ڕاپۆرتی کوردستانی

04:34 - 23/05/2020

سەرۆكی حكومەت راستكردنەوەی ئەو هەموو چەوتیە كاتی زیاتری دەوێت‌

ئێوارەی رۆژی 22ی ئایار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەرێگەی وتارێكی ڤیدیۆی چەند راستیەكی دەربارەی دۆخی ئابوری و سیاسی هەرێم باسكرد ئەو گوتی"دەزانین ڕاستكردنەوەی ئەم هەموو چەوتییە و دامەزراندنی بنەمای ئابوورییەكی سەقامگیرتر، كاتی زیاتر و هاوكاریی هەموولایەكی پێویستە" ئەو هەڵانە كامانەن كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسیان دەكات؟

زۆری ژمارەی فەرمانبەران
سەرۆكی حكومەت لەوتارەكەیدا رایگەیاند"  80%ی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەخۆران تەرخانكراوە، مووچەخۆرانیش 20%ی دانیشتووانی هەرێمن. ئەم رێژەیەی مووچەخۆران بە پێی ستانداردە باوەكان چەندین بەرابەری پێداویستییەكانی هەرێمە" بەوەش دەردەكەوێت حكومەتی هەرێم لەمەترسی زیادبوونی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم باش تێگەیشتووە بەڵام بۆچی ژمارەی فەرمانبەران و موچەخۆران ئەوەندە زیادیكرد؟

زیادكردنی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم قۆناغ بەقۆناغ
ساڵی 1992 حكومەتی هەرێم 130 هەزار موچەخۆری هەبووە، ساڵی 2000 و لەقۆناغی شەڕی ساردی یەكێتی و پارتیدا ژمارەكە بۆ 450 هەزار موچەخۆر بەرزدەبێتەوە، لەئێستادا زیاتر لە یەك ملیۆن و 255 هەزار كەسە بەم شێوەیەی خوارەوە:
فەرمانبەرانی مەدەنی ٤٣٠،٢٣١
پۆلیس و ئاساییش ١٠٤،٦٩٩
سەربازی ٢١٧،٩٧٩
كۆی گشتی فەرمانبەران ٧٥٢،٩٥٩
كەسوكاری شەهیدان٩٦،٩٣٧
خانەنشین ٢٤٦،٢٦٩
كەم ئەندامان و چاودێری كۆمەڵایەتی ١٥٩،١٥٨
كۆی گشتی ١،٢٥٥،٢٧٣

موچەخۆرانی هەرێم و بانكی نێودەوڵەتی
لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێم حكومەت پەنای برد بۆ بانكی نێودەوڵەتی، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەر، بانكی نێودەوڵەتی ساڵی 2017 راپۆرتێكی تێروتەسەلی لەسەر چارەسەری قەیرانی دارایی ئاراستەی هەرێم كردووە و تێیدا داوایكردووە چەند وەزارەتێك بدرێنە كەرتی تایبەت، لەوانەش وەزارەتەكانی كارەبا و شارەوانی و تەندروستی. سەبارەت بەژمارەی موچەخۆرانیش راپۆرتەكە رایگەیاندووە، ژمارەی فەرمانبەرانی فعلی لە كەرتی گشتی لە هەرێمی كوردستان 501 هەزار و 627 فەرمانبەرە، كە 53%ی هێزی كاری هەرێم پێكدەهێنن.

راپۆرتەكە دەڵێت، فەرمانبەرانی هەمیشەیی هەرێم 52%ی ژمارەی مووچەخۆرانن و لە بەرامبەردا 220 هەزار خانەنشین و 24 هەزار و 898 فەرمانبەری گرێبەست و 420 هەزار و 872 كەسیش مووچە لە چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن.

ئەوە لەكاتێكدایە لە ساڵانی 2007 بۆ 2014 رێژەی مووچەخۆران 42%ی هێزی كار بووە بەڵام لە 2017 دا ئەو رێژەیە بۆ 53% بەرزبۆتەوە. بانكی ناوەندی لە ڕاپۆرتەكەیدا باسی لەوە كردووە كە ئەوان بەرپرسیارنین لەئاست ڕاستی و دروستیی زانیاریەكان چونكە لە حكومەتی هەرێمیان وەرگرتووە و هەڵە و كەم و كوڕی زۆری تێدایە.

دامەزراندن وخانەنشینی بەكۆمەڵ
لەهەرێمی كوردستاندا و لەماوەی رابردوودا یەكێتی و پارتی بۆ راكێشانی سۆزی هاوڵاتیان ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەریان لە فەرمانگەكانی حكومەت دامەزراند بەبێ ئەوەی ئەو وەزارەت و فەرمانگانە پێویستیان بەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەر هەبێت، بەمەش لەناو فەرمانگەكانی حكومەتدا دیاردەیەكی ئابوریان دروستكرد كە پێی دەگوترێت بێكاری شاراوە، زۆرینەی ئەوانەشی دەرفەتی دامەزراندنیان پێدرا كادیرەكانی خۆیان بوون، هەروەها ژمارەیەكی زۆری خەڵكیان بەبێ هیچ بنەمایەك خانەنشین كرد، بەبێ ئەوەی مەرجی خانەنشینیان تێدابێت یان شایستەی خانەنشین بوون بن، ئەم دیاردەیەش بۆ راكێشانی دەنگی ئەو كەسانە بوو لەهەڵبژاردنەكاندا، هەروەها ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان وەك شەهید ئەژماركرد بەبێ ئەوەی شەهیدی راستەقینەبن، ئەم دیاردانە لەلایەك بارگرانی سەرحكومەتی زیادكرد و لەلایەكی تریشەوە بووە هۆی وەستانی گەشەی كەرتەكانی تری وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و چۆڵ بوونی بەشێكی زۆری گوندەكان.

