04:47 - 22/11/2019
٧ توێژی سیستمی سەرکوتكردن لە کۆماری ئیسلامی‌دا
سەرچاوە: فەردا
ئاماژەکان و بەڵگەنامەکانی لانیکەم چەندین
ئەزموونی گەورە و جدی لە بارەی چوونی هێزەکانی حکومەت بۆ ناو شەقامەکان بە مەبەستی
کۆنترۆڵکردن و ئاراستەکردن یان سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت، (لە ٩ی حوزه‌یرانی
١٩٩٩، ٩ی حوزه‌یرانی ٢٠٠٣، بزووتنەوەی سەوزی ٢٠٠٩ و ناڕەزاییەکانی زستانی ٢٠١٧ و
خۆپیشاندانەکانی ئابی ٢٠١٨)، ئاشکرای دەکەن کە ئەو هێزانەی خۆپیشاندانەکانی خەڵک
دژ بە حکومەت کۆنترۆڵ یا سەرکوت دەکەن سەر بە پێکهاتە یان دەزگایەکی فره رەهەند و
فره توێژن کە لەگەڵ هەر ئەزموونێکدا، فراوانتر، ئاڵۆزتر و پڕچەکتر بوون.
ئەو پێکهاتە و دەزگایەی لە کۆماری ئیسلامی‌دا
بەرپرسه له رووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتیه‌كان، تەنیا پۆلیس و هێزە
ئینتیزامییەکان نین و پێکدێن لە چەندین بەشی جۆراوجۆری وەک: نیمچه سەربازی،
سەربازی، هەواڵگری، كۆماندۆ، دادوەری، میدیایی، بانگەشەکار و تەنانەت دارایی، کە لایەنەکانی
دژ بە حکومەت بە دەزگای سەرکوتکاری فرە توێژ و فرە رەهەندی دەزانن.
توێژی یەکەم: بەشی هەواڵگری
لە هەموو دامەزراوەکانی کۆنترۆڵكردن و
بەڕێوەبردن یان دەزگاکانی سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیه‌كان لە هەموو
شوێنێکی جیهاندا، هەنگاوی یەکەمیان هەواڵگرییە. هەموو حکومەتەکان لە بارەی نه‌یارانی
چالاک و ناچالاکی خۆیانەوە زانیاری کۆدەکەنەوە، کە یەکێک لەوانە ئێرانه.
چاوخشاندنێک بە دۆسیەی چالاکانی سیاسی و
مەدەنی دەستبەسەرکراو لە کۆماری ئیسلامی‌دا، بە تایبەت ئەوانەی سێ دەیەی رابردوو، ئه‌وه
ئاشکرا دەکات کۆمەڵێک دامەزراوەی هەواڵگری جۆراوجۆر بەردەوام زانیاری لە بارەی
رەخنەگران و نه‌یارانی حکومەتەوە كۆده‌كه‌نه‌وه. هەر کاتێك بە پێویستی بزانن،
تەنانەت پێش هەر خۆپیشاندانێك ئه‌و خه‌ڵكانه دەستبەسەردەکەن.
له ئێران بە فەرمی ١٦ دامەزراوەی هەواڵگری
راگەیەندراو هەن، بەڵام هەموویان وەک یەک رۆڵ و قورساییان لە دەستبەسەرکردنی
رەخنەگران و نه‌یاراندا نییە.
لەم ساڵانەدا چالاکترین رۆڵی هەواڵگری لە
ئەستۆی چوار دامەزراوەدا بووە کە بریتین لە: وەزارەتی ئیتڵاعات، ئیتڵاعاتی ناجا،
واتە (هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران)، پاراستنی زانیاری دەسەڵاتی
دادوەری و ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران. ئاستی چالاکی هەریەک لەم دامەزراوە
هەواڵگرییانە لە ژێر کاریگەری هاوکێشە جۆراوجۆرەکانی وەک؛ پێکهاتە و ئاراستەکانی
دەسەڵات لە ناو حکومەتدا و رێژەی هاوتەریب بوونی حکومەتە لەگەڵ دامەزراوەکانی وەک
رابەرایەتی و سوپادا.
