لێکۆڵینەوە

04:47 - 09/01/2020

مەلا جەمیل رۆژبەیانی.. مەلایەکی جەمیل‌

ئومێد نه‌جم

مێژوونووس بوو، وەرگێڕو نووسەر و لێکۆڵەر و رۆژنامەوان بوو، ئیمام و خەتیب و پێشنوێژی مزگەوت و هاوڕێی زۆربەی زۆری سەرکردەکانی کوردبوو زمانپاراو و قسەخۆش و بزێوبوو. به‌ هەموو پێوەرێک پیاوێكی مەزنی کورد و کوردستان بوو.. مەلا جەمیل رۆژبەیانی

ھەر لە زەمانی مەلیکەوە لەسەر ھەڵوێستەکانی دوچاری حەپس و دوورخستنەوە بووتەوە و پەراگەندەی خوارووی عێراق کراوە.
چیرۆکی مەلا جەمیل رۆژبەیانی لەگەڵ زینداندا، تێکەڵی گاڵتەوگەپ کرابوو چونکە وا باوبوو کە لە بەندیخانە دەردەچوو، بەھاوزیندانەکانی دەگوت: کەس جێگاکەم داگیر نەکا ها!
هەر لەنێو زینداندابوو کتێبی (شەرەفنامە)ی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی.  رۆڵ و قورسایی وسەنگی ھەبوو لە بزووتنەوەی سیاسی و رۆژشنبیریی کورددا. سەرەنجام سەرو گیانیشی لە سەر کورد و مێژووی کورد دانا بۆیە نازناوی " شەهیدی قەڵەم"ی پێدراوە.

مەلا جەمیل رۆژبەیانی کێ بوو؟
جەمیل کوڕی مەلا ئەحمەدی ڕۆژبەیانییە، ساڵی ١٩١٣ لەگوندی فەرقان لە ناوچەی قەرە حەسەن، سەر بە شاری کەرکوک لەدایکبووە.
دەرچووی ھیچ زانکۆ و ئەکادیمیایەک نەبوو، تەنیا بڕوانامەیەک هەیبووبێ هی قوتابخانەکەی باوکی "مەلا ئەحمەدی رۆژبەیانی" بوو، کە یەکێک بووە لە زانایانی کەرکوک و پیاوە ئاینیەکانی ئەو شارە.
پەروەردەی بنەماڵەیەکی ئاینیی بوو و هەر لەو ژینگەیەوە پێگەیی. لە خوێندنی ئاینییدا ئیجازەی مەلایەتی لای زانای ناسراوی کەرکوک مامۆستا (مەلا ڕەزای واعیز) وەرگرتووە.
زۆر بە باشی شارەزای زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی بووە.  ساڵی ١٩٢٢ مەلا ئەحمەدی باوکی لەسەر داوای شێخ مەحمودی حەفید دەچێتە سلێمانی و لە مزگەوتی گەورەدا دەرسی دینیی دەڵێتەوە. مەلا جەمیلیش بۆ یەکەمجار لە سلێمانی بوو کە چاوی بە رۆژنامەی کوردی کەوتووە.
کەسایەتی رووناکبیری مەلا جەمیل، ئاوێتەیەکە لە رۆشنبیری کلاسیک و هاوچەرخ، چونکە دوای روخانی دەوڵەتی عوسمانیی و ھاتنی ئەوروپاییەکان بۆ عێراق و کوردستان و بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی چەپ، ئیتر کەسایەتی ئەمیش دەخەمڵێ.

