ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:16 - 21/11/2019

بۆچی خۆپیشاندانەکان لە ئێران ئەنجامیان نییە؟‌

لە مێژووی ئێران حکومەتەکان هەمیشە خاوەنی دوو چاوی تیژ بوون بۆ بینین و دۆزینەوەی ناڕازییەکان، کەچی کەڕن بۆ بیستنی دەنگی خەڵک. رژێمەکەی حەمەڕەزا شا ٣٧ ساڵ گوێی بۆ ناڕەزایی خەڵکی ئێران نەگرت، تا ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٩دا توڕەیی خەڵک بەسەر رژێمەکەدا تەقییەوە و تەخت و بەختی تێکەوپێچا. ئەو رژێمە کە ئامادە نەبوو گوێ بۆ خەڵک رابگرێت، بەڵام خاوەنی دەزگایەکی هەواڵگری بەهێز بوو بە ناوی ساواک، ساواکیش دوو چاوی تیژی دەسەڵات بوو، لە هەموو کون و قوژبنێکی ئێراندا ناڕازییەکانی دەدۆزییەوە و دەستگیری دەکرن و لە بەندیخانەدا توندی دەکردن.

 
رژێمەکەی دوای ١٩٧٩ش تا ئێستاشی لەسەر هەمان کلتور و میرات بەردەوامە. لە ٤٠ ساڵی رابردوودا بە دەیان و بە سەدانجار خەڵکی ناڕازی خۆپیشاندانیان کردووە و ویست و داواکارییەکانی خۆیان بە گوێی ئەم دەسەڵاتەدا داوە، بەڵام تەنیا بۆ یەکجاریش نەبینراوە ئەم دەسەڵاتە گوێی بۆ داواکاری خەڵک گرتبێت و لەسەر داوای خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بڕیار و سیاسەتەکەی گۆڕیبێت. هەموو خۆپیشاندانەکان سەرکوت کراون.

 ئەگەر رژێمی پێشوو خاوەنی دەزگایەکەی هەواڵگری بوو، ئەوا ئەم رژێمە زیاتر لە دە دەزگا و ناوەندی هەواڵگری هەیە. دەزگا هەواڵگرییەکان ساڵانێکی زۆرە بە وردی چاودێری خەڵک دەکەن، زیندانەکانیان پڕکردووە لە خەڵکی ناڕازی. دوای هەر خۆپیشاندانێک بە دەیان و بە سەدان کەس دەستگیر دەکەن، ئێستاش بەڵێنیان داوە هەموو ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە خۆپیشاندانەکان دەستگیر بکەن.

 

عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاندووە هەموو ئەو ئاژاوەگێڕانە دەستگیر دەکرێن. بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی و سەربازیش لەم رۆژانەدا چەندین لێدوانی هاوشێوەیان داوە لەسەر دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران. کەچی یەک بەرپرسی ئێرانی ئامادە نەبوو تەنانەت سوکە بەڵێنێکیش بدات بەوەی بەشێکی بچوکی داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ دەکەن.

ئەمە قانونی تەبیعەتە گوێنەدان بە ویست و داوای خەڵكی ناڕازی دەبێتەهۆی ئەوەی رۆژ لە دوای رۆژ خەڵک توڕەتر و رادیکاڵتر بن. ئەگەر ساڵی ١٩٩٩ دەسەڵات گوێی لە داواکاری خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران بگرتایە ئەوا لەوانەبوو ساڵی ٢٠٠٩ خۆپیشاندان ڕووی نەدابایە. ئەگەریش ٢٠١٨ گوێی بۆ ویستی خۆپیشاندەران بگرتایە ئەوا ئەمساڵ خۆپیشاندانەکان بەم شێوەی ئێستا ڕوویان نەدەدا، کە خەڵکی توڕە و بێهیوا هەر شتێکی حکومیان بکەوێتە دەست دەیسووتێنن، لە ئۆتۆمبیلی پۆلیسەوە بگرە تا دەگاتە بانکەکان و شوێنە ئاینییەکان.

دەسەڵات بە ئەگەری بەهێز ئەمجارەش دەتوانێت خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکات و دۆخەکە کۆنتڕۆل بکاتەوە، بەڵام ئەگەر هەر لەسەر رەوتی گوێنەدان بە داواکاری خەڵکی ناڕازی بەردەوام بێت، ئەوا رۆژێک دێت دۆخەکە بە تەواوی بتەقێتەوە و رژێمی مەلاکانیش بە هەمان دەردی رژێمەکەی پێشوو بچێت.

بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەسەڵات هەموو جارێک توانیویەتی خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکات و رێگری بکات لە پەرەسەندنی. ساڵی ٢٠١٨ خۆپیشاندانەکان نزیکەی ٩٠ شاری گرتەوە، ئەمجارەش ٢٥ پارێزگای گرتووەتەوە، کەچی دیسانەکە خەریکە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.

هۆکارەکان بە کورتی لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:
یەکەم: وەک ئاماژەی پێدرا دەسەڵات لە رووی ئەمنییەوە هێشتا بەهێزە، لە مێژووی هەموو راپەڕینەکاندا خاڵێکی هاوبەش هەیە، ئەویش ئەوەیە رژێمەکان کاتێک دەڕوخێن کە بەشێک لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵات هەڵدەوەرێن و پەیوەست بە خەڵکی ناڕازی دەبن و سەرپێچی دەکەن لە سەرکوتی خەڵک. بەمجۆرە رژێمەکان توانای سەرکوتیان نامێنێت. لەو حاڵەتەشدا ورەی خەڵکی ناڕازی بەرز دەبێتەوە و بە گڕوتینی زیاترەوە بەشداری لە خۆپیشاندان دەکەن و بەمجۆرە خواستەکانی خۆیان دەسەپێنن.