وەزارەتی ئیتڵاعات لە دامەزراندنیه‌وه له
1984دا، دەتوانین بڵێین ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە دەستبەسەرکردنی رەخنەگران و نه‌یارانی
حکومەتدا. بەڵام لەهەر قۆناغێکدا حکومەت لەگەڵ رابەر یان سوپای پاسداران‌دا ناکۆکی
هەبووبێت، ڕۆڵی وەزارەتی ئیتڵاعات لە بەرژەوەندی دامەزراوە هەواڵگرییەکانی دیکە
کەم بووەتەوە، وەک ئەوەی (لە سەردەمی سەرۆکایەتی حه‌سه‌ن روحانی سەرۆك کۆماری
ئێستادا) لە بەرژەوەندی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران کەمبووەته‌وە و لە (سەردەمی
سەرۆکایەتی محه‌مه‌د خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشووتردا) لە بەرژەوەندی دەزگای پاراستنی
زانیاری دەسەڵاتی دادوەریدا کەم بوو.
دەزگای ئیتڵاعاتی سوپا کە لەم ساڵانەی
دواییدا، پڕ جوڵەترین و روو لە گەشەترین دامەزراوەی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی بووە،
لە ساڵی 2008دا و بە گۆڕینی جێگرایەتی ئیتڵاعاتی سوپا بۆ دەزگای ئیتڵاعاتی سوپا،
دامەزرا و دوای دامەزرانی و بە سەرۆکایەتی حسێن تائیب گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ر
چۆنایەتی و چەندایەتی رووبەڕووبوونەوەی حکومەت لەگەڵ رەخنەگران و نه‌یارانیدا هێنا.
دەزگای ئیتڵاعاتی سوپا، لە رووبەڕووبوونەوە و
ده‌ستبەسەرکردنی دەموچاوە سیاسی و حزبییەکان و چالاکانی بزووتنەوەی سەوز لە ساڵانی
2009 و دواتردا، بەمدواییانەیش لە دەستبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەپارێزدا، بە جۆرێک
هەڵسوکەوتی کردووە کە تەنانەت وەزارەتی ئیتڵاعاتیشی بە دەسەڵاتە یاساییەکانییەوە
پشتگوێخستووه. بۆ نموونە لە دەستبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەپارێزدا سەرباری شارەزاییی
وەزارەتی ئیتڵاعات، بەوەی کە دەستبەسەرکراوه‌كان سیخوڕ نەبوون، ئیتڵاعاتی سوپا
ئامادە نەبوو ئازادیان بکات.
دەزگاکانی پاراستی زانیاری دەسەڵاتی دادوەری
و پاراستنی ناجا، دوو دامەزراوەی دیکەن کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی محەمەد خاتەمیدا
لە رووبەڕووبوونەوەی رەخنەگرانی حکومەتدا ڕۆڵێکی چالاکانەتریان هەبوو، بەڵام لەم
ساڵانەی دواییدا بە هۆی ئاستی بەرزی چالاکییەکانی ئیتڵاعاتی سوپا، کەمتر چالاکییان
هەبووە.
توێژی دووەم: بەشی ئۆپەراسیۆن (كۆماندۆ)
چاوخشاندنێک بەو هێزانەدا کە ڕۆڵیان هه‌بوو لە
کۆنترۆڵكردن و ئاراستەکردن یان سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییه‌کانی ساڵانی 1999، 2009، 2017
و 2018دا، ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات کە لانیکەم له چوار هێزی مه‌شقپێكرا و
پێكهاتوون:
یەکەم: هێزی ئینتیزامی ئاسایی
دووەم: یەکەی تایبەتی ناجا
سێیەم: هێزە چالاکەکانی پێگەکانی بەسیج و مزگەوتەکان
چوارەم: سوپای پاسداران بە بەتالیۆنە ئەمنییەکانی ئیمام عەلییەوه
حکومەت بە پێی تێگەیشتنی لە ئاستی
ناڕەزایەتیەکان لە هەر قۆناغێکدا، هێزێكی تایبه‌ت بۆ سه‌ركوتكردنیان به‌كارهێناوه.