ساڵی ١٩٣٤ مەلا ئەحمەدی باوکی بەھۆی کێشەی گوند و دەرەبەگەکانەوە دەکوژرێ، ئەمەش کاریگەری قوڵ لەسەر ژیان و دڵ و دەروونی مەلا جەمیل داناوە.
زۆرجار ئەم نیوە بەیتەی دەوتەوە:
بەنامەردی شەھیدیان کرد
وەکو حەمزەو عومەر
دوژمن
مەلا جەمیل ساڵی ١٩٤٨ لە ڕاپەڕینە فراوانەکەی عێراق کە دواتر بە "وەسبە| ناوی دەرکرد، بەشداریکرد بەوهۆیەوە خرابووە بەندیخانەشەوە.
ھەژار موکریانی  لە چێشتی مجێور دەڵێ: "لەزەمانی ھیتلەردا ھەزاران عێراقی لەسەر نازیەتی گیران و خرانە بەندیخانەوە. تەنانەت مەلا جەمیل رۆژبەیانیش بە تۆمەتی نازیەت ساڵێک لە گرتووخانەی عەمارەدا مایەوە. لەسایەی ئەو گرتنەوە توانی شەرەفنامەی بەدلیسی لە فارسیەوە بکاتە عەرەبی. سوپاس بۆ ئەو زیندانە".
جەمیل رۆژبەیانی لەگەڵ زۆربەی حزب و کۆمەڵ و کەسایەتییە نیشتمانیی و چەپەکانی ئەو سەردەمەدا، سەروسەودای ھەبوو.
بۆ نموونە لەگەڵ سیاسییەکی ناسراوی عێراقی وەکو کامیل چادرچی دۆستایەتی نزیکی ھەبوو. ماوەیەکیش ئەندامی کۆمەڵەی (برایەتی) بووە کە شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحمودی حەفید سەرۆکی بووە. هەروەها پەیوەندییەکی نزیکی ھەبوو لەگەڵ ئیبراھیم ئەحمەد.
ھەژاری موکریانی لەبیرەوەرییەکانیدا دەڵێ: "جارێکی مەلا جەمیلم لە ماڵی مەلا مستەفا بینی لە بەغدا ".  د.کەمال مەزھەریش دەڵێ " شانازی بەو رۆژەوە دەکەم کە مەلا جەمیل رۆژبەیانی بردمیە خزمەتی (ئیحسان نوری پاشا)" 

 مەلایەک لەسەر نەورۆز نەفی دەکرێ
لە ساڵی ١٩٤٨ بابەتێک لە گۆڤاری "دەنگی گێتی تازە" سەبارەت بە نەورۆز لەژێر ناوی "عید نوروز لا یتنافی و الدین الاسلامی" لەوەڵامی ژمارەیەک مەلاو شێخدا دەنووسێ کە نەورۆزیان بە لادان لە ئاین و دژ بە ئاینی ئیسلام ناوبردبووە. بەڵام سکاڵای لەسەر بەرز دەکرێتەوە و نەفی شاری ناسریەی خوارووی عێراق دەکرێ.
لەسەرەتای پەنجاکاندا کتێبی (مێژووی سۆفیگەرێتی لە کوردستان) دەنووسێ و چەند بەشێکی لە رۆژنامەی (ژین) بڵاوکردەوە. رۆژبەیانی خۆی دەڵێ: " موتەسەریف- پارێزگاری سلێمانی لەسەر داوای چەند کەسێک بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی قەدەغەکرد چونکە دەیانزانی باسی فڕوفێڵەکانیانە".

وەڵامی سەرۆکی تورکیا دەداتەوە
لە نێوان ساڵانی ١٩٥٤ و ١٩٥٥ کە لە شاری کوت دەبێ، وەڵامی جەلال بایاری سەرکۆماری تورکیا ەداتەوە، کە لەسەردانێکی بۆ ئەمریکا وتبووی: لە تورکیادا شتێک نییە بەناوی کورد، ئەوەی هەیە تەنیا ھەندێ تورکی شاخاوین خەڵک بە کوردیان ناو دەبەن"
مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی لە ڕۆژنامەی "الاھالی" بە زمانی عەرەبی وتارێکی لەسەر بە تورککردنی کورد لە تورکیا بڵاوکردەوە لەژێر ناوی "التتریک لایزید الشعب الکردي الا تمسکا بقومیتة و ثورە علی المستعمر"
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەڕێی سەفارەتی تورکیاوە لە بەغدا مەسەلەکەیان وروژاندو گەیشتە وەزارەتی ناوخۆی عێراق. شتەکە بەوەوە نەوەستا بەڵکو ڕۆژنامەی "الاھالی" درا بە دادگاو رۆژنامەکە لەلایەن حکومەتەی عێراقەوە داخرا، بەڕێوەبەری رۆژنامەکەش دەستگیرکرا و بە کەفالەتی ٥٠٠ دیناری ئەوکاتە ئازاد کرا.
ساڵی ١٩٥٤ بەدواوە کاتێ پێشەواو وتارخوێنی مزگەوتێک دەبێ لە شاری بەسڕە، بڵاوکراوەکانی حزبی شیوعی عێراق لەماڵەکەی ئەودا بڵاو دەکرایەوە و بەسەر خەڵکیدا دابەشدەکرا. ھەڵبەتە مەلا جەمیل بە بیروباوەر شیوعی نەبوو، تەنیا لەبەر ئەوەبوو ئەوان دژی دەسەڵاتبوون.