ئابوری سەربەخۆ  وەك هەڵەیەكی كوشندە
حكومەتی هەرێم لەساڵی 2013 وە دەستی كرد بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەبۆری لەژێر ناوی ئابوری سەربەخۆ بەوەش بودجەی هەرێم لەبەغداد لەساڵی 2014 وە بڕدرا، كە بۆدواین جار پشكی هەرێم لەبودجەی عێراق لەساڵی 2013 دا رەوانەكرا بڕەكەی 12 ملیار دۆلار بوو، بەوەش بۆماوەی چوار ساڵ پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجەی عێراق بڕدرا كە ئەگەر بودجەی ساڵی 2013 وەك بنەما وەربگرین بۆ ئەو چوار ساڵە ( 2014-2015-2016-2017 )دەكاتە 48 ملیار دۆلار و لەساڵانی(  2018 - 2019-2020 ) وەك پێویست بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە رەوانە نەكراوە بەبیانوی ئەوەی هەرێم نەوتی خۆی بەشێوەی سەربەخۆ دەفرۆشێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەوتارەكەیدا گوتی"  لە مانگی رابردوودا كۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت كە بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 30 ملیۆن دۆلار بووە" ئەوەش لەكاتێكدایە هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە 475 هەزار بەرمیلە كەواتا هەرێمی كوردستان لە هەر بەرمیل نەوتێك نزیكەی دوو دۆلاری بۆماوەتەوە.

ئەو هەڵە كوشندانەی پێویستە راست بكرێنەوە
1- لەهەرێمی كوردستاندا هەزاران بن دیوار و خانەنشینی نایاسایی و پێدانی پلە بەنایاسایی و بەرزكردنەوەی پلە بۆ كەسانی حزبی كراوە كە دەكرێت كۆتایی بهێندرێت بەو دیاردەیە.
2- زیاتر لە 100 هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان زیاتر لەموچەیەك وەردەگرێت دەكرێت ئەمە بەپێی یاسا رێك بخرێتەوە.
3- پرسی نەوت شەفاف بكرێت و سندوقی داهاتە نەوتی و غازیەكان كە لەلایەن پەرلەمانەوە یاسای بۆ دەركراوە دروست بكرێت.
4- پێداچوونەوە بەكەرتی وەبەرهێنان بكرێت و لەدەستی حزب و كۆمپانیاكانی بهێندرێتە دەرەوە.
5- كۆی قەرزەكانی سەر حكومەت بۆ خەڵك و دامەزراوەكانی هەرێم ئاشكرا بكرێت و رێگە بدرێت وردبینی تێدا بكرێت.
6- پارەی نەوت ببرێتە بانكی حكومی لەبری بانكی ئەهلی و گۆڕینەوە دۆلاری نەوتی هەرێم لەدەستی یەك بانك بهێندرێتە دەرەوە.
7- حكومەتی هەرێم بۆری نەوتی كوردستان لەكۆمپانیای حزبی وەربگرێتەوە و ببێتەوە موڵكی وەزارەتی سامانەسروشتیەكان، بەوپێیەی لەئێستادا هەرێم مانگانە 50 ملیۆن دۆلار دەداتە ئەو كۆمپانیایانەی كراونەتە خاوەنی بۆری نەوتی كوردستان.
8- بەرێوەبردنی دەروازە سنوریەكان بدرێتەوە حكومەت و لەدەستی كۆمپانیای حزبی بهێندرێتە دەرەوە، بەوپێیەی مانگانە كۆمپانیا حزبیەكان 50 ملیۆن دۆلار لەداهاتی دەروازە سنوریەكان دەبەن.
9- بەشێوەی هەمیشەیی كۆتایی بهێندرێت بە بەخشینی گومرگی.
10- پاراستنی دامەزراوە نەوتیەكانی هەرێم لەدەستی كۆمپانیای سكوریتی حزبی بهێندرێتە دەرەوە و بدرێتە پۆلیسی نەوت و غازی كە موچە لەحكومەتی هەرێم وەردەگرن.
11- پەلە بكرێت لەرێككەوتن لەگەڵ بەغداد لەبواری نەوت و غاز بەرەچاوكردنی بەرژەوەندیەكانی هەرێم.
12- پەلە بكرێت لەكردنەوەی لقەكانی بانكی رەشید و رافیدەینی عێراقی لەهەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بازاری دارایی هەرێم جموجوڵی تێبكەوێت و فەرمانبەران و هاوڵاتیان بتوانن هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق پێشینە وەربگرن.

دوای نۆ كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكەمجارە سەرۆكی حكومەت بەو ڕاشكاوییە باس لە شكستەكانی پێش خۆی بكات، پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەم جۆرە بیركردنەوەو زمانی ڕەخنەیە چەندە لەبەرژەوەندی كابینەكەیەتی و چەندەی تریش بەزیانی دەشكێتەوە؟