 

کەچی هێشتا دەسەڵاتی ئێران لەژێر فشاری خەڵکی ناڕازیدا ئەوەندە لاواز نەبووە کە لە رووی ئەمنی و سەربازییەوە تووشی هەڵوەرین بێت و توانای سەرکوتی نەمێنێت، هێزە ئەمنی و سەربازییەکان هەروا گوێڕایەڵی بڕیاری دەسەڵاتن و لە رۆژانی رابردووشدا توانیان بە توندی خۆپیشاندەران سەرکوت بکەن. کە بە گوێرەی راپۆرتێکی لێبوردنی نێودەوڵەتی تا رۆژی دووشەمەی ئەم هەفتەیە زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون.

دووەم: هەر چەندە لەڕووی جوگرافییەوە چ لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٨ و چ لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە، زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران پەیوەستی خۆپیشاندانەکان بوون، بەڵام کێشەی ئەوەیە زۆرینەی خەڵک هێشتا ترسیان نەشکاوە، ژمارەی خۆپیشاندەران هێشتا زۆر نییە و لە هەر شارێک بە سەدان و بە هەزاران کەس بەشداری لە خۆپیشاندانەکان دەکەن و ژمارەیان ناگاتە دەیان هەزار کەس. هەربۆیە هێزە ئەمنییەکان لە هەر شارێک بەم ژمارەیە دەوێرن و دەتوانن سەرکوتیان بکەن و کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن.

سێیەم: کێشەی سەرەکی خەڵکی ناڕازی ئێران ئەوەیە ناتوانن سەرکردایەتیی هاوبەش بۆخۆیان دروست بکەن. لە رژێمە داخراوەکاندا شۆڕش و راپەڕین بەبێ سەرکردایەتی و رێکخستن ئەستەمە سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

کۆمەڵگای ئێران بە درێژایی ساڵانی رابردوو تووشی جۆرێک لە دابەشبوونی نەتەوەیی، ئایینی و رەگەزی و چینایەتی بووە کە ئەم جۆرە خەڵکانە ناتوانن لەسەر ئامانجێکی هاوبەش رێک بکەون. ئەگەر ئەمجارە خۆپیشاندانەکان بە بیانووی گرانبوونی نرخی بەنزین دەستی پێکردووە و خەڵک لەژێر فشارێکی قورسی ئابوریدان، بەڵام گومانی تێدانییە خۆپیشاندەران داواکاری سیاسیشیان هەیە، کە لەڕووی سیاسییەوە داواکارییەکان زۆر جیاوازن. بۆ نمونە داواکاری سیاسی کورد زۆر جیاوازە لەگەڵ داواکاری خەڵکی ناڕازی لە شیراز و تاران و تەنانەت دژ بە یەکیشە. چین و توێژە جیاوازەکان داواکاری سیاسی دژ بە یەکیان هەیە. هەربۆیە ئەستەمە بتوانن لە داهاتووشدا سەرکردایەتی هاوبەشی سیاسی دروست بێت، وەکچۆن لەناو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیشدا هیچ پلاتفۆرمێکی هاوبەش دروست نابێت.

چوارەم: نەبوونی میدیا کێشەیەکی گەورەی خۆپیشاندەرانە. لە ئێران هەرگیز میدیای ئازاد بوونی نەبووە، جگە لەوەش دەسەڵاتی ئێران لە ساڵانی رابردوودا توانیوویەتی تا رادەیەکی زۆر خەڵکی خۆی بخزێنێتە ناو ئەو میدیا فارسیانەی کە لە دەرەوەی وڵاتیش هەن. میدیا فارسییەکانی دەرەوەی وڵاتیش بە جۆرێک رووماڵی ناڕەزایی خەڵکی ئێران دەکەن کە زیاتر هاندانە بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە.

 

جگە لەمانەش هەرکاتێک لە ئێران خۆپیشاندان دەست پێ دەکات یەکەم کاری حکومەت بچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفونە بۆ ئەوەی خەڵک نەتوانن ئاگاداری یەکتربن.

پێنجەم: نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز کە بتوانێت خەڵکی ناڕازی ئاراستە بکات. ئەگەرچی تا رادەیەک لە کوردستان هێزە کوردییەکان خاوەنی رێکخستنن و دەتوانن کەم و زۆر کاریگەری لەسەر خەڵک دابنێن، بەڵام لەسەر ئاستی ئێراندا هیچ گروپێکی ئۆپۆزسیۆن نییە خاوەنی رێکخستن و پێگەیەکی جەماوەری ئەوتۆ بێت کە بتوانێت خۆپیشاندانەکان ئاراستە بکات.

هەرچەندە قسەکردن لەسەر دەرەنجامی خۆپیشاندانەکان کارێکی قورسە، بەڵام بەپێی ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا ئەگەری بەهێز ئەوەیە ئەمجارەش دەسەڵات بتوانێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. لەم نێوانەدا ئەوەی وەک گرێکوێرە دەمێنێتەوە ئەوەیە ئاخۆ کەی تەقینەوە گەورەکە روو دەدات؟