لەبەردەم خرۆشۆف داوای مافـی کوردی کردووە
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموز وەک کەسایەتییەکی کورد، لە کۆڕو کۆبوونەوەکاندا شوێنی دیاری ھەبوو. لەگەڵ شاندێکی عێراقیی لە کورد و لە عەرەب، دەچێتە یەکێتی سۆڤیەت.
لە کوردەکان  بێجگە لە مەلا جەمیل هەریەکە لە (گۆرانی شاعیر، شێخ لەتیف حەفیدزادە، لوقمان بارزانی، کاکە زیاد) بەشداری سەردانەکەیان کردبوو. لەوێ لەگەڵ خرۆشۆف سەرۆکی ئەوکاتی سۆڤێت دەدوێ و لەگەڵ ئەندامانی شاندەکە لێێ دەبێتە ھەرا. چونکە پێش ئەوەی بچنە لای خرۆشۆف سەرۆکی شاندەکە دەڵێ: ١٦ پرسیار دەکەین، ھەریەکەو پرسیارێک دەربارەی ئاشتی و دیموکراسی.
مەلا جەمیل رۆژبەیانی دەڵێ، سەبارەت بە چارەنووسی کورد پرسیارێ دەکەم، ئەوانیش دەڵێن: نابێ، بەڵام رۆژبەیانی دەرفەت وەردەگرێ تا پرسیار بکات دەربارەی چارەنووسی کورد.
خرۆشۆف دەڵێ: "ئێوە دەبێ برایەتی کوردو عەرەب لە عێراق بەھێز بکەن" مەلا جەمیل دەڵێ: "برایەتی کورد و عەرەب لەعێراق چەسپیوە، کورد و عەرەب لە عێراقدا بە ھاوبەشی داناوە من باسی عێراق ناکەم باسی جێگاکانی تری دەکەم کە ناوبردنی کوردی تێدا قەدەغەیە"
گفتوگۆی نێوان رۆژبەیانی و خرۆشۆف:
ئێمە یارمەتیتان دەدەین
یارمەتی مادی یا مەعنەوی؟
ھەموو جۆرێ
چیمان ئەدەنێ چەک؟ ماڵ؟ سامان؟
نا ئێمە ھەر مەعنەوی یارمەتیتان دەدەین
ساڵەھا لەمەوپێش شاعیرێکی کورد وتوویەتی:
"ئەو قەراری عوسبەیەی خەڵقی ئەڵێن بۆ کورد ئەبێ
ھەر قسەی ڕوتەو قسەش ناچێتە ناو گیرفانەوە"
دەگێڕنەوە ئەم گفتوگۆیەی مەلا جەمیل لەڕووی  خرۆشۆفدا، شیوعیەکانی نیگەرانکردووە.

