ڕاپۆرتی کوردستانی

05:01 - 02/12/2019

گوزارشت لە بەرخۆدانی شەرڤانان لە دژی سوپای تورکیا دەکات‌

مێژووی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان بە بەرخۆدان و شەڕ  و قاڕەمانێتی نووسراوەتەوە. چەندین سەردەم تێپەڕین و  بە هەزاران شەڕڤانی کورد شەهید بوون. شەڕڤان و شەهیدەکانی شەڕی خۆبەرێوەبەری لە ناوچەی سووری ئامەد (قەڵای ئامەد)، جزیر، نوسەیبین، شرنەخ، گەڤەر و سلۆپی باکووری کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٥دا قارەمانێکی سەردەمێکی مێژوویی گەلی کوردن.

 
هەموو ناوچەکانیان کرد بە قەڵای بەرخۆدان، بە هێرشی فراوانی فڕۆکەی ئێف١٦ و چەکە پێشکەوتووەکانی ناتۆ و بە سوتاندنیان لە ژێرزەمینەکانی مەرگ، خۆیان ڕادەست نەکرد.

یەکێک لەو جێگەیانەی کە ١٠٥ ڕۆژ شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) لەدژی سوپای تورکیا شەڕیان کرد، ناوچەی سووری ئامەد (قەڵای ئامەد) بوو.
لەبارەی شەڕی قەڵای ئامەد فیلمێک بەرهەمهێنراوە. ناوی فیلمەکە (بۆ ئازادی)ـە و دەرهێنەرەکەی ئەرسین چەلیکە.

 

پڕۆمۆی فیلمەکە لە وڵاتی هیندستان لە فیستیڤالێکدا نمایشکرا و ئەرسین چەلیک دەرهێنەری فیلمەکە بۆ میدیاکان باسی لە چۆنیەتی و گرنگی فیلمەکە کرد.

'دەیانەوێت بەرخۆدانی خۆبەرێوەبەری بشارنەوە'
دەرهێنەری ئەرسین چەلیک دەڵێت، "کاتێک لە قەڵای ئامەد و ناوچەکانی تر ڕۆڵەی کورد دەسووتێنرا، ئێمە چ هەستێکمان هەبوو، ئێمە بیرمان لە چی دەکردەوە؟ من ناتوانم وەڵامی ئەم پرسە بدەمەوە، پێویستە هەموو کەسێک بیربکاتەوە و وڵامی خۆیبداتەوە. فیلم و ڕۆمانەکان ناتوانن بە تەواوەتی وەڵامێکی تێرکەریان بۆ ئەم پرسە هەبێت. بەڵام دەتوانن ببن بە یارمەتیدەر.

دەوڵەتی تورکیا هەموو هەوڵێکیدا داستانی شەڕڤانان لەو سەردەمەدا بشارێتەوە و پێچەوانەی بکاتەوە. ئەگەر ئێمە بتوانین باش لەو سەردەمە تێبگەین، ئەوکاتە دەتوانین بەرخۆدانەکە ڕەخنە بکەین یان پێیایداهەڵبدەین.

چەلیک ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە چەندین ساڵ بەدوای پرسیارەکاندا دەگەڕاین. وەک کاری ڕۆژنامەنووس لێدوانمان وەردەگرت و چیرۆکمان دەنووسی، بەڵام لەو شەڕانەدا ڕووداوی ووها ڕوویاندا کە هیچ كەسێك ناتوانێت بە تەواوی ڕاستی ڕووداوەکان بگێڕێتەوە.

دەفتەری بیرەوەرییەکانی شەڕڤانێکی قەڵای ئامەد
ئەرسین چەلیک ئاماژەی بە دەفتەری بیرەوەرییەکانی شەڕڤانێکی قەڵای ئامەد بە ناوی غەمگین ڕۆژ کرد كەبووەتە هەوێنی دروستكرنی فیلمەكە، وتی "غەمگین ڕۆژ لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت 'فەرماندەی گشتی شەڕڤانان لە قەڵای ئامەد بە ناوی (چیاگەر) پێشنیازی کردووە ڕووداوەکان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی شەڕەکە بنوسرێتەوە."

 

ئەرسین چەلیک لە بەردەوامی قسەکانیدا ڕایدەگەیەنێت "هێندەی نووسینی بیرەوەرییەکان، هەڵوێستی فەرماندە چیاگەریش گرنگە. لەبەر ئەوەی هەندێک کەس  کە لە گەمارۆی سەر قەڵای ئامەد رزگاریان ببوو، شایەتی ئەوەیان داوە، چیاگەر کە لە شەڕەکەدا شەهید بووە باسی ئەوەی کردووە رووداوەکان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی پێچەوانە نەکرێنەوە.

