ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:12 - 18/11/2019

شەمەندەفەرەکەی ئێران بەرەو هەڵدێر دەڕوات‌

دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە تەواوی تێکچووە. کۆماری ئیسلامی ئێران بە کوشتن، دەستگیرکردن و توندوتیژی وڵامی خۆپیشاندەران دەداتەوە.

لە ڕۆژی هەینی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ەوە هاوڵاتیانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەرجادەکانن. بە پێی ئامارەکان زیاتر لە هەزار کەس دەستگیرکراون. ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران کوژراون و بریندارکراون. لەگەڵ ئەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت ڕاگیراون، خۆپیشاندەران و ڕاگەیەنکاران هەوڵدەدەن، هەواڵی دۆخی ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیاکانی دەرەوە بگەیەنن.

 

دەوڵەتی بێ پارە و لاوازە. هاوڵاتیان نەك لە حکومەتی ڕۆحانی بەڵکو لە ڕژێمی ئێرانیش ناڕازین. دروشمەکان لەدژی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕژێمەکەن.

عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، پشتگیری لە سیاسەتی دەوڵەت بۆ بەرزکردنی نرخی بەنزین کرد و خۆپیشاندەرانی وەک گێرەشێوێن و تێکدەر لەقەڵەمدا.

 

دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت؟ کۆماری ئیسلامی چ پلانێکی بۆ دۆخەکە هەیە؟ ئایا ناڕەزایەتیەکان بۆ ڕاپەڕینی سەرتاسەری دەگۆڕێت؟

ژمارەیەک شرۆڤەکار وه‌ڵامی پرسیارەکانی ماڵپەری دویچەڤێلای ئەڵمانیان لەبارەی دۆخەکە داوەتەوە.

محەمەد مەهدەوی ئازاد شرۆڤەکاری ئێرانی کە لە شاری بۆنی ئەڵمانیا نیشتەجێیە دەڵێت "ئاستی پێکدادان و توندوتیژی هێزە ئەمنیەکان بەرزە. بە دەیان باڵەخانەی دەوڵەت سووتێنراون و ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر کوژراون و بریندارکراون. لە دیمەنەکاندا دەبینرێت، هێزەکانی بەسیج جاددە و کۆڵانەکانیان تەنیوە. ئاستی قەیرانەکە زۆر لەوە زیاترە کە دەوڵەت و ڕای گشتی جیهان بیری لێدەکەنەوە.

مەهدەوی هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوریدا لە قەیرانێکی گەورەدایە. دۆخی ئێران بەم شێوەیە نامێنێتەوە، ڕۆژێک دێت و کۆتایی بەو دۆخە دێت کە کۆماری ئیسلامی دروستیکردووە. پرسەکە ئەوەیە ئایا ڕۆژی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ڕژێم هاتووە یان نا؟ بە ڕای من شتێکی بەو شێوەیە نییە! ئەم خۆپیشاندانەش وەک خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ٢٠١٧ و سەرەتای ٢٠١٨ سەرکوت دەکرێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە، خۆپیشاندەران پێشەنگیان نییە. یەک ئایدۆلوژی دیاریکراویان نییە. ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین، هەموو خۆپیشاندەران داوای گۆڕینی ڕژێم دەکەن یان لەدژی ئایدۆلۆژیای دەوڵەتن.

له‌ درێژه‌ی شرۆڤه‌كه‌یدا ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ ده‌ڵێ: هاوڵاتیان بە تەنها لەژێر فشاری توندی ئابوریدا نین، بەڵکو لەژێر فشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوڵەتیشدان. ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بەم شێوەیە بەردەوامی بە سیاسەتەکانی بدات، هەموو کاتێک ئەگەری توندوتیژی و خۆپیشاندان هەیە. کۆماری ئیسلامی ئەگەر دەیەوێت بە یەکجاری کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بهێنێت، پێویستە گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی ئەنجامبدات کە ئەمەش شتێکی ئەستەمە.

 

مەهدی مەهدەوەی ئازاد کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک ڕژێمێکی خۆکوژ لەقەلەمدا و گوتی کۆماری ئیسلامی وەک شەمەندەفەرێکی لێهاتووە و بە تیژی بەرەو هەڵدێر دەڕوات و خەڵکی ناو شەمەندەفەرەکەش ئاگاداری مەترسیەکەن. بەڵام بە هۆی ناکۆکی هزری و ئایدۆلۆژی هیچ کەسێک ناتوانێت، ڕێگەی لێبگرێت.