سزادان لەلایەن قاسمەوە
لە کۆتایی ١٩٥٩ەوە بارودۆخ لە کەرکوک تەواو شڵەژابوو، گرتن و راونانی خەڵک کارێکی رۆژانەی دامودەزگاکانی حکومەت بوو بەتایبەت بۆ کوردەکانی شارەکە.
مەلا جەمیلیش یەکێک بوو لە ئامانجە ھەرە دیارەکان، کە لەو کاتەدا پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی (نائیب) بوو لەکەرکوک. ھەرچەندە پەیوەندییەکی سیاسی نەبوو، بەڵام لە مینبەری مزگەوتی (نائیب)ەوە ھەموو وتارەکانی ھەینی بۆ ھێرشبردنە سەر سیاسەتی حکومەت تەرخان کردبوو، ئیتر ھەر باس باسی خوتبە ئاگرینەکانی مەلا جەمیل بوو. دەگێڕنەوە کاتی خۆی  لە نوێژی ھەینیان یاتاخی خۆی ئامادەکردووە وەکو خۆئامادەکردنێک بۆ زیندان، چونکە زانیویەتی دژی دەسەڵات خوتبە دەدات. ھەر بۆیە لەسەر حەقبێژی چەندین جار تووشی گرتن و بەندیخانە بووە.
ساڵی ١٩٥٩ بەھۆی وتارێکیەوە کە بە عەرەبی لە ڕۆژنامەیەکی بەغدا بڵاوی کردەوەو ھێرشی کردبووە سەر عەبدولکەریم قاسم  و حکومەتەکەی، خرایە زیندانەوەو لەوتاردانیش لابرا. تەنانەت نەفی کرا بۆ خوارووی عێراق.
وتارەکەی لەسەر ئەو دەستدرێژی و زوڵم و زۆرەبوو لە کوردی کەرکوک دەکرا، بۆیە ئەوکات مەلا جەمیل وتارێک لە ڕۆژنامەی (صوت الاکراد) دا بڵاو دەکاتەوە بەناونیشانی ( سیدی الزعیم لقد حسبتک ساھرا، فنمت).  واتە ( جەنابی زەعیم وامان زانی کە بەئاگایت کەچی نووستبوویت).
لەم وتارەدا ھەموو ڕاستی و ڕووداوەکان باس دەکات، ئەوکات ژمارەیەک لە ڕۆژنامەکە دەگەیەنێتە لای ئوستاد بەشیر موشیر و دوای کۆکردنەوەی لە بازاڕدا مام بەشیر بەدزییەوە دەیفرۆشێ، لە ئاکامدا بەھۆی ئەم وتارەوە ڕۆژنامەکە دادەخرێت و بەڕێوەبەری ڕۆژنامەکەش تەوقیف دەکرێ، ھەرچەندە ئەم وتارە بەناوی نھێنییەوە دەنووسرێ و بەرپرسانی ڕۆژنامەکەش ئینکاری ئەوە دەکەن کە بزانن خاوەنی ڕاستەقینەی کێیە، بەڵام عەبدولکەریم قاسم پێی دەزانێ بۆیە بانگھێشتی (فوئاد عارف) دەکات و پێی دەڵێ: وەرە بزانە برادەرەکەت چیی نووسیووە.
مەلا جەمیل لەسەر ئەو وتارە بەفەرمانی عەبدولکەریم قاسم دەستگیرا و لە لە ئیمامی مزگەوتیش دوورخرایەوە. تا گەیشت بەوە نەفی کرا بۆ (ناسریە) لەوێش دەبرێتە زیندان و بۆ ماوەی (١٥) مانگ بەند دەکرێت.

ساڵی ١٩٦١ دوای ھەڵگیرسانی شۆڕیشی ئەیلول، پەیوەندی دەکات بە شۆڕشەوە و لە چەمی ڕێزان و چووە ناو پێشمەرگەوە. لەوێ لە دەستەی دادگای ماوەت دادوەر بوو.

دەنگێک لەرادیۆی کوردی تاران
ساڵی ١٩٦٤ مەلا جەمیل رۆژبەیانی لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی کە ناکۆکبوون لەگەڵ مەلا ستەفا بارزانی، چوو بەرەو ئێران و لە هەمەدان گیرسانەوە. پاشان مەلا جەمیل چوو بۆ تاران تا ١٩٧٩ لە ئێران مایەوە.
لەوێ وەک بێژەر و نووسەر و وەرگێڕ لە بەشی کوردی رادیۆی تاران کاری کردووە. زۆر لە کەسایەتیە ناسراوەکانی کورد دەناسێ و ناوبانگی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش بڵاودەبێتەوە.
ئەو دەمەی لە ئێران بوو، یەکێک لە ئەفسەرە گەورەکانی "ساواک" بە ناحەق ناوی خۆی خستبووە سەر کتێبی (کوردو کوردستان)ـەکەی ئەمین زەکی بەگ کە کوردێکی تر کردبووی بە فارسی. مەلا جەمیل دژی ئەو کارەبوو پێیوابوو ئەو ناعەدالەتی و ستەمە کابرای ساواک کردوویەتی.
رۆژێک لە مەجلیسێکی مێژوونووساندا لە تاران، ئەفسەرەکەی ساواک روو لە مەلا جەمیل دەکات و دەڵێ: ئاغای رۆژبەیانی، بیستوومە زەمی کتابەکەم دەکەی، بەچی حەقێک؟"
مەلا جەمیل وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ: "نەخێر من بەشێوەی زەم باسم لەو کتابە نەکردووە ھەڵە عەرزیان کردووی، من وتوومە تۆ دزی، تۆ بێشەرەفی، تۆ نامەردێکی گێل و گەوج و بێ قیمەتی ئەگینا چۆن کتابی مێژووی کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگ دەکەیتە ھی خۆت".
بۆ ئەو سەردەمە و بۆ ئاوارە و پەنابەرێک، هەڵگەڕانەوە بە ڕووی دەسەڵاتدارانی شا بە تایبەت ساواکییەکان، ئازایەتییەکی زۆری ویستووە.
دواتر ئەگەر قەڵەمی رۆژنامەنووسان و مێژوونووسان نەبوایەن کە پشتیوانییەکی زۆریان لە مەلا جەمیل کرد لەو مەسەلەیەدا، بە ئاسانی ئەو ئەفسەرەی ساواک لە کۆڵ مەلا جەمیل نەدەبوویەوە و ئازاری پێدەگەیاند.