لە هەندێک حاڵەتدا تەنیا پۆلیسی ئاسایی به‌كارهێنراون، له هه‌ندێك حاڵه‌تی دیكه‌شدا
یەکەی تایبەت نێردراونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان. هەندێ جاریش یەکەی تایبەت به
هاوكاریی هێزەکانی بەسیج راستەوخۆ خۆپیشانده‌رانیان سەرکوتکردووە، حاڵەتیش هەبووە
وەک له خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی 2009دا قەرارگای ساروڵای سوپا وەک بەرزترین پێگەی ئیداره‌دانی
قەیرانه‌كان لە ئێران، دەستبەکار بووە و بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشانده‌ران سه‌رپه‌رشتی
هێزەکانی ناجا، بەسیج، ئیتڵاعات و سوپای کردووە.
توێژی سێیەم: بەشی دادوەری
لە تەنیشت دامەزراوە هەواڵگرییەکان، توێژی
سێیەم بۆ کۆنترۆڵكردن و ئاراستەکردن یان سەرکوتکردنی ناڕه‌زاییه‌كان به‌كارهێنراون
کە توێژی دادوەرییە. ئەم توێژە لە کۆمەڵێک شارەزا، لێکۆڵەر و داواکاری گشتی و
کاربەدەست و بەڕێوەبەڕانی بەندیخانەکان پێکدێن، ئەرکیان کردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینه‌وه
و دادگاییكردن و پاشان به‌ندكردن یان سزادانی دارایی رەخنەگران و نه‌یارانی حكومه‌ته.
لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام نه‌یارانی
حكومه‌تی ئێران رایانگەیاندووە، زۆربەی داواکارانی گشتی و دادوەره‌كان، تەنانەت
بەرپرسانی بەندیخانەکان له خزمه‌تی دامەزراوە هەواڵگرییەکانی وەک وەزارەتی ئیتڵاعات
و ئیتڵاعاتی سوپادان و فەرمانەکانی ئه‌وان جێبەجێ دەکەن.
توێژی چوارەم: بەشی میدیایی
هێزێكی دیكه‌ی حكومه‌ته بۆ كپكردنه‌وه و
بێده‌نگكردنی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان. ئه‌م هێزه سه‌رجه‌م میدیا بینرا و
بیسترا و خوێنراوه‌كانی سه‌ربه حكومه‌ت ده‌گرێته‌وه به رۆژنامە، ئاژانسەکانی
نزیک لە سوپا و بەسیج، ته‌له‌فزیۆنی فەرمی ئێرانیشه‌وه.
بە بڕوای نه‌یاران، ئه‌م به‌شه هاوكاری به‌شه‌كانی
دیكه‌ی وه‌ك؛ هەواڵگری، كۆماندۆ و دادوەری ده‌كات و كار له‌سه‌ر سایکۆلۆژیای
خۆپیشانده‌ر و خه‌ڵكه نه‌یاره‌كه ده‌كات و له‌و ڕێیه‌وه ێده‌نگیان ده‌كات. بۆ
نمونە نه‌یاران و رەخنەگرانی حكومه‌تی ئێران له‌و بڕوایه‌دان ته‌له‌فزیۆنی فەرمی
ئێران به بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تۆمارکراوی ئەو دانپێدانانەی لە ژێر فشاردا لە
چالاکانی خۆپیشاندانه‌كان وەردەگیرێن، وەک بەشێک لە پێکهاتە و دەزگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی
دیكه كاری كردووه.
