئێستا کوردی نووسین و کوردی فێربوون و ناوی کوردی و کتێبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جۆرێک فەزیلەت و سەرتربوونە و هەوڵێکی بەردەوام بۆ فێربوون و نووسینی کوردی هەیە، ئەم هەوڵانە بەتایبەت دوای کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی کوردستان و لەم ساڵانەی دواییدا چڕتر بوونەتەوە و ئەمەش جێی دڵخۆشییە.

دکتۆر بەختیار سەجادی مامۆستای زانکۆی کوردستان لە سنە کە هاوکات وەرگێڕ و نووسەریشە پێیوایە ئەم دەرکەوتە نوێیە چەشنێک سۆبجێکتیڤیتەی فەرهەنگیی شوناسخوازانەیە کە لە ژێر کاریگەریی چەند هۆکارێکدا سەریان هەڵداوە. سەجادی هەروەها دەڵێت هەرچەندە هەندێک کەس پێیانوایە ئەمە لە ژێر کاریگەریی ئەو فەزا کراوەدایە کە ساڵانێک بەر لە ئێستا لە سەردەمی سەرۆک ‌کۆماریی خاتەمیدا هاتە ئاراوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە فەزا کراوە بێ یان داخراو کوردەکان لە کار و خەباتی خۆیان بەردەوامن و ئەمە خودی خەڵکن کە بەو قەناعەتە گەیشتوون کە بۆ پاراستنی شوناسی خۆیان دەست بە کار ببن.

بە وتەی رۆژنامەنووسێکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوەیش نەیویست بەهۆکاری ئەمنی ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، " هۆکارێکی گرنگی دەگەڕێتەوە بۆ جۆرێک کاردانەوە لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی فارس و فارسیزەکردنی فەزای فەرهەنگی و فەزای زاڵ بە سەر ئێراندا. بەشێکی دیکەشی کاردانەوەیە لە بەرانبەر ناسۆنالیزمی تورکی چونکە بەشێک لە شارە کوردەکان یان هاوسنوورن لەگەڵ شارە تورکەکان یان لە شار و ناوچەیەکدا تێکەڵ بە یەکتر دەژین. ساڵانی ڕابردوو لە هەندێک لەو شارانە بۆ نموونە لە ورمێ هەوڵیک هەبوو بۆ لابردنی تابلۆ و ناوە کوردییەکان و زیاد کردنی تابلۆ و ناوە تورکی و فارسییەکان، دەکرێ بڵێین ئەمە جۆرێک کاردانەوەیە بەرانبەر بەو ڕەفتارە".

هەربە بۆچوونی ئەم ڕۆژنامەنووسە هۆکارێکی دیکە بۆ کاریگەریی میدیا کوردییەکان دەگەڕێتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بینەریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرتر بووە. هۆکارێکی دیکەش کە گرنگترە هەوڵێکی شوناسخوازانەیە کە لە ژێر کاریگەریی فەزای گشتی و بەربڵاوبوونەوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی بە گشتی بەدی دەکرێت.

هەر سەبارەت بەم پرسە بۆچوونی دکتۆر خالید تەوەکولی کۆمەڵناسمان وەرگرت. ئەو پێیوایە لەوانەیە ئەم بابەتە دوو هۆکاری سەرەکی هەبێت. یەکیان پێوەندی بە شوناسخوازی کوردییەوە هەیە کە ئێستا بەرجەستە بووەتەوە. میدیای هەیە، کتێبی پێ دەنووسرێت و لە کەناڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا بە شێوەی فەرمی قسەی پێدەکرێت و ئامادەیە. ئامادەیی ئەم شوناسە چ لە میدیاکاندا و چ لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری سیاسەتیشدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی کورد ئەم شوناسخوازییەیان تێدا ببووژێتەوە.

بەشێکی دیکەش هەر لە پێوەندی لەگەڵ شوناسدا دوو لایەنی هەیە. لایەنێک ئەوەی کە شوناسی ئێرانی  بەرەو لاواز بوون دەچێت و بەشێکی بەرچاوی ئەم شوناسە تووشی قەیران و لاوازی هاتووە. کاتێک شوناسی ئێرانی لاواز دەبێت، شوناسەکانی دیکە بەرجەستە و چالاک دەبنەوە. لە هەمانکاتدا شوناسی کوردی شوناسێکی رکەبەریشی بۆ دروست بووە، شوناسی وەک تورکی و عەرەبی کە ئەوانیش لە سەر شوناسبوونی خۆیان پێداگری دەکەن. واتا هەم لاوازبوونی شوناسی میللی ئێرانی و هەم بەهێزبوونی شوناسە رکەبەرەکان بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک زیاتر و قایمتر لە پێشوو بگەڕێنەوە بۆسەر شوناسی کوردی خۆیان.

لە ڕوانگەی ئابووریشەوە کە پێدەچی ئەمەیان بۆ ئێمە شتێکی تازەتر و گونجاوتر بێ، واتا ئەگەر ڕوانگەیەکی ئابووریمان هەبێ و خەڵک بە زمانی کوردی بنووسن و بە زمانی کوردی ڕیکلام بکەن و لە هەمانکاتدا کە دەبینی ئەم شوناسە خەریکە چالاک دەبێتەوە، بە زمانی ئەو شوناسە ڕیکلام بکەی، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە خەڵک لە ڕوانگەی ئابوورییەوە دەیانەوێ لە زمانی کوردی کەڵک وەربگرن. کاتێک زمانێک بووە زمانی ئابووری دیارە ڕێگاکانی پێشکەوتن و گەشەکردن زیاتر بە ڕوویدا دەکرێتەوە.