ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:36 - 24/08/2019

لە چ وڵاتێکى عەرەبیدا تاقیکردنەوەى ئەتۆمى ئەنجامدراوە؟‌

ساڵانە لە مانگی ئابدا جیهان بەبۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانەوە ئاهەنگ دەگێڕێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لەدوای یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لە ١٧ی تەمموزی ١٩٤٥ تا ساتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لە ١٩٩٦دا، نزیکەی دوو هەزار تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لە سەرتاسەری جیهاندا ئەنجامدراون. لەو ماوەیەدا وڵاتە زلهێزەکان کێبڕکێیان بوو لەسەر بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.

دیاترین ئەو ناوچانەی تاقیکردنەوی ئەتۆمییان تێدا ئەنجامدراوە ئالاسکا، نیومەکسیکۆ لە ئەمریکا و دورگەکانی مارشاڵ کە ئەمریکا تاقیکردنەوەی ئەتۆمی تێدا ئەنجامدەدا، بیابانی کازاخستان کە یەکێتی سۆڤیەت تاقیکردنەوەی تێدا ئەنجامدەدا، دوورگەکانی پۆلینیزیا کە فەرەنسا تاقیکردنەوەی ئەتۆمی تێدا ئەنجام دەدا، بەرتیانیاش لە باشووری بیابانی ئوسترالیا تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی ئەنجام دەدا.

لە هیچ وڵاتێکی عەرەبیدا تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدراوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێ یە. بەرەبەیانی ١٣ی شوباتی ١٩٦٠ هەزاران سەربازی فەرەنسی لە دوورگەی جەزائیر کۆبوونەوە تا بەچاوی خۆیان تاقیکردنەوەی "مشکە شینەکە" ببینن. مشکە شینەکە بۆمبێکی ئەتۆمی بوو، تواناکەی "چوار" هێندەی توانای ئەو بۆمبە بوو کە ئەمریکا بەسەر شاری هێرۆشیمای ژاپۆندا بەریدایەوە.

بەپێی ڕێککەوتنێک کە شارل دیگۆلی سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا بۆ کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی فەرەنسا بەسەر جەزائیرەوە واژۆی کردبوو، فەرەنسا دەیتوانی تا ساڵی ١٩٦٦ لە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی لە خاکی جەزائیردا بەردەوام بێت


جەزائیر ساڵی ١٩٦٢ سەربەخۆیی لە فەرەنسا وەرگرت (لە ١٨٣٠ تا ١٩٦٢ لەلایەن فەرەنساوە داگیرکرابوو)، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنێک کە شارل دیگۆلی سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا بۆ کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی فەرەنسا بەسەر جەزائیرەوە واژۆی کردبوو، فەرەنسا دەیتوانی تا ساڵی ١٩٦٦ لە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی لە خاکی جەزائیردا بەردەوام بێت.

فەرەنسا لە ١٩٦١وە تا ١٩٦٦، بە دیاریکراوی ١٧ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لە عەین ئەکر ئەنجامدا. هەندێکیان لە ژێر چیاکەدا هەندێکی دیکەشیان لە بیابانی ڕەقان و لەسەر زەوی ئەنجامدا.

واتە فەرەنسا خاکی وڵاتێکی داگیرکراو و ژێردەستەی بەکارهێناوە و کردویەتیە تاقیگەی چەکە ئەتۆمییەکانی، بەبێ ئەوەی جەزائیر توانای تەنانەت ڕەخنەگرتنیشی لەو هەنگاوە هەبێت.

شوێنەوارە بکوژەکان
دەستڕاگەیشتنی فەرەنسا بە چەکی ئەتۆمی سەرکەوتنێکی گەورەبوو بۆ شارل دیگۆل، بەڵام تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان بێ کێشە نەبوون و شوێنەواری مەترسیدار و بکوژیان لەسەر سەربازە بەشداربووەکان و دانیشتوانی ناوچەکە لێکەوتەوە.

ئەم ڕاستیە لەلایەن بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە و دانیشتوانی ناوچەکەشەوە پشتڕاستکرایەوە و باسیان لەوە کرد کە تووشی گرفتی تەندروستی بوونەتەوە، هەندێکیشیان تووشی شێرپەنجە بوون.

کلۆد گرینۆت ساڵی ١٩٦٠ سەربازێکی گەنج بوو، لە ٢٧ی کانونی یەکەمی هەمان ساڵ بۆ تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی سێیەم چووبووە بیابانی جەژائیر.