ساڵی 2009 ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ئێران گرته‌ی
ڤیدیۆیی دادگایی‌کردنی بەکۆمەڵ و داخراوی چالاکانی دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی سەوزیان
په‌خشكرد. بەو شێوەیە هاوشان له‌گه‌ڵ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان و هێزه‌كانی دیكه‌ی
سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كاندا هه‌مان ڕۆڵی سه‌ركوتكارانه‌ی ده‌گێڕا.
رەخنەگران بروایان وایە کە لەم ساڵانەی دواییدا
ئه‌م شێوازه له كاركردنی میدیا رۆژنامە و ئاژانسەکانی تێپەڕاندووە و بەرەو
دامەزراندنی دەزگایه‌ك بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و دۆکیومێنتاری هه‌نگاوی ناوه،
تەنانەت بە وەرگرتنی بودجەی زەبەلاح و فەرمی، ده‌یه‌وێت كاری هونه‌ری و سینه‌مایی
له ئێران‌دا كۆنترۆڵ بكات.
توێژی پێنجەم: توێژی بیرۆکەساز و
بەرهەمهێنەری هێزی بە وەفا بۆ دەسەڵات
هەموو جارێک کە حکومەت دەستی داوەتە سەرکوتکردنی
ناڕه‌زاییه جەماوەرییەکانی شەقام، لە ساڵانی 1999، 2009، 2017 و 2018دا، بەردەوام
هێزێك بەناوی (جل مەدەنییەکان) لە تەنیشت هێزە هەواڵگریی و چەکداریه‌کانەوە
بینراوه.
ئەم هێزە کە چەکداری فەرمی نین و جلی مەدەنی
له‌به‌رده‌كه‌ن، زۆرجار لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشانده‌راندا لە ریزی پێشەوەی
هێزه ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كاندا دەبینرێن و بە مەرام و جوڵەیەکی زیاترەوە
بەشداری سەرکوتکردنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان دەکەن.
ئاماژەکان پێمان ده‌ڵێن کە ناوەندی
گردبوونەوە و ئامادەبوونی جل مەدەنییەکان، دەستەکانی ماتەمگێڕی و رێوڕەسمەکانی
نەوحە خوێندنن. (لە شارە شیعەنشینەکانی ئێران لە مزگەوتی هەر گەڕەکێک، دەستەیەکی
تایبەت بۆ بەرپاکردنی رێوڕەسمی ماتەمگێڕی ئیمامه‌كانی شیعە و رێوڕەسمە ئایینیەکانی
دیکە پێکهێنراوە کە بە - هەیئەتەکان - ناسراون). نزیکەی سێ دەیە بە سەر دەرکەوتن و
ئامادەبوونی جدی و چالاکانه‌ی جل مەدەنییەکان، لە رووبەڕووبوونەوەی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی
سه‌ر شه‌قام تێدەپەڕێ. جل مەدەنییەکان لە رووی رێکخستن، سەرۆکایەتیکردن،
فەرماندەییکردنی مەیدانی، ئەو ئامانجانەی هێرشی بۆ دەکەن و شێوازەکانی هێرشکردن بۆ
سەر خه‌ڵكی ناڕازی، گۆڕانكاری زۆریان به‌سه‌ردا هاتووه و ڕێكخراوتر بوون.
جل مەدەنییەکان کە لە نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی
ڕابردوودا بۆ فشارخستنەسەر رووناکبیرانی رەخنەگر، وەک عەبدولکەریم سروش و
هێرشکردنە سەر رۆژنامە رەخنەگرەکان و كتێبخانه‌كان و تەنانەت کەسایەتییە
سیاسییەکانی ناو حکومەت بەکاردەهێنران، لە کاتی هێرشکردنە سەر بەشە ناوخۆییەکانی
زانکۆی تاران لە ساڵانی 1999 و 2003دا، بوونه هێزێکی ئۆپەراسیۆنکاری رێکخراوی
مەیدانی، بە جۆرێک له خۆپیشاندانه‌كانی 2009دا بوونه داینەمۆ و ئاڵاهەڵگری
هێرشەکانی سەر خۆپیشانده‌ران لە شەقامەکاندا، جارێكی دیكه و له خۆپیشاندانه‌كانی
2017دا هه‌مان ڕۆڵیان پێدرا.
