ڕاپۆرتی کوردستانی

07:24 - 13/12/2019

بەرپرسان ئەوروپا و بەشداربووانی کۆنفرانسی ڕۆژئاوا لە پەرلەمانی ئەوروپا: ئەردۆغان، هیتلەری سەردەمە‌

لە پەرلەمانی ئەورۆپا لەبارەی داگیرکەرییەکانی تورکیا و پاکتاوی نەژادی و پەیوەندییەکانی لەگەل تیرۆستان و هەلوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان، لە ١١ و ١٢ ئەم مانگە کۆنفڕانسێک لەلایەن فراکسیۆنی سەوز و بەرێوەبەرایەتی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و فراکسیۆنی ڕێکەوتنی پاراستنی ئازادی و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییەوە ساز کرا.

  پارلەمانتارانی پارتە جیاوازەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و سەندیگاکان و کەسایەتی و ڕۆشنبیر و ئەکادیمی، ڕۆژنامەنووس و نوێنەرانی پارتە سیاسیەکان بەشداریان لە کۆنفرانسەکەدا کرد و هەموو کەسایەتی و لایەنەکان هەڵوێستی جددیان بەرامبەر داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی.

پێویستە دەوڵەتی تورکیا دادگاییبکرێت
لە کۆنفڕانسەکەدا لەسەر ناوی فراکسیۆنی رێکەوتنی ئازادی  و پارتی سەوز فرانچۆیس ئالفۆنسی کە لە هەمان کاتدا پەرلەمانتاری یەکێتی ئەورۆپایە قسەی کرد ڕایگەیاند ئەوان دڵخۆشن کە ئەم کۆنفڕانسە لە لایەن فراکسیۆنی سەوزەوە رێکخراوە. ناوبراو، هەڤرین خەلەف ژنە سیاسەتمەداری کوردی بەبیر هێنایەوە کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژراو وتی:" پێویستە ئەمڕۆ ئەویش لێرە بوایا. بە شێویەیەکی سیمبۆلیک شوێنێکمان بۆ ئەو دیاری کردووە. دەوڵەتی تورک پێویستە بە هۆی تاوانی شەڕەوە دادگایی بکرێت."
ئالفۆنسی تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەوان لە پەرلەمانی ئەورۆپا گروپی دۆستایەتیی کوردستانیان دروست کردووەو وتی:" تەنها پشتیوانی گروپێکی بەم شێوەیە بەس نییە بۆ کورد، بەڵکو پێویستە ئەوانەی لە ئەورۆپا دەژین، ئاگاداری بارودۆخی کورد بن.

پێویستە دۆسیەی تایبەت لەبارەی تاوانی جەنگ بدرێتە دادگای نێودەولەتی
دواتر مزگین ئامەد هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا مافی قسەکردنی وەرگرت و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە دژی زمانی کوردی سیاسەتی لەناوبردن پەیرەو دەکات.

مزگین ئامەد هەروەها رایگەیاند، ئامانجی یەکەمیان لەم کۆنفڕانسە ئەوەیە سەرنج رابکێشن بۆ سەر گۆڕینی دیمۆگرافی و کۆمەڵکوژی و تاڵانییەکانی دەوڵەتی تورک و ئاماژەی بەوەش کرد، دەوڵەتی تورک لە هەوڵی ئەوەدایە کە سیستمی رۆژئاوای کوردستان لەناو ببات و جەختیشی کردەوە کە پاراستنی سیستمی دیمۆکراتیک لە رۆژئاوا بۆ ئەوان زۆر گرنگە و وتی:" بۆ دروستکردنی ئەم سیستمە ١٢ هەزار شەهیدمان داوە. بە دەیان هەزار بریندارمان داوە. ئێمە لەم کۆنفڕانسەدا هێوادارین داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بوەستێنرێن و ئەوانەی بە ناچاری ئاوارەو دەربەدەر بوون، بگەرێنرێنەوە سەر جێگای خۆیان و لە دژی تاوانەکانی شەڕ دۆسیەی تایبەت پێشکێش بە دادگایەکی نێودەوڵەتی بکرێت."

هێرشەکانی تورکیا جگە لە دڕندەیی هیچیتر نییە
بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا و هاوسەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنۆریش قسەی کرد و ڕایگەیاند، بە ناوی رێکخراوەکەیان و دۆستایەتی نێوان لەگەڵ کوردان قسە دەکات و وتی:" ئەو رووداوانەی کە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕوودەدەن جگە لە دڕندەیی هیچ شتێکی دیکە نییە. پشتیوانی من بۆ گەلی کورد هەمیشە هەبووە و بەردەوامیش دەبم لەو پشتیوانییە."

کۆشنەر هەروەها باسی لە بێدەنگی ڕێکخراو و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک کرد و بەم شێویە دوا:" هۆکاری ئەم بێدەنگییە روون و ئاشکرایە. کورد خاوەنی وڵاتی خۆیان نین. گەلێکە، بە داگیرکردن پارچەکراون. گەلی کورد گەلێک نییە تەنها وەکو پارچەکراو تەماشا بکرێت، ئەو بەهایانەی کورد دەیانپارێزێت، بەهای هەموو ئەورۆپاشن."

ئەگەر تورکیا هێرشی نەکردایا، ڕۆژئاوا دەبووە خۆشترین ناوچە
لۆئانیس مۆزالیس وەزیری پێشووی پەنابەرانی یۆنانیش باسی لە بارۆدۆخی پەنابەران کرد و سەرەتا باسی لە سەردانەکەی کرد بۆ رۆژئاوای کوردستان و وتی:" ئەگەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک نەبوایا، رۆژئاوا دەبووە جێگایەکی خۆش، بەڵام بەداخەوە تورکیا هێرشی کرد و دۆخەکەی تێکدا. یەکێتی ئەورۆپا بۆ یارمەتی پەنابەران پارە دەدات بە تورکیا، بەڵام بۆ ئەوانەی لە رۆژئاوان هیچی نەکردووە. پێویستە یەکێتی ئەورۆپا چاودێرەکانی بنێرێت بۆ ناوچەکە."