هەڵوێست دژ بە خومەینی
مەلا جەمیل پانزە ساڵ لە ئێران دەمێنێتەوە، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و فتوای ئیمام خومەینی بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان، مەلا جەمیل وتارێکی توند لە دژی ئیمام خومەینی دەنووسێ. لەسەر ئەو وتارە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێ بڕیارە دادگایی بکرێ.
لە رووداوێکی سەیردا، مەلا جەمیل لە دادگا هەڵدێت و خۆی دەگەیەنێتە باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران. لەوێ پێشوازی لێدەکەن و پاسەپۆرت و ئەو شتانەی پێویستە بۆی تەواو دەکەن.
بە ھەوڵی "شێخ حوسێنی خانەقا و کوڕانی داود بەگی جاف" لەوێ ڕزگاری دەبێت و دەگەڕێتەوە عێراق. بەمەش سەردەمێکی تری ژیانی دەست پێدەکات.

ئەندامی کۆڕی زانیاری کورد
مەلا جەمیل پاش گەڕانەوەی لە ئێران ١٩٧٩  بووەتە ئەندامی کارای کۆڕی زانیاریی کورد و چەندان لێکۆڵینەوەی زانستی و مێژوویی و ئەدەبیی بڵاوکردووەتەوە.  لەپاڵ ئەوەی  ڕۆڵی ھەبووە لە نووسینەوەی مێژووی کورد لە ھەمان کاتدا ئەدیبێکی شارەزابووە و وردەکاری مێژووی کۆن و نوێ ھەر ھەمووی لەبەربووە.
لەبابەتی زمانەوانیی لەبواری وشەسازییدا (ئیتومولۆجی) بنەمای وشە کەچۆن ئەم وشانە دروستبوون سەرچاوەکەی لەچییەوە ھاتووەو چۆن ھاتووەتە نێو فەرھەنگ و زمانی کوردییەوە؟ ئەو دەچووە بنجوبناوانییەوە.
پەیوەندی نزیکی ھەبووە لەگەڵ بژاردەی نووسەران و زانیارانی کورد و عەرەب، لە نزیکەوە ئاشنایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ: مێژوونووسی کورد ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەھبی، مەسعود محەمەد، حوسێن حوزنی موکریانی، د.موکەرەم تاڵەبانی، عەلادین سوجادی، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و د.مستەفا زەڵمی و د.کەمال مەزھەر و شاعیرانی رۆژھەڵات ھێمن و ھەژار و زەبیحیدا هەبووە.

لەسالی ١٩٨٤ مێژوونووس و زمانناسی ناوداری کورد تۆفیق وەھبی لە لەندەن کۆچی دوایی کرد، لەوەسێتەکەیدا نووسیبووی: مەلاجەمیل رۆژبەیانی پێشوازی لە تەرمەکەم بکات، دوای ئەوە بمبەن بۆ پیرەمەگرون لەوێ بمنێژن.
کە دەگەنە ئەوێ مەلاجەمیل و مام جەلال یەکتری دەبینن،  بۆ گەمە و پێکەنین کە یەکتریان بینی بوو مام جەلال ھاواری کردبوو "پێشمەرگە بمپارێزن لە مەلا جەمیل"