دەستمانکرد بە کۆکردنەوەی لاکی ئەو ئاسک و کەروێشکانەی لەکاتی تاقیکردنەوەکەدا لەناوچەکەدا بوون


ئەم سەربازە دەڵێت، پاش ماوەیەک لە تەقینەوەکە خۆی و هاوڕێکانی دوکەڵێکی گەورەیان بینیوە کە لە هێلانەی قەلەڕەش دەچوو، دەشڵێت: "دەستمانکرد بە کۆکردنەوەی لاکی ئەو ئاسک و کەروێشکانەی لەکاتی تاقیکردنەوەکەدا لەناوچەکەدا بوون".

(خستیانینە حەمامی گەورەوە و بە ئاوێکی زۆر بەهێز کەوتنە پاککردنەوە و شۆردنمان، جارێکی تر پشکنینیان بۆ کردینەوە تا بزانن شوێنەواری تیشکی ئەتۆمیمیان پێوە ماوە یان نا، ئەوانەی شوێنەواریان تیشکیان لەسەر بمایە ڕەوانەی فەرەنسایان دەکردن)

ئەو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "دوای کۆکردنەوەی لاکی ئاژەڵەکان، چووینە سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی پیسبوون بە تیشکی ئەتۆمی و پشکنینیان بۆ کردین، پاشان خستیانینە حەمامی گەورەوە و بە ئاوێکی زۆر بەهێز کەوتنە پاککردنەوە و شۆردنمان، جارێکی تر پشکنینیان بۆ کردینەوە تا بزانن شوێنەواری تیشکی ئەتۆمیمیان پێوە ماوە یان نا، ئەوانەی شوێنەواریان تیشکیان لەسەر بمایە ڕەوانەی فەرەنسایان دەکردن".

گرینۆت دەڵێت: "لەکاتی تاقیکردنەوەکەدا چەندین کەرەستەی پارێزگاریکردنیان دابووینێ وەک بەدلەی سپی و دەمامکی دژە گاز و پێڵاوی لاستیک".

هەر ئەم سەربازە دەڵێت لە ٢٥ی نیسانی ١٩٦١دا لە ناوچەی ڕەقان بەشداری تاقیکردنەوەیەکی دیکەی ئەتۆمی کردووەتەوە، دوای گەڕانەوەی بۆ فەرەنسا بە چەند ساڵێک، بۆی دەرکەوت کە تووشی شێرپەنجەی پێست و مێشک بووە.

قەرەبووکردنەوە
فەرەنسا تا ماوەیەکی زۆر ملی بۆ ئەوە نەدەدا قوربانیانی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی قەرەبوو بکاتەوە و دەیوت، تاقیکردنەوەکان خاوێن بوون، بەڵام ساڵی ٢٠٠٩ بۆچوونی بەرامبەر "جەنگاوەرە دێرینەکان" گۆڕا و لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگریی ملۆنەها دۆلاری بۆ تەرخانکردن، بەڵام ئەی چی بۆ خەڵکەی جەزائیر کرد کە تاقیکردنەوەکان لەناوچەکەیاندا و لەسەر خاکی ئەوان ئەنجامدرابوون؟

 

داوایان لە حکومەتی فەرەنسا کرد بەرپرسیارێتی لەبارەی تاقیکردنەوەکانەوە لە ئەستۆ بگرێت، بە کۆکردنەوەی پاشماوە ئەتۆمییەکان و پاککردنەوەی ناوچەکە بێت یان چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی  بەهۆی تەقینەوەکانەوە دروستبوون


مانگی شوباتی ڕابردوو و لە ٥٩هەمین ساڵیادی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی فەرەنسادا، ڕۆژنامەیەکی ناوخۆی جەزائیری کۆڕبەندێکی گێڕا و بەشداربوان داوایان لە حکومەتی فەرەنسا کرد بەرپرسیارێتی لەبارەی تاقیکردنەوەکانەوە لە ئەستۆ بگرێت، بە کۆکردنەوەی پاشماوە ئەتۆمییەکان و پاککردنەوەی ناوچەکە بێت یان چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی  بەهۆی تەقینەوەکانەوە دروستبوون، هەندێکیش داوایانکرد فەرەنسا ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

یەکێتی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤی جەزائیر ساڵی ٢٠١٧ ڕایگەیاند، لەسەر ئەو تاقیکردنەوە ئەتۆمیانەی کە لە خاکی وڵاتەکەیاندا ئەنجامدراوە، سکاڵایان دژی فەرەنسا تۆمارکردووە.