تایبەتمەندییەکی دیکە کە جل مەدەنییەکانی
لایەنگری حکومەت لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا بە شێوەیەکی تۆختر نمایشیان کردووە، گۆڕینی
لە سەرخۆی گرێدراوییان بووە لە ئاخوندەکانی مزگەوتەوە بۆ نەوحە بێژەکانی سەر بە
دەسەڵات و رابەرایەتی لە دەستەکاندا. ئەگەرچی وتاربێژانی هەینی هێشتا بەشێکن لە
سیستمی بانگەشەکاریی حکومەت، بەڵام بە ئاشکرا نەوحە بێژەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە
گرنگی زیاتریان پێ دەدرێت، واتە ئەوانەی کە داینەمۆ و جوڵەپێدەری جل مەدەنییەکانن.
توێژی شەشەم: دارایی و لۆجستی
دابینکردنی بودجە، توانا و ئامێر و
ئامرازەکانی پێویست بۆ ئەو دامەزراوانەی له سەرکوتکردنی خۆپیشاندانه‌كاندا ڕۆڵیان
هەیە، بە زۆری لە دوو رێڕەوەوە دەکرێت.
رێڕەوی یەکەم، هه‌ریه‌ك له یەکەی تایبەتی
هێزە ئینتزامییەکان، بەسیج، وەزارەتی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپا و راگەیاندنە
فەرمییەکانی نزیک لەم دامەزراوانە، ساڵانه له بودجه‌ی گشتی پاره‌یان بۆ ته‌رخانده‌كرێت.
به‌پێی ئاماره‌كان پشکی دامەزراوەکانی وەک
یەکەی تایبەتی ناجا، بەسیج و سوپا لە بودجەی گشتی وڵات لە ماوەیەکی درێژخایەندا
زیادیکردووە، هه‌ركاتێكیش به‌شێكی نوێیان بۆ زیادكرابێت هەمان بودجه و توانای
لۆجستیان بۆ ته‌رخانكراوه.
وەک نموونەی ئەو گۆڕانکارییە، دەتوانین
ئاماژە بە پەرەسەندنی رێکخراوەیی یەکە تایبەتەکانی ناجا بكه‌ین له ساڵی 2011 به‌دواوه،
به‌راورد به ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان و دوو هه‌زاره‌كان. هەروەها پێکهێنانی بەتالیۆنە
ئەمنییەکانی ماتۆڕسواره‌كان بە ناوی (ئیمام عەلی) لە سوپادا لە دوای خۆپیشاندانه‌كانی
2009.
لە لایەکی دیکەوە بە دامەزراندنی دامەزراوەی
هەواڵگری و ئەمنی نوێ، وەکو دەزگای ئیتڵاعاتی سوپا و پەرەپێدانی سەرکێشانەی
چالاکییەکانی لە بواری ئاسایشی ناوخۆدا، بودجەی تایبەت و سەربەخۆ بۆ ئەم بەشانە
دابین کراوە، جگه له‌و بودجه‌یه‌ی ده‌درێت به سوپا.
نموونەیەکی دیکەی زیادکردنی بودجە، لە
پەرەپێدانی بەشەکانی سەر بە دەزگای بەسیجدا دەبینرێ، بە جۆرێک پەرەسەندنی بەشە
جۆراوجۆرەکانی بەسیج، وەکو بەسیجی خوێندکاران، بەراورد بە ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان و
ساڵانی دوو هه‌زار پەرەسەندنێکی سەرسوڕهێنەرە. بە هەمان ئەندازەش کە پێکهاتە و
پەیکەر و بەشەکانی سەر بە بەسیج پەرەیان سەندووە، پێوستی بە قەوارەی نوێ و هێز و
توانای نوێ و بودجەی زیاتر بووە.