یەکەمین ڕۆژی کۆنفرانسەکە بەم شێوەیە کۆتایی هات و دوێنی ١٢ی ئەم مانگە کۆنفرانسەکە دەستپێکرایەوە و ژمارەیەک کەسایەتی و بەرپرسانی تری ئەوروپا پشتگیری خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و داوایان کرد ئەوروپا پشتگیری لە ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستان بکات.

ئەردۆغان ، سەدام حسێن و هیتلەری سەردەمە
لە سەرەتای ڕۆژی دووەمی دانیشتنەکەدا بەدران چیا ڕاوێژکاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئەوان هێزێکیان لەسەر ژیانی هاوبەش دروست کردووە و هەموو سەرفرازییەکانی ئەو ناوچەیە نێودەوڵەتین. تورکیا سوود لە گروپەکانی ئیسلامی توندڕەو دەبینێت و دەیەوێت ڕژێمێکی ئیسلامی بونیاد بنێت."

چیا وتی:" تورکیا دوو ئامانجی هەیە. سەرەتا ڕژێمێکی ئیسلامی بونیاد بنێت کە لە خزمەتی خۆیدا بێت، دووەمیش دەیەوێت ئاواتە دیمۆکراسییەکانی گەلی کورد لە ناو بەرێت. بەڵگەی ئەوەمان لەبەردەستدایە کە تورکیا چەکدارانی داعش و ئەلنوسرە بەکار دەهێنێت. بە پارەی ئەورۆپا کورد قڕ دەکرێت. ئایا یەکێتی ئەورۆپا بۆچی پشتیوانی لە وڵاتێک دەکات کە پڕۆژەی قڕکردن پەیرەو دەکات. ئەردۆغان بووە بە سەدام حسێنێکی نوێ. وەک چۆن تاوانبارانی جەنگی جیهانی دووهەم دادگایی کران، پێویستە ئەردۆغانیش بەو شێوەیە دادگایی بکرێت."

حەسەن ئیبراهیم بەرپرسی ئۆفیسی ئەحوال نیۆزیش لەبارەی ئەردۆغانەوە وتی:" ئەردۆغان بووە بە هیتلەری سەردەمی ئێستامان. ئەرۆغان هەڕەشەیە بۆ کورد و عەرەب. پێویستە یەکێتی ئەورۆپا هەڵوێستێکی توند پیشان بدات."

پێویستە ئەمریکا پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت
پرۆفیسۆر دکتۆر میکائیل گونتیر ئەندامی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورۆپا بۆ پرسی مەدەنی تورکیاش ڕایگەیاند، پێویستە ئەمریکا، پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت و فشار لەسەر یەکێتی ئەورۆپا دروست بکات.

دیپلۆماتی پێشووی یەکێتی ئەوروپا و ڕاوێژکاری سیاسی پیتەر گالبرایتەر-ش وتی: "منیش لەو باوەڕەدام کە لە سنوورەکانی ئەردۆغان تیرۆریزم هەیە. لە هەرێمی کوردەکانەوە بەرەو تورکیاوە هیچ هێرشێک نەکرا. دەبێت ئێمە قبولی بکەین کە چەندین تیرۆریست لەو سنوورەدا تیپەڕین. ئەو کەسانە لە تورکیا پەڕیونەتەوە بۆ سووریا، لەدژی کورد شەڕیان کرد. هەموویان لە تورکیاوە دەهاتن".

گالبریتە ئاماژەی بەوەش کرد کە دەوترێت کورد جگە لە چیاکان دۆستی دیکەیان نییە، بەڵام دۆستیان زۆرن. گالبرایتە وتی: ئیتر پێویستە بە چاوی تیرۆر سەیری پەکەکە نەکەین. پەکەکە راپەڕینێکە. ئەگەر پەکەکە ئۆپەراسیۆنەکانی لە تورکیا بوەستێنێت و لە تورکیا دانووستانی ئاشتی دەستپێبکات، دەبێت لە لیستی تیرۆر دەربهێندرێت".

کۆنفرانسی ڕۆژئاوا لە پەرلەمانی ئەوروپا و ئەنجامەکەی
بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کە کاریگەریان لەسەر سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا هەیە، هەموویان دژایەتی خۆیان بۆ داگیرکەری تورکیا بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان دەڕبڕی و هەموویان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە پێویستە یەکێتی ئەوروپا کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد بهێنێت.

ئەمەش لە کاتێدایە، دوێنێ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەهۆی کڕینی مووشەکی S400 و هێرشکردنە سەر باکور و رۆژهەلاتی سوریا، بە ١٨ دەنگی بەڵێ و ٤ دەنگی نەخێر پڕۆژە یاسای سەپاندنی سزاکانی سەر تورکیای پەسند کرد.

هەروەها یەکێک لە سیناتۆرە دیموکراتخوازەکان بەناوی رۆبێرت منیندیز لە تۆری کۆمەڵایەتی  تویتەر، لە تویتێکدا نووسیوەتی: "کردەوەکانی تورکیا لەم ساڵەی دواییدا هەموو سنوورێکی بەزاندووە، یاساش روونی دەکاتەوە بۆ تورکیا ئەو رەفتارانەی بەرامبەر سوریا دەیکات مایەی قبوڵکردن نییە و کرینی سیستمی بەرگری  S400یش مایەی سازش نییە".