ڕاپۆرتی کوردستانی

06:29 - 29/11/2019

باکوور لە ڕووی سیاسی، کلتوری، زمان و کۆمەڵاتیەوە لەژێر هەڕەشەدایە‌

دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان سیستمێکی نوێی بەرێوەبردنی دروستکردووە کە ئەویش (ڕژێمی قەیوم)ـە. سیستمەکە نوێنەری حکومەتی ناوەندیە. سیستمێکی هەرێمیە و تایبەتە بەو پارێزگا و شار و ناوچانەی کە دەنگی هەدەپەی تێدا زۆرینەیە.

 سیستمی قەیوم چۆن و بە چ بیانویەک جێبەجێکرا؟
لە ساڵی ٢٠١٦ دا بە بیانوی دۆخی نائاسایی بە یاسای ژمارە ٦٧٤ی و  بە بڕیارێکی تایبەت، رێگە بە سەرۆک کۆمار درا، هەر کاتێک بە پێویست ببینێت، سەرۆک شارەوانیەکان لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە و کارمەندێکی حکومەتی لە جێگەیان دابنێت.

بە پێی دەستووری تورکیا هەرکاتێک سەرۆک شارەوانیەک بە هۆی گەندەڵی یان هەرجورە تاوانێکی تر تۆمەتبارکرا، پێویستە دۆسیەکەی لە دادگا یەکلاییبکرێتەوە و تا هەڵبژاردنێکی تر بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی کەسێک لە جێگەی دابنرێت، بەڵام ئەم بڕیارە جێبەجێنەکرا و بە بڕیارێکی تایبەتی ئیدارەی ئاکەپە، یاسای تورکیا پێشێلکرا.

 

ئەم یاسایەش هەرچەندە بە بڕیارێکی گشتی کە هەموو تورکیا دەگرێتەوە پیشاندرا، بەڵام بە تەنها شارەوانیە کوردەکانی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپەی گرتەوە. بەو هۆیەوە دەرکەوت، حکومەتی ئاکەپە بە شێوەیەکی زانستی بڕیارەکەی دەرکردووە و ئامانجەکەی داخستنی شارەوانیە کوردەکانە.

لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ دەست بە دامەزراندنی قەیوم کرا و تا هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ هێرشەکان بۆ سەر شارەوانی و ناوەندە کلتوری، زمان و کۆمەڵاتەیە کوردیەکان بەردەوام بوو.

قەیوم لە جێی ٣ شارەوانی پارێزگا  و ٩١شاروچکە و ناحیەی باکووری کوردستان دانرا. لەو چوارچێوەیەدا ١٥ هەزار کارمەندی شارەوانیەکان، ٣٠٠ موختاری گەڕەکەکان لە کارەکانیان دوورخرانەوە. ٩٣ هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و بە سەدان ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیەکان و ئەنجومەنی گشتی شارەکان دەستگیرکران. ١٥ هاوسەرۆکی شارەوانیەکان سزای قوڕسدران و تا ئێستاش لە زینداندان.


سەردەمی قەیوم دەتوانرێت وەک سەردەمی داگیرکردنی ناوەندە فەرمیەکان، دزینی بەها و ئابۆری کورد و ڕەتکردنی ئیرادەی گەلی کورد لە باکووری کوردستان پێناسە بکرێت. بە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا کە دەڵێن'شتێکی پێویست بوو'، دامەزراندنی قەیومەکان ئۆپەراسیۆنێکی پلانبۆداڕێژراو و سیاسی و ئیداری بوو و لە ڕووی دیموکراسیەوە تاوانێکی زۆر گەورە بوو.

دوای ئەوەی کردەوەکانی قەیومەکان ئاشکرابوو، دەرکەوت، ئەو کەسانەی وەک قەیوم دامەزرێنران، جگە لە گەندەڵی، پارەخوارن و تالانکردنی داهاتی شارەکانی هیچ کارێکی تریان نەکردووە.

قەیوم لەدژی ناسنامە و بەهای تاکی کوردە
کاتێک سەرنج بدەینە کردەوەکانی قەیوم لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٩ دەبینین، ئامانجی حکومەت لێدانە لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کە دیموکراسی، ژینگەپارێزی، ئازادی ژنان و کۆمەڵگاپارێزی گەلی کوردی بە بناغە وەرگرتبوو.

بەو هۆیەوە دامەزراندنی قەیومەکان بەردەوامی سیاسەتی ڕەتکردنی کوردە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو. لە ئەنجامی سیاسەتی ڕژێمی قەیومدا، هەموو نووسینەکان بە زمانی کوردی لە شارەوانیەکان، جاددە، پارک و شوێنە گشتیەکان هەڵگیران.

 

رێگەیان نەدا ناوی شارەکان بە ناوە کوردیەکانەوە بنووسرێت. نمونە: جارێکیتر ئامەدیان گۆڕی بە دیاربەکرد، دەرسیمیان گۆڕی بە تونجەلی، ڕوحایان گۆڕی بە ئۆرفا و جۆلەمێرگیان گۆڕی بە هاککاری.

ناوی هەندێک کۆڵان و جادەیان وەک ئۆرهان دۆغان، ئەحمەدێ خانی، ڕۆبۆسکی و ئارامی تیگرانیان گۆڕی. بە دەیان ناوەنی کلتوری و موزیکی کوردیان داخست. سمبول و نیشانەکان کە دەلالەت لە کۆمەڵگای کوردی دەکەن شکێنران و لابران.

