ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:00 - 21/11/2019

لە پڕۆژەی عوسمانی نوێدا ڕێگەی (M4) هەیە؟‌

ڕێگەی (M4) کە بە سەرانسەری باکووری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستاندا تێپەڕ دەبێت بۆ هەرێمەکە خاوەن گرنگییەکی تایبەتە. دەوڵەتی تورک و میلیشیا جیهادیەکانی دوای ئەوەی لە ٩ی تشرینی یەکەم هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و گرێ سپی و سەریکانیان داگیر کرد، لە ئیستادا دەیانەوێت ئەو ڕێگەیە کۆنتڕۆل بکەن.

ڕێگەی (M4) چیە، بۆچی دروست کراوە و گرنگیەک چیە؟ دەوڵەتی تورکیا بۆچی دەیەوێت ڕێگەیە کۆنتڕۆل بکات؟

لە سەردەمە کۆنەکانەوە و تا ئێستا دوو رێگەی گرنگی بازرگانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا هەبووە. یەکێک لەوان ڕیگەی ئاوریشمە و ئەوەی تریان ڕێگەی بەهاراتە. کاروانی ئاوریشم لە چینەوە کە هاتووەتە عێراق و باکووری کوردستان بۆ یەکەمجار چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و دواتر لە سوریا بڵاوبووەتەوە.

 

ڕیگەی بەهاراتیش لە هیندستانەوە بۆ عێراق و سوریا و تا دەریای ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە. بەشێک لە شەڕەکە بۆ کۆنتڕۆلکرنی ئەو دوو رێگەیەیە.

لە ئێستادا وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت ئەو دوو ڕێگەیە کۆنتڕۆڵ بکەن. دەوڵەتی تورکیا لە سەره‌تای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕایگەیاندبوو، ئەوان ڕێگە نادەن کورد بگەنە سەر دەریای ناوەڕاست و وردە وردە دەیانەوێت ڕێگە سەرەکیەکان کۆنتڕۆڵ بکەن.

ڕێگەی (M4)ی نێودەوڵەتی کە هەردوو رێگەی بەهارات و ئاوریشمی کرد بە یەک لە ساڵی ١٩٥٠ دروست کرا. لە ساڵی ١٩٨٠ دەوڵەتی تورکیا، عێراق و سوریا بە دەریای ناوەڕاستەوە بەستیانەوە. بوو بە پردێکی ئابوری. ڕێگەی (M4) لە سنوری عێراق، لە تل کۆچەرەوە دەستپێدەکات، بە شاری قامشڵۆ تێدەپەڕێت. بەرەو حەسەکە دەڕوات و لەوێوە دەجێتە دێرەزۆر و تل تەمر  و بەرەو عەین عیسا و منبج و حەلەب دەڕوات.

 

لە حەلەبەوە دەچێتە ئیدلب و لە ناوچەی سەراکاپی تێکەڵ بە ڕێگەی (M5)ی نێودەوڵەتی دەبێت و لەوێوە دەچێتە دیمەشق و بەیروت و عەمان. بەشێکی گرنگی ئەو رێگەیە لە ٢٠١٥ەوە لە دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتی دایە و بەشێکی تری لەنێوان ئەمریکاو ڕووسیا و ڕژێمی سوریا بووەتە هێڵێکی سنوری.

بە ڕێککەوتنی ٣٠ کیلۆمەتری نێوان تورکیا و ڕووسیا و تورکیا و ئەمریکا، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ڕێگەی (M4) بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکات. نیشانەکانیشی ئەوەیە دوای داگیرکردنی سەرێکانی و گرێ سپی بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر بارەگاکانی هەسەدە لە دەوروبەری ڕێگەکە و لە ئێستادا شەڕێکی سەخت لە نێوان شەڕڤانان وسوپای تورکیا لەو ناوچەیە بەردەوامە.

 

دەوڵەتی تورکیا و میلیشیاکانی چەند ڕۆژێکی هێرشی زۆر فراوان دەکەنە سەر شاروچکەی حەین عیسا، تل تەمر و گوندەکانی ڕیحانیە، ڕەشیدیە، تل تەویڵ، عەزیزیە، قاسمیە، دربۆ، کنەهیر و ئەم ئەلکێفێ. بە هۆی ئەوەی ئەو ناوچە و گوندانی نزیکن لە ڕێگەی (M4)ەوە.

دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی سیاسەتی نەئۆ عوسمانی واتە پڕۆژەی فراوانکردنی خاکی عوسمانی، بە شێوەیەکی نوێ دەیەوێت ئیمپراتۆری عوسمانی نوێبکاتەوە و هەرێمە ستراتیژیەکان داگیربکات.

ئەگەر دەوڵەتی تورکیا ڕێگەی (M4) داگیربکات، دەتوانێت دەست لە سەر بازرگانی هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەشێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان و دیمەشق و حەلەب و تا لوبنان و ئەردەن بگرێت.

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە خەون بە سیستمی نەئۆ عوسمانیەوە دەبینێت، دەیەوێت سنورەکانی مساقی میللی سەردەمی عوسمانیەکان کە دەگاتە حەلەب، موسڵ و کەرکوک کۆنتڕۆڵ بکاتەوە و بە تورکیاوە بیانلکێنێت.

تل تەمر وەک سوریایەکی بچووک
هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەی تل تەمر بەردەوامە. تل تەمر بە هۆی گرنیەکەی و چەقی ڕێگەی (M4) بە سوریایەکی بچووک ناودەبرێت. ناوچەیەکی پڕنەتەوە. ئاشووری و کورد و عەرەب لە دێرزەمانەوە لەو جێگەیە بەیەکەوە دەژین. شاروچکەی تل تەمر لە ساڵی ١٩٣٣ لە لایەن چەند خانەوادەیەکی کورد و ئاشوری کە بە هۆی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانەوە لە ساڵی ١٩١٥ لە لایەن تورکیاوە هەڵهاتبوون، دروست کرا. لە لایەن جۆگرافیاوە زۆر گرنگە. سەر بە کانتۆنی حەسەکەیە. ١٨٠ گوندی هەیە .

 

دەوڵەتی تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات تل تەمر کۆنتڕۆل بکات، لەبەرئەوەی بە کۆنتڕۆڵکردنی تل تەمر ڕێگەی (M4) دەگرێت و پەیوەندی ئەو ڕێگەیە لە نێوان باکووری سوریا و دیمەشق و بەیروی و ئەردەن دەپچڕێنێت.

بەو شێوەیە دەوڵەتی تورکیا بیر لە داهاتوو دەکاتەوە و دەتوانێت بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ڕێگەیە، کاریگەری سیاسەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر بکات و دەستکەوتنی زیاتری مادی و سیاسی بەدەستبهێنێت.