چۆن و بۆچی تیرۆرکرا ؟
مەلا جەمیل رۆژبەیانی دوا ساڵەکانی تەمەنی لە بەغدا دەژیا، لە درەنگانێکی شەوی ٢٦/٣/٢٠٠١  لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا، بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کرا.
خوسرەو جاف یەکێکە لەو کەسانەی کە دوای ڕووداوەکە چووەتە سەر تەرمی مەلا جەمیل لە نووسینێکدا دەڵێ: "کە رۆیشتمە ژوورەوە مەلا جەمیل لەسەردەم کەوتبوو وایەری تەلەفۆنێک لە گەردنی ئاڵابوو، دەرنەفیسێکی خوێناوی لە زەویدا بوو. دوو بوتڵی بیبسی یەکێکیان لێی خورابووەوە ئەوی تریان دەست نەخوردە ھەروا دانرا بوو، کە ورد بوومەوە دەستگای تەلیفۆنەکەشی لەولاوە سەرەو خوار لە زەویدا بوو، دوو سێ پەڵە خوێن لە زەویدا وشک بووبوویەوە، چەند تەپڵەک و کورسیەک لار و لوێر و تێکەڵ کراو لە زەوییەکەدا دەبینران. ئەوەی دەردەخست کە کێشمەکێشێکی لە دوو کەس زیاتر لەو ھۆڵەدا رویداوە، دیار بوو بکوژەکان دوو کەس بوونە و مەلا  جەمیل تا پای مەرگ بەربەرەکانێی کردووە، ئەو دەم بەسەریدا زاڵ بوون"
رۆژێک پێش تیرۆرکردنەکەی لە ماڵی (فواد عارف) بووە، گوتویەتی "دوێنی گورگەکان ھاتن بۆ تەحقیق لەگەڵم و دەزانم بەیانیش دێنەوە". ئەوە بوو بۆ بەیانییەکەی تیرۆر دەکرێت.
نووسەر و رۆژنامەوان مستەفا ساڵح کەریم، ئەو کەس و دەستە ئاشکرا دەکا کە لەپشت تیرۆرکردنی مەلا جەمیلەوە بووەو لە نووسینێکدا دەڵێ: دوای ئەوەی ڕژێمی دیکتاتۆر ھەستی بەترسناکی قەڵەمی ئەو پیاوە مەزنە کرد، بەڕێوەبەرێتی ئەمنی تایبەت لە بەغدا بە فەرمانی حاجی عەبدی برای عەلی کیمیایی لەڕێی کەسانێکی "چڵکاوخۆرو نۆکەری" حاجی عەبدەوە لە ماڵەکەی خۆیدا کە ئەو ڕۆژگارە بە تەنیا دەژیا ھەڵیان کوتایە سەری و دەستبەستیان کرد. پاشان بە کورسیەکەی خۆیەوە بەستبوویانەوە، وەک دەرکەوت، بە دەرنەفیز و ئامێری تیژ زۆریان ئەشکەنجەدابوو، دیار بوو ویستبوویان شتێکیان بۆ بنووسێ کە ئەوان خوازیاری بوون، بەڵام ئەو سەری بۆ نەوی نەکردبوون.
ئەو کەسایەتیانەی لەنزیکەوە مەلا جەمیل یان ناسیوە کوشتنەکەی بەپیلانی حکومەتی بەعس دەزانن لەبەر چەند ھۆیەک
یەکەمیان: لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا مەلا جەمیل لەناو دڵی بەعسەوە لە بەغدا جارێکی تر ڕووبەڕووی پیلان و نەخشەکانی بەعس بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و مێژوو دەبێتەوە.   لەدوای ڕاپەڕینەوە بابەتەکانی دەنارد بۆ رۆژنامەو گۆڤارەکانی کوردستان بەناوی(مۆرخ کردی- مێژوونووسێکی کورد).
دڵسۆزی ئەو رووناکبیرە وای لێدەکرد زۆر جار بیری بچێتەوە لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدایە و لە نووسینەکانیدا وردەکاری وەھای تیادابوو کە ئاماژەی بۆ کەسێتی نووسەرەکە دەکرد.
ئەم پیاوە بەردەوام لە (کۆڕی زانیاری) بێترس و شەرم قسەی دەکرد و ڕاستییەکانی دەخستەڕوو، بۆیە ھەندێک کەس پێیانوایە مەلا جەمیل لەسەر ئەم ھەڵوێستەی شەھیدکراوە.
جارێک لە کۆڕێکی (سەمیر شێخلی) کە گوتبووی گوایە زمانی کوردیی پڕبووە لە وشەی فارسی و دەبێ پاک بکرێتەوە، مەلا جەمیل بە توندی وەڵامی شێخلی و سەرانی بەعسی دابوویەوە.
د.کەمال مەزھەر لەبارەی بوێری ئەو مێژوونووسە کوردە دەڵێ: مەلا جەمیل پیاوێکی دڵسۆزبوو بۆ نەتەوەی کورد، مەردو ئازابوو. جارێک لە کۆبوونەوەیەکی ئەمینی عامەی بەغدا لەگەڵمان، کوردێک لەوێ بوو ئیشارەتی بۆ ئێمە کرد و گوتی: ئەوانە وایان لەزمانی کوردی کردووە کە ئێمە بێزمان نایەت بەو زمانە قسە بکەین. مەلا جەمیل گۆچانەکەی ھەڵگرت و گوتی: تۆ کێی ئەی حەقیر تا ئینکاری لەوە بکەیت بە کوردی قسە بکرێ، ئازایانە بەرپەچی دایەوە خەریکبوو لێشی بدا. ئیتر دوای ئەوە تیرۆرکرا ھەر ئەوەش ھۆکاربوو بۆ تیرۆرکردنی".
لە مەزەندەیەکی تردا دەڵێن: لەسەر ئەو ھەڵوێست و نووسینانە شەھیدکراوە کە لە دژی بەعەرەبکردنی عەشیرەتە کوردەکان دەیخستەڕوو .
ھەروەھا مەلا جەمیل سڵی لەوە نەدەکردەوە کە بەتوندی ھێرش بباتە سەر ڕژێم و دژی ئابڵوقەی سەر کوردستان و ئاوارەکردنی دانیشتوانی کەرکوک و خانەقین قسە بکات.
بێجگە لەوە لە یادی لەدایکبوونیدا سەدام حسێن دیاری و چەکی پارەی بۆ نووسەر و کەسایەتیەکانی بەغدا نارد بوو، یەکێک لەوانە مەلا جەمیل رۆژبەیانی بوو، بەڵام  ئەو دیارییەی رەتکردووەتەوە و ناردوییەتییەوە بۆ سەدام. ئەمەش بە ھۆکارێک دەزانرێت لە کوشتنی.