هەرچەندە هاوڵاتیان بە دەیان سکاڵایان لە دژی قەیومەکان تۆماکرکرد بەڵام هیچیان بە هۆی سکاڵای هاوڵاتیانەوە دەستگیرنەکران. بە تەنها ٩ قەیوم بە هۆی گەندەڵیەوە لەکاردوورخرانەوە و بۆ جێگەیەکی تر گواسترانەوە. ٥٥ قەیوم بە هۆی ئەندامێتی لە رێکخراوی گولەنیەکان دەستگیرکران.

هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ و سەردەمی دوای هەڵبژاردنەکان
هەڵبژاردنی ٣١ی ئازار لە دۆخێکی ئاڵۆزدا ئەنجامدرا. سەردەمێک بوو کە لە زیندانەکاندا مانگرتنێکی سەرتاسەری ڕاگەیەنرابوو و قەیرانێکی قوڵی ئابوری هەبوو. لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوە هێرشی دەکردە سەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد.

 

لەو هەرێمانەی قەیومیان تێیایدا دامەزرێنرا، رێگریەکی زۆر لە کاندیدە کوردەکانی هەدەپە کرا. گەلی کورد لە باکووری کوردستان ئەو هەڵبژاردنانەی وەک هەڵبژاردنی قەیومەکان لەقەڵەمدا و لەگەڵ ساختەکاری و فشارەکان کورد توانی جارێکیتر ژمارەیەکی زۆر شارەوانی بەدەست بهێنێتەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاردا، هەدەپە، شارەوانی ٣ پارێزگا و شارەوانی ٦٢ شاروچکە و ناوچەی بەدەستهێنا. هەروەها ١٢٣٩ ئەندامی هەدەپە وەک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیەکان سەرکەوتن و ١٠١ کەسیش وەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان سەرکەوتن.


کاتێک هەدەپە ژمارەیەکی زۆری شارەوانیەکانی بەدەستهێنایەوە، بینی شارەوانیەکان تالانکراون و شارەوانیەکان بە ملیۆنان لیرە قەرزار ماونەتەوە.

بە سەدان دیاری و خوان و گەشت لە سەر میلاکی شارەوانیەکان ئەنجامدراون. بودجەی شارەوانیەکان بۆ بانگهشیتکردن و کڕینی زێر و کالا گرانبەهاکان بەکارهێنرابوو.

گەندەڵیی قەیومەکان تەنانەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و وەزیرەکانیشی گرتبووەوە. بە سەدان هەزار لیرە بۆ بانگهێشتکردنی ئەردۆغان و وەزیرەکان خەرجکرابوو و گورزێکی گەورە لە شارەوانیە کوردەکان درابوو.


قۆناغی دووەمی قەیوم
دەسەڵاتی ئاکەپە بە هاوبەشی لەگەڵ مەهەپە، دوای هەڵبژاردنەکان جارێکیتر دەستیان بە سایسەتی قەیوم کردەوە و ئەمەش وەک قۆناغی دووەمی قەیوم پێناسە دەکرێت.

دوای ئەوەی نەیانتوانی بە هەڵبژاردنەکان و لەگەڵیشیدا بە سەختەکاری و بە فێڵ و تەڵەکەبازی هەموو شارەوانیەکان لەدەستی کورد دەربهێنن، سەرەتا هاوسەرۆکی شارەوانیەکانی ئامەد و مێردین و وان لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و لە جێگەیان قەیوم دانران.

 

لە ١٩ی ئابی ئەمساڵدا ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە شارەکانی باکووری کوردستان لەدژی ئەندام و بەرێوەبەرانی شارەوانیەکانی هەدەپە ئەنجامدرا و لە ئاکامدا زیاتر لە ٥٠٠ کەس دەستگیرکران.

لە قۆناغی دووەمی قەیومدا، تا ئێستا ٢٤ شارەوانی دەستبەسەرکران و قەیومیان لەجێگەیان دانراوە. ١٣ هاوسەرۆکی شارەوانیەکان دەستگیرکران و تا ئێستاش لە زینداندان. ٣٠ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیەکان لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە. ٩ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیەکان دەستگیرکراون. ٧ ئەندامی ئەنجومەنی پاریزگاکان دەستگیرکراون . ٤٤ ئەندامی ئەنجومەنی پارتی دیموکراتی گەلان دەستگیرکراون.

یەکێک لە سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا بە دامەزراندنی سیستمی قەیوم، دژایەتیکردنی ژنان بوو. لەبەرئەوەی لە کۆی ٦٥ شارەوانی هەدەپە ٤٥یان ژن بوون و لە شارەوانیەکانی تریش هاوسەرۆکەکان ژن بوون. ئەمەش لە کاتێکدابوو کە لە ناو ئاکەپەدا تەنها ٨ ژن و لە ناو جەهەپەدا ١٠ ژن و لە ناو مەهەپەدا تەنها یەک شارەوانی بە دەست ژنانەوە بوو.

 

بەو هۆیەوە سیستمی هاوسەرۆکایەتی کە مافی یەکسانی بە پیاو و ژن دەبەخشێت بە هەموو شێوەیەک لە لایەن ئاکەپەوە رەتدەکرێتەوە.

لە ئەنجامدا دەتوانرێت بگوترێت، قەیوم سیستمێکی نوێی دەوڵەتی تورکیایە و درێژەی سیاسەتی ڕەتکردنەوە و لەناوبردنی گەلی کوردە لە ڕووی سیاسی، زمان، کلتور و کۆمەڵایەتیەوە. ڕەتکردنی مافی هەڵبژارتن و بڕیاردانی گەلی کوردە و بەم شێوەیە باکووری کوردستان جارێکیتر ڕووبەڕووی شەپولێکی تری ڕەتکردن و نەژادپەرستیی کۆماری تورکیا بووەتەوە و ئەو سیاسەتە تا ئێستاش بەردەوامە.