ڕاپۆرتی کوردستانی

04:28 - 24/03/2020

جیهان لەدژی کۆرۆنا دەجەنگێت، دەوڵەتی تورکیا لە دژی کورد!‌

لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە قەیرانێکی جیهانی و مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی دروست کردووە و جیهان بەیەکەوە هەوڵی ڕزگاربوون لەم دۆخە دەدات، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ساتێکیش دەست لە دژایەتیکردن و دوژمنایەتی گەلی کورد هەڵناگرێت.

ڕۆژی دووشەمە لە شارەکانی ئێلح (باتمان) و ناوچەکانی ئەرخەنی، فارقین و نۆرشینی ئامەد ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لەدژی شارەوانیەکانی کورد دەستپێکرد و لە ئەنجامدا دەست بەسەر ٨ شارەوانی هەدەپەدا گرت.

 

هەروەها نزیکەی ٥٠ هاوڵاتی کورد و هاوسەرۆکی شارەوانی و ئەندام و بەرێوەبەرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی دەستگیرکرد.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) چەند ڕۆژێکی ژمارەیەک بەیاننامەی دەرکردووە و داوا دەکات، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆکی کۆرۆنا بە شێوەیەکی شەفاف ئاشکرا بکرێن. هەروەها باس لەوە دەکات کە بە گوێرەی پێویست ڕێوشوێن نەگیراوەتە بەر و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو کەسانەی گیان لەدەست دەدەن زیاد دەبێت.

هەدەپە هوشداری ئەوەی دابوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا چووەتە ناو زیندانەکانەوە و مەترسیەکی زۆر لەسەر زیندانیان هەیە و هیچ ڕێوشوێنێکی لە زیندانەکاندا نەگیراوەتەبەر و پێویستە بە لێبۆردنێکی گشتی زیندانیان ئازاد بکرێن.

 

دوای داواکاریەکانی هەدەپە، لەجێگەی ئەوەی ئەو پێشنیارانە قسەیان لەسەربکرێت کە لە خزمەتی کۆمەڵگادایە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیر کرد لەدژی ئەندامانی هەدەپە.

دوو ڕۆژە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامە و مەترسی لەسەر ئەو شارەوانیانە هەیە کە لە دەستی هەدەپەدا ماون. پێشبینیدەکرێت حکومەتی تورکیا سوود لەوە وەربگرێت کە جیهان سەرقاڵی جەنگی دژی کۆرۆنایە و ئەویش لە باکووری کوردستان دەست بە ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیر لەدژی هەدەپە و گەلی کورد بکات و گورزێکی تر لە دەستکەوتەکانی کورد بدات.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی هەدەپە لەبارەی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و ئۆپەڕاسیۆنی سیاسی لەدژی ئەندامەکانیان لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد" ئێمە ئەو هەوڵە نامەردانانە شەرمەزار دەکەین کە لە کاتێکدا هەموو جیهان لەدژی نەخۆشیەک تێدەکۆشێت، بەڵام حکومەتی تورکیا دژایەتی گەلی کورد دەکات."

 

ئۆپەڕاسیۆنی چەند ڕۆژی ڕابردووی حکومەتی تورکیا لە شارەکانی باکووری کوردستان لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ١٠ هەزار ئەندام و بەڕێوەبەر و هاوسەرۆکی شارەوانی و پەرلەمانتاری هەدەپە لە زیندانەکانی تورکیادان و زیندانەکان جمەیان دێت و بە گشتی لە ٣٥٥ زیندانی گەورەی تورکیادا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس دەستگیرکراون.

پاکێجی لێبۆردنی گشتی حکومەتی تورکیا کێ دەگرێتەوە
لە ئیستادا حکومەتی تورکیا بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو زیندانەکاندا باس لە پاکێجێکی لێبۆردنی گشتی دەکات.

میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ ٢٣ی ئازار کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتەکەی ئەنجامداوە و باس لە پێویستی لێبۆردنێکی گشتی کراوە.

 

بە پێی زانیاری میدیاکانی تورکیا نزیکەی ١٠٠ هەزار سزادراو دەتوانن سوود لەو پاکێجە وەربگرن، بەڵام ئەو کەسانەی کاری سیاسیان کردووە بە هیچ شێوەیەک لێبۆردنەکە نایانگرێتەوە.

حسێن کاچماز پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری شڕنەخی باکووری کوردستان لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی فورات دەڵێت، لە هەموو جیهان بەشێکی زۆر لەو دەسەڵاتانەی کە یاسای توندیان هەیە بە هۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیندانیان ئازاد دەکەن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا زیاتر دووژمنایەتی گەلی کورد و خەڵکی ناڕازی لە دەکات و لەجێگەی ئەوەی زیندانیان ئازاد بکات، دەستی بە ئۆپەڕاسیۆنێکی تری دەستگیرکردن کردووە.

کاچماز باسی ئەوە دەکات، ئەو پاکێجەی لێبۆردنی گشتی کە دەوڵەتی تورکیا بەنیازە بۆ پەرلەمانی بنێرێت، لە دژی مافەکانی مرۆڤ، پێوانە ئەخلاق و دەستوریەکانی تورکیایە و دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی مێژووی خۆی هیچ کاتێک لە دەستی لە گرتن و شاڵاوی پاکتاوی سیاسی دژی گەلی کورد هەڵنەگرتووە و دەڵێت "جیهان خراب ببێت، دوژمنایەتی دەوڵەتی تورکیا لەدژی کورد کۆتایی نایەت."

 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژ نییە گوند و ناوچە و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران نەکرێن.

لە لایەکی ترەوە هێرشە ئاسمانیەکانی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سنورەکانی نێوان باکوور و هەرێمی کوردستان لەدژی گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە.

لە ئێستادا جیهان سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ ئەوەی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێپەڕ بکات و تورکیاش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیە تووشبووان و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدەدەن ڕووی لەزیادبوونە.

بە پێی نوێترین ئامار لە ئیستادا لە تورکیا نزیکەی ١٦٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٣٧ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئامارە نافەرمیەکان باس لە هەزاران تووشبوو دەکەن لەو وڵاتە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هیچ هەڵمەتێکی نشتیمانی لەدژی ڤایرۆسەکە ڕانەگەیاندووە کە هەموو لایەنەکان بەیەکەوە بەرەنگاری مەترسیەکان ببنەوە و لە جیاتی ئەوەی وانەیەکی مرۆڤایەتی لەم دۆخە وەربگرێت، هەوڵە نەتەوەپەرستیەکانی بەردەوامی پێدەدات.