دووەمیان: پەیوەندییەکی زۆر نزیکی ھەبوو بە نامە لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و تەنانەت دوای ڕاپەڕین (١٩٩١) داوایان لێکردبوو بەغدا بەجێبھێڵێ و بێتە کوردستان، چونکە نووسین و هەڵوێستەکانی، مەترسیەکی گەورەی لەسەر دروستکردبوو.
واتا چاوەڕوانی ئەوەدەکرا کە شتێ ڕووبدات. بۆیە ھەریەک لە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بڕیاری ئەوەیان بۆدابوو بە ھەموو شێوەیەک یارمەتی بدەن بەڵکو بیھێنن و نیشتەجێی بکەن لە سلێمانی بۆئەوەی سوود لە تواناکانی وەربگرن.  بۆ ئەو مەبەستە بەر لە تیرۆرکردنیشی خۆی ئامادەکردبوو بێتەوە بۆ  کوردستان، تەنانەت کەسێکیشیان دیاری کردبوو تا لەگەڵیبێ لەو کاتەی لە سلێمانی نیشتەجێ دەبێ.
ئیبراھیم میرانی، دۆستی نزیک و ھاوڕێی نزیکەی نیوە سەدەی ژیانی مەلا جەمیل، شەوی ڕووداوەکە سەردانی مەلا جەمیلی کردووە.  تا سەعات ٩ی شەو لای ماوەتەوە و گفتوگۆیان کردووە. ئامۆژگاری مەلا جەمیلی کردووە کە بارودۆخەکە زۆر ھەستیارە و رەچاوی دۆخەکە بکە.
لەوەڵامدا مەلا جەمیل پێی دەڵێ: "بێقەزابی گوێی مەدەرێ... من وا لەسەر سەفەرم، کاک نەوشیروان نامەی بۆ نووسیوم بچمە کوردستان و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بم و ھەموو شتێکیان بۆ ئامادەکردووم".
سێیەم: خاڵێکی تری شەھیدکردنی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە بابەتێکی لەبارەی بەرزنجییەکان نووسی بوو، لەو بابەتەدا باسی لەوە کردبوو کە بەرزنجییەکان لە نەوەی پێغەمبەرنین و شێخی، بەرماڵن واتە لە نەتیجەی تەقوا بوون بەشێخ.   رەنگە ئەو باسە بڵاوبوبێ کە سادات پێیان ناخۆشە مەلا جەمیل شتێکی وای باس کردووە، حکومەتی بەعس یش بۆ ھەلێکی وا دەگەڕا مامۆستا جەمیل لەناوبەرێت.
مەلا جەمیل خۆشی لەوتارێکیدا دەڵێ: "من کە زوبان و قەڵەمەکەی خۆم تەرخان کردووە بۆ بەرەنگاری خەرافاتی ناو کوردەواری. باکم نییە خەڵک تووڕە دەبن یا نە! ئەمە خزمەتێکە ھەزاران ساڵی دی ئەمێنێتەوە کە هۆشیاری نەتەوەیی لە کوردستانا بڵاوبۆوە، ئەو حەلە دەزانن من چ خزمەتێکم بە گەلی کوردە کردووە".
خوسرەو جاف نووسەرو ھاوڕێی نزیکی مەلا جەمیل لەبارەی کوشتنەکەیەوە دەڵێ:
"بەندە لەوە دڵنیام، مەلا جەمیل رۆژبەیانی راستەوخۆ لەلایەن حکومەتەوە نەکوژراوە ، بەڵکو بە ئاگاداری و موبارەکەی ئەمنی گشتی سەردەمی بەعسەوە کوژراوە، ئەوانەی بە دوای چۆنیەتی کوشتنەکەیەوەن با بڕۆن دوو ژمارەی گۆڤاری "رەنگین"ی دەرچووی رۆشنبیری کوردی سەردەمی بەعس بخوێننەوە، کە دوو سێ مانگ پێش کوشتنەکەیەوە دەرچوون، ئەو دەم بکوژی رۆژبەیانی لە کەلەوەر دا دەگیرێت..!".

