ڕاپۆرتی کوردستانی

07:50 - 04/12/2019

چۆن قاوەی کوردیان کردە قاوەی تورکی؟‌

جۆگرافیای کوردستان، جۆگرافیایەکی زۆر دەوڵەمەندە. وڵاتێکە چوار وەرزی ساڵ بەخۆیەوە دەبینێت. ئاو و هەوایەکی لەباری بۆ بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە میوە، سەوزە و بەروبومێک هەیە. لە سەردەمە کۆنەکانەوە لەسەر ئەم جۆگرافیایە، دەست بە کشتوکاڵ کراوە.

کوردستان خاوەنی شارستانیەکی کۆنە و بە لانکەی مرۆڤایەتی دادەنرێت. بەڵام بە هۆی ئەوەی کورد خاوەن دەوڵەت نییە و تا ڕۆژی ئەمڕۆشمان ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی دەبێتەوە، نەیتوانیوە پەرە بە کلتور، زمان و بەرهەمە کۆنەکانی بدات و مۆدێرنیزەیان بکات.

هەرچەندە کورد خاوەنی بازرگانیەکی فەرمی نییە. بەڵام تا ئێستاش بەرهەمەکانی بە ناوی دەوڵەتانی تورک و عەرەب و فارسەوە لە بازارەکانی جیهاندا دەفرۆشرێن. نمونەی ئەوەش زەیتی زەیتون و سابونی عەفرینە. لە ئەوروپا یەکێک لە گرنگترین زەیت و سابون و شامپۆکان بە زەیتونی عەفرین دروست دەکرێن. بەڵام پێشتر لە لایەن ڕژێمی سوریا و لە ئیستاشدا لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستیبەسەرداگیراوە و بازرگانی پێوە دەکرێت.

 

جگە لەوە لە باکووری کوردستانیش بە دەیان بەرهەمی تری کوردەواری هەیە کە دەوڵەتی تورکیا لەناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا شانازی پێوە دەکات. نمونەش بۆ ئەوە، شوتی شاری ئامەدە. زۆربەی ساڵان شوتی ئامەد بەهۆی گەورەبوونی کە هەندێک جار یەک دانەی دەگاتە ٧٠ کیلۆ و بەهۆی تامە خۆش و سروشتیەکەی لە پێشبڕکێکاندا لەڕێزی یەکەمدایە.

یەکێکی تری بەرهەمە کوردیەکان توتنە. توتنی هەندێک ناوچە و پارێزگای باکووری کوردستان بە باشترین توتنی جیهان دادەنرێت. لە سەردەمی عوسمانیەکاندا توتنی پاریزگای جۆلەمێرگ، مووش و بەدلیس تا وڵاتانی ئەوروپا هەناردە دەکرا و لە کۆشکی سوڵتانەکانی عوسمانیدا دەکێشرا. بەڵام لە ئیستادا بە ناوی (تەک ئەل)ەوە حکومەت دەستیبەسەردا گرتووە و هەر کەسێک بە دەوڵەتی نەفرۆشێت، سزا دەدرێت.

هەموو بەرهەمەکان بە ناوی بەرهەمی تورکیەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێن و کۆمەڵگای تورکیاش شانازی پێوەدەکات و بە موڵکی خۆی دادەنێت و ناوی تورکیان بۆ دۆزیوەتەوە.

قاوەی تورکی یان کوردی
١٠٠ ساڵ لەمەوبەر قاوەیەکی کوردی لە باکووری کوردستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەناردە دەکرا و لە فەڕەنسا لە کیس دەنرا. ئەویش قاوەی قەزوانی کوردی بوو، بەڵام لە ئێستادا بە قاوەی تورکی بەناوبانگە.

لە سەدەی ٢٠ دا قاوەی کوردی لە قەزوان بەرهەم دەهێنرا و بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەنێردرا. لە شارەکانی جۆلەمیرگ، ئامەد، مێردین و باتمان قەزوان کۆدەکرایەوە و لە ڕێگای هەندێک ئامیرەوە دەکرا بە قاوە.

 

قاوەی کورد لە نیوان ساڵەکانی ١٨٣٠ بۆ ١٩٣٠ لە فەڕەنسا بە ناوی  'Chicorée au Kurde' واتە قاوەی کورد لە پاکەت دەنرا و لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا بلاودەکرایەوە.

دوای ئەوەی کۆماری تورکیا دامەزرا و دەست بە سیاسەتی توانەوەی زمان، کلتور و بەرهەمە کوردیەکان کرا. ڕێگا بە ناردنی قاوەی قەزوان بۆ ئەوروپا نەدرا و کارگەی  'Chicorée au Kurde' لە فەڕەنسا داخرا و دەوڵەتی تورکیا بۆ خۆی دەستی بە دروستکردنی قاوەکە کرد و کارگەیەکیشی بۆ ئەو مەبەستە کردەوە کە لە ئیستادا بە دەیان کارگەی قاوەی قەزوان بە ناوی جوراوجوری تورکیەوە کراونەتەوە و پێی دەڵێن (قاوەی تورکی) کە لە بنەڕەتدا و بە پێی ئەو وێنەیەی لەسەر پاکەتی قاوەکەدا دیارە، قاوەکە موڵکی کوردە.

قاوەکە لە قەزوان دروست دەکرێت و لەناو پێکهاتەکەیدا کافایین نییە. لەسەر پاکەتەکەی کە لە سەدەی ٢٠ دا بەرهەمدەهێنرا، وێنەی شەڕوانێکی کوردی لەسەرە کە پێشبینیدەکرێت، وێنەی شەڕوانێکی سەدەی ١٥ بێت و لە سەدەی ١٧ دا لە لایەن گەشتیارە ئەوروپیەکانەوە کێشرابێت.

 

کاتێک قاوەی قەزوانی کوردی بۆ ئەوروپا هەناردە دەکرا. لە ئەوروپا بەرهەمهێنانی قاوە زۆر کەم بوو. بەو هۆیەوە و بە هۆی سوودەکانیەوە یەکێک لە باشترین قاوەکان هەژمار دەکرا و لە ماڵی زۆربەی کەسایەتی و خانەدانەکانەوە دەبینرا.

قاوەی قەزوان تا ئێستاش لە لایەن ژنانی گوندەکانی ژمارەیەک لە پارێزگای باکووری کوردستانەوە دروست دەکرێت، بە تایبەتی ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگ کە بە (کوشمە) بەناودەکرێت و وەک دەرمانیش بۆ ئازار و برینی ڕیخۆڵە و گەدە دەخورێتەوە.

 

لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئەم قاوەیە کە لە ئیستادا بە ناوی قاوەی تورکی ناوی دەرکردووە، لە لایەن رێکخراوی یونسکویەوە وەک میراتێکی سروشتی تۆمار کرا.

ئەم قاوەیە سوودی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە لەوانە. بۆ نەخۆشیەکانی جگەر، هەناسەتەنگی، کۆکە و بەڵغەم. تێکچوونی تۆنی دەنگ. بۆنی ناخۆشی ناو دەم، زیادکردنی توانای سێکسی، زیپکەی سەر پێست، نەخۆشیەکانی گەدە و ڕیخۆڵە. هەروەها بۆ لەناوبردنی هەوکردنی برینیش بەکاردەهێنرێت.