بە بۆچوونی مەهدەوی ئازاد، کۆماری ئیسلامی حکومەتێکی جێگیرە. ئەم جۆرە حکومەتانە، ناوەندی دژە شۆڕشیان هەیە کە کاری ورد دەکەن. پەرلەمان و یاسایان هەیە، وڵاتیان کۆنتڕۆڵکردووە. رێگەی زۆریان بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش هەیە. دەتوانێت تا جێگەیەک بەرگری بکات، بەڵام دواجار دەگاتە کۆتایی ڕێگە. دوو ڕێگە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، یان لە ڕێگەی پرسی ئەتۆمیەوە، هەندێک دەستکەوت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەدەستبهێنێت، یان لە ناوخۆدا ڕیفۆرم بکات و لەگەڵ خەڵکی ئاشت ببێتەوە.

ئەگەر خەڵک بەردەوام بێت، ڕژێم پاشەکشێ دەکات
حسێن شەریعەتمەداری سکرتێری ئەنجومەنی کاربەرێکەر کە ئەنجومەنێکە لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهێنراوە، باس لەوە دەکات " ئەگەر خەڵک لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەردەوام بێت، ڕژێم پاشەکشێ دەکات. ئیرادەی خەڵک خامنەیی شکستپێدەهێنێت، ئەمەش دەبێتە مۆرالێکی گەورە بۆ هاوڵاتیان. ئەگەر هێزە ئەمنییەکان توانیان خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکەن، بە واتای کۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتیەکان نایەت، لەبەرئەوەی دەستبردن بۆ ژیانی خەڵکی گاڵتە و یاری نییە.

شەریعەتمەداری ده‌ڵێت، "هەرچەند ڕژێم بەرگری بکات، دەبێت کۆتایی پێبێت. هاوڵاتیان درکیان بەوەکردووە و لەسەر ناڕەزایەتی خۆیان بەردەوام دەبن. نمونەی ئەمەش وڵاتی ئۆکرانیا و تونسە و نابێت تەنها نمونەی شکستخواردوو پیشان بدەین. لە ساڵی ١٩٧٢ و تا ئیستا زیاتر لە ١٢٠ دیکتاتۆر لە جیهان شکستیان خواردووە و هۆکارەکەشی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بووە. کۆماری ئیسلامی لەنێو ئەو هەموو وڵاتە، جێگەیەکی تایبەت نییە.

 

پێویستە هاوڵاتیان پەیوەندی لەگەڵ کارمەندانی دەوڵەت دروست بکەن و ئەوانیش بۆ هاوکاریکردنی خۆپیشاندەران هان بدەن. لەبەرئەوەی هەرچەندە دۆخی خەڵکی باش نییە، بەڵام دۆخی دەوڵەت خراپترە. واتە دەوڵەتیش لەناو قەیرانێکی دارایی گەورەدایە و دەبێت داوا لە هێزەکانی ئەمنی بکرێت بچنە پاڵ خۆپیشاندەران و داهاتووی خۆیان ڕزگار بکەن.

ئابوری ئێران بە تەواوی داڕماوە
فەرزانە ڕوستایی ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی دۆخی ئێران ڕایدەگەیەنێت، قەیرانەکە زۆر جددییە. دۆخەکە لە هەموو کاتێک خراپترە. وای لێهاتووە خەڵک نانی شەوی نییە و دەوڵەتیش هیچ چارەسەریەکی پێنییە. دەوڵەت دەرگای ناوچەکە و جیهانی بە رووی خۆیدا داخستووە. ئەوان هیچ ڕیگەیەکیان بۆ دەربازبوون لە قەیران نەهێشتووە. دەوڵەت ناچارە هەمان سیاسەت بە مەترسیەکانیشی جێبەجێبکات. ئەگەری هەیە دۆخەکە زۆر خراپتر ببێت، بەڵام دەوڵەت بڕیاری خۆی داوە. نمونەی خۆپیشاندانمان هەیە. مانگرتنی بارهەڵگرەکان و خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوو نمونەی ئەوەن دەوڵەت دەتوانیت تا ڕادەیەک خۆپیشاندەران سەرکوت بکات، بەڵام کۆتایی بە ناڕەزاییەکان نایەت. ئەگەری هەیە ئەم دۆخە دوو ساڵێکی تر بەردەوام بێت. وردە وردە هەوڵی چارەسەری ناوخۆیی دەدرێت و بە کەمترین ئیمتیازات، خەڵک تا ڕادەیەک بێدەنگ دەبێت. بەڵام دواتر قەیرانەکە گەورەتر دەبێت و دەرگاکانی جەهەنەم بە ڕووی خەڵکی دەکرێنەوە.