نووسین و کتێبەکانی
نووسین و لێکۆڵینەوەکانی ئەو لە بواری مێژووی دێرینی کورد لە ناو شارستانی ئیسلامیدا، گەڕان بە دوای دیرۆکی دەوڵەت و ئەمارەتەکانی کوردستان و ڕۆڵی گەورە پیاوانی کورد لە شارستانی ئیسلام و شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا، ناساندنی شار و شارۆچکەکانی کورد و خاوەندارێتی مێژوویی کورد لە خاکی کوردستان.
لەبواری بەرپەرچدانەوەی تەعریب و تەتریک و تەفریس و سڕینەوەی ئاسەواری هەبوونی کورد لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەشێکن لە خەباتی ڕووناکبیریی و زانستیی مەلا جەمیل.
ئەو قەڵەمە پڕ بڕشتە بوو کە لەدوای خۆی خەرمانێک بابەت و لێکۆڵنیەوەی بە بەھای مێژوویی و ئەدەبی و سیاسی بەجێھێشتووە.
١- کتێبی شەرەفنامەی لە فارسیەوە کردووەتە عەرەبی.
٢. سلێمانی و وڵاتی – ئەمین زەکی بەگی وەرگێراوە. بۆ عەرەبی
٣. یاداشتەکانی مەئمون بەگ – وەرگێڕان بۆ عەرەبی، لەگەڵ شوکر مستەفا
٤. مێژووی حەسەنوەیھی‌و عەییاری
٥. فەرمانڕەوایی موکریان
٦. شۆڕشی کورد لە کوردستانی تورکیا
٧. میرنشینی بەنی عەییاری
٨. دینەوەر و ناودارانی
٩. خانەقین
١٠. مەندەلی
١١. داقوق فی التاریخ
١٢. دەوڵەتی بەنی شەداد
١٣. وڵاتگیری ڕەشەخاکی عێراق
لەگەڵ چەندین کتێب و بابەتی لێکۆڵینەوەی مێژوویی تر.

سودێکی زۆر لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
١-   رۆڤاری تایبەت بە مەلا جەمیل، ژمارە (٤٨)
٢ - ئەدگار، پاشکۆی رۆژنامەی کوردستانی نوێ: تایبەت بە مەلا جەمیل
٢-   مەلا جەمیل رۆژبەیانی.. شەھیدی قەڵەم: کۆکراوەی چەند وتارێک، ئامادەکردنی مەحمود نەجمەدین.