نموونەیەکی دیکەی ئەم زیادکردنی بودجەیە، دامەزراندنی
راگەیاندن و ئاژانس و تەنانەت کۆمەڵگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی بابەتی میدیایی و
فیلمە، کە لە دەزگا سەربازی، هەواڵگری و ئەمنییەکان نزیکن و جێگە و پێگەی گەورە و
گرانیان پێدراوە. هەر یەکەیان له‌ناو دامه‌زراوه‌كانیاندا بودجه‌ی سه‌ربه‌خۆیان بۆ
ته‌رخانكراوه.
ئەم دامەزراوە نوێیانه بەراورد بە ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان
و سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌كان، ئیستا توانیویانە بودجه‌ی زیاتر بۆ میدیا، هه‌واڵده‌ری
و بەرهەمهێنانی فیلم و بابەتدا دەستەبەر بکەن، كه سه‌رجه‌میان لە بەرژەوەندی
رەوتی زاڵی ده‌سه‌ڵات و دژی ڕه‌خنه‌كران و نه‌یارانن.
رێڕەوی دووەم، دابینکردنی سەرچاوەی دارایی و
پشتیوانی فەرمی و نافەرمییە بۆ ئەو هێزانەی بە جل مەدەنییەکان ناسراون. بە
لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەڵگەنامە فەرمییە هەواڵگری و ئەمنییەکان لە کۆماری ئیسلامی‌دا
بڵاوناکرێنەوە، رەنگە دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەکانی پشتگیری دارایی و پشتیوانی
دامەزراوە سەربازی، هەواڵگری و ئەمنییەکان لە جل مەدەنییەکان ئاسان نەبێ، بەڵام
گومانی تیادا نییە کە جل مەدەنییە چالاک و بەوەفاکان بۆ حکومەت، لە سێ دەیەی
رابردوودا بەردەوام پڕ جوڵەترین هێز بوون لە رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندان و ده‌نگه
ناڕازییه‌كانی سه‌ر شه‌قام. لە ئاستی کۆمەڵگەشدا وا ناسراون کە له ڕووی ئیداری و
داراییه‌وه گرنگی تایبەتیان پێدەدرێ و حكومه‌ت ئۆفه‌ری تایبه‌تیان ده‌داتێ.
توێژی
حەوتەم: فەرماندەیی
لە سێ دەیەی رابردوودا، لە کۆماری ئیسلامی‌دا دامەزراوە و کەسایەتی گرنگ لە فەرماندەییكردنی هێزه
ئه‌منیه‌كانی تایبه‌ت به سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كان دانراون و به‌شداربوون. لە
ئاستی خوارەوە، فەرماندەی یەکە تایبەتەکانی ناجا، فەرماندە ناوچەییەکانی بەسیج،
فەرماندەی ناجا و فەرماندەی بەسیج ئامادەبوون.
بەڵام لە کاتی خۆپیشاندانه‌كانی ساڵانی 1999
و 2009 و 2017دا کە دەوڵەتیان تووشی مەترسی جدی کرد، بەڵگەنامەکانی وەک وتووێژ و
گفتوگۆ رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، بڕیاره‌كان له چۆنیه‌تی سه‌ركوتكردنی
خۆپیشاندانه‌كاندا له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی جیاوازه‌وه ده‌ركرابوون.
پێکهاتەیەک لە فەرماندەکانی سوپا، وەزیری
ناوخۆ، وەزیری ئیتڵاعات و دەزگای ئیتڵاعاتی سوپا و هەندێک لە داواکارانی گشتی و
دادوەره‌كان. لە بەر رۆشنایی رێنماییەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و
خودی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، پلانی ئه‌وه‌یان داڕشتووه كه چۆن و به چ
شێوازێك خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان سه‌ركوتبكه‌ن.