ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:30 - 12/12/2019

مێژووی شێواندنی تەرم لە عێراقدا‌

رەنگبێ بە بینینی ئەو تەرمانەی ئەمڕۆ لە بەغدا بەبەرچاوی خەڵکەوە هەڵواسران، خەڵکانێک هەبن بپەشۆکێن. بەڵام بۆ ئەوانەی ئاگاداری مێژووی نزیکی عێراقن ئەم تابلۆیانە وەکو دووبارەبوونەوەی رابردوون نەک دیاردەیەکی دەگمەن.

شۆڕشی شێواندنی تەرم
هەڵواسین و سوکایەتی بە تەرم لە عێراق، لە دوای ئینقلابی عەبدولکەریم قاسم لە ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ بووە دیاردەیەکی ئاسایی لەم وڵاتەدا. چونکە یەکەم رۆژی سەرکەوتنی ئەم ئینقلابە بە شێواندنی تەرمی بنەماڵەی پاشایەتیی و دەسەڵاتدارانی تر دەستیپێکرد.
ئەو رۆژەی کودەتاچیان سەرکەوتن بەسەر دەسەڵاتی پاشایەتییدا، لە بەردەم کۆشکی ریحاب بنەماڵەی پاشایەتی کۆمەڵکوژ کران. دواتر خەڵک بەشێک لە تەرمی پیاوە دەسەلاتدارەکانی وەکو عەبدولئیلاهـ و نوری سەعیدیان برد بەسەر شەقامەکاندا کێشیان دەکردن.

خەڵکانی توڕە هەر بەوەوە نەوەستان کە تەرمەکانیان بەسەر شەقامەکاندا رادەکێشا، بەڵکو سەری کوژراوەکانیان پان دەکردەوەو دەستوقاچیشیان دەبڕینەوەو دواتر تەرمە شێواوەکانیان بەسەر دیوارەکاندا هەڵدەواسی.

ماوەیەک دوای سەرکەوتنی شۆڕشی قاسم، هەرای شەواف لە موسڵ بەرپابوو کە ناسیۆنالیستێکی سوننەبوو دەیویست ئینقلاب بەسەر قاسمدا بکات، بەڵام لە کاتی دامرکاندنەوەی سەرهەڵدانەکەیدا، دەیان کەس کوژران و تەرمەکانیان دوای شێواندنیان لەسەر شەقامەکان بە عەموودی کارەبا و دیوارەکاندا هەڵدەواسران.
ئیتر دوای ئەم مێژووە، هەڵواسین و شێواندنی تەرم لە شوێنە گشتییەکاندا، بووە دیاردەیەکی ئاسایی لە عێراقدا.


تەرم شێوێنەکان دەشێوێنرێنەوە
لە یەکەم ئینقلابی بەعسییەکان بەسەر عەبدولکەریم قاسمدا لە مانگی شوباتی ١٩٦٣ سوکایەتی بە تەرمی سەرۆک و سەرکردەکان دیسان دووبارە بوونەوە. بەعسییەکان دوای ئەوەی سەرکەوتن، قاسم و هەموو ئەوانەیان کوشت کە لەوەوە نزیک بوون.
ئینقلابچییەکان تەنیا بە کوشتنیانەوە نەوەستان، بەڵکو سوکایەتیان بە تەرمەکانیان کرد و بەراکیشان بەسەر شەقامەکاندا بردیان لە شوێنێکی نادیار (کە تائێستاش نازانرێ گۆڕی قاسم لە کوێیە) شاردرانەوە.
رووداوەکەی فەلوجە
دوای روخانی رژێمی سەدام حسێن، رووداوی هەڵواسینی تەرمی چەند بیانییەک لە فەلوجە، دنیای حەپەساند و لە میدیا جیهانییەکان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.

ساڵی ٢٠٠٥ ژمارەیەک ئەندازیاری ئەمریکی، لە شاری فەلوجە کەوتنە بەر رق و توڕەیی خەڵکی ئەو شارە و دوای کوشتنیان، تەرمەکانیان شێواندن و بەسەر پردێکی سەرەکی ئەو شارەدا هەڵیانواسین.

لە کاردانەوە دژ بەو تاوانەی لە فەلوجە ئەنجامدرا، سەربازانی ئەمریکا و سوپای تازە دامەزراوی عێراق، هێرشێکی چریان کردە سەر فەلوجە و سەدان کەس کوژران.
لە شەڕە تایفییەکەی ٢٠٠٦ – ٢٠٠٧ لە شارە عەرەبییەکانی عێراق، رۆژانە چەندین تەرم لە لێواری چەم و رووبارەکان یان لەسەر شەقامەکان دەدۆزرانەوە کە دوای ئەشکەنجە و ئازاردای زۆر، تەرمەکانیشیان دەشێونێران و فڕێ دەدران.

پیرۆزکردنی شێواندنی تەرم
لە ئینقلابەکەی عەبدولکەریم و رووداوەکەی شەوافەوە تائێستا، هەموو ئەو کاتانەی تەرمی تێدا شێوێنراوەو خەڵکێکی زۆر بەشدارییان لەو کارانەدا کردووە، کەوتوونەتە رووداوە هەستیارەکانی وەکو ئینقلاب و شۆڕشەوە.

لەبەر ئەوەی ئەم دیاردەیە کەوتووەتە کاتی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانەوە، رەوایەتی پێدەدرێ و لە کاتی خۆیدا سەرزەنشتی ئەو کەسانە ناکرێ تەرم دەشێوێنن و سوکایەتی پێدەکەن.