لە بارەی ئامادەکردنی سیناریۆکە ئەرسین چەلیک ڕایگەیاندووە، خۆی ڵێکۆلینەوەی لە شەڕەکە و رووداوەکان کردووە و لەگەڵ ئەو کەسانەی بەشداریان لەشەڕدا کردووە، جاوپێکەوتنی ئەنجامداوە و ڕای هەموو کەسێکیان وەگرتووە.

بەشێكی زۆری فیلمەکە لە کۆبانێ بەرهەمهێنراوە
دەرهێنەری فیلمەکە هەروەها باسی ئەوەشی کرد، فیلمەکە لە ڕۆژئاوا و زیاتر لە شاری کۆبانێ لە ناو پاشماوەکانی جەنگی دژی داعشدا دەرکراوە. کۆڵان و جادەکانی کۆبانێ وەک قەڵای ئامەد ئامادەکراوە.

ژمارەیەک ئەکتەری ناو فیلمەکە، هەمان شەڕڤانی ناو قەڵای ئامەدن
دەرهێنەری فیلمەکە ئەرسین چەلیک ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک ئەکتەر هیچ ئەزموونی ئەکتەریان نەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی ژمارەیەکیان هەمان ئەو کەسانەبوون کە لە شەڕەکەی قەڵای ئامەد بەشداریان کردبوو، ڕۆڵیکی زۆر کاریگەریان گێڕا. خاوەن ئەزموون بوون و هەموو ڕووداو و شەرەکەیان بە چاوی خۆیان بینیبوو. ئەم كارەش لە جیهانی سینەمادا بیوێنەیە. وەک تر هەندێک ئەکتەری تریش بەشداریان لە شەڕی تردا کردبوو. واتە ئێمە ئەکتەرەکانمان بە تایبەتی هەڵبژارد کە خۆیان شەڕڤان بوون. هەندێکیان لەناو قەڵای ئامەد دا نەبوون، بەڵام لە ڕەقا و شەنگال شەڕیان بینیبوو.

نمایشکردنی فیلمەکە
چەلیک ڕاشیگەیاند، پلانیان هەیە لەو وڵات و شارانەی کە دەرفەتیان پێدەدرێت، فیلمەکە نمایشدەکرێت. فیلمەکە لە ماوەیەکی کەمدا لە هەندێک فیستیڤاڵی ئەوروپا نمایشدەکرێت. دەشڵێ: بۆ ئەوەی فیلمەكە زۆرترین بینەری هەبێت هەوڵێكی زۆر دەدەین. لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێ دەمانەوێت لە ناوەند جیاوازەکان بڵاویبکەینەوە. هەرچەندە فیلمەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا قەدەغەشە بەڵام ئامانجمانە لەوێش نمایشبكرێت.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ گەنجەکانی باکووری کوردستان لە زۆربەی شارەکان دەستیان بە ڕاپەڕینی ڕاگەیاندنی خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتی کرد. دەوڵەتی تورکیا دواتر بە هەموو هێزێکیەوە پەلاماری گەنجانی دا و هێزێک بە ناوی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە – YPS) پێکهێنرا.

گەنجان لەژێر ناوی ئەو هێزەدا بەردەوامیان بە ڕاپەریندا و دواتر لە ناوچەی سووری ئامەد (قەڵای ئامەد)، ناوجەی نسێبینی مێردین، ناوچەکانی جزیر و سلۆپی سەر بە شرنەخ، ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ شەڕێکی قوڕس لەنێوان گەنجان و سوپای تورکیادا روویدا.

بە پێی ئامارە نافەرمیەکان نزیکەی ٥٠٠ گەنجی کورد لەو شەڕانەدا شەهید بوون و ژمارەیەکیشیان بەدیل گیران. ژمارەیەکیش خۆیان دەربازی ڕۆژئاوای کوردستان کرد. هەروەها دەگوترێت بەسەدان سەربازی تورکیش لەشەڕەکەدا کوژران.

جگە لەوە نزیکەی نیو ملیۆن کەس لەو ناوچانە ئاوارەبوون و ماڵ و باڵەخانەکانیان ڕووخێنران.

بۆ بینینی راپۆرتێكی پێشووی پەیسەر كە چیرۆكی ژێرزەمینەكانی مەرگ دەگێرێتەوە كلیك لەم بەستەرە بكە: